پیرۆزبایی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی مانگرتنی گشتیی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی ڕامیاریی
16-09-2026
ژنانی پێشەنگی شۆڕش!
کوردستانیانی یەکسانیخواز و ئازادیخواز!
بە بۆنەی سەرکەوتنی مانگرتنی گشتیی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، کە لەلایەن کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی تری ڕۆژهەڵاتەوە بانگەوازی بۆ درابوو، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.
ئەمڕۆ، لە چوارەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینادا، خەڵکی کوردستان بە بەشدارییەکی بەرفراوان و یەکگرتووانە وەڵامی بانگەوازی لایەنە سیاسییەکانیان دایەوە و سەرەڕای فشار و بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامیی و میلیتاریزەکردنی شارەکان، مانگرتنێکی گشتیی شکۆدار لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو. داخستنی بازاڕ، شوێنەکانی کار، خوێندنگە و زانکۆکان جارێکی تر هێز و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی کوردستانی خستە ڕوو.
ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی مانگرتنی ئەمڕۆ کە تا ئێستا لە پیرانشار، دێگۆڵان، سنە، قروە، کرماشان، سەقز، بۆکان، مەهاباد، شنۆ، پاوە، دیواندەرە، مەریوان، کەرەندی ڕۆژاوا، بانە، میاندواو، کامیاران و ڕوانسەرەوە بڵاو کراونەتەوە، گشتگیری و بەرفراوانیی مانگرتنەکە پیشان دەدەن.
ئەمڕۆ، لە چوارەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی وڵاتی ئێمە بۆ جارێکی تر نیشانیان دا کە کوردستان قەڵای لەگیراننەهاتووی بەرخۆدانە و هەرگیز بە چۆکدا نایەت. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی نیو سەدەیە، سەرەڕای سەرکوت، زیندان و سێدارە، سەربەرزانە و قارەمانانە لە بەرامبەر دوژمنی داگیرکەردا ڕاوەستاون و لە پێناو ئازادی، یەکسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردستاندا ئامادەی هەموو گیانبازییەکن.
کوردستانیانی هێژا!
پەیامی مانگرتنەکەی ئەمڕۆمان ڕوو بە دوژمنی داگیرکەر ئاشکرا و ڕوون بوو:
ئیرادەی خەڵکی کوردستان بە سەرکوت لە شکان نایەت؛ شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» زیندووە و تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی و یەکسانی و سەربەخۆیی تا سەرکەوتنی یەکجاری بەردەوام دەبێت.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، وێڕای ڕێزگرتن لە یاد و گیانی گیانبەختکردووانی شۆڕش و خۆڕاگریی خانەوادەکانیان، جارێکی تر سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە شکۆدارە بە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پیرۆز دەڵێت.
بژی یەکگرتوویی و هاوپشتیی خەڵکی کوردستان!
سەرکەوێ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی!
بژی شۆڕشی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی و سەربەخۆیی!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥
١٦ی سپتامبری ٢٠٢٦