پەیامی یەکسانی بەبۆنەی ٦٨مین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2014-01-21

 

خەڵکی ڕزگاریخواز و یەکسانیخوازی کوردستان

ڕاگەیاندنی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ ی هەتاوی (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) هەوڵێکی بەجێ و گەورە و گران بوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان و کۆتاییهێنان بە ژێردەستیی نەتەوایەتییمان. کۆماری کوردستان و هەڵسەنگاندنی مێژووەکەی گەلێک وانەی گرنگ و سودمەندی تێدایە بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان کە دوای تێپەڕبوونی ٦٨ ساڵ بەسەر ڕوخانی کۆماری کوردستاندا، هێشتا درێژەی هەیە.

دامەزراندنی کۆماری کوردستان تەنیا هەوڵێکی سومبولیک نەبوو بۆ تۆمارکردنی ڕوداوێکی مێژوویی، بەڵکو ئەو کۆمارە لە ماوەیەکی کورتی ١١ مانگەدا گەلێک کاری بە نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد کە لێرەدا ئاماژە بە سەرەکیترینیان دەکەین:

١ـ ڕاگەیاندنی کۆمار و بەرزکردنەوەی ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان بڕیار و هەوڵێکی پێویست بوو بۆ چەسپاندنی ناسنامەی کوردستانیی. ٢ـ لە کۆماری کوردستاندا هێزی پێشمەرگە وەک سوپای وڵات دیاری کرا نەک وەک هێزی چەکداریی حیزبیی. ٣ـ کوردەکانی بەشەکانی تری کوردستان لە کۆماری کوردستاندا میوان نەبوون، بەڵکو لە سیستمی بەڕێوەبەریی وڵاتدا بەشدارییان کرد. ٤ـ زمانی کوردی وەک زمانی فەرمیی کوردستان دیاری کرا و بە دەرکردنی کۆمەڵیک ڕۆژنامە و گۆڤار خزمەتێکی شایان بە زمان و وێژەی کوردی کرا. ٥ـ ناردنی کۆمەڵێک خوێندکار بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی پێگەیاندن و پەروەردەیان بۆ داهاتووی کوردستان.  ٦ـ دامەزرانی ڕێکخراوە جەماوەریەکان بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان. ٧ـ هەڵسوکەوتێکی دادپەروەرانە و یەکسانیخوازانە لەگەڵ کەمایەتیەکانی کوردستان. ٨ـ هاوکاریی دۆستانە لەگەڵ حکوومەتی میللی ئازەربایجان و گەلێک کاری بەنرخی تر کە پێویستە بە شێوەیەکی زانستیی لێکۆڵینەوە و شرۆڤەیان لەسەر بکرێت.

هاوکات ئەگەر بە دیدێکی ڕیالیستیی لە هەلومەرجی ئەوسای کوردستان بڕوانین، دەبینین کە کۆماری کوردستان لە سەردەمێکدا ڕاگەیەندرا کە ڕژیمی پاشایەتیی ئێران لەوپەڕی بێهێزیی خۆیدا بوو و بە کۆتییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانیی و تێکشکانی فاشیزم، زەمینەی ڕزگاریی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئاستی جیهانییدا لە جاران لەبارتر بوو، بەڵام پاراستنی کۆماری کوردستان لەو سەردەمەدا بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکیی، کارێکی ئاسان نەبوو.  یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامنەبوونی کۆماری کوردستان ئەوە بوو، کە جگە لە یارمەتییەکی کورتماوە و ناشێلگیرانەی دەوڵەتی سۆڤیەت، لەلایەن هیچ دەوڵەت و هێزێکی جیهانییەوە پشتگیریی لێ نەکرا. لە بواری ناوخۆییەوە کۆمەڵگای کوردستان هێشتا لە قۆناغی دەرەبەگایەتییدا بوو و ژمارەی خوێندەواران و ئاستی ڕۆشبیریی کۆمەڵگە و ژێرخانی ئابووریی کوردستان لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو. بێجگە لە چەند شار و ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی شوێنەکانی تر لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆماری کوردستاندا نەبوون. لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم سەردەمەدا زۆر ساوا و کەمئەزموون بوو و بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتیمانیی ئێمە لە بەشەکانی تری کوردستان لە ڕەوشێکی نالەباردا بوو.

دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان، خەباتی ڕزگارییخوازیی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان پەرەی سەند و تا ئەمڕۆش بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە و لە ئاکامی ئەم بەرخۆدانەدا ئەمڕۆکە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەچاو بەشەکانی تر لە ڕەوشێکی باشتردان و بە دامەزراندنی دوو حکوومەتی ناوچەیی هەنگاوێک لە سەربەخۆیی کوردستان نزیک بوونەتەوە. لە باکووری کوردستانیش ساڵانێکە بزووتنەوەیەکی بەهێز لە مەیداندایە و شۆڕشی ملیۆنیی کوردستانییانی باکوور لە شاخ و شارەوە بگرە تا دەگاتە زیندان و پارلمان، تەنگی بە ڕژیمی فاشیستیی تورکیە هەڵچنیوە و زیاتر لە هەر کاتێکی تر ئەم ڕژیمەی خستۆتە ژێر گوشارەوە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حەوت دەیە لەمەوبەر بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان ببووە هیوای ڕزگاریی هەموو کوردستان و گوڕوتینی بە شۆڕش لە بەشەکانی تری کوردستان دەبەخشی، مخابن ئەمڕۆ بەهۆی پرژوبڵاوی و کەرتبوونی هێزە سیاسیەکان و ڕەچاوکردنی سیاسەتی گۆشەگیریی و چاوەڕوانیی و بوونی ڕژیمێکی دیکتاتۆری ئیسلامی داگیرکەر ساڵانێکە لە بەرخۆدانی ڕۆهەژەڵاتدا پارسەنگی هێز بە قازانجی دوژمنە. هەر بۆیەش پێویستە لەم قۆناغەدا لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی جەماوەریی ناوەوەی کوردستان، هەوڵ بدەن پارسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی کوردستان بگۆڕن.

لە ئاستی کوردستانی گەورەدا هەبوونی هاوئاهەنگی و هاوکاریی چڕوپڕ و سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەش لە بەرامبەر داگیرکەراندا پێویستییەکی هەنووکەییە. بۆ ئەم مەبەستە ماوەیەک لەمەوپێش هەوڵێک درا بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کە بەداخەوە تا ئێستا بەهۆی ململانێی حیزبیی و دەستتێوەردانی دەرەکییەوە سەری نەگرتووە و پێکهێنانی کۆنگرەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.  ئێمە هیوادارین لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەم پرژوبڵاوییە بنێنە لاوە و بەدەر لە جیاوازیی ڕوانگەی سیاسی ـ چینایەتییان بتووانن لە دژی داگیرکەرانی کوردستان و بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان یەکگرتوو بن و ئەوپەڕی هاوکارییان هەبێت.

 

بژی بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان

سەرکەوێ خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان و کۆمەڵگەیەکی یەکسان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١ی ڕێبەندانی ٢٧١٣ی کوردی

٢١ی ژانویەی ٢٠١٤ی زایینی