پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی زمانی زگماکی

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
25-11-2022

 

زمانی زگماکی کۆڵەکەی سەرەکیی زیندوومانی هەر گەلێکە. ئێمەی کورد کە بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردنی سیستەماتیکی دەوڵەتیی و پرۆسەی درێژماوەی تواندنەوەی فەرهەنگیی و زمانیی وڵاتانی داگیرکەرەوە لە زۆر بوواری زانستیی و گەشەی زمانەوە لەچاو وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا جێماوین، بۆ زیندووڕاگرتنی زمانەکەمان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستییمان بە خوێندن بە زمانی کوردی هەیە.

هۆکاری دیاریکرانی ڕۆژی ٢١ی فێورییە وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی له لایه‌ن ڕێکخراوی زانستی و فه‌رهه‌نگیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنێسکۆ)‌، دەگەڕێتەوە بۆ کوژرانی خوێندکارانی بەنگلادێشیی لە ٢١ی فێڤرییەی ساڵی ١٩٥٢ی زایینی بەهۆی پێداگرییان لەسەر مافی خوێندن و نووسیین بە زمانی زگماکی. لەم کاتەدا دوای ئەوەیکە  خوێندکارانی بەنگلادێشی کەمپینێکیان بۆ مافی خوێندن و نووسین بە زمانی بەنگاڵی ڕاگەیاند و داواکارییەکانیان لە لایەن وڵاتی پاکستانەوە ڕەت کرانەوە، خوێندکاران دەستیان بە مانگرتن و خۆپێشاندان کرد، بەڵام لەگەڵ دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی پاکستان بەرەوڕوو بوونەوە و ژمارەیەک لە خوێندکاران لەم ڕۆژەدا لەسەر پێداگریی لەسەر ئەم داوایەیان گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. هەر بۆیەش ئەم ڕۆژە لە سەر پێشنیاری وڵاتی به‌نگلادێش، لە لایەن ڕێکخراوی "یۆنێسکۆ"وەبۆ بەهادان و ڕێزگرتن لە سەرجەم زمانەکانی جیهانله‌ساڵی١٩٩٩ ی زایینی، وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی دیاری کراوە.

بەپیی ڕێکخراوی یۆنێسکۆ ئێستا لە نێوان شەش تا حەوت هەزار زمان لەسەر گۆی زەوی قسەی پێ دەکرێت بەڵام زۆربەی ئەم زمانانە بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردن و پاکتاوکرانەوە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.  کوردستان لەبەر هەڵکەوتەی جوگرافیایی و سرووشتی دەوڵەمەندییەوە، بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو لەگەڵ هێرشی داگیرکەران بەرەوڕوو بووە و زمانی کوردیش بەهۆی سیاسەتی داگیرکارییەوە لەم ناوەدا گورزێکی گەورەی بەر کەوتووە. سەپاندنی خوێندن و نووسین بە زمانی داگیرکەران بەسەر مناڵانی کورددا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا و فەرمییبوونی زمانی ئەوان لە کوردستان و سووکایەتییکردنیان بە زمان و وێژەی کوردی، تەنیا بە مەبەستی تواندنەوەی زمان و وێژە و مێژوو و کەلەپووری ئێمە بووە.

بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان بە درێژایی سەدان ساڵی ڕابردوو، بە ئامانجی گێڕانەوەی سەروەریی نیشتمانیی و پاراستنی زمان و کەلەپووری کوردی و سەقامگیرکردنی یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بووە و ئەم بەرخۆدانە ئێستاش لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە. لە هەمانکاتدا هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی بەتایبەت لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە لایەن داگیرکەرانەوە بە شێوەیەکی سیستماتێک پێڕەو کراوە و تا ئێستاش بەردەوامە. دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیی ،  لە سووریەکوردەکان تەنانەت ناسنامەشیان پێ نەدرا و هەوڵی دەرکردن و ڕاوەدوونانیان و بەعەرەبکردنیان تا شۆڕشی ئەم دوایەی ڕۆژئاوا درێژەی هەبووە. لە عێراقی سەردەمی بەعسدا سەرەڕای مافی ڕواڵەتیی خوێندنی کوردەکان بە زمانی زگماکی، سیاسەتی پاکتاوکردن و عەرەباندنی ناوچە کوردییەکان گەییشتە جینۆساید و بە پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردن و وێرانکردنی شار و گوندەکانی کوردستان، هەوڵی تواندنەوەی زمان و کولتووری کوردی گەیشتە ئەوپەڕی خۆی.

 لە ئێران و تورکییە دوای هاتنەسەرکاری ڕەزا شای پەهلەوی و کەماڵ ئاتاتورک زمانی فارسی و تورکی لە چوارچێوەی سیاسەتی یەک نەتەوە و یەک دەوڵەتدا بەسەر گەلانی ژێردەستی ئەم دوو وڵاتەدا سەپا و هەر دوو وڵاتی داگیرکەری ئێران و تورکییە هەوڵی تواندنەوەی ئەم گەلانەیان دا و بەتایبەت پلانی پاکتاوکردنی ڕەگەزیی و زمانیی کوردییان داڕشت و ئەم سیاسەتە دوای دەیان ساڵ سەرەڕای گۆڕانی دەوڵەتەکانیش تا ئێستا گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. لە تورکییە تا ئێستاش بێجگە لە هەندێ وادە و بەڵێنیی بەتاڵی دەولەتی ئاکەپە، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە و لە ئێرانیش تەنانەت دوای وادە و بەڵێنەکانی حەسەنی ڕووحانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمارییدا بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ئێران دوای ٣٤ ساڵ، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە. لە مانگی ڕابردووشدا دوای باسکرانی جێبەجێکردنی ئەم مادەیە بۆ مافی خوێندن و نووسینی گەلانی ژێردەستی ئێران لە قوتابخانەکان بە زمانی زگماکی، ئەندامانی بەناو "فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی" لە هەڵوێستێکی شۆڤێنیستییانەدا دژایەتیی خۆیان لەگەل خوێندنی نەتەوەکانی تر بە زمانی زگماکیی لە ئێران ڕاگەیاند و وەها کارێکیان بە مەترسییەک بۆ سەر زمانی فارسی و پیلانێک لە دژی ئەم زمانە ناوزەد کرد و "ڕووحانی"یان ئاگادار کردەوە کە خۆی لەم بابەتە هەڵنەقورتێنێ.

ئەم هەڵوێستە فاشیستییە لەکاتێکدایە کە هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی و سووکایەتییکردن بەم زمانە و سەرجەم زمانەکانی تر بێجگە لە زمانی فارسی، بە هەموو ئیمکاناتێکی دەوڵەتیی بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە. لە ئیلام و کرماشان لە لایەک زاراوە کوردییەکانی ئەم ناوچانە بە زاراوەیەکی کۆنی فارسی پێناسە دەکرێن و لە لایەکی تر بە سووکایەتییکردن بە زمان و زاراوەکانی کوردی، خەڵک هان دەدەن کە تەنیا بە فارسی لەگەڵ مناڵەکانیان بدوێن. لە پارێزگای سنە هەوڵی فارساندنی کورد و هاندانیان بۆ ئێرانیچییەتی و قسەکردن بە فارسی زۆر زیاتر لە جاران چڕ کراوەتەوە و لە پارێزگای ورمێش وێڕای هەموو ئەم پیلانانە، سیاسەتی دەرکردنی کوردەکان و هێنانی تورکەکان بۆ شوێنیان زۆر زیاتر لە جاران پەرەی سەندووە و ڕژیم بە هاندانی تورک و کوردەکان لە دژی یەکتر، سیاسەتی سەپاندنی تورکەکان لە هەموو بووارێکەوە و خستنەوەی دووبەرەکی لەناو ئەم دوو نەتەوەیە لەم ناوچانە پێرەو دەکات.

دیارە ڕەوشی زمانی کوردی بە خۆشییەوە لە دوو بەشی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی باشتر دایە. ئێستا لە بەشێکی گەورەی باشووری کوردستان خوێندن و نووسینی فەرمیی زمانی کوردی لەئارادایە بەڵام لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان، مەترسیی لەناوچوونی زمانی کوردی لەئارادایە. لە  ڕۆژئاوای کوردستانیش دوای شۆڕشی گەلەکەمان لەم بەشە، بە خۆشییەوە قوتابخانەکان بە زمانی کوردی لە زۆربەی شار و گوندەکان کراونەتەوە و ئێستا خەڵکی کوردستان لەم بەشە بە زمانی کوردی دەخوێنن.  لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش سەرەڕای هەموو ئاستەنگێکی داگیرکەران خەبات بۆ بەفەرمییناساندنی زمانی کوردی و هەوڵی چالاکوانانی شارستانیی بۆ دەستەبەرکردنی مافی خوێندن و نووسینی کوردی لە قوتابخانەکان پەرەی سەندووە و درێژەی هەیە.

ئەوەی لە ڕووانگەی ئێمەوە لەم هەلومەرجەدا پێویستە، خەباتێکی بەردەوام و بێپسانەوەیە بۆ بەفەرمییناسران و ئازادبوونی خوێندن بە زمانی کوردی لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەموو لایەنە سیاسیی و مەدەنییەکان و هەروەها کەسایەتییە ڕۆشنبیریی و ئاکادێمییەکان دەست بدەنە دەستی یەک و بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مافانە چ لەڕێی خەباتی مەدەنییەوە و چ لە ڕێی گرتنەبەری بوواری یاسایی ناونەتەوەییەوە، لەڕێی ڕێکخراوە ناونەتەوەییەکان، پارتە سیاسییەکان و پارلمانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانمان، هەموو وزەکان یەک بخەین و لە ئاکامدا پیلانی تواندنەوەی زمانی کوردی پووچەڵ بکەینەوە. 

 

دای بڕێژین کۆشکی یەکسانیی ژیان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١ی رەشەمەی ٢٧١٣ی کوردی

٢٠/٠٢/٢٠١٤