پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2014-03-01

 

ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستان

 

٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕۆژی هاوخەباتیی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز بەڕێوەیە و کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەم بۆنەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکات و دەستی هاوخەباتییتان دەکوشێت. ٨ی مارس، بۆ کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان گرنگیەکی تایبەتیی هەیە، چونکە ئەو ڕۆژە، ڕۆژی هاوخەباتیی و هاوپشتیی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسانی دوور لە هەڵاواردن و چەوساندنەوە. ڕۆژی تێکۆشانێکی هەمەلایەنەیە بۆ ڕزگاری یەکجاریی ژن لە هەموو ئەو کۆتوبەندە یاسایی، سیاسیی، ئابووریی، فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییانەی کە بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگا چینایەتیەکان، ژنیان کردۆتە هاووڵاتی پلە دوو.

بەرژەوەندیی تایبەتیی چینە چەوسێنەرەکان و دواکەوتوویی هزریی و فەرهەنگیی، کارێکی وای کردووە کە بە درێژایی مێژووی نووسراو، ژن لە زۆرێک لە مافە بنەڕەتییە مرۆییەکانی بێبەش بێت. ئەمڕۆکە لە سایەی حکوومەتە سەرمایەدارییەکان و بەهۆی مێکانیزمی کارکردی سوودپەرستانەی ئابووریی سەرمایەدارییەوە، هێزی کاری ژنان بەبیانووی ژن بوون و دایکبوونەوە زۆر هەرزانە و لە کار دەرکردنیشیان بێ دەردیسەریی و ئاسانە. ئەم ڕاستییە نکۆڵیهەڵنەگرە ئەوەمان پێ دەڵێت کە هۆکاری سەرەکیی بێمافییەکانی ژنان تەنیا نەزانیی و دواکەوتوویی فەرهەنگیی تاکەکان نییە، بەڵکو سەرچاوەی ئەو بێمافیانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستەمەی کە بناغەکەی لەسەر سوودپەرستیی و بەرژەوەندی ئابووری سەرمایەداران دامەزراوە. هەر بۆیەشە لە سەرتاسەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی، تەنانەت لەو وڵاتانەش کە خوێندەواریی ژنان و پیاوان لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە، ژنان لەگەڵ نایەکسانیی و بێمافییەکی زۆر ڕوبەڕوون.

ئەگەر ژنان ئەمڕۆ لە هەندێک وڵات لە ماف و پلەیەکی کۆمەڵایەتیی باشتر لە جاران بەهرەمەندن، تەنیا لە سایەی بەرزبوونی ئاستی خوێندەواریی و گەشەی پیشەسازیی و دێموکراتیکبوونی دەوڵەتەکانی ئەو وڵاتانە نییە، بەڵکو وەدیهاتنی ئەو مافانە، بەرهەمی خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنان خۆیانە. مێژووی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوو بیری نایە کە هیچ حکوومەتێکی سەرمایەداریی بەبێ تەوژمی بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ژنان، خۆی هاتبێت و بچووکترین مافی ژنانی سەلماندبێت.

٨ی مارس لە ڕووی مێژووییەوە دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ١٨٧٥ی ژنانی کرێکاری پارچەسازیی نیۆیۆرک کە بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کار، زیادکردنی مووچە و کەمکردنەوەی کاتی کار ڕژانە سەر شەقامەکان و کەوتنە بەر هێرشی دڕندانەی پۆلیسی ئەمریکا. هاتنە مەیدانی ژنانی کرێکاری نیۆیۆرک و زۆر ڕوداوی تری مێژوویی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن کە دیرۆکی خەباتی مۆدێرن بۆ ڕزگاریی ژنان، مێژووێکە لەگەڵ مێژووی بزووتنەوەی کرێکاریی لێکهەڵپێکراوە و بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی یەکسانییخوازانەی کرێکاران، دوو بەشی جیانەکراوەی بزووتنەوەیەکی بەرینترن بۆ یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. دەسکەوتەکان و پێشڕەوییەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی و بزووتنەوەی ژنان کە جگە لە موچەبگیران توێژی تریش دەگرێتە خۆی، دەسکەوتی مرۆڤایەتیی یەکسانییخوازن بۆ بنبڕکردنی چەوساندنەوە. یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی بزووتنەوەی یەکسانییخوازیی، دامەزراندنی حکوومەتی کۆمۆنارەکانی پاریس بوو، ئەو حکوومەتەی کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مافی دەنگدانی ژنانی لە ساڵی ١٨٧١دا بەشێوەیەکی فەرمی پەسند کرد. ئەم بڕیارە مێژوویی و یەکسانیخوازانەیە، هەر زوو دوای تێکشکانی کۆمۆن، لەلایەن دەسەڵاتی سەرمایەدارییەوە هەڵوەشێندرایەوە.

بە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩١٧ی ڕوسییە، فەرهەنگی یەکسانیخوازیی و مافخوازیی ژنان گەیشتە ئاستێکی بەرزتر و بزووتنەوەی ژنان بۆ دادپەروەریی و یەکسانیی، بووە دیاردەیەکی ناونەتەوەیی بەهێز و لە ئەنجامی گەشەی ئەو بزووتنەوەیەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە دەوڵەت و لایەنە سەرمایەدارییەکان لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا ناچار بوون مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ ژنان بە فەرمیی بناسن. یەکێک لەو لایەنانە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکانی ژنانی نیۆیۆرکدا، ناچار بوو ئاوڕیک لە کێشەکانی ژنان بداتەوە و لە ساڵی ١٩٧٥دا، ٨ی مارسی وەک ڕۆژی جیهانیی ژن ناسی.

لایەنگرانی یەکسانیی و مافی مرۆڤ

ڕەوشی ژنان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگرە تا پێشکەوتووترین وڵاتی خۆرئاوایی لەوپەڕی دژواریی خۆی دایە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، دوو لە سێی ٨٠٠ ملیۆن نەخوێندەواری گەورەساڵی جیهان ژنن. توندوتیژیی، زیاتر لە شەڕ و شێرپەنجە و مالاریا و ڕوداوی هاتوچۆ ژنانی ١٥ ـ ٤٤ ساڵە دەکوژێ. ساڵانە ١٩ ملیۆن لەباربردنی ترسناک ڕوودەدات، کە لە سەدا ٩٧یان لە وڵاتانی گەشەنەکردوو ڕوودەدەن. ساڵانە لە سەرتاسەری دنیا ٧٠ هەزار دایک بە لەباربردنی منداڵ گیانیان لەدەست دەدەن. لە سەدا ۱۳مردنی دایکان لە ئاستی جیهاندا بەهۆی لەباربردنی دوور لە چاوەدێریی پزیشکییەوەیە، کە لەسەدا ۱۹ی ئەم لەباربردن و مردنانە لە ئەفریقا ڕوودەدەن. لەسەرجەم ١.٤ ملیارد هەژاری دنیا، لە سەدا ٧٠ یان ژنن. بەپێی ئامارەکانی لەدایکبوون، مەزەندە دەکرێت، لە ئاستی جیهاندا، نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کچ بێسەروشوێن کرابن. تەنیا لە چین و وڵاتانی تری ئاسیا ٧٠ ملیۆن کچ دیارنین، ئەویش بەبۆنەی لەباربردن و کوشتنی کۆرپەڵەی کچەوە. ژمارەی ئەو کچە منداڵانەی دوای لەدایکبوون بزر دەبن لە هیندوستان خۆی لە ٥٠ ملیۆن دەدات. لە مێکزیک جگە لە کاری دەرەوەی ماڵ، ژنان لە حەفتەیەکدا ٣٣ کاتژمێر بە کاری ناوماڵەوە خەریکن، بەڵام بەشی پیاوان لە بەشداریی کاری ناوماڵ لە حەوتوویەکدا تەنیا ٤ کاتژمێرە. لە سەرجەم وڵاتانی عەرەبیی تەنها لە سەدا ٢٨ی ژنان لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن. لە سەدا ٨٠ی ژنانی ئێرانی کابانی ماڵن، واتە بێکارن و لە مافی بێکارییش بێبەشن. بەداخەوە ئەمڕۆکە تەنانەت لەو وڵاتانەش کە بە پێشکەوتوو و دێموکراتیک ناو دەبرێن، هێشتا لە هەندێ بووارەوە پیاوبوون وەک خاڵێکی ئەرێنیی دەبیندرێ و ژن بوون کەمایەسیی و بێمافییە. یەکێک لەو بێمافییە ئاشکرایانەی هەموو کەس هەستی پێدەکات، جیاوازییەکە کە لە دیاریکردنی موچەی ژن و پیاودا دەبینرێت. لە هیچ وڵاتێک لە بەامبەر کاری وەک یەک و هاوشێوەدا موچەی یەکسان بە ژنان نادرێت.

ئاشکرایە لە کوردستانی خۆشمان، لە سایەی دەسەڵاتی ڕژیمگەلی دیکتاتۆر و پیاوسالار و کۆنەپەرست و داگیرکەرەوە، ژنان هەم وەک ژن دەچەوسێنەوە و هەم وەک کوردستانییش تەوژمێکی ڕاسیستیی زۆریان لەسەرە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕژیمێکی ئیسلامی داگیرکەر بە پشتبەستن بە یاسا ئایینیی و پیاوسالارییەکانییەوە زیاتر لە ٣٠ ساڵە ژنانی کوردستان و ئێرانی لە هەموو مافێکی سەرەتایی مرۆڤ بێبەش کردووە. لە باکووری کوردستان و تورکیەش دەوڵەتی فاشیستیی ــ ئیسلامیی تورکیە ڕۆژبەڕۆژ لە هەوڵی سەندنەوەی ئەو مافە نەبووانەشدایە کە حکوومەتەکانی پێشووی ئەو وڵاتە دانیان پێدانابوون. بەداخەوە لە باشووری کوردستان، ڕەوشی ژنان زۆر لە ڕەوشی ئەو ژنە کوردستانییانە باشتر نییە کە لەژێر ئاڵای داگیرکەراندا دەچەوسێنەوە. لەو بەشەی کوردستان، دوای تێپەڕبوونی ٢٣ ساڵ بەسەر دەرکردنی بەعس و نەهێشتنی دەسەڵاتی راستەوخۆی عێراق لە کوردستان، هێشتا بە یاساکانی سەردەمی بەعس لەگەڵ ژنان مامەڵە دەکرێت. لە ڕۆژئاوای کوردستان وێڕای هەندێ ئاڵوگۆڕی باش لە بابەت بەشداریی ژنان لە دەسەڵاتی سیاسیی وسەربازییدا، بەهۆی شەڕ و ڕەوشێکی کۆمەڵایەتیی ئاورتەوە هێشتا زووە تا بزانین ڕەوشی ژنان لەو بەشەی کوردستان بە بەراورد بە سەردەمێک کە ئەو ناوچەیە لەژێردەستی ڕژیمی دیکتاتۆر و داگیرکەری سوریەدا بوو، چ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا دێت.

لە کوردستان بە گشتیی ژنان تا ئێستاش لە مافی بڕیاردان و جیابوونەوە و خاوەندارێتیی و هەڵبژاردنی کار و پیشە و گەشتکردنی سەربەخۆیانە و گەلێک مافی سەرەتایی تر بێبەش کراون. لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئابووریی خانەوادە ژنان نەک بۆیان نییە خاوەن بڕیار بن، بەڵکو خۆشیان وەک بەشێک لە سامانی پیاو دێنە ئەژمار. بەداخەوە لە هەندێک ناوچەی کوردستان تەنانەت بەزۆر بەشودانی کچانی کەمتەمەنیش تا ڕادەیەک هەر باوە و فرەهاوسەرییش لە هەندێک شوێن هێشتا ماوە. لە کوردستان، بەهۆی باڵادەستیی فەرهەنگی پیاوسالارانەوە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر ژن یان دەکوژرێن یان لەژێر فشارە هەمەلایەکانی خانەوادە و کاربەدەستانەوە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن. یەکێک لەو نموونە تراژیدیانە کوژرانی ئەو سێ ژنەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی هەولێر و سەید سادق بوونە قوربانیی. لە دەرەوەی وڵاتیش، فەرهەنگی نامووسپەرستیی و ژنکوژیی لە ناو کوردستانییاندا هەر ماوە و لە‌ماوه‌ی چه‌ندساڵی ڕابردوودا ته‌نیا له‌ سوید زیاتر له‌ ١٥ کچ و ژن به‌ ده‌ستی که‌سوکاریان کوژراون.

خۆشبەختانە ژنانی کوردستان بۆ ڕزگاریی خۆیان لەم ڕەوشە دژوارە هەرگیز دەستەوستان دانەنیشتوون و لە بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان و لە بزووتنەوەی یەکسانییخوازانەی ژناندا بەشداریی چالاکانەیان کردووە و لەم بزووتنەوانەدا هەزاران تێکۆشەری قارەمانی وەک لەیلا قاسم، مەستوورەی شاسواریی (تەوار)، بەیانی بەرقرو، مارگارێت، شیرینی عەلەمهولی، سەکینە جانسیزو هتد. سەربەرزانە سەریان ناوەتەوە.

ڕێکخراوەکانی ژنان، لایەنە یەکسانیخواز و دێموکراتیکەکانی کوردستان

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان بۆ یەکسانی ڕاستەقینەی مافەکانی ژن و پیاو تێدەکۆشین و لەم پێناوەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە بە لانیکەمی مافە سەرەتاییەکانی ژنان دەزانین و بوونی جاڕنامەیەکی تایبەت بە پرسی ژن لە ئاستی کوردستاندا بە پێویستیەکی هەنووکەیی دەزانین. جاڕنامەیەکی هاوبەش و هەمەلایەنە کە سەرەکییترین ماف و داخوازییەکانی ژنان بگرێتە خۆی:

ـ مافی خۆشەویستیی بە سەربەستیی و مافی هەڵبژاردنی ئازادانەی هاوسەر.

ـ هەڵوەشاندنەوەی یاسای چەندهاوسەریی و قەدەخەکردنی فرەژنیی.

ـ قەدەخەکردنی شیربایی، تالۆق، ژن بە ژنە، گەورە بە بچووک و هەموو جۆرە مامەڵەیەک کە بە ژنانەوە دەکرێت.

ـ مافی بڕیاردان لەسەر جیابوونەوە و سەرپەرشتی منداڵ و دامەزراندنەوەی ژیانێکی نوێ.

ـ قەدەخەکردنی دەرکردنی کرێکاران و کارمەندانی دووگیان بە بیانووی دووگیانییەوە.

ـ قەدەخەکردنی کاری قورس و ترسناک بۆ ژنانی دووگیان.

ـ مافی بەهرەمەندبوون لە پشووی دایکانە (٢ مانگ پێش منداڵبوون) بەبێ کەمبوونەوەی موچە.

ـ دابینکردنی یارمەتیی ئابووریی بۆ ئەو دایکانەی لە ماڵەوە منداڵەکانیان بەخێو دەکەن.

ـ مافی بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سەردەمی دووگیانیی، کاتی منداڵبوون و چاوەدێریی پزیشکیی دوای منداڵبوون.

ـ مافی خوێندن لە هەموو بوارەکانی زانست و لە هەموو ئاستەکانی خوێندن و پەروەردەدا.

ـ مافی ئازادانەی هەڵبژاردنی پیشە.

ـ بەهرەمەندبوون لە موچەی یەکسان لە بەرامبەر کاری هاوشێوە.

ـ بەهرەمەندبوون لە مافی سەربەخۆیی ئابووریی.

ـ بەهرەمەندبوون لە مافی خاوەندارێتیی و میراتی یەکسان.

ـ دابینکردنی بیمەی بێکاریی بۆ ئەو ژنانەی لە ماڵەوە دەمێننەوە.

ـ مافی گەشتکردنی سەربەخۆ و دیاریکردنی شوێنی ژیان.

ـ مافی ماڵدانان و بەتەنهایی ژیان.

ـ مافی یەکسان لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی خێزان .

ـ مافی پۆششی ئازادانە و قەدەغەکردنی هەموو جۆرە پۆششێکی زۆرەملیی.

ـ مافی بەشدارییکردن لە هەموو بوارەکانی وەرزش.

ـ مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ هەموو بەرپرسیاریەتیەکانی کۆمەڵگا.

ـ قەدەخەکردنی چەوتبێژیی و ژنئازاریی بە بیانووی بانگەشە بۆ ئایین.

ــ قەدەخەکردنی پەرەپێدانی بیری نایەکسانیی و فەرهەنگی پیاوسالارانە لە پەڕتووکەکانی خوێندن و لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەدا.

ـ قەدەخەکردنی هەموو جۆرە هەڵاواردن و جیاکردنەوەیەکی ژنان و پیاوان لە شوێنی کار و خوێندگەکان.

ــ قەدەخەکردنی کوشتن و هەموو جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی و دەروونیی دژ بە ژنان.

ــ نەهێشتنی دیاردەی خەتەنەکردنی ژنان.

ـ بەهرەمەندبوونی ژنان و دایکانی کۆچبەری دانیشتووی کوردستان لە هەموو ئەو مافانەی بە ژنان و پیاوان ڕەوا دەبینرێن..

 

کرێکاران، ڕوناکبیران، لاوان و ژنانی تێکۆشەری کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان بە یەک چاو سەیری مرۆڤ دەکات و لە دژی هەموو ئەو یاسا و دابونەریتە دواکەوتووانەیە کە لە سۆنگەیانەوە مێژوویێکی دوورودرێژە مافە سەرەتاییەکانی ژنان پێشێل دەکرێن. کۆمەڵەی یەکسانیی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان تێدەکۆشێت کە تیایدا ژنان هیچ مافێکی کەمتر لە پیاوانیان نەبێت. ئەرکی سەرشانی هەر ژن و پیاوێکی خاوەن ڕەوشتە بۆ گۆڕینی ئەو ڕەوشە دژوارەی ژنان بێتە مەیدان و لە حاند ئەو هەموو مافکوژیی و ناڕەواییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بێدەنگ نەبێت. پێویستە لە ساڵوەگەڕی ٨ی مارسدا تێکۆشانی خۆمان بۆ دەستەبەرکردنی مافە زەوتکراوەکانی ژنان چڕتر بکەینەوە و لەم پێناوەدا هەڵمەتگەلێکی باش بە پلاتفۆڕم و داخوازیی ڕۆشنەوە وەڕێ بخەین. بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنەوە، پێویستە هەر لە ئێستاوە یەکسانییخوازانی کوردستان لەبیری هەرچی شکۆمەندانەتر بەڕێوەبردنی بۆنەگەلی جۆراوجۆردا بن و بەپێی توانا داخوازییەکانی سەرەوە بکەنە ناوئاخنی دروشم و وتار و بڕیارنامەکانی خۆیان.

شەکاوە بێت ئاڵای خەبات بۆ یەکسانیی مافی ژن و پیاو!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٠ی ڕەشەمەی ٢٧١٣ی کوردی

١ی مارسی ٢٠١٤ی زایینی

ــــــــــــــ

سەرچاوەی ئامارەکان:

بانکی نێودەوڵەتیی، ڕێکخراوی جیهانیی کار (ئای، ئێل، ئۆ)، وەزارەتی دەرەوەی فینلەند، ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، ناوەندی رۆژهەڵات بۆ توێژینەوەی كۆمەڵایەتی، سەنتەری نینا، ڕێکخراوی فینلەندیی سوۆمێن ئوکۆلییتتۆ، سەنتەری ئاماری فینلەند