پەیامی "یەکسانیی" لە كۆنفرانسی ساڵانەی "ک.ن.ک" بۆ یادی كۆماری كوردستان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2014-02-09

 

 " پلورالیزم، خەباتی هاوبەش و وتارێكی یەكگرتووی نەتەوەیـی "

 

بەڕێزان!

 

ئامادەبووانی هێژا!

 

بەڕێزانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان!

سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەر لە کۆماری کوردستان دوو کۆماری تر لە کوردستان ڕاگەیەندراون کە بریتین لە "کۆماری کوردستانی سوور " لە ساڵانی ١٩٢٣ ـ ١٩٢٩ لە هەرێمی کوردنشینی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان کە پێتەختەکەی شاری " لاچین " بووە. دووهەم، " کۆماری ئارارات یان ئاگریی " لە ساڵانی ١٩٢٧ ـ ١٩٣٠ لە ناوچەی ئاگریی باکووری کوردستان دامەزراوە و پێتەختەکەی " کورداڤا" بووە. هەر بۆیەش پێویستە ئەم دوو کۆمارەش توێژینەوەیان لەسەر بکرێت و لەیاد نەکرێن.

بەڕێزان لەبابەت کۆماری کوردستانەوە، بەداخەوە زۆر جار هەندێ کەس و لایەنی سیاسی "کۆماری کوردستان"  بە "کۆماری ماهاباد" ناو دەبەن، یان هەندێ لایەن بە کۆمارێکی خودموختار دەیناسێنن. لە کاتێکدا ناوی ئەم کۆمارە، کۆماری کوردستان بووە و ئامانجەکەشی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئازاد و یەکسان بووە. هەوڵی گۆڕین و دەستێوەردانی مێژوو، ئاڵا و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، هەوڵێکە بۆ بچووک کردنەوەی ئەو کۆمارەو بەهەڵە ناساندنی.

دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ ی هەتاوی (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) هەوڵێکی بەجێ و گەورە و گران بوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان و کۆتاییهێنان بە ژێردەستیی نەتەوایەتییمان. کۆماری کوردستان و هەڵسەنگاندنی مێژووەکەی گەلێک وانەی گرنگ و سودمەندی تێدایە بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان کە دوای تێپەڕبوونی ٦٨ ساڵ بەسەر ڕوخانی کۆماری کوردستاندا، هێشتا درێژەی هەیە.

بەپێچەوانەی هەندێ لایەن کە کۆماری کوردستان وەک دەسکەوتی حیزبێک دەناسێنن، ئێمە پێمان وایە کۆماری کوردستان دەسکەوتی٤ ساڵ کار و خەباتی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ. ک.) بەر لە ڕاگەیاندنی کۆمار بوو. دیارە لە ڕوانگەی ئێمەوە کۆمارى کوردستان هێمایەکی کوردستانییە نەوەک مڵکی هیچ لایەنێک و پێویستە هەموو ساڵێک لە هەموو بەشەکانى کوردستان لە روانگەیەکی نیشتیمانییەوە یادى بکرێتەوە.

دامەزراندنی کۆماری کوردستان تەنیا هەوڵێکی سومبولیک نەبوو بۆ تۆمارکردنی ڕوداوێکی مێژوویی، بەڵکو ئەو کۆمارە لە ماوەیەکی کورتی ١١ مانگەدا گەلێک کاری بە نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد کە لێرەدا بەپێێ ئامانجی ئەم کۆنفرانسەی ئەمڕۆ، واتە " پلورالیزم، خەباتی هاوبەش و وتارێكی یەكگرتووی نەتەوەیـی "  دەکرێ ئاماژە بە بەشداریی کوردەکانی بەشەکانی تری کوردستان لە کۆماری کوردستان بکرێت، هەر لە بەشداریی کوردانی باشوور و ئەفسەرەکانى حزبى هیواوە بۆ پەرەوەردەکاریی تا ئامادەبوونی کوردانى رۆژئاوا، چەند نموونەیەکی بەرچاون بۆ ئەوەی خەڵکی کورد لە هەر شوێنێک شۆڕشى کردبێت، ئازادیخوازانى هەموو بەشەکانی کوردستان پێی سەربەرز و دڵخۆش بوونە و پشتگیرییان کردووە. بۆیە لە ئێستاشدا گرنگە بە بێ دوودڵى پشتیوانى لە خەباتى بەشەکانى دیکەى کوردستان و دەسکەوتەکانیان بکەین بە تایبەت لە ئێستادا پشتگیریی هەمەلایەنە لە شۆڕشی ڕۆژئاواى کوردستان ئەرکێکی نیشتمانیی و ئینسانییە.

هاوکات ئەگەر بە دیدێکی ڕیالیستیی لە هەلومەرجی ئەوسای کوردستان بڕوانین، دەبینین کە کۆماری کوردستان لە سەردەمێکدا ڕاگەیەندرا کە ڕژیمی پاشایەتیی ئێران لەوپەڕی بێهێزیی خۆیدا بوو و بە کۆتییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانیی و تێکشکانی فاشیزم، زەمینەی ڕزگاریی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئاستی جیهانییدا لە جاران لەبارتر بوو، بەڵام پاراستنی کۆماری کوردستان لەو سەردەمەدا بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکیی، کارێکی ئاسان نەبوو.  یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامنەبوونی کۆماری کوردستان ئەوە بوو، کە جگە لە یارمەتییەکی کورتماوە و ناشێلگیرانەی دەوڵەتی سۆڤیەت، لەلایەن هیچ دەوڵەت و هێزێکی جیهانییەوە پشتگیریی لێ نەکرا. لە بواری ناوخۆییەوە کۆمەڵگای کوردستان هێشتا لە قۆناغی دەرەبەگایەتییدا بوو و ژمارەی خوێندەواران و ئاستی ڕۆشبیریی کۆمەڵگە و ژێرخانی ئابووریی کوردستان لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو. بێجگە لە چەند شار و ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی شوێنەکانی تر لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆماری کوردستاندا نەبوون. لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو سەردەمەدا زۆر ساوا و کەمئەزموون بوو و بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتیمانیی ئێمە لە بەشەکانی تری کوردستان لە ڕەوشێکی نالەباردا بوو.

دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان، خەباتی ڕزگارییخوازیی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان پەرەی سەند و تا ئەمڕۆش بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە و لە ئاکامی ئەم بەرخۆدانەدا ئەمڕۆکە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەچاو بەشەکانی تر لە ڕەوشێکی باشتردان و بە دامەزراندنی دوو حکوومەتی ناوچەیی، هەنگاوێک لە سەربەخۆیی کوردستان نزیک بوونەتەوە. جێی خۆیەتی حکوومەتی باشووری کوردستان هەوڵێ شێلگیرانە بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و هەروەها گرنگیی زیاتر بە پرسی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا بدات. هاوکات حکوومەتی ڕۆژئاوای کوردستانیش ویڕای گرنگیدان بە پرسی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و دابینکردنی ئاساییشی ڕۆژئاوا و ئازادکردنی هەموو ناوچە کوردستانییەکان لەدەست چەتەکانی ئەلنەسرە، قاعیدە و ڕژیمی داگیرکەری سووریەدن، هەوڵی بەشداریی لایەنە ناڕازییەکانی دەرەوەی حکوومەت بدات تا لە داهاتوودا لە هەڵبژاردنێکی شەفاف و دێموکراتیدا هەر دوو لایەنی براوە و ئۆپۆزیسیۆن دیاری دەکرێن و بەم هەنگاوانە بە هاوکاریی هەموو لایەنەکان، کوردستان لە دووبەرەکی و لە دەست نەیارانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزیین.

 لە بابەت باکووری کوردستانەوە ساڵانێکە بزووتنەوەیەکی بەهێز لەم بەشەی وڵاتەکەمان لە مەیداندایە و شۆڕشی ملیۆنیی کوردستانییانی باکوور لە شاخ و شارەوە بگرە تا دەگاتە زیندان و پارلمان، تەنگی بە ڕژیمی فاشیستیی تورکیە هەڵچنیوە و زیاتر لە هەر کاتێکی تر ئەم ڕژیمەی خستۆتە ژێر گوشارەوە. هیواخوازین خەباتی کوردستانییانی باکوور بە ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان و چەسپاندنی مافەکانی گەلەکەمان لەم بەشەی کوردستان مژدەی هاتنەدیی ئامانجەکانی خەڵک و هەزاران شەهیدی ئەم بەشەی کوردستانمان پێ بدات. هاوکات ئێمە چاوڕوانین لایەنی کوردستانیی لە باکوور بەردەوام هاووڵاتییان لە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی و ئاکامی وتووێژەکان ئاگادار بکاتەوە و  لە ئەگەری ناڕوونیی و ناشێلگیربوونی دەوڵەتی تورکییەوە لەم پرۆسەیەدا و داننەنان بە مافەکانی خەڵکی باکووری کوردستان، پیلانەکانی ڕژیمی داگیرکەری تورکییە لەقاو بدەن و چارەسەریی پێویست بگرنە بەر.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حەوت دەیە لەمەوبەر بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان ببووە هیوای ڕزگاریی هەموو کوردستان و گوڕوتینی بە شۆڕش لە بەشەکانی تری کوردستان دەبەخشی، مخابن بەهۆی پرژوبڵاوی و کەرتبوونی هێزە سیاسیەکان و ڕەچاوکردنی سیاسەتی گۆشەگیریی و چاوەڕوانیی و بوونی ڕژیمێکی دیکتاتۆری داگیرکەر، ئەمڕۆ لە بەرخۆدانی ڕۆهەژەڵاتدا پارسەنگی هێز بە قازانجی دوژمنە.

ئێمە پێمان وایە کە گرنگە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەت لایەنەکانی ڕۆژهەڵات سەرنجی تایبەت بدەنە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی کە کار دەکات بۆ بچوککردنەوەى پرسی خەڵکی کوردستان بۆ ئاستی هەندێک کێشەى بچووک و لاوەکی. هەر بۆیەش بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتى ئەوە هاتووە لەجێی ئەوەیکە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ببنە پاشکۆى لایەنە ئێرانییەکان، پێویستە خۆیان وەک لایەنێکی کوردستانی و سەربەخۆ پێناسە بکەن.

 هەر بۆیەش پێویستە لەم قۆناغەدا لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی جەماوەریی ناوەوەی کوردستان، هەوڵ بدەن پارسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی کوردستان بگۆڕن. وەها بەرەیەک لە ڕوانگەی ئێمەوە پێویستە سەرەتا بە گەڵاڵەیەکی هاوبەش لە سەر خاڵە هاوبەشاکانی نێوان لایەنەکان سەربگرێ و دیالۆگیش لەسەر خاڵە ناکۆکەکان دەکرێت بەردەوام بێت. ئەمەش بەوە دەکرێت کەوێڕای پەسندکردنی فەرهەنگی دێموکراتیکی سیاسی و فرەلایەنیی، شەڕی ناوخۆیی بە خەیانەت دابنرێت و لە هیچ کەس و لایەنێک قبووڵ نەکرێت کە ئەزموونە تاڵەکانی خۆسەپاندن و بەفیڕۆدانی خەباتی خەڵکی کوردستان دووپات بکاتەوە.  هەروەها بۆ پاراستنی یەکگرتوویی بەرە لە بەرامبەر لایەنی داگیرکەردا پێویستە هەموو ئەندامان خۆیان لە پێوەندیی و وتووێژی یەکلایەنە لەگەڵ داگیرکەر بپارێزن. کاری هاوبەشی لایەنەکان لەمەڕ چۆنییەتی وەگەڕخستنی کۆمه‌ڵگەیەکی مه‌ده‌نیی بەهێز و هەروەها خستەبەرباس و وتووێژی ره‌هه‌نده‌کانی خه‌بات له‌ قۆناخی ئێستادا، پێشنیارێکی تری ئێمەیە بۆ چالاک کردنەوەی خەباتی مەدەنی و سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ ئەمەش پێویستە هەر کام لە رێکخراوە مەدەنییەکان، چالاکوانەکان و میتۆدە تازەکانى خەبات لە ڕۆژهەڵات بە باشیی هەڵسەنگێندرێن و وەگەڕ بخرێن.

لە ئاستی کوردستانی گەورەدا هەبوونی هاوئاهەنگی و هاوکاریی چڕوپڕ و سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەش لە بەرامبەر داگیرکەراندا پێویستییەکی هەنووکەییە. بۆ ئەم مەبەستە ماوەیەک لەمەوپێش هەوڵێک درا بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کە بەداخەوە تا ئێستا بەهۆی ململانێی حیزبیی و دەستتێوەردانی دەرەکییەوە سەری نەگرتووە و پێکهێنانی کۆنگرەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. بێگومان دەستێوەردانی داگیرکەران لەکاروباری سیاسیی کوردستان لە ڕێی هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە دیاردەیەکی ناسرووشتی و نەشیاوە.

ئێمە هەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک.ن.ک) بۆ کۆکردنەوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە کارێکی بەجێ دەزانین و پێویستە هه‌وڵ بدرێت لایەنێکی زۆرتر له دەوری‌ " که‌نه‌که‌" کۆ ببنه‌وه‌ و ئه‌کتیڤ بن. لە ڕوانگەی ئێمەوە کوردستان پێویستیى بە ستراتیژییەکى سیاسیى هاوبەشی نیشتمانیی هەیە و بە بێ وەها ستراتیژییەک، یەکێتى و پشتیوانیی هاوبەش لە شۆڕشی بەشەکانی تری کوردستان دەستەبەر نابێت. بۆ دروستکردن و چه‌سپاندنی " دیسکورسی" نیشتمانیی و بۆ شیکردنه‌وه‌ و چه‌سپاندن و ورووژاندنی پلۆرالیزم و بەرخۆدانی هاوبەش له‌ ناو خه‌ڵکی کوردستان جێی خۆیەتی که‌ناڵێکی ڕاگەیاندن به‌ به‌شداریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان دابمه‌زرێت و لەم بووارانەوە کاری لەسەر بکرێت.بوونى روانگەى فراوانى سیاسى و نیشتیمانى پێش بە دابەشبوون و پارچە پارچە بوونمان دەگرێت و پێگە و هێزى کورد لە ناوچەکە و سەنگى لە گۆڕانکارییەکانى ڕۆژهەڵاتی ناویندا قورستر دەکات.

 هیوادارین لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەم پرژوبڵاوییە بنێنە لاوە و بەدەر لە جیاوازیی ڕوانگەی سیاسی ـ چینایەتییان بتووانن لە دژی داگیرکەرانی کوردستان و بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان یەکگرتوو بن و ئەوپەڕی هاوکارییان هەبێت.

بژی بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان

سەرکەوێ خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ و کۆمەڵگەیەکی یەکسان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧١٣ی کوردی

٩ی فێڤرییەی ٢٠١٤ی زایینی