"شینی شیناوێ" و "سەیرانەکەم"، دوو هۆنراوە بۆ کچانی قوتابخانە سووتاوەکەی شیناوێ!

سۆران زەکی
07-12-2022

 

"شینی شیناوێ"

 

ئەمڕۆ من یاکپارچە خەمم،

چەندێ بڵێی بریندارم،

دڵم پڕە.

هەواڵی خوشکۆڵەکانم

 لە شیناوێ،

هەتا بڵێی دڵتەزێن و

 جەرگبڕە!

چل قوتابی بچکۆلانە،

لە پۆلێکی

تەنگەبەری

 داڕزیوو و

داخراوی زیندانئاسا،

بە ئاگری کۆنەسۆبەی

ئەهلی ئەشکەوت

 داپلۆخان،

کە چەند ڕۆژبوو نەدایسا!

بۆیە ئەمڕۆ

 لە کوردستان

خۆر هەڵنایە و

شەویش

هەموو ئەستێرەکان

بۆ هاودەردیی

 وڵاتەکەم

لەسەر لوتکەی قەندیلی دڵ

کۆدەبنەوە،

ڕەوە و شیناوێی بریندار،

بەرەو لاجان و پیرانشار،

سروودی هاودەردیی ئەچڕن،

فرمێسکی چاوی کەمانگەر

ئەسڕنەوە!

فرمێسکی چاوی گەلی کورد

ئەسڕنەوە!

سۆران زەکی

....................................................

سەیرانەکەم!

 

 کۆچەکەت زۆر بێ وادە بوو

سەیرانەکەم، باوانەکەم

کۆچەکەت زۆر بێوادە بوو.

دایە و بابە چاوەڕێ بوون،

چاکبیتەوە و بێیتەوە زوو.

ئێمە گشت چاوەڕێی تۆ بووین

بێیتەوە لە تەبرێزەوە،

چاکبیتەوە و ڕۆژێ سەد جار

بتگرینە ئامێزەوە.

 

قوربانی گۆنای سووتاو و

پەنجەی هەڵپڕووکاوت  بم

قوربانی ساک و پێنووس و

پێڵاوی بەجێماووت بم.

بەڵێن بوو ببیە مامۆستا و

ئەگەر کوردستان ڕزگار بێ،

قوتابخانەی ئێوەی ئازیز

وەناو مامۆستا فەرزاد بێ.

قوتابخانەیەک کە تیایدا

خوێندن بە زمانی خۆمان بێ،

مامۆستا و قوتابی دۆست بن،

کچیش لەگەڵ کوڕ یەکسان بێ.

سەیرانەکەم، ئازیزەکەم

چاوەکانت بکەرەوە.

دایە و بابە و گشت شیناوێ

چاوەڕێنە، سەربەرەوە.

مامۆستا و هاوپۆلەکانیش

تامەزرۆتن، خۆزگەیانە،

هەرچی زووتر سەربەیتەوە و

بچیتەوە قوتابخانە.

 

سۆران زەکی