ڕێگاو ڕێبوار، هۆنراوەیەکی مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی

شەیدای کوردستان
10-12-2022

"ڕێگاو ڕێبوار"، هۆنراوەیەکی ڕێبەری نەمرمان مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی ناسرو بە شەیدای کوردستان (وێنە: مامۆستا سەید ڕەشید و مامۆستا هێمن)

"ڕێگاو ڕێبوا" هۆنراوەیەکی بڵاونەکراوەی مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی،یە کە لە ڕۆژانی پێش شەهیدکرانی نووسراوە و پێشتر بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی مامۆستاوە بڵاومان کردۆتەوە. مامۆستا سەید ڕەشید لە "ڕێگا و ڕێبوار" دا تیشک دەخاتە سەر سەرەکییترین پرسە نیشتمانیی و چینایەتیەکانی ئەو سەردەمی کوردستان و بە زمانێکی شیرین و پاراو، ڕێچارەی خۆی پێشنیار دەکات. "ڕێگا و ڕێبوار" مانیفێستێکی ڕزگاریی کوردستانە کە لە لایەن ڕێبەرێکی خەڵکیی و پێشەنگێکی ڕاستەقینەی چینە چەوساوەکانی کوردستانەوە هۆنراوەتەوە و بۆ جیلی نوێ بەجێ ماوە.

"ڕێگا و ڕێبوار"

(شەیدای کوردستان)

ڕێبوارێکم ئەڕۆم تا تینم تیابێ

لەڕێی ئازادیی گەل لادانم نابێ

کەندوکۆسپ هەرگیز لەڕێم لانادا

شانازیمە مردن لەناو ڕێگادا

توێشووم نەبێ بە برسێتیی و بێ ئاوی

بە پێخاوسی بەبێ بەرگ و پێڵاوی

پەنجەم نەبێ دڕو لە پێم دەرێنم

جێگام نەبێ سەرخەوی تیا بشکێنم

هاوڕێ بەجێم بێڵێ لەناو ڕێگادا

خەواڵوو بێ و بڕوا لە ڕێگا لادا

هەڵخەڵەتێ و دوژمن پێشی پێ بگرێ

باداتەوە سەر من بۆ دوژمن بمرێ

بم داتە بەر تانە و جوێن ئاغای کۆن

لێم بڕوانێ بەڕووی گرژ و سیمای مۆن

حەلە و جەلەی دەوروپشتم لێ هاندا

وەک تێکۆشەر بێت و خۆییم نیشاندا

 

بەرەو ئازادی گەل ئەڕۆم تا ماووم

بەرەو ئاسۆی ژیان ئەفڕن دوو چاوم

 

ڕێبوارێکم لە ئاسۆی ژین ئەڕووانم

ڕێ ناگۆڕم، ڕێ لێتێکچوون نازانم

ڕێگای سەختی سەربەندەنم ناسیوە

چیای بەرز و گەردنکەشم زۆر دیوە

ڕێگای ناو لێڕەواری چڕ گەڕاووم

لەبرسا هێز لە ئەژنۆدا نەماووم

لەناو ڕووبار و چۆم و شیو و دۆڵدا

بە کوێستان و کەژ و هەڵدێر و چۆڵدا

بە پێدەشت و تەپۆلکەی کەسک و سووردا

لەناو ڕێگای وون و باریک و دووردا

بە تاریکیی لە شەوگاری بەهاردا

لەناو سەرمای چلەی زستانی سارددا

لەناو باران و لێزمەی ئەرخەوان سوور

بە ڕوتوقووتیی و بێ ئاور و تەندوور

پەنا و پەسیو نەبێ داڵدەم لەسەرما

نەوا و سێبەر نەمێنێ بۆم لەگەرما

 

بەرەو ئازادی گەل ئەڕۆم تا ماووم

بەرەو ئاسۆی ژیان ئەفڕن دوو چاوم

 

ڕێبوارێکم ڕێگام ڕاست و ڕەوانە

باڵدارێکم ئەفڕم بەرەو هێلانە

بەرەو ئازادی گەل هەستم فڕیوە

چەژەی شیرین گوڵاڵەم هەڵمژیوە

هەوای سەربەستی سەربەرزان لێیداووم

لە خوڕەی  قەڵبەزەی بەفراو تێراوم

بە قیڕەی قاڵاوی ڕوڕەش گوێنادەم

بۆ ڕۆیین تا ئاسۆی ژیان ئامادەم

لە تەوس و تانەی زێڕپەرست ناترسم

لە هەستی پووچەڵ و بێ جێ  ناپرسم

من ڕێبواری سەربەندەنی ڕزگارییم

تینووی ئاوی چاوگەی ژیانی یەکجارییم

من پەروەردەی کێوی بەرزی زاگرۆسم

من ڕێبواری ڕێی مافی چارەنووسم

سەختیی ڕێگا تەرکی ڕێگام پێ ناکا

گەفوگوڕەی دوژمن کارم تێ ناکا

 

بەرەو ئازادیی گەل ئەڕۆم تا ماووم

بەرەو ئاسۆی ژیان ئەفڕن دوو چاوم

 

من ڕێبواری سەربەخۆیی و ئازادییم

من لە دژی چەوسانەوە و بێدادییم

زۆر جار بۆ ئازادی تەکانم داوە

کەوتووم و هێز و توانم لێ بڕاوە

زۆر کوشتاری بەکۆمەڵم لێ کراوە

برا و دایک و بابم بەدیل براوە

زۆر سێدارەی بەڕیزەم بۆ چەقاوە

گەورەپیاوم بەداردا هەڵواسراوە

من ڕێبواری ڕێگەی ئازادیی کوردم

ڕێ بەرنادەم، ڕێگەی ڕزگاریی کوردم

ڕێ بەرنادەم ڕێ بۆ من یەک ڕێگایە

یا مردن یا سەرکەوتنی تێدایە

بمرم سەرم ڕێبازی سەرکەوتن بێ

ئەگەر ژیام بڕیارم نەسرەوتن بێ

تا سەرکەوتن تا گەیشتن بە ئامانج

تا ئازادیی کورد و یەکسانیی کرمانج

 

بەرەو ئازادیی گەل ئەڕۆم تا ماووم

بەرەو ئاسۆی ژیان ئەفڕن دوو چاوم

 

تا کوردستان بە ئازادیی نەبینم

تا ڕزگاریی لە بێدادیی نەبینم

تا جوتیارم بۆ ماڵی خۆی نەکا جووت

ڕزگار نەبێ لە تاڵانچیی و ڕاوڕووت

تا وەرزێران وەرزی ساڵیان نەدێرن

تا دڕووداڵ لە شێف و وەرد نەبژێرن

تا خەرمانی بە بێ سەرکار نەپیێوون

تا بە شادی بسکەی سمێڵ نەبزێوون

تا کرێکار شانی نەکا بەکاردا

ڕزگار نەبێ لەژێر سۆغرە و بێگاردا

تا دەنگی پاچ و پیک نەگاتە گەردوون

خانووی چەن قات نەگاتە بەرزیی بێستوون

تا ئاژەڵم لە لەوەڕگا تێر نەخوا

لەپاش خەوتن دیسان بۆ لەوەڕ نەڕوا

تا شوان بە ئازادیی نەچێ لەگەڵ ڕان

تا شەرتی شوانیی خۆی نەنێتە گیرفان

تا خوێندەوار نەنووسێ ڕەنج و شادی

شەرتە تا هەم ناوی نەنێم ئازادی

 

بەرەو ئازادیی گەل ئەڕۆم تا ماووم

بەرەو ئاسۆی ژیان ئەفڕن دوو چاوم

 

تا کوردستان نەبینێ ڕووی ئازادی

تا کورد نەگاتە سەر ترۆپکی شادی

تا یەک نەگرێ گەرمێن و کوێستانی کورد

تا بەر نەگرێ باغات و بێستانی کورد

تا باکوور و باشوور یەک نەگرێتەوە

تا سنووری دەسکرد نەپێچرێتەوە

تا زیندانی بێدادگەر نەڕووخێ

تا پەیکەری شوومی خوێنخۆر نەڕووخێ

تا یەکسانی ئاڵای خۆی نەچەقێنێ

تا زۆرلێکراو هەق لە زۆردار نەسێنێ

ڕۆڵە کوژراو مافی ڕەوای وەرنەگرێ

تا باخی ئازادیخوازیی بەرنەگرێ

تا کورد یەکدەنگ نەخوێنێ بۆ کوردستان

تا یەک نەگرن خەڵکی گەرمێن و کوێستان

تا نابینە برای گەلان یەکجاریی

ناگەینە سەر لووتکەی چیای ڕزگاریی

 

بەرەو ئازادیی گەل ئەڕۆم تا ماووم

بەرەو ئاسۆی ژیان ئەفڕن دوو چاوم

 

تا هەڵنەکرێ چرای ڕوون لە وڵاتم

ناگەمە سەر لوتکەی بەرزی ئاواتم

تا فەرهەنگی کورد نەخوێنم سەرتاسەر

تا بە کوردی نەنووسم هەزار دەفتەر

تا بە زمانی کوردی نەخوێنن منداڵ

تا مۆسیقای کوردی لێ نەدا شمشاڵ

هەتا کوردی نەبێ بە زمانی ڕەسمیی

بە خەڵکی کورد نەڵین ئینسانی ڕەسمیی

تا مناڵمان دەرسی کوردی نەخوێنێ

تا نەخوێنین مێژووی کورد هەتا دوێنێ

تا فەرهەنگی کورد ئازادی نەبینێ

تا خووخدەی کورد نەگاتە نووسینێ

تا دەرسی زانستگە نەخوێنن کوردان

دەرسی زانست بە کوردی نەڵێن پێمان

دەرسی جۆراوجۆری ژیان نەخوێنین

هەقی خۆمان لە نەزانیی نەسێنین

ناگەینە سەر لوتکەی بەرزی ئازادی

بۆمان ناسەندرێ تۆڵەی بێدادی

 

بەرەو ئازادیی گەل ئەڕۆم تا ماووم

بەرەو ئاسۆی ژیان ئەفڕن دوو چاوم

 

تا کوردستان نەبینێ ئاوەدانیی

ڕێگای ئاسن نەگاتە چیاکانی

نەبێتە شوێن بۆ کار بۆ پیشەسازیی

نەژی کۆمەڵ بەبێ جیایی و جیاوازیی

تا لووتکەی کێو بە تراکتۆر نەکێڵین

تا کار نەکەین هەتا لاوین، جەحێڵین

زەوی بوورە نەکەین باخ و چوار باخ

ڕێگای ماشێن نەڕوا بۆ ناو هەرد و شاخ

تا ڕێی گەورە نەڕوا بۆ ناو ئاوایی

پڕۆژەی باش دانەنرێ بۆ برای ڕەشایی

لوولەکەشیی هەموو دێهات دانەگرێ

قوتابخانەی کوردی لە دێ دانەنرێ

تا کۆمپایین درەو نەکا گەنم و جۆ

ڕزگار نەبێ گاوجووت لە حاحا و هۆهۆ

تا وڵاتمان ڕەنگی وڵاتان نەگرێ

نەتەوەی کورد وەک میللەتێک نەناسرێ

هەر دەسکەوتێک هەبێ بەفیڕۆ ئەڕوا

داگیرکەر دێ و سامانی کوردان ئەخوا

 

بەرەو ئازادیی گەل ئەڕۆم تا ماووم

بەرەو ئاسۆی ژیان ئەفڕن دوو چاوم

 

من ڕێبواری ڕێی ئازادییم تا ئەمرم

مەشخەڵ بۆ ئازادیخوازان هەڵ ئەگرم

ڕێ کەچ ناکەم، ئەڕۆم تا گیانم تیابێ

ئەڕۆم، ئەڕۆم تا هێزی ئەژنۆم مابێ

ئەڵێم، ئەڵێم بۆ ڕێی خەبات سروودم

بۆ شەهیدی ڕێگای وەتەن دروودم

تا بۆ شەهید پەیکەر نەکرێ لە ئاڵتوون

تا داگیرکەر تێکڕا نەکرێن توناوتوون

تا شیوەنگا نەبێتە جێی ڕەشبەڵەک

هەموو بۆ سەربەستیی دەس نەگرینە یەک

تا ژن و پیاو تێکڕا نەکەن دەستوبرد

تێ نەکۆشن کوڕ و کیژی لاوی کورد

بۆ دەرهێنانی کانی ژێرزەمینم

بۆ کەتیرە و مازوو و پەمۆ چنینم

بۆ گردوکۆی سامانی نیشتمانم

کۆگای گەورە و جوانی خەلەوخەرمانم

بەرەو ڕازانەوەی وڵات وەکو بووک

بەرەو ژیان، بەرەو ژیانی سادە و سووک

بەرەو ژیانی تازە، بەرەو دنیای ڕوون

ئەڕۆم، ئەڕۆم، ئەڕۆم بەرە و ڕزگاربوون

 

بەرەو ئازادیی گەل ئەڕۆم تا ماووم

بەرەو ئاسۆی ژیان ئەفڕن دوو چاوم

 

شەیدای کوردستان، سەید ڕەشید حوسەینی

سەقز ـ ٢٠ی بەفرانباری ١٣٥٧

(١٠/٠١/١٩٧٩)

فەرهەنگۆک

بژارتن:  بژارکردن، لێک جیاکردنەوە

بسکەی سمێڵ: زەردەخنەی دڵخۆشیی، زەردەخەنە

بوورە: بەیار

بێدادیی: زۆرداریی، ستەمکاریی

بێگار: سۆغرە، سۆخرە، کاری زۆرەملی

پێدەشت: دەشتایی داوێن چیا، داوێنی چیا

پیک: کوتکی ئاسن

پەنا و پەسیو: گۆشە و کەنار ، قوژبنی نادیار، سیلە، قوڕنە

ترۆپک: دوند، بڵندترین شوێنی دار یان کێو

توناوتوون کردن: بە یەکجار تەفروتونا کردن، تێکڕا لەناوبردن

توێشوو: خواردنێک کە لە دەرەوەی ماڵ دەخورێ

تین: هێز، وزە، توانا، بڕست

تەوس و تانە: توانج و پلار

چاوگە: سەرچاوە، بنەوان

چۆم: چەمی ئاو

چەژە: چێژ، تام

خووخدە: ئاکار، ڕەوشت، داب و نەریت

داڵدە:  پەنا

دڕوداڵ: دڕک و داڵ، زی، چقڵ

دۆڵ: شیو ،دەرە، گەڵی، دۆپ

ڕان: مێگەل

ڕاوڕووت: چەتەیی، ڕێگریی، تاڵان و بڕۆ، تاڵانکاریی

ڕووبار: چۆمی گەورە، چەمی گەورە

ڕەشایی: ڕەشایی، قەرە، دێنشینی بێ زەوی

ڕەشبەڵەک: هەڵپەڕکێی ژن و پیاو

زانستگە: زانکۆ، خوێندنگەی باڵا

سۆغرە: بێگار

سەرکار: نوێنەر و چاوەدێری دەرەبەگ لە خەرمانپێواندا

شێف: زەوی کێڵدراو

شیو: دۆڵی تەنگ

شەرتی شوانیی: موچەی شوان

قاڵاو: قەلەڕەشە

قەڵبەزە: شەپۆلی ئاوی چەم، تاڤگە، ئاوهەڵدێر

کان: کانزا

کرمانج: دێنشین

کۆمپایین: کامپاین، دەزگای دروێنەکردن

کەتیرە: جەوی، شیرەی وشکەوەبووی گوێنی

کەژ: چیا، شاخ، کێو، کەل

گەفوگوڕە: هەڕەشە و گوڕەشە

لێڕەوار: دارستان

لێزمە: ڕەهێڵە، ڕێژنە

نوا: ئەنوا، شوێنێک بەفر و باران نەیگرێتەوە

نەزانیی: بێ ئاوەزی

نەسرەوتن: کۆڵنەدان

هەرد: ڕەقەن، شوێنی هەڵەت و بەردەڵانی، زەوی

هەڵدێر: ڕژد، حاسێ

وەرد: زەوی دوجار کێڵدراو

وەرزێر: جوتیار، سەپان

ئەرخەوان سوور: سەرەتای بەهار و نەورۆز