پێشگرتن بە لەسێدارەدانی دەستگیرکراوەکانی ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئەرکی سەر شانی هەموومانە!

یەکسانی
16-12-2022

کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە بەرەوپێشچوونی شۆڕشی خەڵکی ئازادیخواز و مافخواز، هەروەها بە مەبەستی ترساندنی خەڵکی کوردستان و بلوچستان و عەڕب و ئازەری و فارس و هەموو ئەوانەی لە دەسەڵاتە کۆنە پەرست و دیکتاتۆرەکەی ئەوان ناڕازین، دەستی کردووە بە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە لە سێ مانگی ڕابردوودا بە بیانووی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەری کردوون. لە بەرامبەردا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا زۆر لایەن ئەو کردەوە نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامیی مناڵکوژیان شەرمەزار کردووە و داوایان لێ کردووە تا بەندکراوەکان لە سێدارە نەدات. بەڵام کۆماری ئیسلامی ڕای گەیاندووە کە داواکاری هیچ لایەک بۆ سزانەدانی دەستگیرکراوەکان پەسند ناکات. واتا کۆماری ئیسلامی هەرکات مەبەستی بێت بە پێی خواستی خۆی دەستگیرکراوەکان بە تاوانی جۆراوجۆرو بەتایبەت تاوانەکانی موحاربە و دژایەتیی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران تاونبار دەکات و پرۆسەی ئیعدام کردنیان دەس پێ دەکات.

ئێستا یەکێتی ئەورووپا و چەند وڵاتێکی دیکە بە قسەی خۆیان وەک ڕابردوو ناڕازین لە سووکایەتییپێکردن و ئەشکەنجەدان و ئیعدامکردنی دەستگیرکراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و دەڵێن گەمارۆی زیاتر دەخەنە سەرکۆماری ئیسلامی و ئەو کاربەدەستانەی کە دەستیان هەیە لە ئازاردان و سزادانی زیندانییەکان. هاوکات لەم چەند ڕۆژەدا چەند پارلمانتارێکی سویدی و ئاڵمانی و وڵاتی تریش "کەفالەت"ی چەند زیندانییەکیان وەستۆ گرتووە کە کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندوون. ئەو هەنگاوانە وەک هەڵوێست باشن  و بوونی سەرنجی نوخبە سیاسییەکانی وڵاتانی تر لەسەر بارودۆخی خەڵکی ئێران و کوردستان و بەتایبەت دۆخی زیندانییان کارێکی بەجێ و ئەرێنییە. بەڵام لە کەس شاراوە نییە کە کۆماری ئیسلامی پابەندی هیچ یاسا و ڕێسا و بەهایەکی مرۆڤایەتیی ناونەتەوەیی نییە و بە ئاشکرا، تەنانەت لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئامریکاش چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی ئێرانیی و کوردستانیی تیرۆر کردوون و زۆر کەسیشی ڕفاندووە و گەلێک کەسی خاوەنی مافی هاووڵاتیی وڵاتانی دەرەوەی گرتووە و بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەکان و یاساکانی ئەم وڵاتانە زیندانیی کردوون، ئەشکەنجەی داون و زۆر کەسیشی لەسێدارە داون. واتا ئەم هەنگاوانەی سیاسییەکانی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەو شێوە کە پێویستە کۆماری ئیسلامی لە گرتن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوەکان ناوەستێنی.

لە وەها بارودۆخێکدا پێویستە چالاکوانانی کورد لە دەرەوەی وڵات، ئەگەر بکرێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چالاکوانانی نەتەوەکانی تری ئێران  لە تاراوگە، لە هەڵمەتێکی بەرییندا لەبەر دەرکی پارلمانی وڵاتەکان و شوێنە گرینگەکانی ئەم وڵاتانە ناڕەزایەتیی دەر ببڕن و بە نووسیینی داوانامە لەم وڵاتانە و شییکاریی و زانیاریی لەسەر دۆخی زیندانییان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی، داوا لەم وڵاتانە بکەن بۆ پێشگرتن لە ئیعدامکردنی زیندانییکراوەکان ڕێکاری کاریگەر و بەپەلە بگرنە بەر. بۆ وێنە هانیان بدەن سەفارەتەکانیان لە ئێران بکشێننەوە، نوێنەرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکانی خۆیان دەر بکەن، بڕیار بدەن هیچ شتێک کە سوودی ماددی بە کۆماری ئیسلامی بگەیەنێت لە ئێران نەکڕن و هیچ شتێکیش بە کۆماری ئیسلامی نەفرۆشن. داوای دادگاییکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی  و سەرانی جینایەتکاری ئەم ڕێژیمە، یا هەر هەنگاو و داوایەک کە دەزانن سوودی دەبێت تا ئەم گیراوانە لە سێدارە نەدرێن و تەنانەت  ئازاد بکرێن و گەلانی ژێر دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەش لەم سیستەمە جینایەتکارە دواکەوتووە ڕزگارییان بێت.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بکەین کە ئێمە گومانمان لەوەدا نییە کە ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەناو ئاڵاهەڵگرانی دێموکڕاسی و مافەکانی مرۆڤ، هەروەها دامەزراوەکانی پارێزگاری لە مافەکانی ژنان و منداڵان و هتد، مەبەستیان بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت لەم کاتەدا پاراستنی گیانی هەزاران کەسی بێتاوانی ناو شکەنجەگاکانی کۆماری ئیسڵامیی بێت، دەتوانن لە ڕێی فشار و کردەوەی کاریگەر بیسەلمێنن کە ئەوەن کە خۆیانی پێ دەناسێنن.

سەرکەوێت خەباتی یەکسانییخوازانەی گەلی کورد و نەتەوەکانی تری ژێر دەسەڵاتی کۆماری سێدارەی ئیسلامی!

ژن، ژیان، ئازادی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان!

١٦/١٢/٢٠٢٢