پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2014-04-29

 

 

هەموو ساڵێک لە یەکی مانگی مەیدا کرێکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە دژی بێکاریی و هەژاریی و هەلومەرجی دژواری کار و سەرکوت و شێوە جۆراوجۆرەکانی چەوساندنەوە دێنە سەر شەقامەکان و لە مارشی پان و بەرینیدا تووڕەیی خۆیان لە سیستەمی ئابووریی ـ کۆمەڵایەتیی ـ سیاسی سەرمایەداریی نیشاندەدەن. هەموو ساڵێک کرێکاران لە یەکی مەیدا لە دژی سیاسەتی چەوتی دەوڵەتگەلێک دێنە مەیدان کە لە نانی کرێکاران و لە شیری منداڵان و لە تێچوونی خوێندن و تەندروستیی دەبڕن و دەیکەنە قوڕگی کۆمپانییە زەبەللاحە شکستخواردووەکان و ململانێ سەربازیی و سیخوڕییەکانیان. کرێکاران لە دژی سیستەمێک دێنە مەیدان کە بەرهەمی کاری مرۆڤی بەرهەمهێنەری بە بارمتە گرتووە و لە سایەی ئەو سیستەمەوە بازاڕ بەهای هەموو شتێک دیاری دەکات و کرێکار و مرۆڤی بەرهەمهێنەر تەنیا وەک ئامرازی بەرهەمهێنانی سوودی سەرمایەداران دێنە ئەژمار. کرێکاران لە یەکی مانگی مەیدا لە دژی سیستەمێک دێنە مەیدان کە بەپێی قانوونمەندییە ئابووریەکانی، ڕۆژ بە ڕۆژ هەژاران هەژارتر و دەوڵەمەندان دەوڵەمەندتر دەبن و لە سۆنگەیەوە وەک (وینی بیانیما)  دەڵێت "نیوەی دانیشتووانی گۆی زەوی بە ئەندازەی ئەو میلاردێرانە داراییان نییە کە لە پاسێکی دوو نهۆمدا جێگەیان دەبێتەوە." (*)

 

بەداخەوە هێشتا لە سەرەتای هەزارەی سێیەمدا و لە دنیای بەناو دێموکراسییدا و بەتایبەتیی لەو وڵاتانەی کە یەکێتیی و ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار لە ئاستێکی نزمدایە، کرێکاران ناچارن لە هەلومەرجێکی زۆر دژواردا هێزی کار و شارەزایی و کاتی خۆیان هەرزانفرۆش بکەن. ڕۆژکاری دوورودرێژ، مووچەی کەم و خراپبوونی ئاسایشی شوێنی کار بەشێکە لە ژیانی کارەساتباری  کرێکاران و ساڵانە لە ئاستی جیهاندا ٢،٣ ملیۆن کەس بە ڕووداوی شوێنی کار گیان لەدەست دەدەن (**).

 

بێکاریی یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە و سەرەتا و سەرچاوەی کۆمەڵێک کێشەی سامناکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی تریشە. بەرزیی ئاستی بێکاریی لە وڵاتانی خۆرئاوایی و زلهێزە ئابوورییەکان ئەوەمان پێ دەڵێت کە بێکاریی بەر لەوەی پەیوەندی بە ژینگە و دوڵەمەند و هەژاربوونی ئەم و ئەو وڵاتەوە هەبێت، پەیوەندیی بە گەوهەری کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە هەیە. ئێستا لە ناوچەی یەکێتی ئەوروپا ٢، ٢٦ ملیۆن کەس بێکارن و ڕەوشی بێکاریی لە وڵاتانی ئەوروپا، هاوشێوەی بێکاریی دەیەی ٣٠ی سەدەی ڕابردووە کە بووە هۆی هاتنە سەرکاری فاشیزم. (***)

 

ئەمڕۆکە بەهۆی گەشەسەندنی زانست و تێکنۆلۆژیای بەرهەمهێنانەوە دەکرێ لە هەموو وڵاتان پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی هاوڵاتیان بە زیادییشەوە دابین بکرێن، کەچی لە سۆنگەی سیستەمی چەوسێنەرانەی سەرمایەدارییەوە زیاتر لە یەک ملیارد مرۆڤ بە دەست بێنانیی و برسێتییەوە دەناڵێنن و لە سەدا ١٧،٧ی دانیشتووانی جیهان لە ژێر هێڵی هەژارییەکی تونددا دەژین و داهاتی ڕۆژانەیان لە دۆلارێک و ٢٥ سێنت تێناپەڕێت (****)

 

بەداخەوە جیهانی مرۆڤایەتی لە چاخی زانست و پێشکەوتنەکاندا هێشتا زۆر نادادپەروەرانە و نامرۆڤانەیە. لە کاتێکدا کە زیاتر لە نیوەی سامان و دارییەکانی جیهان لەدەست ٨٥ ملیاردێردایە و تێچوونی سەربازیی و جەنگیی ساڵانەی دەوڵەتەکان ١٧٥٠ ملیارد دۆلارە ڕاگەیەندراوە (*****): ٥٧ ملیۆن منداڵ لە دەرەوەی قوتابخانەکانن، ١٢،٣ ملیۆن کەس کاری زۆرەملیی دەکەن کە لەوانە ١،٤ ملیۆن ناچار بە لەشفرۆشیی کراوون و نیوەی ئەو لەشفرۆشانەش منداڵن، نزیک بە نیو ملیۆن منداڵی کار هەن کە لە پێنج منداڵ تەنیا یەکێکیان موچەی پێدەدرێ. لە نێپاڵ ساڵانە ١٢ هەزار کچ بۆ فرۆشتن ئاودیوی سنووری هیندوستان دەکرێن، ساڵانە ١،٢ ملیۆن منداڵ بە قاچاغ دەفرۆشێن، ٢٥٠ ملیۆن منداڵی ٥ تا ١٤ ساڵە لە ژیانێکی ئاسایی منداڵانە بێبەش کراوون،١٥٠ ملیۆن منداڵ ناچار کراوون کاری تەواو وەختی زۆر سەخت بکەن، لە هیندوستان ٤٠ ملیۆن منداڵی ژێر ١٤ ساڵ بە ترسناکترین کارەکانەوە خەریکن، (******)ناوەندی ئاماری ئێرانیش دان بەوەدا دەنێت کە لە ئێران ٢ ملیۆن و نیو منداڵی کار هەیە کە داهاتی مانگانەیان ٨٠ تا ١٠٠ هەزار تمەنە.

 

 بێماڵیی کێشەیەکی گەورەی تری ئەم سەردەمەی ئێمەیە. کەم زستان هەیە لە دڵی پایتەختەکانی ئەوروپای "مافی مرۆڤ و دێموکراسیی و مۆدێڕنەدا" و لەپاڵ باڵەخانە شاهانەکاندا خەڵکی هەژاری بێخانوو لەسەر شەقامەکان ڕەقهەڵنەیەن. ئەگەر لە سەردەمی دەرەبەگایەتییدا خانوو و هەموو گوند لە خاوەندارێتیی دەرەبەگدا بوون، ئەوا ئەمڕۆکە شار و دێ و زەوی و تا ڕادەیەک ئاسمانیش لە دەستی بازرگان و بانکدارەکانداندن و سەرچاوەی بەدەستهێنانی سوودی بەردەوامن بۆیان.  بە دڵنیاییەوە لەم سەردەمەدا هەموو دەوڵەتێک توانای ئابووریی ئەوەی هەیە کێشەی بێخانووبەرەیی دانیشتووانی وڵاتەکەی چارەسەر بکات، بەڵام وشیارانە ئەو کارە ناکەن، چونکە دروستکردنی خانوو و قەرزی نیشتەجێبوون و کرێ و کڕین و فرۆشتنی خانوو، بازاڕێکی گەرمی بۆ کۆمپانیاکانی خانووسازیی و بانکداران و بازاڕەکانی بۆرس دروست کردووە.

 

یەکێکی تر لە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی ئەو تەوژمی چەوساندنەوەیە کە لە سەر بنەمای ژن و پیاوبوون، ژیانی لە کرێکارانی ژن تاڵ کردووە. جیاوازیی موچەی ژن و پیاو لە پێشکەوتووترین وڵاتانیش بە زەقی دیارە و لە بەرانبەر کاری وەک یەک و هاوشێوەدا موچەی یەکسان بە ژنان نادرێت. ئەمڕۆکە لەپاڵ ئاوارەکانی شەڕ و پەنابەرانی قوربانیی سەرکوت و دیکتاتۆریی، لە ئاستی جیهاندا ژمارەی ئاوارەکانی نان و کار بە ڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و هەڵاواردن و ڕاسیزم و پەراوێزخستن، بەشێکی گرنگی ژیانی کۆچبەران و کرێکارانی کۆچبەر پێک دێنێت. وڵاتانی ئیسلامیی وەک عەرەبستانی سعوودی و ئێران نموونەی هەرە بەرچاوی پێشلکارییەکانی مافەکانی کرێکارانی کۆچبەر و ژنن. لە عەرەبستانی سعودی بۆ بەدەستهێنانی مافی کارکردن، ژنانی ئەو وڵاتە دەبێ لە وەزارەتی کاروباری ئیسلامی مۆڵەتی کارکردن وەرگرن. سەرەڕای گوشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، عەرەبستانی سعوودی جەهەننەمێکی ڕاستەقینەیە بۆ کرێکارانی کۆچبەر.  کرێکارانی کۆچبەر زۆر جار لەلایەن خاوەندکارانەوە لە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان دەدرێنە بەر چەقۆ و هیچ  لێپێچینەوەیەکیش لەگەڵ تاوانباران ناکرێت. هەر ئێستا لە ٩ ملیۆن کرێکاری  کۆچبەری نیشتەجێی ئەو وڵاتە، زیاتر لە ٣٠ هەزاریان ڕاپێچی زیندان کراوون و هەزارانیشیان لە کەمپەکانی عەرەبستاندا ڕاگیراوون تا هەرچی زووتر وەک ئەو ٦٠ هەزار کرێکارەی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە عەرەبستان دەرکران لەو وڵاتە وەدەرنرێن. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا ئاپارتایدی ڕەگەزیی لەسەر کارە و لە سەدا ٨٠ی ژنان لە ماڵەوەن و لە بیمەی بێکارییش بێبەشن.  کرێکارانی کۆچبەر، بەتایبەتی کرێکارانی ئەفغانیی دانیشتووی ئێران قوربانییانی سەرەکیی ڕاسیزمی ئێرانیین. لە باشووری کوردستان ڕەوشی کرێکارانی کۆچبەر، بەتایبەتی ڕەوشی کرێکارانی ژنی کۆچبەر لەوپەڕی دژواریی خۆی دایە و بەداخەوە هیچ یاسایەک نییە بۆ پاراستنی مافەکانی ئەو کرێکارانە.

 

لە کوردستان کرێکاران سەرەڕای ستەمە چینایەتییەکە بەدەست ستەمی نەتەوایەتییشەوە دەناڵێنن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی خراپر لە ڕژیمەکانی پێشووی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشی بە گەشەی ئابووریی کوردستان گرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کرێکارانی کوردستان بۆ دابینکردنی ژیانی خۆیان وەک کرێکاری وەرزیی ڕوبکەنە شارەکانی ئێران،  ڕو بکەنە وڵاتێک کە ڕەوشی ئابووریی لەوپەڕیی دژواریی و هاڵۆزیی خۆی دایە. بانکی ناوەندیی ئێران دان بەوەدا دەنێت کە لە سەدا ٩٠ی ئەو کرێکارانەی کە یاسای کار دەیانگرێتەوە، لە ژێر هێڵی هەژارییدا دەژین و توانای کڕینی کرێکاران بە ڕێژەی لە سەدا ٧٠ دابەزیوە.  لانیکەمی مووچەی کرێکاران ٦٠٨ هەزار و ٩٠٠ تمەنە و نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیش بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەرانە زیادی کردووە.

 

بێکاریی و هەژاریی وەها تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە کە بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا دەستیان داوەتە کاری ترسناکی کۆڵبەریی و کاروانچێتیی و ڕۆژ نییە ئەم خەڵکە هەژارە نەکەونە بەر دەستڕێژی هێزە داگیرکەرەکانی ڕژیمی ئێران و بەشێکیش بۆ کارکردن ڕوویان کردۆتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە باشووری کوردستان بێکاریی و هەژاریی و گرانیی و گەندەڵیی و کێشەی نیشتەجێبوون لە زیادبوون دایە. بە پێی ئاماری یەکیێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کەناڵی (KNN) لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دەهۆک زیاتر لە ٥٠ هەزار خێزان لە ژێر هێڵی هەژارییدان و داهاتی ڕۆژانەیان کەمتر لە ٢ دۆلارە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی هەمان سەرچاوە ژمارەی ملیاردێرانی باشووری کوردستان لە ملیاردێرانی ژاپۆن و ئیتالیا و فەرەنسا و هۆڵەند و کوەیت زیاترە!  لە باکووری کوردستانیش بەهۆی سیاسەتی داگیرکارییەوە کە هۆکارێکی گرینگی بێکاریی و هەژاریی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستانە،  ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی کوردستان و خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو ناوچەیە، ڕوویان کردۆتە شارە گەورەکانی تورکیە و وڵاتانی ئەوروپا. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بەهۆی شەڕ و ئاوارەیی و گەمارۆی ئابوورییەوە هەژاریی و بێکارییەکی زیاتر بەربینی بە خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان گرتووە.

 

کرێکاران، ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز

 

 قەڵەم بەدەستانی سیستەمی کاپیتالیزم ئەیانەوێت وا نیشان بدەن کە چەند چینەبوونی کۆمەڵگە و بوونی هەژار و دەوڵەمەند، دیاردەیەکی ئاسایی و هەمیشەیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە و گەرەکیانە خەڵکی یەکسانییخواز لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی یەکسان دڵسارد و نائومێد بکەن. کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای پێداگرتن لەسەر دروشمی کرێکارانی جیهان یەکگرن،  بانگەوازی ئێوە کرێکارانی کوردستانی دابەشکراو دەکات بۆ دیالۆگێکی چڕوپڕ سەبارەت بە گرنگیی ڕێکخراوبوونی کرێکاران و یەکگرتنەوەی ڕێکخراوە پیشەییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە فدراسیۆنێکی بەرییندا. بێگومان پێکهێنانی فدراسیۆنی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان جێبەجێکردنی ئەرکێکی گەورە و گران دەبێت بۆ ڕزگاریی کوردستان لە ستەمی نەتەوایەتیی و لە سەرجەم ستەمەکانی سیستەمی سەرمایەداریی. کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان خۆی لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی یەکسانییخوازانە و ئانتی کاپیتالیستیی کرێکارانی کوردستاندا دەبینێتەوە و سەرکەوتنی چینی کرێکاری هەر وڵاتێکیش بە سەرکەوتنی چینی کرێکاری کوردستان دەزانێت بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵگەی چینایەتیی و دامەزراندن و چەسپاندنی یەکسانیی.

 

بژی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی هاوپشتیی و هاوخەباتیی کرێکارانی جیهان!

 

نا بۆ سیستەمی سەرمایەداریی! بەڵێ بۆ یەکسانیی!

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

٢٩ی ئاپریلی ٢٠١٤

 

 

 

سەرچاوەکان:

 

(*) سایتی فەرمیی ڕێکخراوی ئاکسفام

 

http://www.oxfam.org/en/pressroom/pressrelease/2014-01-20/rigged-rules-mean

-economic-growth-increasingly-winner-takes-all-for-rich-elites

 

http://www.talouselama.fi/uutiset/maailman+85+rikkainta+ihmista+o

mistaa+enemman+kuin+kolme+ja+puoli+miljardia+koyhinta+

+mahtuisi+mukavasti+kaksikerroksiseen+bussiin/a2226912

 

(**) ڕێکخراوی جیهانیی کار (ILO)

 

http://www.ilo.org/global/statistics-and-databases/lang--en/index.htm

 

(***) ئێورۆستاد

 

http://epp.eurostat.ec.europa.eu/cache/ITY_PUBLIC/3-28022014-AP/EN/3

-28022014-AP-EN.PDF

 

(****)ماڵپەڕی فەرمیی بانکی جیهانیی بڵاوکراوەتەوە

 

http://www.worldbank.org/en/news/press-release/2014/04/10/ending-poverty

-requires-more-than-growth-says-wbg

 

(*****) سایتی ئەنیستیتیتۆی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم

 

http://www.sipri.org/media/pressreleases/2014/Milex_April_2014

 

(******) ڕێکخراوی یونیسێفی نەتەوە یەکگرتووەکان

 

https://www.unicef.fi/lapsityo

 

(********)

 

ناوەندی هاوپشتیی یەکێتیە کرێکارییەکانی فینلەند (ساسک)

 

http://www.sask.fi/uutiset-ja-tiedotteet/195-saudi-arabia-

tyovoiman-pahimpia-sortajia

 

http://www.ituc-csi.org/IMG/pdf/final_tpr_saudi_arabia.pdf

 

(*********) سایتی خبرگزاری فارس

 

http://www.farsnews.com/newstext.php?nn=13921223000398

 

(**********)  یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کەناڵی KNN

 

http://www.youtube.com/watch?v=fDrdq0Y0f_Y