هەوڵێک بۆ کاری هاوبەش لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕاپۆرتی هەوڵی کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵات
22-12-2022

هەوڵێک بۆ کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتدا

راپۆرت

٢١-١٢-٢٠٢٢

خەندان جەزا

گوڵی قوبادی

نەهیە خۆشکەلام

بورهان یاسین

بێهروز شوجاعی

تاهیر خالیدی

کەماڵ سولەیمانی       

پێشەکی
ڕاپەڕینی نەتەوەکانی ئێران، بە تایبەتیش کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاتر لە سێ مانگە دەستی پێکردووە، ڕووداوێکی زۆر چارەنووسسازە. جیاواز لە ناڕەزایەتییەکانی ٤٣ ساڵی پێشتر دژ بە فەرمانڕەوایی ئاخوندەکان لە ئێران، ئەم جارەیان ڕاپەڕینەکە گشتگیرتر، فراوانتر، پڕ ڕەنگتر و بنەڕەتیترە. بە تایبەتی ڕۆڵی دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ، ڕەهەندێکی یەکجار گرنگ و گەوهەری ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەن. ئەم حزوورە جیاوازەی نەتەوەکان نەک هەر ڕەهەندێکی گرنگی ڕاپەڕینەکەن بەڵکوو بە ئەگەری زۆر، هەم کاریگەری لەسەر دواڕۆژی ڕژێمی ئێران و هەم لەسەر دواڕۆژی ئێرانیش بە تەواوەتی وەک وڵات، دەبێت!

هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕا ئەو ڕاپەڕینە کۆمەڵێک پرسیاری جیددی هێنایە ئاراوە. بە تایبەت پرسی دواڕۆژی ڕژێم و سیناریۆکانی موحتەمەلی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، پرسێکی هەرە گرنگە کە زۆر لایەنی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە. لە ڕاستیدا، نەک هەر کۆمەڵگەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (واتە هێز و حیزبە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستان)، بەڵکوو کوردانی هەندەران و کۆمەڵگەی مەدەنی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێرانیش، چ وەک گرووپ و چ وەک تاک، بە خۆوە خەریک کرد. ئەو گرووپ و تاکانە کەوتنە هەوڵ و خەباتی جۆراوجۆر بە تایبەت بۆ کاردانەوەی گونجاوی ڕوو لە داهاتوو. ئەم جۆش و خرۆشە نەک هەر هی هاوسۆزی و پشتگیری سیاسی و دیپلۆماسی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بەڵکوو هی وەرگرتنی هەڵوێست و هەنگاوی کرداریش بوو بە ئاراستەی وەڵامدانەوەی پرسەکانی پەیوەندیدار بە دواڕۆژی ڕژێم و ئامادەکاری بەو ئاراستەیەوە.

دیارە سەرەڕای توانا و هێزی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان، نیگەرانی جیددیش هەیە سەبارەت بە داهاتووی ڕۆژهەڵات لە ئەگەری نەبوونی یەکرێزی حیزبە کوردییەکان و بۆشایی دەسەڵات کە وەکوو چارەنووسسازترین پرس، زەینی خەڵکی کوردستانی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە. حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات نە بە کۆ و نە بە تاکیش هیچ ئامادەکارییەکی جیدیان بۆ وەها ئەگەرێک نەکردووە. تا ئێستا هیچ ڕوون نییە کە لە داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی، کورد دەبێ چ پلان و ستراتیژییەکی هەبێ و چۆن لەگەڵ مەرکەزی مێژوویی فارس هەڵسوکەوت بکات. لەوەش ناڕوونتر ئەو پرسەیە کە کورد دەبێ چ جۆرە هاودەنگی و هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی غەیرەفارس هەبێت. لە هەمووی ئەوانە گرنگتر وێدەچی بەهۆی جیاوازی سیاسی و نەبوونی پێشینەی پەیوەندی و دیالۆگ جیددی لە نێوان هێزە کوردییەکان، خۆیان ببن بە هەڕەشە هەم لەسەر ڕۆژهەڵات و هەم لەسەر یەکتر. بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بۆ ئەوەشی کە کورد بە یەکگرتوویی هەوڵ بدا کە لە ڕەوتی ڕووداوەکان دوا نەکەوێت و خۆیشی بۆ هەر ئەگەرێک باشتر ئامادە بکات، نیزیک لە هەزار کەسێک لە (خەمخۆرانی نیشتمان، لە چین و توێژی کۆمەڵایەتی جیاجیا و لە ناوەوەی وڵات و لە هەندەران) هەر زوو هەڵساین بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک.

بانگەوازەکە رووی لە رای گشتی  خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و چاوی لە سۆز و پشتیوانی هەموو تاکی کورد بوو. بەڵام مەبەستی بانگەوازەکە، بە تایبەتی و بە جەختکردنەوە، ئەوە بوو کە هێز و حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە لەبەر چاو گرتنی هەلومەرج و بەرژەوەندی تایبەتی ئەو بەشەی کوردستان، بەرەوڕووی بەرپرسیارێیەتی هەنووکەیی و مێژوویی خۆیان بکاتەوە. لە بانگەوازەکەدا ئەوها هاتووە:

  ئێمە . . . داوای یەکێتی و یەکڕیزی لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. هەلومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵات، ئاڵینگاری چارەنووسسازی لە بەردەم نەتەوە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە. گریمانەی گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵات، بەرپرسیارێیەتێکی مێژوویی بۆ ئەو حیزبانە بۆ یەک-هەنگاوی و گرتنە پێشی ستراتیژییەکی هاوبەش، لەسەر هێندێک بنەما و خاڵی سەرەکی، سازکردووە. کۆماری ئیسلامی، وەکوو سیستەمێکی تۆتالیتێر، لەوانەیە لە ئاکامی بەربڵاوی ناڕەزایەتی، خۆپیشاندانەکان و مانگرتنە گشتییەکان، لە ناکاو چۆک دابدات. لەگەڵ ئەوەشدا کە هەرەسهێنانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەرفەتێکی زێڕین بۆ نەتەوەی کورد بۆ دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی خۆی بخولقێنێت، وێدەچێ لە نەبوونی ئامادەیی هێزە کوردییەکان ئاڵنگاری و مەترسیی زۆر مێژوویییشی بۆ کورد بە دواوە بێت.

هەر زوو دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بانگەوازە پرسیارێک هاتە پێشەوە، ئەویش ئەوە بوو کە «ئایا دوای ئەم بانگەوازە چی تر دەکرێ»؟ لەبەر ئەوەی کە لە ڕووی کرداریی و میکانیزمی کارکردنەوە فەراهەم نەدەبوو ئەم هەموو کوردستانییانە، کە ژمارەیان نیزیک لە هەزار کەسێک بوو، ڕێکبخرێن و لە ڕێگای کۆڕ و کۆبوونەوە و پەیوەندی، ئامانجی بانگەوازەکە بە جێ بگەیەنن، ئێمە ئەو گرووپەی کە لە سەرەوە ناومان هاتووە لە بری ئەو هەمووە لە کوردستانیان، دەستوبرد کەوتینە کار و خەبات بۆ تاوتوێکردن و ئاسانکاری بۆ بەجێ گەیاندنی پەیام و ڕۆحی بانگەوازەکە لە ڕووی کردارییەوە و ئەو ئەرک و بەرپرسیارییەتەمان خستە سەر شانی خۆمان. دیارە هەر هەڵە و بەرپرسیارێتییەکی شێوەی کارکردنی ئەو گرووپەی ئێمە و نووسینی ئەو ڕاپۆرتە تەنیا دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە ئەو ڕاپۆرتەیان واژۆ کردووە، نەک گشت واژۆکارانی بانگەوازەکە.

لەم راپۆرتەی بەردەستدا هەوڵ دەدەین بە ئەمانەت و وردەکاری پێویست کار و خەباتی نزیکەی سێ مانگ، لە پێناو رەخساندنی کاری هاوبەش و هاوئاهەنگی نێوان حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بخەینە روو. بە هیوای ئەوەی  کە بەم کارە توانیبێتمان بە شێوەیەکی راشکاو و بابەتییانە ئەم کاروانی کار و خەباتی نزیکەی سێ مانگە بخەینە روو.

پێشوازی حیزبەکان لە بانگەوازەکە: پەیوەندی و کۆبونەوەکان

بانگەوازی داوای یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی لە هێزە کوردییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕێکەوتی ٥-١٠-٢٠٢٢ بڵاو کرایەوە. پاش بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکە زۆر زوو و لەپێشدا ئەم یازدە حیزب و ڕێکخراوە بە بێ هیچ مەرجێک و بەشێوەی فەرمی پێشوازی خۆیان لە بانگەوازەکە ڕاگەیاند کە بریتی بوون لە: 

٥-١٠-٢٠٢٢ پارتی سەربەستی کوردستان

١٠-١٠-٢٠٢٢ پارتی ئازادی کوردستان

١٢-١٠-٢٠٢٢ کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٩-١٠-٢٠٢٢ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٩-١٠-٢٠٢٢ شوورای هاوپشتی خەڵکی کوردستان

٢١-١٠-٢٠٢٢ کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان

٢٤-١٠-٢٠٢٢ کەنەکە

٢٦-١٠-٢٠٢٢ هاوپەیمانی سەربەخۆیی خوازانی کوردستان

؟-١٠-٢٠٢٢ پارتی لیبراڵ دیموکراتی کوردستان

؟-١٠-٢٠٢٢ حیزبی دادپەروەری کوردستانی ئێران

٢٧-١٠-٢٠٢٢ بزووتنەوەی هیوا

 

* لە ڕێکەوتی ١٣-١٠- ٢٠٢٢ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە رێگای دۆستێکیانەوە بە پەیامێک پێشوازی لەم بانگەوازە  پێ راگەیاندین. بۆ دڵنیایی لە جیددیەتی پشتیوانی حیزبەکان، داواکاریمان ئەوە بوو کە بەفەرمی و بەنووسین پشتیوانی خۆیان لە بانگەوازەکە ڕابگەیین. هەر بۆیە، دوای ئاڵوگۆری پەیام و ڕاسپاردەی جۆراجۆر و دوای ناردنی نموونەی  نامەی فەرمی ٣ حیزبی دیکەی ڕۆژهەڵاتی بۆ پژاک، لە رۆژی ٢٧-١٠-٢٠٢٢ دا پژاکیش وەڵامی نووسراوی پشتیوانی خۆی لە بانگەوازەکە بە فەرمی نارد.

* سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە هەندێک دواکەوتنەوە بە پەیام پێشوازیان لە بانگەوازەکە ڕاگەیاند، بەڵام بە نووسراوە تا کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئێمە لە ڕێکەوتی ٢٢-١١-٢٠٢٢ هیچ وەڵامێکیان نەداینەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرەڕای ڕەخنەی زۆریان لە، بە وتەی ئەوان، تاکڕەوی و پاوانخوازی هەندێک حیزب، وەک ڕێگری یەکرێزی لە کوردستان، ڕایانگەیاند کە هیچ گرفتێکیان لەگەڵ بانگەوازەکە نییە و داوای لێبوردنیشیان کرد کە درەنگ وەڵامیان داوەتەوە.

- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پەیامێک پێیان راگەیاندین کە بانگەوازەکە بەرز دەنرخێنین و ستایشی دڵسۆزی واژۆکارانی دەکەین و پێشنیاری دانیشتنیان پێکردین بۆ تاوتوێکردنی بانگەوازەکە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تا ئێستا - نە پێش یەکگرتنەوە و نە دوای یەکگرتنەوە - وەک تاکە حیزبی ڕۆژهەڵات نە بە زارەکی و نە بە نووسراوە وەڵامێکی تایبەتیان سەبارەت بە بانگەوازەکە نەبووە. تەنیا، بەڕێز فەرزین کەرباسی کە وەکوو نوێنەری ئەوان لە کۆبونەوەکەمان لەگەڵ ناوەندی هاوکاری بەشدار بوو، لەوێدا بەگشتی باسی لە گرنگی یەکڕیزی کوردی رۆژهەڵات کرد.

لەسەر پێشنیاری حدکا و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕۆژی ٩-١١-٢٠٢٢ لەگەڵ ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کۆ بووینەوە.

لە کۆبونەوەکەدا بەڕێز کاک عومەری ئیلخانیزادە، کە پێشتر لە نامەکەیدا بێ مەرج پشتیوانی لە بانگەوازەکە کردبوو، لە قسەکانیدا باسی کرد کە کێشەی لەگەڵ ٣ خاڵی بانگەوازەکە هەیە: ١) مەسەلەی سەروەری، ٢) داوای سەروەری یەکسان و هاوبەش کردن بۆ نەتەوەکانی دیکەی غەیرەفارس، ٣) یەکسانی شێوەزارەکانی کوردی. دوای باسێکی زۆرتر سەبارەت  بەوەیکە لانیکەم داوای سەروەری لەگەڵ دروشمە ستراتیژییەکانی هەر ٣ حیزبی (ئەو کاتی) ناوەندی هاوکاریدا گونجاوە و تەنانەت ئەساسنامەی هەرسێک حیزبەکەش داوای ''مافی نەتەوایەتی چارەی خۆ نووسین'' دەکات کە دەکرێ هەنگاوێکیش سەرووتر لە داوای بانگەوازەکە، بۆ سەروەری یەکسان و هاوبەش لە جوگرافیای ئێراندا، بێتە هەژمار. تەنانەت، ١) مافی چارەی خۆ نووسین پۆتانسیەلی سەربەخۆیی تێدایە، ٢) مافی چارەی خۆ نووسین دژایەتی هەیە لەگەڵ دروشمی فیدراڵی حیزبەکان، لەبەر ئەوەی کە فیدراڵییەت تەنیا پرۆژەی حیزبییە و پەیوەندی بە ویستی خەڵکەوە نییە و ٣) هەروەها، مافی چارەی خۆ نووسین تەنیا یەک پرۆژە نییە، مافە. بۆیە، نە دیارە و نە گەرەنتی و تەزمینیش هەیە کە لە داهاتوودا نەتەوەی کورد لە کاتی بەکار هێنانی مافی چارەی خۆ نووسیندا، داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان نەکات. هەروەها، سەبارەت بە زمانیش باسێکی زۆر کرا و لەوێش ڕامان گەیاند کە پرۆژەی زمانی حیزبەکان، نە بە قازانجی یەکیەتی کوردە، نە گونجاوە لەگەڵ مافی زمانی مرۆڤ و نە زانستیشە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ئەگەرچی کاک عومەر ئیلخانیزادە باسی ئەوەی کرد کە جگە لەو سێ خاڵە ناوەندی هاوکاری لاری نیە لە سەر بەشەکانی دیکەی بانگەوازەکە بەڵام لە کۆبەندی قسەکانیدا وەڵامێکی ڕوونی نەداوە کە سەرەنجام هەڵوێستی ناوەند سەبارەت بە بانگەوازەکە چییە. بەڵام، قەولیدا کە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە لە ناوەندی هاوکاریدا  باس بکەن و وەڵامی کۆتاییمان بدەنەوە کە تا ئێستاش ئەو وەڵامی کۆتایی ناوەندی هاوکاری، وەکوو وڵامی کۆی حیزبەکانمان پێ نەگەیشتووە. هەر ئەوە ناچاری کردین نامەیەکی هاوبەش بۆ کاک عەبدوڵڵای موهتەدی و کاک عومەر ئیلخانیزادە لەلایەک و نامەیەکی جیاوازیش بۆ کاک مستەفای هیجری لەلایەکی دیکەوە بنووسین.  کە لە نامەکاندا خوازیاری وەڵامی ئەو پرسیارانەی خوارەوە بووین:

ا. ئایا ئێوە پشتیوانی لەو بانگەوازەی ئێمە دەکەن؟ ئایا ئێوە ئامادەن بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەسەر بنەما دەستنیشانکراوەکانی ئەو بانگەوازەی ئێمە؟

ب. لە ئەگەری بانگهێشتی ئێوە و حیزبەکانی دیکە، بە پژاکیشەوە، بۆ تاوتوێکردنی ئیمکانی بەرەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئایا ئێوە ئامادەن بەشداری وەها کۆبوونەوەیەک بکەن؟

لە نامەکەدا بۆ هەر دولا نووسیبومان کە:

تا ئێستا جگە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هەموو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات (بە پژاکەوە)، بەبێ مەرج پشتیوانیان لەو بانگەوازە کردووە. هەروەها لە سەر ئەو بنەمایانەی کە لە بانگەوازەکەی ئێمەدا هاتوون، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پێکهێنانی بەرەیەک بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات. بەڵام، سەرەڕای پەیوەندی و داواکاریی ئێمە، تا ئێستا  حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، وەڵامی ڕوونی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە

 کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوردستان (ئەو کات، بە ڕێبەرایەتی کاک عومەر ئیلخانیزادە) پێشتر بەبێ مەرج پشتیوانی لە بانگەوازەکە کرد بوو. بەڵام، لە ڕۆژی دانیشتنەکەدا، کاک عومەر وەکوو بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاری، وەڵامێکی ڕوونی نەبوو و کوتی کە دواتر هەڵوێستی ناوەندمان پێ ڕادەگەیەنێت. دیارە هەم پێش و هەم دوایی تێکەڵ بوونەوەی کۆمەڵەکان، کاک عەبدوڵڵا موهتەدی (سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) ئیمکانی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردی لەگەڵ پژاکدا ڕەتکردووەتەوە.  سەرەڕای ئەو بڕیارەی کاک عەبدوڵڵای موهتەدی،  ماوەیەک پێش ئێستا، کاک ڕەزا کەعبی لەسەر کلابهاوس ڕایگەیاند کە ئەوان (یانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان) هیچ بەربەستێکیان بۆ پێک هێنانی بەرە لەگەڵ پژاک نییە.  تا ئێستا، ڕوونترین شت سەبارەت بە هەڵویستی کۆمەڵە، ناڕوونی  هەڵویستی کۆمەڵەیە.

دیارە کاک عومەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا، پێی وابوو کە ئەو دوو سێ بڕگەی سەرێ ناڕاستە لەبەر ئەوەی کە لە گێرانەوە کەماندا دیقەتمان نەکردووە و ئەمانەتمان نە پاراستووە. دیارە لە دوای پێداگری کاک عومەر، هەوڵماندا بە وردی بە داتاکاندا بچینەوە. لە پێداچوونەوەکەدا، دیتمان کە نە هەڵە و نە ئیهمال لە گیڕانەوەکە دا نییە. بۆ نموونە، سەبارەت بە گرنگترین مژار کە باسی یەکڕیزی لەگەڵ پژاکە، کاک عەبدوڵڵای موهتەدی لە کۆبوونەوەکەی ستۆکهۆڵم دا دەڵێت: ''لەگەڵ پژاکیش دیالۆگ ڕەت ناکەینەوە ڕەتمان نەکردووەتەوە بەڵام ئەوان جیاوازن ئەوان حیسابێکی جیاوازیان هەیە پێم خۆش نیە لێرە زیاتر لەسەری برۆم.''

هەروەها، لە نامەکەماندا بۆ کاک مستەفای هیجری باسی چاوەروانیمان لە حیزبی دێموکرات پشتگری جیددیتر لەو بانگەوازە کردبوو. لەبەر پەیوەندی ناوەڕۆکی نامەکە بە کێشەی حاکمیەت و سەروەری، بەشێکی دیکە لە نامەکەمان بۆ بەڕێز هیجری لێرەدا دەهێنین، کە نووسیبوومان:
سەرەڕای ئەوەیکە ئەو ڕوانگەی خۆمان سەبارەت بەو خاڵە بە وردی بۆ بەشداران شیکردوە، دیسانیش کاک عومەر دەیکووت کە پرسی سەروەری زۆر ڕاڤە هەڵگرە. بەڵام، بە باوەڕی ئێمە، مافی سەروەری (حەقی حاکمییەت)، هەر وەکوو لە ئەساسنامەی حیزبی دێموکراتیشدا هاتووە، ئەستوونی ئەساسیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بووە و هەر ئاواش دەمێنێتەوە. دەقیقەن ئەو خاڵەمان بە شێوەیەکیش داڕشتووە کە بتوانێ پلاتفۆرمێکی هاوبەشی گوتاری بێت لە نێوان هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، چونکە:

1.کورد دەبێ هەم لە جوگرافیایی خۆیدا حاکمییەتی هەبێ و هەم بەشێکی یەکسان و هاوبەشیش بێت لە هەر سیستەمێکی گشتگیری سەروەری لە جوگرافیای ئێراندا. دەنا، دیسان کورد هەر وەکوو سوژەیەکی کۆلۆنیال و بندەست دەمێنێتەوە. دیارە، ئەم تێگەیشتنە خۆی لە ئاراستەی پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبی دێموکرات دایە کە دەڵێ: ناسنامەی نەتەوەیی کورد بنەمایەکی بابەتی هەیە.... و نەتەوەی کورد لەسەر ئەو بنەمایە، ویستێکی هاوبەشی بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و سەروەریی سیاسی، لەسەر خاکی خۆی هەیە.

2. ئەوە هەروەها بەو مانایەیە کە بۆ پاراستنی یەکسانی نەتەوەکان، دەبێ چەمکی حاکمییەت لە ئێراندا حاڵەتی هیرارشی نەتەوەیی لە ناوخۆدا، لەدەست بدات. چونکە سیستەمێکی دێموکراتی ڕاستەقینە، لە ئەگەری پاوانی سەروەری لەلایەن نەتەوەی فارسەوە بە هیچ جۆرێ مومکین نییە و دەبێت بە ئیتنۆکراسی. واتە، بۆ یەکسانی نەتەوەکان لە حاکمییەتدا، پرسی سەروەری دەبێ ببێتە پرسی سەروەریی هاوبەش و یەکسان و هەموو پێکهاتە ئەتنیکی و نەتەوەییەکان دەبێ لە پێناسەکردنی ئەو حاکمییەتەدا ڕۆڵیان هەبێت. دەنا، سیستەمەکە وەکوو سیستەمی تورکیا دەبێت بە ئیتنۆکراسی و حاکمییەتی سیاسی لەژێر ناوی «ئیرانییەت» و لە ژێر شوناسی فارسیدا قەبزە کراو دەمێنێتەوە. ئەو کات هیچ تاک و کۆمەڵێکی غەیرەفارس «خۆی کۆلێکتیڤ» یان بوونی بە کۆمەڵی لەو حاکمییەتەدا نوێنەرایەتی ناکرێت و لە ڕاستیدا ئیمکانی بوون بە شارۆمەندی ڕاستەقینە، یەکسان و سەروەری لە ئێراندا نامێنێت. ئەم خاڵەش هەر هاوتەریبە لەگەڵ ئەساسنامەی حیزبی دێموکرات کە داخوازی مافی نەتەوایەتی بۆ کوردستان، ئازەربایجان، بەلووچستان و الاحواز و… دەکات و دەستەبەربوونی مافی نەتەوەکانیتر بە زامنی دامەزرانی دیمۆکراسی ڕاستەقینە لە ئێراندا دەبینێت.  لەوەش زیاتر، ئەو تێگەیشتنە لەگەڵ دواکاری دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین، کە داخوازی زۆربەی حیزبەکانیشە، دەگونجێت. لە حاڵەتی جێگێربوونی سەروەری یەکسان و هاوبەش، هەم ترسی مێژوویی فارس لە جودابوونەوەی نەتەوەکان کەم دەبێتەوە و هەم یەکسانی غەیری فارسیش لەگەڵ فارس بەبێ جوودابوونەوە، لەناو جۆگرافیای ئێراندا مومکین دەبێت.

3. هەروەها ئێمە پێشنیاری داوای مافی سەروەری هاوبەش و یەکسانمان کردوە، چونکە لە نەبوونی سەربەخۆییدا، ئەوە تەنیا گەرەنتی و زامنی مانەوەی سیستەمی حاکمیەتی خۆجێیە (کۆنفیدراڵیزم، فدرالیزم، ئۆتۆنۆمی و...). بەبێ هاوبەشی یەکسان لە حاکمییەتی ناوەندیدا، ئەو جۆرە سیستەمانە بەبەردەوامی لە هەڕەشە و مەڕحەمەتی مەرکەزیەتی تاقانەی نەتەوەیەکی زاڵی وەک فارسدا دەمێننەوە. بۆیە هەموو ڕەوتێکی سیاسیی ڕۆژەهەڵاتی، دەتوانێ ویستی سیاسیی خۆی، لە سەربەخۆیی ڕا تا خودموختاریی لەو چەمکەدا ببینێتەوە. ئەم بنەمایە دەتوانێ ببێتە پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ کۆی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها دواتر بۆ کردنەوەی بەرەیەکی بەهێز لە نێوان هەموو نەتەوەکانی غەیری فارس.

بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەو شتانەش، ئێمە نازانین کە تێبینیەکانی کاک عومەر لە سەر ئەو بنەمایانەی پێشنیارکراو، بۆچوونی شەخسیی خۆی بوون یان ڕایی ناوەندی هاوکاری. بەڵام  هەست و نیگەرانیی جیددی  ئێمە ئەوەیە کە لەوانەیە سەرچاوەی ئەم تێبینییانە زیاتر پەیوەندیی هەبێت بە ستراتیژیەکی تایبەت کە هەوڵی زۆرتر بۆ نیزیکی لە مەرکەزیەتی فارس...

 دیارە دوای نامەکە، کاک مستەفا هیجری سەرەڕای هەل و مەرجی نالەباری ئەمنی خۆی، بۆ ماوەی ٢ سەعات لە ڕۆژی ١١-١٢- ٢٠٢٢ کۆبونەوەی لەگەڵ کردین و بە خاکەڕاییەکی تەواوە گوێی لە ڕا و بۆچوونی بەشداران گرت. لە ئاکامی دیدارەکەدا کاک مستەفا ڕای گەیاند کە ''حیزبی دیمۆکرات وەکوو پرەنسیپ لەگەڵ ئەو بانگەوازەیە.

ئەگەرچی بەڕێز هیجری ڕای گەیاند کە وەکووپرەنسیپ حیزبی دیمۆکرات هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ناوەڕۆکی بانگەوازەکەدا نییە، بەڵام ئەو پرسیارە مابۆوە کە باس هاتە سەر هەوڵی بەکردەوە بۆیەکڕیزی، حیزبی دێمۆکرات تا کوێ بە پێشوازی ئەو جۆرە دەستپێشخەریانەی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانەوە دێت. بۆیە بۆ تێگەیشتنی وردتر لە هەڵوێستی حیزبی دیموکرات، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ کاک حەمەنەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حدکا، پرسیارمان لێ کرد کە ئایا حیزبی دیمۆکرات پێشوازی لە بانگهێشتن بۆدانێشتنێک دەکات کە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات (بە پژاکیشەوە) تێیدا بەشداربن؟ کاک حەمەنەزیف کوتی کە حیزبی دیموکرات بۆ دانیشتن لەگەڵ پژاک هیچ کێشەیەکی نییە. تەنیا بە هۆی ئەو پرۆتۆکۆلەی کە لە نێوان ئەوان و کۆمەڵەدا واژۆ کراوە و، کاک عەبدوڵڵا تێبینی سەبارەت بە پژاک هەیە، حیزب ناتوانێ یەک لایەنە بڕیاری دانیشتن بدات. یانی دەیویست ئەوە بگەیەنێ کە کۆمەڵە لەمپەرە لە پێش دانیشتنێکی ئاوادا. دیارە، ئەو خۆی داوای لە ئێمە کرد کە کاک عەبدوڵڵای موهتەدی قانع بکەین بۆ دانیشتنێک لە نێوان هەموو حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان.

 لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەو وەڵامەی کاک حەمەنەزیف قادری وەکوو خۆ لادان لە بەرپرسیارەتی دەچوو. لەبەر ئەوەی کە: یەکەم، بە ڕێزیان ئاگادارە کە، بە پێچەوانەی ڕێبەرانی حیزبەکانی دیکە، نە کاک عەبدوڵڵای موهتەدی (وەکوو شەخس) و نە پژاک (وەکوو حیزب)، تا ئێستا ئامادەی دانیشتن لەگەڵ ئێمە نەبوونە. دووهەم، بە باوەڕی ئێمە پرسی یەکگرتوویی کورد ئەوەندە گرنگ و هەنۆکەییە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبوو بۆ خۆیان زۆر پێشتر لە بڵاوبوونەوەی ئەو بانگەوازە هەوڵیان بۆ دابا. سێهەم، خەڵکی کوردستان مافی ئەوەی هەیە بپرسێت کە چۆنە پرۆتۆکۆلی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، پێش لە دانیشتنی کورد لەگەڵ کورد دەگرێت، بەڵام لەمپەر نییە بۆ ئەندامەتی کاک عەبدوڵڵای موهتەدی لە شوورای گوزار و لە قبووڵ کردنی ڕێبەرایەتی کەسێکی وەکوو حەسەنی شەریعەتمە داری کە سپای تیرۆریستی پاسداران وەکوو سپاهیان شەریف لە قەڵەم دەدات.

دوای دانیشتمان لەگەڵ ناوەندی هاوکاری، لە ڕۆژی ٩-١١-٢٠٢٢  بۆ ڕێزگرتن لە هەموو هێزە کوردییەکان و هەڵسوکەوتی یەکسان  لەگەڵ هەمووان، هەوڵماندا کە لەگەڵ هەمووی ئەو هێزانە کۆبوونەوەمان بێت. هەروەها، ئەو کارەمان کرد هەم بە ئامانجی تێگەیشتنی وردتر لە هەڵوێستی حیزبەکان و هەم بۆ یارمەتی وەرگرتن لە ڕا و بۆچوون و هێز و کاریگەری ئەوان، بۆ پێشخستنی باوەڕی گشتی بە زەروورەتی یەکگرتووی ڕۆژهەڵات.

بۆیە لە ڕۆژی ١٣-١١-٢٠٢٢ لەگەڵ پارتی ئازادی کوردستان کۆبووینەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز حوسێن یەزدانپەنا، نە تەنیا پشتیوانی تەواوی لە بانگەوازەکە ڕاگەیاندا، تەنانەت وتی ئامادەیە ئەگەر پێویست بێ بۆ یەکگرتووی کورد، کاری حیزبی خۆی بوەستێنێ. هەروەها ڕایگەیاند کە ئامادەیە سەدان پێشمەرگە بێنێت و کۆبوونەوەیان پێ بکات بۆ وانە و سیمیناری ئەکادیمیسیەنەکانی دڵسۆزی کورد سەبارەت بە مژارەکانی نەتەوەیی بۆ وەیکە  پێشمەرگەکانی حیزبەکەی بۆ خۆیان بتوانن لەسەر مژارگەلی ئاوا بڕیار بدەن.

 هەروەها، لە رۆژی ١٦-١١-٢٠٢٢ لەگەڵ کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێران کۆبووینەوە کە بەڕێز ئیبراهیم عەلیزادە پشتیوانی تەواوی لە بانگەوازە کرد. تەنانەت، ووتی ئەگەر ئێمەش ئەو بانگەوازەمان  نووسیبا  و زمانەکەشی جیاواز بوایە، ناوەرۆکەکەی هەر شتێکی ئاوا دەبوو. بەرێز عەلیزادە، هەروەها، ووتی کە حیزبەکەیان بۆ سەرکەوتنیی بەکردەوەی ئەو بانگەواز هەوڵدەدات و  بۆ ئەو ئامانجەش ئەوان ئامادەن  کە لە داهاتوودا دانیشتنی دیکەشمان لەگەڵ بکەن.

لە ڕۆژی ١٧-١١-٢٠٢٢ لەگەڵ ٦ حیزب و ڕێکخراوی سیاسی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کە پێشتر بە فەرمی پشتیوانیان لە بانگەوازەکە کردبوو و،  خەباتەکەی ئەوان لایەنی چەکداری نییە، کۆبووینەوە. نوێنەرانی ئەو حیزبانەش بە تێکڕایی هاوڕا بوون لەگەڵ پرەنسیپ و ڕێکارەکانی پێشنیاز کراو لە بانگەوازەکەدا. ئەوانیش پێیان وا بوو کە لە ئەگەری بۆشایی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵات، بەبێ ئامادەکاری و هاوهەنگاویی هێزە کوردییەکان، پاوانخوازی و زۆن‌سازی حیزبی دەتوانی هەڕەشەیەکی گەورە و مێژوویی بێت لەسەر داهاتوویی ڕۆژهەڵات.

سەرەڕای ئەو کۆبوونەوانەی سەرو، لە ڕۆژی ١٩-١١-٢٠٢٢ دا، لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)ش کۆبوونەوەمان کرد. ئەگەرچی، کەنەکە ڕێکخراوێکی سەرو-ڕۆژهەڵاتییە، بەڵام پێمان وا بوو پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی کەنەکە لە هەوڵ بۆ یەکڕیزی کوردی ڕۆژهەڵات، دەتوانێ یارمەتیدەر بێت. بە تایبەت، بۆ ئێمە گرینگە کە ڕوانگەیەک لە نێو کورددا زاڵ بێت کە ڕێز بۆ واقیعی تایبەتی بەشە جیاجیاکانی کوردستان دادەنێت.

لەو دیدارەدا کە هاوسەرۆکی کەنەکە بەڕێز ئەحمەد قەرەمووس و دوو ئەندامی بەرپرس لە کەنەکە، بەڕێزان زوبەیر ئایدار و سەعید سەنەندەجی بەشدار بوون، باس لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە کرا کە پێشتریش کەنەکە بە نامە پشتیوانیی لێ کردبوو. تەنانەت، بۆ ئەوان جێی سەرسوورمان بوو کە بۆ چی پژاک ئامادە نەبووە بۆ ئاسانکاری و تاوتوێکردنی بانگەوازەکە لەگەڵ ئێمە کۆبێتەوە. کوتیشیان کە بە دوودا چوون دەکەن کە بزانن بۆ دەبێ پژاک ئامادەی دانیشتن نەبووبێت.

 

تێبێنی و پێشنیارەکان

لە قسەکردن و کۆبوونەوەکەماندا، بە ڕوونی بۆمان دەرکەوت کە هەوڵی چالاکوانانی مەدەنی بێ کاریگەری نییە. بەڵام هەر وەکوو چاوەڕوانیش دەکرا، ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە لەگەڵ مقاوەمەت و بەربەرەکانی زۆر جیددی هێندێک لە حیزبەکانیش ڕووبەڕوو دەبنەوە. هێندێک لە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە پێی کولتووری سیاسییان، ئەگەر بۆیان بلوێت زۆر ئامادەی گوێ ڕاگرتن و گرنگیدان بە ڕا و بۆچوونی دەرەوەی حیزبی نین. بەتایبەت ئەگەر ئەو جۆرە ڕا و بۆچوونانە لەگەڵ سیاسەتی دیاریکراو و بەرژەوەندی حیزبی ئەوان نەگونجێن. کولتووری حیزبی لە کولتووری کوردستان بە شێوەیەکی مێژوویی نە گرنگی بە ڕای گشتی داوە و نە قەتیش شکی لە ڕۆڵی پێشەنگبوونی خۆیدا کردووە. وەکوو نەریتێکی تاکڕەوانەی چەپی سوننەتی، حیزبەکان لە کوردستان بە گشتی پێیان وایە کە مافی ئەوەیان هەیە کە ئەگەر بۆیان بلوێ لە کۆمەڵگا پێکهاتەیەک سازکەن کە بۆ خۆیان دەیانەوێت. نەک هەوڵیان ئەوە بێ کە لە سایەی دامەزراندنی سیستەمێکی کوردستانی-سەروەری مرۆڤ-مەرکەز کە فەزا بۆ جۆراوجۆری زمانی، کولتووری و سیاسی و بۆ مرۆڤی ئازاد، داهێنەر و سەربەخۆ بخۆڵقێنێ. لەو جۆرە نەریتە سیاسییانەدا ئازادی مرۆڤ بە گشتی بەستراوەتەوە بە هاتنە سیستەمی دڵخوازی حیزبی؛ کە هاوڕا بووی لەگەڵ حیزبەکەی مرۆڤێکی باشی و ئەگەر جیاوازیش بووی بێ مافی سیاسی. بەڵام، شۆڕشی ژینا، لانیکەم دەبێ ئەوەی ڕوون کردبێتەوە کە بە گشتی حیزبی کوردی پێویستیان بە خۆ ڕزگار کردن لە حیزب-مەرکەز دیتنی کوردایەتی هەیە و دەبێ هەوڵ بدەن هەرچی زۆرتر سیاسەتی حیزبییەکەیان مرۆڤ-مەرکەز، ژن-مەرکەز و کورد-مەرکەز بکەن. لەم ماوەیەدا بە دەگمەنیش نەبینرا کە کوردێک ڕۆڵە گیان بەختکردووەکەی خۆی قوربانی ئێران کردبێت. لە خەیاڵی هیچ کوردێکدا ناگونجێت کە ڕۆڵەکەی بە ناوی حکومەتێک و کۆمارێک لە تاران بکات. کوردستان-مەرکەز بوونی شۆڕشی ژینا بە ڕادەی ژن-مەکەزی و یەکسانیخواز بوونەکەی، زەق و لە بەرچاوانە. قەوارەی نەگۆڕ، کولتووری سیاسی نەگۆڕ، ڕێبەرایەتی نەگۆڕ و خودایی و سانترالیزمی دیموکراتیکی ستالینیستی باو، تەنیا دەتوانێ بەین و فاسیلە لە نێوان حیزبی سیاسیی و خەڵکی کوردستان ساز بکات. بۆیە حیزبە سیاسییەکان پێویستی جیددییان بەوە هەیە کە ڕۆڵی خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان ببینن. لە کۆبوونەکانی ئێمەشدا زۆر بەدی دەکرا کە هێندێک لە حیزبەکان:

١- بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت شتێک بدەنە دەست یان جۆرە هەنگاوێک هەڵبێنەوە کە لە دواڕۆژدا لەگەڵ ئێرانییەکانیان ڕووبەڕوو بکاتەوە یان ئەو کەین و بەینەی لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەیانە، نەگونجاو بێت. تەنانەت، یەکێک لە ڕێبەرەکان دەیگوت وێدەچی کە ئێرانییەکان لەسەر فیدراڵیسمی ئوستانی لەگەڵمان پێک بێن و بەڵکوو دوایی بتوانین کە ئوستانەکان بکەینەوە یەک. کە لانیکەم بەشی یەکەمی ئەو هەڵوێستە نیزیکە لە هەڵوێستی شوورای گوزار و حەسەنی شەریعەتمەداری. لە حاڵێکدا، شەقامی کوردی پەیامێکی زۆر جیاوازی هەیە و سەبارەت بە داهاتوویی کوردستان و ئێرانیش زۆر جیاواز بیر دەکاتەوە. لە ڕوانگەی شەقامی کوردی، پەیوەندی کورد و ئێران بە مەرکەزییەت دان بە حاکمیەتی فارس ئاکامی داسەپاندنی نەریتێکی فاشیستی و کۆنیاڵە و بوونی کوردستان تەنیا بە لەگۆڕنانی ئەو پەیوەندییە فاشیستییە مومکینە. بۆیە دەڵێن: ''کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان.''

هێندێک لە حیزبەکان بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت زمانێکی ڕاشکاو بەکار بێنن و ئێستاشی لە گەل دابێت بە خۆیان وەک شەریک، پارتنەرێک و یان لایەنێکی یەکسان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ فارس، نابینن. زۆرتر مەرکەزێکی حاکمیەت و سەروەری فارس تەسەور دەکەن. بۆیە، بە ڕای ئەوان دەبێ کورد هەوڵ بدات کە لە لایەن حاکمیەتی فارسەوە مافی کەمینەیەکی بدرێتێ. حیزبە کوردییەکان خۆیان وەکو لایەنی پەراوێز (ڕۆخ) دەبینن کە هیندێک داواکاریان هەیە لە مەرکەز. یانی مەرکەز و پەراوێز لە هەموو خۆین و ڕەگی ئەو سیاسەت و تێڕوانینانەدا ڕەنگ دەداتەوە.

سیاسەتی حیزبی کوردی نەیتوانیوە تەنانەت لانیکەم سنوورێک دابنێت بۆ دانیشتن لەگەڵ فاشیزمی فارس. بۆیە تەنانەت بۆ هەندێک لە هێزە کوردییەکان  پرسیاریش نییە کە بۆ دەبێ لەگەڵ هەر کەسایەتییەکی فاشیست، بەبێ هیچ هێڵێکی سوور، دابنیشن کە ئەویش بەوپەڕی غرورەوە پێیان بڵێ کە ئێوە چون باسی بوونی دوو زمان بۆ وڵاتێک دەکەن. تەنانەت، نەیانتوانیوە باسی زمان بکەن بە شتێکی باس هەڵنەگر و بڵێن ئەوەتا لە عێراق یاسایەکی بنەڕەتی درچووە کە کوردی و عەرەبی و تورکمانی و ئەرمەنی وەکوو زمانە فەرمییەکان دەناسێت. تەنانەت، یاسای بنەڕەتی عێراقیش نەیتوانیوە یارمەتی سایکۆلۆژی نزمی سیاسەتی ڕۆژهەڵات بدات لە هەڵسوکەوتی لەگەڵ مەرکەزییەتی کۆڵۆنیاڵی فارس.

٢- لە هەمان کاتیشدا کە دێتە سەر باسی هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتر، هێزە کوردستانییەکان ژمارەی شەهیدەکانیان، ڕادەی هێزی چەکداریان و مەحبووبیەتی ئێستایان وەکوو هێندێک فاکتەر دەبینن کە مافی ئەوەیان دەداتێ خۆیان بە حاکمی دێفاکتۆی کوردستان بزانن. لە هیچ وڵاتێکی دیمۆکراتیک ئەو فاکتەرانە مەرجەعییەت/مەشرووعیەت و ئیختیار نادەن بە هیچ حیزبێکی سیاسی کە پێی وابێ مافی بڕیاری نیهایی هەیە سەبارەت بە هەر مەسەلەیەکی چارەنووسسازی وڵاتەکەی. لە سیستەم و وڵاتێکی دیمۆکراتدا هەم هێزی حیزبی و هەم سەڵاحییەتەکانی، بەبەردەوامی لە گۆڕان دان. هیچ حیزبێک نە پێش دەنگدانی خەڵک و نە پاش دەنگی خەڵکیش مەشروعییەتی موتڵەق و زاتی نییە. بەڵام حیزبەکانی کوردی سەرەڕای ئیدیعای دیموکراسیخوازی پێیان وایە کە هەم جۆرێک لە کۆتا و بەرپەشکی دەسەڵاتی خوا-پێداویان هەیە و هەم جۆرێکیش لە زۆنی دەسەڵاتی سروشتیش بۆ خۆیان تەسەور دەکەن. بۆیە هەر یەکەیان ئێستا قەوارە و بەرەی نەگۆڕییان بۆ خۆیان ساز کردووە و تەسەووریشیان لە یەکگرتوویی ئەوەیە کە حیزبی چووکەتر یان کەم چەکتر دەبێ بەو مەرجانەی کە حیزبی براگەورە بۆی دادەنێ بچێتە ناو بەرەی دەستکردی حیزبی براگەورە. لە تەسەوری ئەواندا ناگونجێ کە حیزبەکانی دیکەش وەکوو ئەوان حیزبن. ئەوانیش مافی قسە و دانانی شەرت و مەرجییان هەیە، مافی بەرەسازییان هەیە. هەروەها ئەوانیش و کۆمەڵگای مەدەنیش مافی ئەوەیان هەیە کە لەسەر چارەنووسی کوردستان و لەسەر چۆنیەتی پێکهاتن لەگەڵ ئەوەیدیکەی کورد بڕیار بدەن.

٣-بەشێک لە حیزبەکان بە هیچ شیوەیەک نایانەوێت، هیچ ئاکتەرێکی کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆڵ و دەورێکی هەبێت کە ببێت بە لەمپەر لە پێش پاوانخوازی حیزبەکان و لە پێش ئاڵوگۆڕ و کەین و بەینی ئەوان لەگەڵ غەیرە کورد. باوەڕیان بە ڕۆڵی ئەکتەری مەدەنی نییە کە ئەو کاریگەری هەبێت کە لە دواڕۆژدا بتوانن حیزبەکان پابەند بکەن بە هیچ هەڵوێستێک؛ گرنگیش نییە کە ئەو هەڵوێستە چەند لە خزمەت بەرژەوەندی کورد دایە. بۆیە ئامادە نین کە لەسەر داوا و بە دەستپێشخەری ئاکتەری ناحیزبی بێن لە کۆبوونەوەیەکدا پێکەوە دابنیشن. ئەوە شتێک نییە کە پێش ئەو کۆبوونەوانەش ئاگاداری نەبووبین. بەڵام، ئەگەر پێشتر گۆمانێکیش سەبارەت بەو بابەتانە هەبووبێت، ئەو دانیشتنانە لە ناوی برد. بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن چەند حیزب، تەنانەت لەناو ئەوانەی کە زۆر پێشوازیشیان لە بانگەوازەکە دەکرد، ئەو جۆرە پەیامانەمان پێدەدرا. پێمان دەگوترا، لە قۆناخێک بە دواوە، ئیتر ئێوە دەبێ دەست هەڵگرن، لە حیزبەکان بگەڕێن با بۆ خۆیان هەنگاو هەڵبهێننەوە. یەکێک لە کەسایەتییە حیزبییەکان بەڕاشکاوی کوتی ئەرکی ئێوە دوای نووسینی بانگەوازەکە تەواو بووە. ئەو پێداگر بوو کە وەختێک بانگەوازێک بڵاو دەکرێتەوە، هەر بەبڵاو بوونەوەکەی ئامانجی خۆی پێکاوە. ئیدی لە وێرا پێویست بە بەدوادا چوونەوە و ئیعتراف وەرگرتن لە حیزبەکان، ناکات.

٤-سەبارەت بە مەسەلەی حاکمیەت و سەروەری کێشەی زۆر بنەڕەتی هەیە کە دەتوانێ بەشێکی بگەڕێتەوە سەر سایکۆلۆژی مرۆڤی کورد، وەکوو سوژەی کۆڵۆنیکراو؛ بەشێکی بگەڕێتەوە سەر ئاڵۆزی تیۆرێک و بەشێکیش سەر ناداهێنەری سیاسەتی حیزبی لە کوردستاندا.

بە ڕای ئێمە، بۆ ئەوەیکە کورد وەکوو نەتەوە لە پێناسەی حاکمیەت و نەتەوە لە ئێراندا شوێنەون نەکرێت، دەبێ لە دوو لایەنەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پرسە بکات.

 

یەکەم، ئەو حاکمیەتەی کە لە ئاستی ئێراندا و لە سەرەوە پێناسە دەکرێت دەبێ لە قەبزەی ئیتنیکی فارس بێتەدەر و ڕەنگدەرەوەی ڕاستی چەند نەتەوەی جوگرافیای ئێران بێت. پێناسەی حاکمیەت ئەگەر لەسەر ناسنامە، مێژوو، زمان و کولتووری فارسی بنیات بنرێت، ناتوانێ دیمۆکراتیک بێت. لە باشترین حاڵەتدا سیستەمێکی سەرەوەری نەژادی-ئیتنیکی وەکوو هەرێن فۆلکی (Herrenvolk– نەتەوەی سەردەست)ی نازییەکان و یان ئیتنۆکراسی تورکیا و ئیسرائیلی لێ دەردەکەوێت. لە جوگرافیایەکی چەند نەتەوەیی وەکوو ئێراندا، حاکمیەتی تاکە-نەتەوەیی و تاکە-ئیتنیکی، لە باشترین حاڵەتدا کۆلۆنیالیزمی ناوخۆ دەخۆڵقێنێت. بۆیە بۆ دیمۆکراسی ڕاستەقینە یانی دیمۆکراسییەک کە لە کردەوەدا هەموو دێمۆس (و خەڵکەکانی) جوگرافیای ئێران وێنا و نوێنەرایەتی بکات، دەبێت هەموو ئەو دێمۆس و نەتەوانەش لە پێناسە کردنی سەروەری ئەو جوگرافیایەدا بەشداری یەکسانیان هەبێت.

دووهەم، پێکهاتەی فیدراڵ و حکومەتە ئیتنیکییەکانیش کە حاڵەتی هەرێمییان دەبێت، دەبێ درێژە و ڕەنگدەرەوەی جوگرافی ئەو یەکسانییە و بەکردەوە هێما و ڕەنگدەرەوەی بە فەرمی-ناسرانی حاکمیەتی چەند نەتەوەیی لەو جوگرافیایەدا بن.

ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی (لە ڕاستیدا فارس)، گەرچی لە نێو فارسیشدا خاوەنی مەشرووعیەتێکی جیددی نییە، پێداگری لەسەر حاکمیەتی ئینحساری فارس دەکات و مافیش بە خۆی دەدات کە وەکوو خاوەنی هەموو ئەو جوگرافیایە، بڕیار بدات. سەرەڕای نەبوونی مەشرووعیەت، چووکەترین ڕێکخراوەکانی فارس مافی سەروەری تەنیا بە ئی فارس دەزانن و وەک حاکم و سەروەری موتلەق هەڵسوکەوت لەگەڵ غەیرە فارس دەکەن. کورد، دەبێ پێداگری لەسەر ئەوە بکات کە ئەگەر قەرارە باس لە مانەوەی غەیرەفارس لە نێو جوگرافیای ئێراندا بکرێت، فارس ناتوانێ وەکوو کوێخا و براگەورە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە هەڵسوکەوت بکات. دەبێ دەست لەوە هەڵبگرێت کە خۆی بە پۆلیس، پارێزەر، یاسا داڕێژ و ماف دابەشکەر بزانێت. فارسیش دەبێ نەتەوەیەک بێت لە نێو نەتەوەکانی دیکەدا. ناکرێ بۆ هەمیشە فارس هەم بڕیار لەسەر چارەنووسی هەموو نەتەوەکان بدات و هەم بشڵێ کە فارس وەکوو نەتەوە بوونی نییە. ئەگەر فارس وەکوو نەتەوە بوونی نییە با لێگەڕێ کە نەتەوە غەیرە فارسەکان، سیستەمێک کە هێمای حاکمیەتی دیمۆکراتیکی یەکسان و هاوبەشی هەموو نەتەوەکانە، دابمەزرێنن. ئەگەریش فارس نەتەوەیە، تەنیا دەتوانێ یەکێک لە نەتەوەکان بێت، نەک مالیکی بێ ئەملا و ئەولای ئەو جوگرافیایە. کورد و نەتەوەکانی دیکەی غەیرەفارس، نابێ لە ڕۆژهەڵات هەڵەی کوردی باشوور دووبارە بکەنەوە و بەکردەوە بە ئیدیعای حاکمیەتی موتڵەقی فارس ڕەسمییەت بدەن و بێن جارێکی دیکە دەوڵەتی فارس-مەرکەز سازبکەنەوە و دواییش بچن وەکوو کەمینە لە تاران سواڵی مافی بکەن.

 یەکڕیزی و هاوئاهەنگی کورد شەرعییەت دەدات بە هەڵوێست و داخوازییەکانی و تەنانەت وەکوو نموونە یەکگرتوویی دەتوانی ڕۆڵی گرینگ لە ڕێبەرایەتی نەتەوە غەیرە فارسەکانیش، بە کورد ببەخشێت. لە لایەک هەر وەکوو شەقامی کوردی کە ئێستا نموونەی یەکگرتوویی و ئیلهامبەخشی شۆڕش چاوی لێ دەکرێت، سیاسەتی کوردیش دەتوانی وەکوو سیاسەتی نەتەوەیەکی بە توانا و داهێنەر و خاوەن ڕێگاچارە، بکەوێتە بەرچاو. لە لایەکی دیکەشەوە، دروشم و پرۆژەی دیمۆکراتیک و یەکسانیخوازانەی کورد دەتوانێ متمانە لە نێو نەتەوەکانی دیکەشدا دروست بکات. یەکڕیزی ناوخۆیی کورد ئیمکانی هاوپەیمانی لەگەڵ گرووپە غەیرە فارسەکانی دیکە زیاد دەکات و مەجالی تۆمەتی فارس لە کورد و لە وابەستە بوونی هێزە کوردییەکان بە دەرەوەی ڕۆژهەڵات، کەم دەکاتەوە. ئەو دیمەنە، هەم لە بەرژەوەندی تاک تاکی هێزەکانی ڕۆژهەڵات دایە، هەم لە قازانجی گشتی ڕۆژهەڵات و هەمیش مەشروعیەتێکی جیددیتر دەدات بە پرۆژە سیاسییەکانی کورد بۆ داسەپاندنی سیستەمێکی دیمۆکراتیک بەسەر ئێرانییەکان (یان فارسەکان)دا. دەبێ لە بیر نەکەین کە هەر سەرکەوتنێک، لە هەر بەشێکی کوردستاندا بە قازانجی هەموو بەشەکانی کوردستانە و شەرعییەت دەدات بە مافخوازی کورد بە گشتی. بۆیە کوردی هەموو بەشەکانیتریش پێویستە لە سازکردنی لەمپەر بۆ یەکڕیزی هێزەکانی ڕۆژهەڵات خۆ بپارێزن.

دەبێ بە نەتەوە زانینی کورد لە تەسەور، لە گوتار، لە کردەوە و هەروەها لە دانیشتن و هەڵسوکەوتی هێزە کوردییەکاندا لەگەڵ غەیرەکورد بە ڕوونی دەربکەوێت. باس لە نەتەوە بوونی کورد و باس لە مافی سەروەری و تەنانەت لە مافی نەتەوەیی چارەی خۆ نووسین، لە ناو کورددا و لە ئەساسنامەی حیزبەکاندا زۆر بە جیدی هەیە. بۆیە بێ دەنگی حیزبەکان لەو مافانەش لە دانیشتنیان لەگەڵ غەیرەکورد و لە ڕێککەوتنە فەرمییەکانی وەکوو ''بەیانی پاریس''، نە تەنیا دەبێتە هۆی دڵساردی و بێ باوەڕی خەڵک بە سیاسەتی کوردی لە ئاستی حیزبیدا، بەڵکوو دەبێتە هۆی بێ ئیعتیباری حیزبەکانیش. بۆیە وەلانانی باسی سەروەری نە تەنیا لەژێرپێنانی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکانە لەلایەن خۆیانەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پاشەکشە کردنی ستراتیژێک لە مافخوازی کورد و پێشاوپێش ڕێ خۆش دەکات بۆ سەرکەوتن و زاڵ بوونەوەی هەڵوێست و وێژمانی نەتەوەی کۆلۆنیکار.

سیاسەتی کوردی دەبێ لەو شتەی کە ئەکادیمیسیەنی کورد بورهان یاسین بە فەتیشیزمی ئۆتۆنۆمی (یان خودموختاری شەیدایی) ناو دەنێت، بێتەدەر. ئەو سایکۆلۆژییەی حاکم بەسەر سیاسەتی هێزەکانی کوردیدا لە لایەن ئەکادیمیسیەنێکی دیکەی کورد، بێهرۆز شوجاعی، وەکوو هێترۆنۆمی سیاسی پێناسە کراوە. یانی، هێزە کوردییەکان بەبەردەوامی و بەکردەوە دەست بەسەر داگرتنی دەوڵەت و سەروەری بە مافی ئەوەیدیکەی کورد دەزانن و پێیان وایە کە کورد تەنیا دەبێ بچێت داوای هێندێک مافی کولتووری و زمانی لە ئەوەیدیکەی زاڵ بکات. کورد لە ڕۆژهەڵات، ناچارە ببێت بە ئاکتەری  دەوڵەتساز؛ یان دەبێت سەربەخۆیی خۆی هەبێت یان خاوەنی دەوڵەتی هاوبەش بێت. کورد ناچارە ببێت بە شەریک لە سەروەریدا. کورد دەبێ خوڵقێنەری جۆرێک لە هەل و فرسەت بۆ سەروەری خۆی بێت و ئەوەش لە ڕێی سیستەم سازی و پێشکەش کردنی سیستەم سیاسی ئەڵتەرناتیڤدا، مومکین دەبێت. کورد کاتێک دەتوانێت ئەو ڕۆڵەی هەبێت کە هەوڵ بۆ جۆری تازەی سیستەمی حاکمییەت بدات.

ئەمڕۆ ئەگەر سیاسەتی ڕێکخراوەیی کورد، لە جەرگەی شۆڕشەکەدا نەتوانێت دەوری هەبێت و یان نەتوانێت لە چوارچێوەی گوتاری و ستراتیژییەکانیدا ئەڵتەرناتیڤ سازی بکات، دوای شۆڕش و دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبێ چاوی لە زار و لە دەستی فارس بێت کە  بۆ شەرعییەتی نێونەتەوەیی و نێوئێرانی دەسەڵاتی فارس دەیان فاکتەر هەیە. کورد ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتیش وەکوو بەشەکانی دیکەی کوردستان چاوەڕوانی مەرحەمەتی تەسادوفاتی دیکەی ژیۆپۆلتیک بێت، وەکوو بەشەکانی دیکە هەل و فرسەتە مێژووییەکان لە دەست دەدات و هەڵە چارەنووسسازەکان دووبارە دەکاتەوە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، هێندێک هەلی باشی بۆ کورد هەڵ کەوت. بەڵام، بە هۆی دووبەرەکی، گوێڕایەڵی بۆ هێزی غەیرەکورد و سیاسەتی هەڵە و نابەرپرسیارانەی حیزبی، کورد هەمووی ئەو هەلانەی دۆڕاند.

بۆیە پێش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، کورد دەبێ بە یەکڕزی و هاوهەنگاوی هەوڵ بدات کە بزانێ چی بۆ دەکرێ و بشڵێت کە چی دەوێت. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، خۆی لە خۆیدا، هەڵگری هیچ چارەسەرێک بۆ پرسی کورد نییە. تەنانەت، لە ئەگەری ئامادە نەبوون و نایەکڕێزی هێزەکانی کوردیدا، دەتوانێ پرسی کورد زۆر ئاڵۆزتریش بکات. لە ئێستاکەدا، هێزەکانی کورد نە بەرنامەیەکی جیددی و نە پلاتفۆرمێکی هاوبەشیان هەیە. تەنانەت، هەوڵێکی جددی لەلایەن ئەوان بۆ وەها یەکرێزی و یەک هەڵوێستی نابینرێت. ئەو دانیشتنانەمان لەگەڵ هێزە کوردییەکان ئەوەی بۆ دەرخستین کە زەروورەتی هاوهەڵوێستی و هاوهەنگاوی زۆر بەکەمی لەلایەن ئەوانەوە هەستی پێدەکرێت یان گرنگی پێدەدرێت. لەڕاستیدا، بەشێک لەو هێزانە زۆر سوورترن لەسەر پێکهێنانی بەرەیەک لەگەڵ هێزەکانی غەیرە کورد تا ڕێکخستنی بەرەیەکی بە هێز و یەکگرتووی کوردی بەر لە هەر ئەڵتەرناتیڤ سازییەک لەگەڵ غەیرەکورد. پاڵنەری سەرەکی ئەو بانگەوازەی ئێمە، هەست کردن بە زەروورەت و فەورییەتی بەرەیەکی کوردی بوو کە چاوەڕوان دەکرا ئیجماعی گشتی سەبارەت بە هەستیاری و چارەنووسساز بوونی ئەو بڕگە لە مێژووی کورد کە لە ناو کۆمەڵگای مەدەنی کوردستاندا هەیە، زەروورەتەکەی لەلایەن حیزبەکانیشەوە دەرک بکرێت. بە کەمیش بێت چاوەڕوان دەکرا کە بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکانی ئەو چەند دەیەی ڕابردووی کورد، هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵات بەرژەوەندی حیزبی خۆیان لە بەرامبەر بەرژەوەندی ڕۆژهەڵاتدا وەکوو شتێکی لاوەکی ببینن. بەداخەوە، ئەو چاوەڕوانییە کەمەش، ئێستاش وەکوو شتێکی نیزیک لە مەحاڵ لە هەڵسوکەوتی زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا خۆی دەردەخات.

لە کاتێکدا ئێمە ئەم ڕاپۆرتە بڵاو دەکەینەوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە چرکەساتێکی مێژووییدا دەژیت. لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئێمە پێمان وا نییە کە ئەرک و میسیۆنی ئەو گرووپەی ئێمە یان هەر گرووپێکی لەو شێوەیە تەواو بوبێت. بەڵکوو پێویستە کۆمەڵگای مەدەنی بە گشتی، کادر و پێشمەرگە و گەریلاکانی حیزبەکان بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ گرووپێکی تایبەت بن، گرینگی ئەرکی یەکخستنی هێزەکانی کوردی بکەن بە سەرەکیترین ئەرکی ئێستایان. هیچ بەشێکی کوردستان هێز و توانای خەتایەکی ستراتیژێکی دیکەی نەماوە. بەڵام، بێگومان ئەو هەستیارییە لە حیزبەکاندا نابینرێت. کەس ناتوانێ کە بڵێت ئەوە ئەرکێکم بە ئەنجام گەیاند و ئێستا تۆپەکە لە یاریگەی حیزبەکاندایە. لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ئەو کارە تاقیکراوەتەوە و ماڵوێرانی بۆ کورد بەجێهێشتووە. سیاسەتی کوردی لە دانیشتن لەگەڵ ئەویدیکەی کورددا، چ لە هەوڵی سیستەم سازیدا و چ لە هەست بە زەروورەتی یەکگرتوویی، خاوەنی کارنامەیەکی پڕشەنگدار نییە. نابێ چاوەڕوان بین کە هێزەکانی ڕۆژهەڵات بە بێ گوشاری کۆمەڵگای مەدەنی توانای دانەدەری کارنامەیەکی باشتریان هەبێت. ئێستا قۆناخی کرداریە بۆ تاک تاکی کورد. سەرهەڵدانی ژینا بەردەوامە و داهاتوو لەخۆگری دەیان سیناریۆی جۆراوجۆرە. هەر نەتەوەیەک کە بە کۆدەنگی سیناریۆیەک بۆ خۆی نەنووسێتەوە، لە سیناریۆی ئەوانی دیکەیدا بۆ داهاتوو، تەنیا قوربانییە. لە کۆتاییدا دووبارەی دەکەینەوە کە ئەرکی ئیمە تەنیا ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقییە. ئەگەر هێزەکان ئامادەییان هەبێت بۆ کۆبوونەوە و بۆ هاوهەنگاوی، ئێمە دەتوانین هاوکار بین.

بۆ خوێندنەوەی فایلەکە کرتە لێرە بکە