با ساڵی نوێی زایینی بکەین بە ساڵی سەرکەوتنی گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان!

یەکسانی
01-01-2023

ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، ساڵێکی دژواربوو لە زۆر بووارەوە بۆ خەڵک و لایەنە سیاسییەکانیش لە هەموو بەشەکانی کوردستان. هاوکات لە زۆر بواریشەوە خەباتی گەلەکەمان بەرەوپێش چوو. ئەگەر بە کورتی چاوێک بخشێنیین بە ساڵی ڕبردوودا، دەکرێ ئاماژە بکەین بە بەرگریی قارەمانانەی کوردستانییان لە باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، کە گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژئاوا بەردەوام لە ساڵی ڕابردوودا لە دژی ڕێژیمی داگیرکەری تورک لە ململانێدا بوو.

لە ڕۆژئاوا هێرشەکانی ڕێژیمی ئەسەد و تیرۆریستانی سەر بە ئیخوان و ڕێژیمی تورکیا بەردەوام بوون و ئەمەش داگیرکرانەوەی بەشێک لە ڕۆژئاوای کوردستانی لە لایەن ڕێژیمی تورکیا و تیرۆریستەکانییەوە بەدواوە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا بەرخۆدانی کچ و کوڕانی خۆبەخشی کوردستان نەیهێشت بۆ جارێکی تر ڕۆژئاوا داگیر بکرێتەوە. هاوکات لە باکوور شەڕێکی دەستەویەخە لەگەڵ داگیرکەری تورک بەردەوام بوو و بەداخەوە دەیان گەریلا لە هێرشی شیمیایی و چەکە نایاساییەکانی ئەرتەشی تورکدا گیانیان بەخت کرد. لەگەڵ ئەوەشدا لە باکوورچ لەناوخۆ و چ لە شاخ بەرخۆدان بەدەوام بووە و سەرەڕای بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەمبەر ئەم هەموو ستەمکارییە، ڕێژیمی داگیرکەری تورک سەرکەوتوو نەبووە و خەبات بۆ ڕزگاریی بەگوڕتر لە پێشوو بەردەوامە.

لە باشووری کوردستان سەرەڕای سەرکەوتنی لایانە سیاسییەکان بەسەر گرفتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، بەڵام بەداخەوە پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لە بواری سیاسیی و تەنانەت لە بواری کێشە کۆمەڵایەتییەکان، قەیرانی ئابووریی، ئاسایش و هەروەها پرسی ژنان و کرێکاران بەدی نەکراوە کە ڕییشەی زۆربەی ئەم قەیرانانەش لە بێ پلانیی و گەندەڵیی حکوومەتی باشوور دایە. لە لایەکی تر نەرمییی نواندنی پارتەکانی باشوور لە بەرامبەر دوو ڕێژیمی داگیرکەری تورک و ئێراندا، باشووری کوردستانی تووشی چەقبەستوویی سیاسیی و ئابووریی کردووە و ئەمەش بۆتە دەرفەتێک تا پارت و تاکە توندئاژۆکانی ئیسلامیی باشوور هەلەکە بقۆزنەوە و وەک کارتێکی فشار بۆ سەر حکوومەتی هەرێم بەکاری بێنن تا بتوانن پلانەکانیان لە باشوور جێبەجێ بکەن. لێدان و کوشتنی ژنان و بێڕێزیی بە ژنان کە نموونەکەی لە کۆتایی ساڵدا لە سلێمانیی بە هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر کچێکی گەنج کە بۆ سەیرکردنی یاریی مۆتۆرسواریی کوڕان چوبۆ یاریگاکە، نموونەیەکی بچووکی پەرەسەندنی ئەم ئیسلامگەراییەیە کە لە سایەی لێ قبووڵکردنی دوو لایەنی پارتی و یەکێتییدا هاتۆتە ئاراوە. ئەمەش لە ڕاستییدا مەترسییەکی گەورەیە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت و دوو لایەنی سەرەکیی باشوور ئاوا بچنە پێش کە تا ئێستا کردوویانە، ئەم بەشەی نیشتمانەکەمان بەرەو داهاتوویەکی نادیار لە ژێر سایەی ئیسلامگەرایی تالیبانییدا دەبەن و ئەزموونە ناسەرکەوتووکەی باشووریش بەرەو نەمان دەبەن.

لە ڕۆژهەڵاتی خۆڕاگر خەڵک لە سایەی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامییدا دەگەڵ دەیان قەیرانی ئابووریی و بێکاریی و نەبوونی ئازادیی و یەکسانیی دەست و پەنجە نەرم کردووە، بە بەرخۆدانێکی قارەمانانە و کەموێنە لە شۆڕشی ژینادا گیانی بەبەر شۆڕشی هەموو بەشەکانی کوردستاندا کردەوە. لەم بەشەی وڵاتەکەمان سەرەڕای داگیرکاریی و دوژمنکاریی ڕێژیمی ئیسلامی و کوشتنی خەڵک بە شێوازی جۆراوجۆر و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی سەدان هاووڵاتیی، بە هەزاران چالاکیی و خۆپێشاندان لە دژی کۆماری سێدارەی ئیسلامیی بەڕێوە چوو و ئێستاش دوای گیانبەختکردنی ژمارەیەکی زۆر لە لاوان و مناڵانی نیشتمانەکەمان، ئەم شۆڕشە مەزنە لە سەراسەری ڕۆژهەڵات و لە زۆربەی شارەکانی ئێرانیش بەدەوامە و بۆتە جێی هیوای ئازادییخوازان و یەکسانییخوازانی هەموو نەتەوە بندەستەکان لە ئێران.

 جێی ئاماژەیە کە خەباتی ژیرانەی یەکسانییخوازان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی لەم بەشەی کوردستان کاریگەریی هەبووە لەسەر هەموو ئێران و هەموو نەتەوە چەوساوەکان لەم وڵاتە و هەست و سۆزێکی پشتگیرانەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دروست کردووە و خەباتی ئەم بەشەی کوردستان هەنگاوێک بەرەوپش بردووە.

لێرەوە وێڕای دەستخۆشیی و ماندوونەبوونیی لە هەموو خەڵکی شۆڕشگێڕ و خەباتکاری ڕۆژهەڵات، ئاواتەخوازین بە یەکگرتوویی لایانە سیاسییەکانی ئەم بەشەی وڵات، نەهێڵین خوێنی ئەم نەمرانە بە فیڕۆ بچێت و گیانبەخشیی و فیداکاریی ئەوان بکەینە هەوێنی یەکگرتوویی و ئازادیی و سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامییدا.

هاوکات لە ئاستی کوردستانی گەورەدا دەکرێ و پێویستە لەم قۆناخە هەستیارەی هەموو بەشەکانی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، بە بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی، لە لایەک ڕێ لە پیلانەکانی داگیرکەران بگرین و لە لایەکی تریشەوە خەباتی ڕزگارییخوازیی کوردستان هەنگاوێکی گەورە بەرەوپێش ببەین.

لە کۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە هەموو کوردستانییان و بەتایبەت لە بنەماڵەی سەربەرزی نەمرانی ڕێگەی ئازادیی و یەکسانیی، ئاواتمان سەرکەوتنی گەلەکەمانە بەسەر داگیرکەراندا لە هەر چوار بەشی کوردستان.

ژن، ژیان، ئازادی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٠٢٣/٠١/٠١