دیداری تایبەتی ئەڵتەرناتیڤی شورایی لەگەڵ ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئێران وڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکسانی
20-01-2023
دیداری تایبەتی ئەڵتەرناتیڤی شورایی لەگەڵ ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵوێست و بۆچوونەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لەم بابەتەوە!
ئەڵتەرناتیڤی شورایی /سەرنجتان چییە لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەگشتی لە (کوردستان و ئێران ) بۆ تێکۆشانی هەماهەنگکاری و یەکگرتوانە لەدژی فاشیزمی ئیسلامی ئێران ؟
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی: سەرەتا ئەگەر مەبەستتان لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی، فارسەکان بن، خۆیان یەکگرتوو نیین و بەسەر چەند لایەنی وەک موجاهیدینی خەڵق، سەڵتەنەت خوازەکان، چەپەکان و کۆمارییخوازەکاندا دابەش بوونە کە هیچکامیان، جگە لە بەشێک لە چەپە کوردەکان کە لە چەند ڕێکخراوێکی جیاوازدا خۆیان بە ئێرانی دەناسێنن، ئەوانی تر باوەڕیان بە مافی دیارییکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان نییە و ئێمە پێوەندییەکی ئەوتۆمان لەگەڵیان نییە. پێمان وایە ئەوان زۆربەیان کێشەی فیکریی و مێژووییان زۆرە و یەکگرتنیشیان ئاسان نییە سەرەڕای ئەوەیکە باوەڕیان بە ئێرانێکی یەکپارچە هەیە، بەڵام لەناو سەرەکییتریینیان کە موجاهیدین و سەڵتەنەتخوازەکانن، دژایەتییەکی مێژووییش هەیە.
ئێمە کە یەکسانییخوازیین و هاوکات باوەڕمان بە مافی خەڵکی کوردستان و هەموو نەتەوەیەکی تر هەیە بۆ دیارییکردنی چارەنووسی خۆیان، هەر کەس و لایەنێکی باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ هەبێت و هاوکات دان بە "مافی دیارییکردنی چارەنووس" لە لایەن خەڵکی کوردستاندا بنێت، هیچ گرفتێکمان لەگەڵی نابێت بۆ هاوکاریی و هەماهەنگیی هاوبەش لە دژی کۆماری ئیسلامی یا هەر بابەتێکی تر کە پێوەندی بە ئامانجی هاوبەشەوە هەبێت.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی/ ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان بەگشتی چۆن دەبینن سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران؟ پێتان وایە ئەرکی پێویستی ڕاگەیاندنەکان و میدیاکان دەبێت چۆن بێت؟
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی: ڕاگەیاندنەکان بەداخەوە زۆرتر لاگرن و حیزبیین. لەم بابەتەوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی زیاتر پۆپۆلیستیی و پاشڕەو بووە نەوەک ڕۆڵێکی پێشڕەوانەی گێڕابێت. کوردی ڕۆژهەڵات بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتیی زیاترەوە بارودۆخی لە فارسەکان باشترە، بەڵام هەڵوێست و ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا یا سەراسەریی ئێرانی زیاتر لە خزمەت بە حیزب و ئایدیاکانی خۆیاندا بووە تا لە خزمەت بە گەلانی ستەملێکراو لە ئێران.
لە بابەت بەشی دووهەمی پرسیارەکەتان، ئەرکی مێدیا و ڕاگەیاندنەکان گەیاندنی دەنگی ڕاستەقیینەی خەڵکە جا چ بە ئاراستەی ناوخۆ و چ بە ئاراستەی دەرەوە بێت. لەم بابەتەوەش بەداخەوە بەهۆی بیری پۆپۆلیستی و حیزب حیزبێنە، زۆریینەی لایەنەکان نەیانتوانیوە ڕۆڵێکی ئەرێنییان هەبێت. ئەگەر دەنگی خەڵکیش تا ڕادەیەک دەگاتە یەکتر و دونیای دەرەوە، سەرچاوەکەی تا ڕادەیەکی زۆر، خەڵکی بەشدارە لە شۆڕشدا کە جیاواز لە ڕابردوو، خاوەنی مۆبایل و کامێرا و ئەنتەرنێت و کەرەستەکانی سەرەتایی بڵاکردنەوەی زانیاریین، بەتایبەت لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی / ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان چۆن دەتوانێت سەرکەوتو بێت لەکاتێکدا ڕژێمی فاشیستیی ئیسلامی ئێران زۆر بەتوندی خەڵک زیندانی دەکات و دەکوژێت و سەرکوتی دەکات ؟
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی: سەرکەوتنی شۆڕش پێویستیی بە هاتنەئارای فاکتەرە سەرەکییەکانی هەڵگیرساندنی هەیە کە سەرەکیتریینیان لەم شۆڕشەی ئێستای ڕۆژهەڵات و ئێران بە گشتیی بریتیین لە ناڕەزایەتیی خەڵک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی و نەمانی ڕەوایەتیی ئەم سیستەمە. وەک دەزانیین ئەم ڕێژیمە دواکەوتوو و سەرکوتکەرە بە درێژایی ٤٤ ساڵی ڕابردوو زەرفییەتی چاکسازیی نەبووە و نییە. هەر بۆیەش لە بەرامبەر ناڕەزایەتیی خەڵکدا تەنیا ڕێگەی مانەوەی خۆی لە سەرکوت و لەسێدارەدان و ستەمی زیاتردا دیوە کە بەمەش هەر نەیتوانیوە خۆی لە ناڕەزایەتیی خەڵک قوتار بکات و خۆی بپارێزێت.
داڕمانی ئابووریی بەهۆی ناکارامەیی سیستەم و زاڵبوونی گرووپێکی میلیتاریی تیرۆریستیی وەک سوپای پاسداران بەسەر هەموو جمگەکانی ئابوورییدا و گەندەڵیی و دزیی لەڕادەبەدەریان وێڕای دواکەوتوویی ئەم نیزامە لە هەموو بووارێکی زانستیی سەردەم و دژایەتیی هەموو مافێکی نەتەوە و چیین و توێژەکانی ژێر ستەمی ئەم سیستەمە نایەکسان و نادادپەروەرە، هەروەها گرینگییدان بە گرووپە تیرۆریستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڤیین لە پێناو بڵاوکردنەوەی هزری ئیسلامی سیاسی و پشتکردن لە خەڵک بە گشتیی و پێشێلکردنی مافەکانیان، ناڕەزایەتییەکانی لەم ڕیژیمە گەیاندۆتە ئاستێکی بەرز و بەشێکی زۆر لە خەڵک، بەتایبەت لە کوردستان و بەلووچستان ترسی لەم ڕێژیمە نەماوە و باوەڕ بە هیچ پڕوپاگەندەیەکیشی ناکات.
ئەوەی تا ئێستا ئەم ڕێژیمەی لەسەرپێ هێشتۆتەوە، یەکەم ئامادەنەبوونی فارس و تورکەکانە بە ئەندازەی کورد و بەلووچ بۆ قوربانییدان و هاتنە سەر شەقام و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتیی شۆشڕگێڕانە لەگەڵ دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم. دووهەم نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی یەکگرتوویە کە جێی ئەو سیستەمە کۆنە بگرێتەوە و متمانە و سەرنجی ناوخۆ و دونیای دەرەوەش بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەگینا کۆماری ئیسلامی لەمێژبوو ڕووخابوو.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی /ئێوە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کورستان کە دروشمی یەکسانی بەرز دەکەنەوە پێتان وایە چۆن دەتواندرێت یەکسانی بەدی بهێندرێت لە دوایی ڕوخانی ڕژێمی فاشیستیی ئیسلامی ئێران ئایا جیاوازی چینایەتی ونایەکسانی بە چ جۆرە ئەڵتەرناتیڤێک کەم دەکرێتەوە بەرەو نەمان دەچێت کە کۆمەڵگایەکی یەکسان بەدی بێت؟
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی: ئامانجی ئێمە سەرەتا کوردستانێکی سەربەخۆ و پاشان دامەزراندنی سیستەمێکی یەکسانییخوازانەیە لە کوردستان. خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان کە لەو وڵاتەدا سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵات لەلایەن خەڵکەوە لە ڕێی هەڵبژاردنێکی ئازادەوە دیاری بکرێ. لە سیستەمی یەکسانییخوزانەی کوردستاندا ئاڵتێرناتیڤی یەکەمی ئێمە سیستەمێکی شوورایی دێموکراتییکە، بەڵام ئێمە هاوکات باوەڕمان بە هەڵبژاردنی خەڵکە و نامان هەوێت هیچ سیستەمیک بەسەر خەڵکدا بسەپێنیین. واتە خەڵک سیستەم دیاری دەکات و ئێمەش ڕێز لە هەڵبژاردنی خەڵک دەگریین. ناوی ئەم سیستەمە هەرچی بێت، خەباتی ئێمە بۆ ئەوە دەبێت کە دەسەڵات لە ناوەنددا کۆ نەکرێتەوە و پێویستە دەسەڵات و ئەرکە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی کارناسانە و دادپەروەرانە لە نێوان پارێزگا و شار و گوندەکاندا دابەش بکرێن.
سیستەمی بەڕێوەبەریی دەوڵەتی کوردستان لە ڕوانگەی کۆمەڵەی یەکسانییەوە سیستەمێکی دێموکراتیی هەرەوەزییە کە هەموو مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان لە ڕێی یاسایەکی یەکسانییخوازانە و پێشکەوتنخوازانە، بەبێ جیاوازیی ڕەگەزیی، فیکری، ئایینی، جینسی و هتد. تێیدا پارێزراو بێت. سیستەمێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کە هەموو هاووڵاتییان خۆیان بە خاوەنی بزانن و لە ژێر سێبەرییدا خاوەن ئاسایشی گیانی و ماڵیی بن و مافی بەشداری و کاریگەرییان هەبێت. سیستەمێک کە لە ڕێی دابیینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی نەهێشتنی نایەکسانیی، هەژاری و بێکاری بدات، پارێزە (بیمە)ی کار و قەرەبووی بێکاری بە شێوەیەکی دادپەروەرانە تێیدا ڕەچاو بکرێت و بەبێ هەڵاواردن و جیاوازی، میکانیزمێکی یەکسانییخوازانە بۆ ئاسوودەیی و ئاسایشی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە ڕەچاو بکات و یارمەتیی پەروەردە و گەشەپێدانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان، منداڵان، گەنجان، بەساڵداچووان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەموو بوارێکەوە بایەخ و سەرنجی تایبەتییان پێ بدرێت.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی /ئایا بە تێڕوانینی ئێوەی بەڕێز ئەڵتەرناتیڤی جێگرەوەی ڕژێمی فاشیستیی ئیسلامی لە ئێران چ جۆرە ئەڵتەرناتڤێک گونجاوە بۆ ئێران کە بتوانێت کۆمەڵگای ئێران وکوردستان بەرەو نوێتر وباشتر بەرێت؟
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی: لە ڕوانگەی ئێمەوە پێویستە گەلانی ئێران مافی بڕیاردانیان لەسەر چارەنووسی خۆیان پێ بدرێت و لێیان بپرسرێت چیان دەوێت. بۆ ئێمەی کورد سەربەخۆیی گونجاوتریینە بەڵام ئەگەر کورد و گەلانی ستەملێکراو لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی، خۆیان لە دەنگدانێکی ئازاددا بڕیار بدەن کە پێکەوە بمێننەوە، ئەوکات لە ڕوانگەی ئێمەوە سیستەمێکی کۆنفێدڕاڵیی کە هەموو نەتەوەکان خاوەنی سەروەریی خۆیان بن و لە خاڵ و ئامانجی هاوبەشی دیارییکراودا یەکگرتوو بن، گونجاوتریینە. لەم سیستەمە کۆنفێدراڵییەشدا ئەگەر بێتە ئاراوە، خەباتی ئێمە وەک پێشتریش باسمان کرد ،بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسان دەبێت کە هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازیی لە ماف و ئیمکانات و فرسەتی یەکسان بەهرەمەند بن .
ئەڵتەرناتیڤی شورایی: سوپاس بۆ وەڵامەکانتان
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی: سپاس بۆ ئێوە و سەرکەوتوو بن!