با لە دووی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، داخوازییەکەی پێشەوای نەمرمان بهێنیینە دی: "یەکگرن لە پێناو ڕزگاریی وڵاتەکەمان!" 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
21-01-2023

هاونیشتمانیانی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان! 

لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان! 

چالاکڤانانی شارستانیی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان! 

دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ئێوە و لە هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لە بنەماڵەی سەربەرزی نەمرانی ڕێگەی سەربەخۆیی و یەکسانیی کوردستان پیرۆز بێت!  

دووی ڕێبەندانی ئەم ساڵ لەکاتێکدا یاد دەکەینەوە کە گەلەکەمان لە دوای گیانبەختکردنی ژینای کوردستان شۆڕشێکی یەکسانییخوازانەی بە پێشەنگایەتیی ژنان و لاوانی کوردستان لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات دەست پێ کرد و خەڵکی ڕاپەڕیو بە دەستی بەتاڵ و بە ورەیەکی هەرە بەرز و یەکگرتووییەکی کەموێنەوە لەگەڵ چەکی گەرم و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە بێهێز و بێورەکانی کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر و بەکرێگیراوەکانی ڕووبەڕوو بوونەوە و لەم ماوەیەدا بە سەدان ژن و پیاوی شۆڕشگێڕمان خەڵتانی خوێن کراوون. ئەگەر باسی برینداران و دەسبەسەرکراوان و شکەنجەدراوان و دەربەدەرکراوان و بۆردومانەکانی پێگەی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات و کاولکاریی نیشتمانەکەمان بکەین، دەبێ پەڕتووکی ئەستووری لەسەر بنووسین و دەزانیین کە بەرخۆدانی گەلەکەمان لەم شۆڕشەدا لە چ ئاستێکی بەرزدا بووە.  

لەم سۆنگەوە ئەم شۆڕشە مەزنەوە سەرەڕای ئەم هەموو تێچووە زۆرە، ئەم شەڕە قورسەی هاونیشتمانانمان لەگەڵ ڕێژیمی فاشیستی و تۆتالیتەری ئیسلامیی ئێران بە دەستی بەتاڵ لە جیهان دەنگی دایەوە و یەکگرتووییەکی بێوێنەشی لەناو گەلەکەمان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات هەبووە کە تەنانەت هەستانەوە و هاوسۆزیی شارەکانی ئێرانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەم قوربانییدانە گەورەیە بۆ جارێکی تر بە هەموو جیهان و بە ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیشی سەلماند کە وڵاتی ئێمە داگیر کراوە و ئەم ڕێژیمە و تەنانەت بەناو ئۆپۆزیسیۆنە ناوەندگەراکەشی هەر لە ڕوانگەی داگیرکەرییەوە دەڕواننە کوردستان. 

گەلی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان! 

ڕاستە گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵات لەم ماوەیەدا بە یەکگرتووییەکی چڕوپڕەوە هاتۆتە مەیدان و قارەمانیی بێوێنەی نواندووە، بەڵام ڕۆژهەڵات لەم ماوەیەدا هێشتا هەموو هێز و توانی خۆی بۆ وەدەرنانی داگیرکەر نەخستۆتە گەڕ. بۆیە ئێمە ڕوو دەکەینە هەموو ئەوانەی کە تا ئێستا بە شۆڕش پەیوەست نەبوونە و داوایان لێ دەکەین بە ڕیزەکانی گەلی ڕاپەڕیوەوە پەیوەست بن و بانگەوازیان دەکەین بێنە مەیدان و بۆ سەرخستنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بۆ پاککردنەوەی کوردستان لە داگیرکەر و بۆ دامەزراندنەوەی کۆماری کوردستان، کۆمارێک کە دانیشتووانی لە یەکسانیی و ئازادیی و دادپەروەرییدا بژین.  

داوای ئێمە کە بە کردەوەش کارمان بۆ کردووە و بەردەوامیش کاری بۆ دەکەین ئەوەیە کە نەهێڵین خوێنی ئەم هەموو قارەمانە بەفیڕۆ بڕوات! پرسیارمان لەم سۆنگەوە ئەوەیە کە ئایا ئەم هەموو فیداکاریی و قوربانییدانەی خەڵکی ڕۆژهەڵات نەدەبوو حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەم دۆخە چەقبەستووییەی ساڵیانێکی زۆرە تووشی بوونە، ڕاچڵەکێنێ و لەپێناو ئەم گەلە پێشەنگەدا لە هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبی و تاکەکەسی بگوزەرێن، وەک چۆن ئەم خەڵکە لە گیان و ماڵ و مناڵیان بۆ ڕزگاریی و یەکسانیی گوزەراون؟  

مخابن ئەم یەکگرتوویی و قوربانییدانەی خەڵک و هاواریان بۆ یەکگرتوویی و تەنانەت هەوڵی چالاکڤانانی نیشتمانپەروەری شارستانییش نەیتوانیوە ڕای زۆرێک لە حیزبە کلاسیکەکان بگۆڕێ و هەنگاوێکی شێلگیرانە لە ئاستی ئەم دۆخە هەستیارەدا هەڵگرن! دۆخێک کە لە لایەک کۆماری ئیسلامیی فاشیست بە هۆڤانەترین شێوە خەڵکی سیڤیلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خەڵتانی خوێن دەکات و بە دەیان هەزاریشی بریندار یا ڕاپێچی چاڵە ڕەشەکانی کردووە و لە ژێر کوشەندەترین شکەنجەکاندا بەسەر دەبەن! لە لایەکی تریشەوە بەناو ئۆپۆزیسیۆنێکی ئێرانیی هەیە کە دوای ئەم هەموو قوربانییدانە، زۆریینەیان لە مافی شارۆمەندی زیاتر بە گەلی کوردستان و نەتەوەکانی تر ڕەوا نابیینن! 

وەرن با لەم ساتە مێژووییەدا و لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا بە جێبەجێکردنی وەسیەتنامەی سەرۆککۆماری نەمرمان پێشەوا قازی کە لە دواساتەکانی ژیانیدا داوای یەکگرتوویی لێ کردین تا لەدەست ڕێژیمی داگیرکەری ئێران ڕزگارییمان بێت، ئاوات و ئامانجەکانی پێشەوا و گەلە چەوساوەکەشمان بێنیینە دی! 

پێویستە هەموومان هەست بەم بەرپرسیارەتییە مێژووییە بکەین و چیتر پلە و پێگە و بەرژەوەندیی حیزبی و تاکەکەسیی نەکەینە پێوەر بۆ یەکگرتوویی و یەکتر بینیینمان. ئاواتەخوازین بتوانیین بە یەکگرتوویی هەموو تواناکانمان بخەینە سەر یەک تا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داگیرکاریی و کاولکاریی و دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکان بپارێزین تا جیلەکانی داهاتوومان لە کوردستانێکدا بژین کە هەڵبژێردراوەکانی مافی هەموو چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگە بە یەکسانیی بدەن و تووشی ئەم نەهامەتییانە نەبن کە جیلی ئێمە و جیلەکانی ڕابردوو پێیدا تێپەڕیین! 

پیرۆزە دووی ڕێبەندان ٧٧مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان! 

 سەرکەوێت شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ دامەزراندنی کۆماری یەکسانیی کوردستان! 

بڕووخێ ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی! 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان 

١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ 

(٢٠٢٣/٠١/٢١)