بانگەوازی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ئێستای شۆڕشی “ژن ژیان، ئازادی“ : دەبێ چی بکەین؟

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
29-01-2023

بەڕێزان! 

شۆڕشی “ژن، ژیان ئازادی“، کە بە پێشەنگایەتی ژنان و لاوانی کوردستانیی و لە ڕۆژی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینیی ئازیزدا چەخماخەی لێدرا و هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە، خەریکە پێ دەنێتە پێنجەمین مانگی خۆی. ئەم شۆڕشە بەربڵاوە، کە بە درووشمی وردبینانە و شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“ دەستی پێ کرد، نەک هەر دامودەزگای کۆماری ئیسلامیی، بەڵکو بنەما ئیدئۆلۆژییەکانی ئەو ڕژیمەی ڕاتەکاند و پەیامی ڕێنسانسێکی یەکسانییخوازانەی بەڕووی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە و لە سۆنگەی قارەمانێتیی و لەخۆبوردوویی یەکگرتوانەی خەڵکیشەوە، بەخێرایی لە ئاستی نێونەتەوەییدا لەگەڵ پشتگیرییەکی بەربڵاو ڕووبەڕوو بوو. 

 کۆماری ئیسلامیی، هەرچەندە لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ڕاپەڕیوی لە سەر شەقامەکان شەڵاڵی خوێن کردووە و بە دەیان هەزاریشی ڕاپێچی زیندانەکان کردووە و ژمارەیەکی زۆریشی لەدار داوە، بەڵام نەیتوانیوە ئاگری شۆڕشی یەکسانیی و ئازادیی و دادپەروەریی دابمرکێنێتەوە. ڕژیمی سێدارە و مەرگ، لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا گورزێکی کوشەندەی لە لایەن خەڵکەوە بەرکەوتووە و لە ئاستی نێونەتەوەییشدا لە لایەن بیروڕای گشتیی و ڕێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا و دەوڵەتانەوە کەوتۆتە ژێر فشارێکی زیاترەوە. 

 ئێستا کە کۆماری ئیسلامیی بنەماکانی هاتۆتە لەرزین، لە ناو خەڵک و لە ناو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و چەپی ئێرانییش، بە گەرمیی باسی دۆخی ئێرانی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی دەکرێت و باسی ڕابەرایەتییکردنی شۆڕشی “ژن، ژیان ئازادی“ و باسی دامەزراندنی هاوپەیمانیی و پلاتفۆرمە هاوبەشەکان دەکرێت. 

لێرەدا ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە دۆخێکی تایبەت و زۆر هەستیارە دید و هەڵوێست و پێشنیارەکانی خۆمان لە چەند خاڵێکدا دەخەینە ڕوو و بانگەوازتان دەکەینەوە بۆ یەکێتیی و هاوکاریی و ڕێکخستنی چڕوپڕی هێزەکانمان. 

بەڕێزان! 

لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی هێشتا بەپێوەیە و خوێن دەڕێژێت، لە کاتێکدا خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی هێشتا ئەو هێزەی کە پێویستە بیهێننە مەیدان نەیانهێناوەتە مەیدان، لە کاتێکدا کە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی هەندەراننشینی ئێرانیی بۆ لەباربردنی شۆڕشی ژینا مێدیایەکی زەبەللاحی بە پشتگیریی زلهێزە بەرژەوەندییخوازەکان خستۆتە گەڕ و شمشێرە ژەنگاوییەکەی لە کوردستانی شۆڕش هەڵدەسووڕێنێت و بە هەڕەشەو گوڕەشەوە داوامان لێ دەکات یەکپارچەیی خاکی ئێران نەخەینە مەترسییەوە، جێی خۆیەتی بیر لە هەنگاوەکانی تری شۆڕشی ژینا بکەینەوە و بۆ سبەی ڕۆژی پاش ڕووخانی ڕژیمی ئیسلامییش، هەر لە ئێستاوە بەرنامەیەکی تۆکمە و ڕوون و هاوبەشمان هەبێت. 

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەتیی کوردستان وەک نیشتمانێکی داگیرکراو و بۆ ڕزگاریی لە کۆماری ئیسلامیی و بۆ خۆپارێزییەکیش کە دوای کۆماری ئیسلامیی پێویستمان دەبێت، زۆر گرنگە کە لە ئاستی کوردستاندا هەموومان لە دژی داگیرکەر یەکگرتوو بین و جیاوازییە ئیدئۆلۆژیی و سیاسییەکانمان نەکەینە لەمپەر بۆ یەکێتیی و هاودەنگییمان. بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆماری سێدارەو و بۆ پاککردنەوەی ڕۆژهەڵات لە داگیرکەر و بۆ خۆپارێزیی سبەینێ و بۆ دراوسێییەکی باشیش لەگەڵ گەلانی دراوسێ، زۆر گرنگە لە ئاستی گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانیشدا دۆستەکانمان بناسین و بزانین لەگەڵ کێ دۆست و هاو بەرژەوەندیی و هاوخەباتین. 

بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستی دەزانین: 

ئا / لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 

١) کۆنگرە یان بەرەی ژینای کوردستان بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێت. 

٢) پلاتفۆڕمێکی گشتگیر بۆ ئەرکەکانی ئەمڕۆ و سبەینێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە بکرێت و پەسەند بکرێت. لەو پلاتفۆڕمەدا ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە بکرێت، کە مافی چارەی خۆ نووسین مافی بێ ئەملاولای خەڵکی کوردستانە و چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیفڕاندۆمێکدا یەکلا بکرێتەوە. لە ئەگەری مانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا، دەبێ دەوڵەتێکی خۆجێی و خۆبەڕێوەبەر بۆ کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دانی پێدا بنرێت و بە فەرمی بناسرێت.  

٣) نوێنەرایەتییەک بۆ پێوەندییەکانی دەرەوەی کوردستان پێک بهێندرێت بۆ پێیوەندیی و دیالۆگ لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان و دەرەوەی وڵاتیش. 

٤) گەڵاڵە یان پەسەندکراوێک بە واژۆی کۆنگرە بگەیەندرێت، کە تیایدا چوارچێوەیەک بۆ پێیوەندیی و هاوکاریی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان دیار بکرێت. چوارچێوەیەک، کە تیایدا داخوازییەکان و پێشمەرجەکانی کۆنگرەی تێدا بگونجێندرێت بۆ هاوکاریی و هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنە ئێرانییە دۆستەکان. لەم پەسەندکراوەدا بە ڕاشکاوی بوترێت: کۆنگرە تاکە نوێنەری کوردستانە و هیچ لایەنێکی سیاسی کوردستان بۆی نیە لەسەر چارەنووسی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەنیا لەگەڵ ئەم و ئەو لایەن یان دەوڵەتی سبەی ئێران وتووێژ بکات. 

٥) هێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسیەکان بکرێتە یەک هێز، هێزێکی نیشتمانیی ناحیزبیی و دەست بکرێت بە پەروەردەیەکی سەردەمییانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. ئەمە هەم مەترسیی بەریەککەوتنی چەکدارانەی ناوخۆیی کەم دەکاتەوە و هەم بۆ ناوەوەی کوردستانیش ورەبەخش و وزەبەخش دەبێت. 

٦) هەوڵ بدرێت بە هاوکاریی هەموو لایەنەکان و بە پشتگیریی خەڵکی خۆمان تەلەڤیزیۆنێکی شیاو دابمەزرێندرێت بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی ڕۆهەڵاتی کوردستان بە ناوەوە و بە ئێران و دەرەوەی وڵاتیش. کەناڵێک کە دەنگی هەموومان بێت. 

ب / لە ئێران و دەرەوەی وڵات: 

مێژووی خوێنینی ئێران و ئەزموونی خۆمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەزموونی گەلانی تریش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە لایەنە ڕاستڕەوەکانی نەتەوەی سەردەست لە دژی یەکسانیی و مافی دیارییکردنی چارەنووسی نەتەوەکانن. بەتایبەتییش لایەنە توندئاژۆکانی بەرەی ڕاست هەتا بۆیان بلوێت مافی دیارییکردنی چارەنووسی تاکیش سنووردار دەکەنەوە و لەگەڵ مافەکانی ژنان، کرێکاران، چەوساوەکان و دادپەروەرییشدا ناکۆکن.  

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان خۆمان لە بەرەی چەوساوەکاندا دەبینینەوە و لایەنێکی سیاسیین بۆ چەسپاندنی ئەوپەڕی یەکسانیی و دادپەروەریی، بۆیە لە ئاستی کوردستان و ئێران و جیهانی دەرەوەشدا خۆمان لە بەرەی ئەو لایەن و بزووتنەوانەدا دەبینینەوە کە بۆ ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەریی تێدەکۆشن. ڕاستە کە کوردستانی ئێمەش وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تر خاوەنی چین و توێژی جۆراوجۆر و لایەنی سیاسی ڕەنگاوڕەنگ و چەپ و ڕاستە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە نەتەوە سەردەستەکان جیا دەکاتەوە زیاتر ئەوەیە، کە نەتەوەی بندەست بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، بە لایەنی سیاسی چەپ و ڕاستیشیەوە، لە لایەن ناسیۆنالیزمی نەتەوەی باندەستەوە بە چاوی دوژمن سەیری دەکرێت. بۆیە داوا و چاوەڕوانیی ئێمە بۆ یەکێتیی و هاوخەباتیی هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بەستێنێکی ڕیالیستییە. بێگومان لە کوردستانیش دەکرێ هاوپەیمانییە ناوخۆییە ڕاست و چەپەکانیشمان هەبن، بەڵام لە دژی داگیرکەر، لە دژی دوژمنی هاوبەش پێویستە هەموومان لە بەرەیەکی یەکگرتوودا خۆمان ڕێک بخەین. 

ئاشکرایە کە لە ئاستی ئێراندا دوژمنی نەتەوە بندەستەکان هەر کۆماری ئیسلامیی نیە. هیچ کام لە لایەنە ناسیۆنالیستییەکانی ئێران تەنانەت ئامادە نین دان بەوەدا بنێن، کە خەڵکی کوردستان مافی ئەوەیان هەبێت بیرکاریی و فیزیک و شیمی لە ورمێ و سنە و کرماشان و ئیلام بە کوردی بخوێنن، چ بگات بە داننان بە مافی دیارییکردنی چارەنووسی گەلێک. ئەوەتا ڕەزا پەهلەوی، شمشێرە ژەنگاویەکەی باوک و باپیری دیکتاتۆری لە خەڵکی کوردستان دەسوێت و دەڵێت: بەکار هێنانی وشەی نەتەوە بۆ کورد و بەلووچ و ئازەری و عەرەب و نەتەوەکانی تر بڤەیە و ئێران یەک نەتەوەیە و خاکێکی یەکپارچە. ئەوەتا ڕەزا پەهلەوییەک، کە خاوەن هیچ پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی نیە لە ئێران، لە لایەن مێدیای زلهێزە بەرژەوەندییخوازەکانەوە فووی تێ دەکرێ و زەق دەکرێتەوە و دەیانەوێت لە سبەی ڕۆژی ڕووخانی کۆماری ئیسلامییدا سواری شەپۆلی شۆڕش بێت و خومەینی ئاسا دەست بەسەر شۆڕشدا بگرێت و ڕێگەی باوک و باپیر و خومەینی و خامەنەیی درێژە پێ بدات و بە هێزە چەکدارەکانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی، هێرش بکاتەوە سەر کوردستان. ڕەزا پەهلەوی و سەرانی حیزبە فاشیستیەکەی ئێرانی نەوین و کۆی شاهوڵڵاهی و سەڵتەنەتخوازەکان ڕۆژانە بە ئاشکرا لە کەناڵە فارسییەکانی دەنگی ئەمریکا، بی بی سی، ئێران ئیتێرناسیۆنال، من و تۆ و کەناڵە فارسییەکانی تری خۆیانەوە، بە هێنانەگۆڕی مەترسیی جیابوونەوەی کوردستان دەیانەوێت، هێزی یەکگرتووی خەڵک تووشی پرژوبڵاویی بکەن. ئەم ڕەوتە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە وەلانانی حیزبەکان و هەروەها بە کەمپەینی شکستخواردووی “وەکالەتدان“ و چەواشەکارییەکانیان بەردەوام ئاویان کردۆتە ئاشی کۆماری ئیسلامییەوە. 

بەڕێزان! 

ئێمە لە ئاستی ئێراندا لایەنێکی سیاسیی بەرەی ڕاست شک نابەین ئامادە بێت دان بە مافە نەتەوایەتییەکانی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تری جوگرافیای ئێراندا بنێت، جگە لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق و شورای میللی موقاوەمەت، کە کاتی خۆی لەسەر کاغەز خودموختاریی بۆ کوردستان پەسەند کردووە. ئەوەی لە ئاستی ئێران و لە نێو لایەنە سیاسیەکانی ئێراندا بە دۆستی گەلی کورد و شۆڕشی ژینایان بزانین زیاتر ڕەوتە چەپەکانی ئێرانن، کە بەداخەوە زۆر پرژ و بڵاوون. هەندێک لەم ڕێکخراوانە، ئێران بە کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوەیی دەزانن و لایەنگری یەکسانیی مافی نەتەوەکانیشن. ڕێکخراوگەلێکی وەک چریکی ئەقەللیەت و ڕاهی کارگەر و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەو ڕێکخراوانەن. لایەنە چەپەکانی تری ناسراو بە ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکارییش پێشتر لە بەرنامەی خۆیاندا، ئامادیی خۆیان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی نەتەوایەتیی کورد و کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتیی دەربڕیوە. ئێمە پێمان وایە، کە ئەم ڕێکخراوانە بە هەر ڕەخنەیەک کە لەسەریان هەبێت، لە خانەی چەپ و یەکسانییخوازیی دان و پێویستە لەمڕۆ و سبەینیی ئێراندا، تا ئەو ڕۆژەی ئەمە هەڵسوێستیان بێت  بە هاوکار و هاوخەباتی خۆمانیان بزانین. 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەکات بۆ دانیشتنێکی هەرچی زووتر و بەریین بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئێستا و خۆئامادەکردن بۆ سبەینێ و گفتوگۆ لەسەر ئەو مژارانەی کە لە سەرەوە باسمان کردن. 

 داوامان ئەوەیە کات بە فیڕۆ نەدەین و هەرچی زووتر دەست بەکار بین. با هەموو ڕێکخراوە سیاسیەکان بۆ ئامادەبوون لەو گفتوگۆیانەدا پێشنیاری نووسراوی خۆیان ئامادە بکەن و بیهێننە سەر میزی گفتوگۆ. بەڵکو هەرچی زووتر دوای کۆبوونەوەگەلێکی سەرەتایی، هەنگاوی کردەیی بنێین بۆ بەستنی کۆنگرە یان بەرەی ژینای کوردستان. 

لەگەڵ ڕێز و سڵاوی هاوخەباتییماندا 

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان 

٢٩/١/٢٠٢٣