ئاوڕدانەوەیەک لەسەر بەرنامەی ڕەوتە سەرکییەکانی ئێران لە بەرامبەر داهاتووی ئێران بە گشتیی و کوردستان بەتایبەتیی! 

بەڵێن وەفایی
26-01-2023

دوابەدوای شۆڕشی ژینای کوردستان (شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی)، لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی، بەتایبەت موجاهیدینی خەڵق، سەڵتەنتەتخوازەکان، کۆمارییخوازەکان و چەپەکان سیاسەتی خۆیان لە بەرامبەر داهاتووی ئێران بە گشتیی و کوردستان بەتایبەتیی ڕوونتر کردەوە.  لێرەدا بە کورتی باسی هەڵوێستی ئەم سێ ڕەوتە دەکەین لە بابەت نەتەوە بندەستەکان لە ئێران و لە کوردستان تا بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان هەبێت لەبابەت ئەوەی کە هەڵوێستی کورد پێویستە چی و چۆن بێت سەبارەت بە هەڵوێستی ئەم ڕەوتانە.  

هەڵوێستی سەڵتەنەتخوازەکان و کوڕی دیکتاتۆی پێشووی ئێران  ڕەزا پەهلەوی لە بابەت نەتەوە چەوساوەکان لە ئێران: 

سەڵتەنەتخوازەکان کە ڕەزا پەهلەوی بە پێشەنگی خۆیان دەزانن، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینای کوردستان، باسی یەکگرتوویی و پێکەوە کارکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکانی چالاکی ئێران و هەروەها بە وتەی خۆیان "ئەقوامی ئێران"یان دەکرد بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانن ڕێژیم بڕووخێنن و لە ڕێفراندۆمێکی دوای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییدا، خەڵک خۆیان سیستەمی داهاتووی ئێران دیاری بکەن. دوو مانگێک دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا  و دوای ئەوەی کە نەیانتوانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ئێران و نوێنەرانی نەتەوەکانی تر بەرەیەکی هاوبەش پێک بێنن، پێشنیاری پێکهێنانی ڕێکەوتنێک لە لایەن کەسایەتیی و سێلێبریتییەکانیان هێنا ئارا و وتیان کە لایەنە سیاسییەکان با دوای ڕووخانی ڕێژیم بۆ دەسەڵات پێکەوە ڕکابەریی بکەن، بەڵام هەر کەس بێتە ناو ئەم ڕێکەوتنە، پێویستە بەم سێ مەرجەی ڕەزا پەهلەوەی ڕازیی بێت: ١. پاراستنی تەواویەتی ئەرزیی ئێران، ٢. دێموکراسی سێکۆلار، ٣. مافی مرۆڤ! 

ئەم بەرنامەی ڕەزا پەهلەوی بۆ وەلانانی لایەنە سیاسییەکان و دانانی ئەم مەرجانە دوای مشتومڕێکی دوو حەوتوویی لەسەر کاناڵە تەلەڤیزیۆنەکانی نزیک لە سەڵتەنەتخوازەکان (من و تو، ئێران ئینترناسیۆنال، بی بی سی فارسی و دەنگی فارسی ئامریکا) سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا و لەگەڵ ڕەخنەیەکی زۆری خەڵک و لایەنە سیاسییەکان ڕووبەڕوو بۆوە. ئەوجار بۆ ئەوەی سەڵتەنەتخوازەکان لە لایەنە سیاسییەکانی تر دوا نەکەون، حیزبێکی کۆنەپارێزیان بە ناوی ئێرانی نوێ (ایران نوین) ڕاگەیاند و لە بەرنامەکانی ئەم حیزبەشدا سێ مەرجەکەی ڕەزا پەهلەوییان بۆ گەلانی بندەست لە ئێران دووبارە کردەوە.  

دوای سەرنەگرتنی ئەم هەنگاوەشیان بابەتی "وەکالەتدان بە ڕەزا پەهلەوییان بۆ نوێنەرایەتیی خەڵکی ئێران بۆ وتووێژکردنی ناوبراو بە نوێنەرایەتیی یا بە وتەی خۆیان بۆ وەکالەتی هەموو خەڵکی ئێران لە ژێر ناوی"من وەکالەت دەدەم"  و هەروەها بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و ڕێبەرایەتیی بەرەی دژی ڕێژیم هێنایە گۆڕێ و لە هەمانکاتدا سێ مەرجەکەشیان بۆ هەر لایەنێک کە بیهەوێت لە ژێر چەتری ناوبراودا بێت، دووبارە کردەوە. کە دیتیان ئەم پیلانەشیان سەری نەگرت، ئەوجار لۆمپەن و ڕەگەزپەرەستەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە خۆپێشاندانەکان ڕاسپارد بۆ ئەوەی هەر کەس ڕەخنە لە هەراوهوریای وەکالەتدان بە ناوبراو بگرێت، بەر جوێن و بێڕیزیی بدەن و بە "تەجزییە تەڵەب" تاوانباری بکەن! ئەمان ئێستا بە ئاشکرا و ڕووهەڵماڵاوانە  لە کاناڵەکانیان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرش دەکەنە سەر هەر کەس و لایەنێک کە مەرجەکانی ڕەزا پەهلەوی و لۆمپەنەکانی پەسند نەبێ و هەڕەشەی لێ دەکەن کە دوای ڕووخانی ڕێژیم چارەسەری دەکەن، واتە لەناوی دەبەن! ئاشکرایە هەتا ئێستاش سەڵتەنەتخوازەکان و کوڕی دیکتاتۆری پێشوو هیچ مافێک بە نەتەوە چەوساوەکان لە ئێران ڕەوا نابینن و ئەوەی پێداگرییان لەسەر کردووە و دەیکەن، مەرجی واژۆکردنی پاراستنی تەواوییەتی ئەرزیی ئێران و پەسندکردنی وەکالەتی ڕەزا پەهلەوییە بۆ پێکهێنانی ڕێکەوتنێک لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. 

هەڵوێستی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق و ڕەوتی شوورای میللی موقاومەتی ئێران 

ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق و شوورای میللی موقاومەتی ئێران، سەرەڕای هەموو ڕەخنەیەک کە لە ڕابردووی ئەم ڕێکخراوە سەبارەت بە خەڵکی کوردستان گیراوە، لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناوە زیاتر لە جاران چەمکی"نەتەوە بندەستەکانی ئێران" (ملیتهای تحت ستم مضاعف) بەکار دێنن و لە بابەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێداگرییان لەسەر بڕیارنامەیەکی پەسندکراوی ڕابردوویان کردۆتەوە کە لە یەکێک لە خاڵەکانیدا پێداگریی دەکەنەوە لەسەر پەسەندکردنی  مافی خۆبەڕێوەبەریی کوردستان  "خودموختاریی بۆ کوردستانی ئێران". ئەوان بە پێچەوانەی لایەنە ناوەندگەراکانی تر دژایەتیی خۆیان لە چەند وتەیەکدا لە دژی هەر جۆر ڕەواییدانێک بە کوڕی دیکتاتۆری پێشووی ئێران دەربڕیوە و وتەیەکی ڕێبەرەکەیان مەسعوود ڕەجەوی دووبارە دەکەنەوە کە دەڵێت: نە شا و نە شێخ، خەتی سووری شۆرای میللیی موقاومەتی ئێرانن: "نه شاه، نه شیخ، خط قرمز شورای ملی مقاومت و مجاهدین، مرزبندی ملی و تاریخی ایرانیان در انقلاب دموکراتیک نوین. اصل پایه‌یی «نه شاه – نه شیخ» به‌معنی نفی هر گونه دیکتاتوری و وابستگی تنها سیاست ملی و میهنی برای ایران و ایرانی و ملیتهای تحت ستم مضاعف است. هر چیزی غیر از این فریب و غیرواقعی است. مسعود رجوی – ۲۰خرداد ۱۴۰۱" 

هەروەها ڕێکخراوی موجاهیدین  لە پەیامێکدا کە بە ناوی مەسعوود ڕەجەوییەوە بە بۆنەی دووی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە بڵاوی کردەوە دەڵێت: "کس نه‌لی کورد مردووه: کسی نگوید کرد مرده است. او زنده است. پیشمرگه و جان فدا هستند و جان فدا باقی خواهند ماند. به یاد قاضی محمد پیشوای کرد که با یارانش در ۱۰فروردین ۱۳۲۶ به دستور شاه خائن در مهاباد به دار آویخته شد. بقایای شاه و شیخ بدانند برچسب و تهدید کردن کرد ایرانی و پیشمرگان اثر ندارد. شعار تاریخی پیشمرگان و حزب دموکرات کردستان ایران را به‌رسمیت بشناسید: دموکراسی برای ایران، خودمختاری برای کردستان. مسعود رجوی - ۲ بهمن ۱۴۰۱" 

هەڵوێستی چەپەکانی ئێران  

ڕەوتە چەپەکان کە لە چەندین ڕێکخراو و گرووپی جیاواز و پرژوبڵاو پێک هاتوون، پێشتر بەشێکیان دانیان بە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان ناوە بەڵام دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، بەشێکیان بە پێچەوانەی ڕابردوو نەرمییان نواند بۆ ئەوەی لەگەڵ سەڵتەنەتخوازەکان و ڕەزا پەهلەوی بکەونە وتووێژ و لە کاناڵەکانی سەر بە سەڵتەنەتخوازەکان لەگەڵ کەسانی وەک شەریار ئاهی، عەلیڕەزا نووریزادە و حوجەت کەلاشی کەوتنە باس و خواسی پێکهێنانی بەرە بێ ئەوەی باسێک لە مافی دیارییکردنی چارەنووس بۆ گەلانی ژێر ستەم لە ئێران بێننە ئارا و لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان و بەتایبەت کرێکاران و زەحمەتکێشان چاوەڕوانییەکی زیاتریان لەوان هەبوو،  تەنانەت ئەوانەی ڕێبەرەکانیشیان کوردن، لە ئاست مەرجەکانی ڕەزا پەهلەوی و ئیمزاکردنی مەرجی تەواوییەتی ئەرزیی ئێران زۆر نەرم بوون و هیچ ئاماژەیەکیان بە مافی دیارییکردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی تری ئێران نەکردەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە پێویست بوو و چاوەڕوانیی ئەوە بوو کە لایەنە چەپەکانی ئێران نەک هەر ڕێکەوتن و کارکردن لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازەکان بە نەخێرێکی گەوەر وڵام بدەنەوە، بەڵکو هەر نەدەبوو هەرگیز ئەم لایەنە دواکەوتوو و فاشیستە وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە فەرمیی بناسن. جێی خۆشحاڵییە کە ئەم نەرمیینواندنەی ئەم بەشە لە چەپی ئێرانی و کوردستانیش لەگەڵ ڕەخنەی توندی ئەندامان و لایەنگرانیان ڕووبەڕوو بۆوە و پاشەکشەیان بەم هەڵوێستەیان کرد. 

کۆمارییخوازەکان و لایەنە ناوەندگەراکانی تر 

جگە لەم سێ لایەن و ڕەوتەی پێشتر باسیان لێوە کرا، لە ئێران کۆمەڵێک ڕێکخراو و حیزبی ناوەندگەرای تر هەن کە بەرچاوتریینەکانیان کۆماریخوازەکان لە چەند قەوارەیەکی جیاوازی وەک یەکێتیی کۆمارییخوازەکان، کۆمارییخوازانی سۆسیالدێموکرات، بەرەی میللی ئێران، پارتی چەپی ئێران و هتد هەن کە ئەم لایەنە سیاسییانە وێڕای پێداگریی لەسەر ئێرانێکی یەکگرتوو و سێکۆلار، پێداگریی لەسەر دێموکراسیی و پلۆرالیزم  دەکەنەوە و بۆ چارەسەرکردنی مافی نەتەوە چەوساوەکان لە ئێران، هەڵوێستێکی ناڕوونیان هەیە و بۆ داهاتووی ئێران زیاتر پێداگریی لەسەر گەلی ئێران و ئەقوامی ئێرانی، سێکۆلاریزم و دێموکراسی و هەروەها سیستەمێکی کۆماریی دەکەنەوە. شایانی باسە  ئەم لایەنانە لە دژی سەڵتەنەتخوازەزکان و ڕەزا پەهلەوی بۆ وەلانانی لایەنە سیاسییەکان و گێڕانەوەی سیستەمی ناوەندگەرای پاشایەتیی دژایەتییان ڕاگەنادووە و ئێرانیان وەک کۆمەڵگەیەکی فرەلایەن پێناسە کردووە. 

هەڵوێستی ئێمەی دەبێ لە بەرامبەر ئەم ڕەوتانە و ئەم دۆخەدا چۆن بێت؟ 

١. پێویستە کوردی ڕۆژهەڵات لە بەرە یا پلاتفۆرمێکی یەکگرتوودا خۆیان ڕێک بخەن و نوێنەرایەتییەک بۆ پێوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ئێرانیی و جیهانییەکان پێک بێنن. دەستەی نوێنەرایتیی کوردستان وێڕای وتووێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی، لەگەڵ نوێنەرایەتیی نەتەوە بندەستەکانیش لە ئێران لەسەر داهاتووی ئێران لە وتووێژ دا بێت. 

٢. لەگەڵ کوڕی دیکتاتۆری پێشوو و سەڵتەنەتخوازەکان هیچ وتووێژێک نەکرێت و هیچ ڕەوایەتییەکیان لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە پێ نەدرێت. ئاشکرایە ئەم لایەنە لە ڕابردوودا جیانەیتگەلێکی زۆریان دەرهەق بە کورد کردووە و بەتایبەتییش چەندیین سەرکردەی کوردیان لەسێدارە داوە یا تیرۆریان کردوون، لەوانەش پێشەوا قازی محەممەد و هەڤاڵەکانی، تیرۆری نەمران سمکۆی شکاک و سولەیمانی موعینی و ئاوارە و دەیان سەرکردە و ڕشتنی خوێنی هەزاران کوردی تری ڕۆژهەڵات و بەتاڵانبردن و داگیرکردنی کوردستان لە ماوەی دەسەڵاتی هەردوو دیکتاتۆرییەکانی ڕەزا و حەمەڕەزا پەهلەوی. پێویستە کورد بۆ سەڵتەنەتخوازەکان و بۆ ڕەزا پەهلەویش مەرجی هەبێت کە چۆن دەتوانێت بەشداری وتووێژەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بێت. کەمتریینی ئەم مەرجانەش بریتیین لە: یەکەم مەحکوومکردنی سیاسەتی داگیرکاریی و ملهوڕیی باوک و باپیری، واتە ڕەزا و حەمەڕەزای پەهلەوی، دووهەم گەڕاندنەوەی هەموو ئەو سەروەت و سامانەی کە دوای ڕوخانی حەمەڕەزای دیکتاتۆر لە خەڵکی ئێرانی بە تاڵان برد. سێیەم، بەڵینییدان بە دووپاتەنەکردنەوەی دیکتاتۆریی باوکی. چوارم، وەلانانی سیستەمی پاشایەتیی و بەشداربوون وەک هاووڵاتییەک لە ئاستی هەموو هاووڵاتییانی تر. ... 

 ٣. لەسەر مافی دیارییکردنی چارەنووس بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی ترلە ئێران وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ پێداگریی بکەن و ئەگەر خەڵکی کوردستان دەنگیان بە مانەوە لەگەڵ ئێران نەدا، مافی جیابوونەوەیان هەبێت. 

٤. ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەڵات دەنگ بە مانەوە لەگەڵ ئێران بدەن، پێویستە وێڕای بەفەرمییناسیینی ستاتۆیەک بۆ کوردستان چ لە سیستەمێکی فێدڕالی یان کۆنفێدرالییدا بێت، مافی ئەوەمان هەبێت کە ئەگەر لایەنی ناوەندگەرای ئێرانی ڕێکەوتنەکانی پێشێل کرد، ڕاپرسیی مانەوە یان نەمانەوە لەگەڵ ئێران لە کوردستان دووبارە بکرێتەوە. 

بێگومان دەکرێت زۆر خاڵی گرینگی تریش لەم خاڵانە زیاد بکرێن بەڵام بە ڕای من لە هەموویان گرینگتر کۆبوونەوە پێکهێنانی کۆنگرە یا بەرەیکە کە نوێنەنەرایەتیی هەموو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات. 

بە هیوای وەخەبەرهاتنی ناوەندی هاوکاری و ئەم حیزبانەی پێویستە هەست بە بەرپرسیارەتیی زیاتر بکەن! 

بەڵێن وەفایی 

٢٦/٠١/٢٠٢٣