شەهید موحەممەد ڕەحمانی ناسراو بە” موحەممەد نەڵاسی

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
05-12-2012

هاوڕێ موحەممەد ڕەحمانی ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی، (١٩٥٤)، لە گوندی نەڵاسی سەر بە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش دا لەدایک بوو. هاوڕێ موحەممەد لە تەمەنی حەوت ساڵی چۆتە قوتابخانە و تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندوویەتی بەڵام بەهۆی سەختیی ژیان و هەژاریی خێزانەکەی نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات و بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی وێڕای ئەندامانی بنەماڵەکەی دەستی بە کار کردوە.

ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، (١٩٧٨)،  ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە دژی ڕژیمی پاشایەتی دەستی پێکرد و لەم کاتەدا هاوڕێ موحەممەد ئەندامێکی چالاکی خۆپێشاندانەکانی شاری سەردەشت و دەوروبەری بوو. پاش ئەو سەردەمە بە مەبەستی درێژەدان بە خەبات، ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، (١٩٧٩)، پێوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت کرد و لە گەڵ هاوڕێیانی یەکسانی لەم ناوچەیە دەستی بە کاری سیاسی و پێشمەرگایەتی کرد٠

هاوڕێ موحەممەد بە هۆی ئەوەیکە بەر لە ژیانی پێشمەرگایەتی هەموو ژیانی لە ناو خەڵکی هەژارو کرێکار و زەحمەتکێش دا بردبۆ سەر و لەگەڵ ئێش و ئازارەکانیان دا ژیابوو، پێوەندییەکی قوڵی لەگەڵ خەڵکی ئەم ناوچانەدا هەبوو و لە هەموو شوێنێک زۆر بە ئاسانی دەیتوانی لە ناو دڵی خەڵکدا جێی خۆی بکاتەوە و کار و ئەرکە ڕێکخراوەییەکانی جێبەجێ بکات. شەهید موحەممەد زۆربەی کاتەکان هاوڕێ و هاوسەنگەری شەهید مامۆستا بێخەو بووە و بۆ کاری ڕێکخراوەیی بە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان دا گەڕاوە.

 هاوڕێ موحەممەد ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، (١٩٨٣)، لەگەڵ هاوڕێیانی یەکسانی چۆتە باشووری کوردستان و تا کاتی شەهیدبوونی وەک پێشمەرگەیەک کار و ئەرکە ڕێکخراوەییەکانی شێلگیرانە جێبەجێ کردوون.  زۆر بەداخەوە هاوڕێ موحەممەد لە ٢١/٤/١٣٧٠ی هەتاوی، (١٢/٠٦/١٩٩١)، بە هۆی تەقینەوەی مینی ڕژیمی بەعسی ئێڕاق لە چیای مامەندە لە پشت گوندی شێنێ شەهید بوو و دوای ١٢ ساڵ خەبات و ژیانی پێشمەرگایەتی، گیانی پاکی لەپێناو گەل و نیشتمانەکەیدا بەخشی٠

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی هاوڕێ موحەممەد ڕەحمانی و هەموو شەهیدانی ڕێگای یەکسانیی و سەربەخۆیی کوردستان

 کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

1391-09-15

2012-12-05