وڵامێک بۆ دوایین بابەتی بەڕێز کاک عەبدوڵڵای موهتەدی لە ژێر ناوی "‎ناوەندی هاوکاری هەڵنەوەشێنینەوە، پتەوتری کەین"

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
22-02-2023

وڵامێک بۆ دوایین بابەتی بەڕێز کاک عەبدوڵڵای موهتەدی لە ژێر ناوی "‎ناوەندی هاوکاری هەڵنەوەشێنینەوە، پتەوتری کەین"

دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕیکەوتی ٢٠/٠٢/٢٠٢٣ کاک عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بابەتێکدا باسی بەرزبوونەوەی دەنگەدەنگ و داوای هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی لە لایەن ڕەخنەگرانەوە کرد.

ئێمە زۆر ئاگاداری داوای هاڵوەشاندنەوەی ناوەندی هاوکاریی نیین بەڵام ئاگاداریین کە لەم دوو مانگی دوایی شۆڕشی ژینادا زۆر کەس ڕەخنەی لە ناوەندی هاوکاری و بەتایبەت بەرپرسانی سەرەکیی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و لە وتووێژەکانیان لەگەڵ کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی سەر وە سەڵتەنەتخوازەکان و ڕەزا پەهلەوەی گرتووە. لە ڕووانگەی ڕەخنەگرانەوە نەرمیینواندنی بەڕێزان مەهتەدی، عەزیزی و هیجری لەگەڵ ئەم کاناڵانە و ڕاشکاونەبوونیان لە داوا ڕەواکانی کورد و گرینگیینەدان بە پرسی یەکگرتوویی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕەخنانە بووە کە ئێستاش بەدەوامن.

دانیشتی بەڕێز موهتەدی لەگەڵ سەڵتەنەتخوازەکان و بەتایبەت بەشدارییان لە کۆبووونەوە هەشت نەفەرییەکەی زانکۆی جۆرج تاون لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی بۆ پێکهێنانی بەرە یا ڕێککەوتنێکی ئۆپۆزیسیۆنی دژی کۆماری ئیسلامی یەکێکی تر لەم بابەتانە بووە کە ڕەخنەی لێ گیراوە. کاک عەبدوڵڵا لەم بابەتی (ناوەندی هاوکاری هەڵنەوەشێنینەوە، پتەوتری کەین)دا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە بەرزبوونەوەی داوای هەندێ کەس بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی هاوکاری و بەرگری لە کارنامەی کاری خۆی لەم ماوەیەدا، هاوکات داوای پتەوترکردنی ناوەندی هاوکاری کرد. ئێمەش وەک ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆچوونی خۆمان لە ژێر بابەتەکەی بەڕێز موهتەدی نووسی و هاوکات بۆخۆشیمان نارد. 
بۆچوون و و پێشنیاری ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ بەڕێز موهتەدی :

بەڕێز کاک عەبدوڵڵای موهتەدی دەم باش!

ئاساییە کە هەر لایەن و تاکێکی نیشتمانپەروەر و یەکسانییخوازی کورد هەموو هەوڵی خۆی بدات کە کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی تر بە مافە ڕەواکانی خۆی بگات و بە پێی توانایی خۆی هەوڵ بدات سەری کورد لە کۆڕ و کۆمەڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەرز بکاتەوە.

لە هەمان کاتدا ئاساییە کە خەڵک بە گشتی و تاک و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی چاوەڕوانییان لە بەڕێزتان و ڕێبەری هەر حیزبێکی دیکەی ڕۆژهەڵات هەبێت کە دوای ئەم هەموو قوربانییدانەی کورد بەتایبەتییش لە شۆڕشی ژینادا، لە دانیشتن لەگەڵ هەر کەس و لایەنێکدا دەنگی دلێر بێت و لە ئاستی ئەم هەموو قوربانییدانەدا بەرگرییکارێکی شایستە بێت و شەرم لە کەس نەکات و بەرژەوەندیی خۆی و کەسی تریشی لە بەرژەوەندیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە بەلاوە بەنرختر نەبێت.

ئێمە پێمان وایە چ بەڕێزتان وچ کاک خالیدی عەزیزی و تەنانەت کاک مستەفای هیجریش، بێجگەلە ئەو وتووێژەی دوایی لەگەڵ بی بی سی، وەک پێویست لە بەرابەر سەڵتەنەتخوازەکان و حاشاکردنیان لە مافە نەتەوایەتییەکانی کورد نەهاتوونەتە دەنگ. زۆریینەی ڕەهای ڕەخنەگران بە ئێمەشەوە پێمان وایە کە ڕەزا پەهلەوی و لایەنگرەکانی دوو ئامانجیان هەیە لەم قۆناخەدا، ئەویش ئەوەیە کە یا دەست بەسەر ئەم شۆڕشەدا بگرن و بە پێوەرەکانی خۆیان لە قاڵبی بدەن، یا بە هاوکاریی ئیسلاحخوازەکانی ڕێژیم تێکی بدەن و شکستی پێ بێنن، کە لە ڕاستییدا لە هەردووکیان تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوونە و ئەگەر هەوڵی دژبەرانی ئەم ڕەوتە دواکەوتوو و فاشیستە نەبووایە، ئێستا ئەوان بە تەواوەتی سەرکەوتوو دەبوون.

بۆیە لە ئێوە و لە بەرپرسانی حدکاش چاوەڕوانی ئەوە بوو کە لەجێی خۆگونجاندن لەگەڵ لایەن و کەسانێک کە دژی هەموو مافێکی نەتەوەیی کورد و سەرجەم نەتەوە ستەملێکراوەکانن لە ئێران، هەوڵتان بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی و یەک گوتاریی کوردی ڕۆژهەڵات دابا و گوێتان لە ڕەخنە و داوای لایەنەکانی تر و هەروەها چالاکڤانانی ڕۆژهەڵات گرتبا کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی ژینادا بانگەوازێکی باش و هەوڵێکی پڕبایەخیان دا بەڵام بەداخەوە بە دەنگیانەوە نەهاتن. هەوەها ئێمەش وەک کۆمەڵەی یەکسانی بانگەوازێکمان بۆ ئێوە و هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵات نارد و بە ڕوونیی باسی ئەم دۆخە و ڕێکارە گونجاوەکانمان کردووە کە بەداخەوە لایەنی کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتیش تا ئێستاش لێی بێدەنگن.

بێگومان دۆخەکە هەستیارە بەڵام ئێستاش لەدەست نەچووە. مادام هەرچەند بە درەنگەوە بەڵام ئاوڕێکتان لە دواوە داوەتەوە و هەستتان بە مەترسیی لێکترازانی ناوەندی هاوکاریی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کردووە، فەرموون لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵات کۆبنەوە با بە هەموومان بزانیین کەوموو کووڕییەکان چیین و چۆن چارەسەر دەکرێن و دەبوو چیمان کردبا کە نەمان کردووە. بێگومان کۆمەڵە و حیزبی دێموکرات کە ئیمکاناتی زیاتریان هەبووە، بەرپرسایەتیی زیاتریشیان دەکەوێتە سەر شان. فەرموون وڵامی بانگەوازەکەی کۆمەڵەی یەکسانیی بدەنەوە بۆ یەکگرتوویی کە بێگومان خواستی زۆریینەی خەڵکی کوردستان و لایەنەکانی تریشە. ئێمە تەنیا یەکگرتوویی و یەکگوتاریی کوردمان دەوێت. ئاشکرایە ئەگەر هەڵسوکەوتی حدکا و کۆمەڵەی شۆڕشگێر لەگەڵ داخوازییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ یەکگرتوویی هەر بەم شێوەیە بێت کە تا ئێستا بووە، سەرکەوتنمان زۆر ئەستەم دەبێت و هێچکام لە ئێوەش ناتوانن لە بەرپرسیارەتیی ئەم دۆخە دەرباز بن.

لەگەڵ ڕێزماندا!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی