با لە ٨ی مارسی ژینادا سروودی یەکسانیی بچڕین، دەنگ هەڵبڕین: بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی و بێدادی! هەر بژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
05-03-2023
ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازی کوردستان!
ئەمساڵ لە کاتێکدا بەپیر ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنەوە دەچین، کە شۆڕشی مەزنی ژن، ژیان، ئازادی، بە پێشەنگایەتیی ژنان و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەش مانگە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی ئێرانیشی گرتۆتەوە و لە ئاستی جیهانییشدا لەگەڵ پێشوازییەکی گەرموگوڕی کەموێنەی مێژوویی ڕووبەڕوو بۆتەوە.
ئێمە ئەمساڵ لە کاتێکدا بەپیر ڕۆژی جیهانیی ژنەوە دەچین، کەوا خەریکە ڕۆژی ئازادیی هەڵدێت لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە، هەر خوێنێ شۆڕشگێرانمانە و ڕەنگی شەفەق و شەوق ئەداتەوە! ئەوەی کە تا ئێستا و لەم ئاستەدا نەدیتراو و نەبیسترابوو لە دیرۆکی میللەتا، ئەو شۆڕشە مەزنە یەکسانییخوازانەیە، کە وەک ڕێنسانسێکی نوێ بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت لە سۆنگەی ژیناکانمان، لە سایەی خەباتی نیکاکانمان، تەوارە سەربەرزەکانمان، کە هەمیشە سنگیان قەڵغانی گوللـە بووە لە شۆڕش و لە هێرش و هەڵمەتا.
ئەمساڵ ئێمە لە کاتێکدا بەپیر ڕۆژی جیهانیی ژنەوە دەچین، کە لەلایەکەوە شەقامەکانی کوردستان و بلووچستان و ئێران سوورن بە خوێنی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز و زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران پڕن لە هەزاران هەزار زیندانیی سیاسی و سێدارەکان چالاککراونەتەوە و تەنانەت منداڵان لە شەقام و کۆڵانان دەدرێنە بەر فیشەک و خوێندکارانی قوتابخانەکانی کچانیش لەلایەن ڕژیمەوە هێرشی سیستماتیکی شیمیاییان دەکرێتە سەر و لەلایەکی تریشەوە ڕژیمی ئیسلامیی پارێزەری ئاپارتایدی ڕەگەزیی، تووشی داڕمانێکی ئیدئۆلۆژیی، سیاسیی و ئابووریی قووڵ و چارەهەڵنەگر بووە و تەنانەت لە نێو ڕیفۆرمخوازە حکوومەتیەکانی دوێنێ و لە نێو بەکرێگیراوان و تفەنگچیەکانیشیدا پێگە و متمانەیەکی ئەوتۆی نەماوە و لە ئاستی جیهانییشدا خراوەتە پەراوێزەوە و ئەوەی متمانەی نێودەوڵەتیی بێ نەیماوە.
ئەمڕۆکە لە کاتێکدا بەپیر ڕۆژی جیهانیی ژنەوە دەچین، کە شۆڕشی ژینای هێمای ئازادیی و یەکسانیی، جێی هیوا و هومێدی ملیۆنان ملیۆن مرۆڤە لە ئاستی کوردستان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە لە ئاستی جیهانییشدا. ئامانجی ئەم ڕێنسانسە زۆر بەرین و گشتگیرە و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی وەک ڕژیمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزیی، هەنگاوی یەکەمیەتی.
ئێمە لە کاتێکدا بەپیر ڕۆژی جیهانیی ژنەوە دەچین، کە شۆڕشی ژینا هێندە گشتگیر و بەهێزە، کە ئەمڕۆکە بەشێک لە مۆرە سەرەکیەکانی باڵی ڕیفۆرمخوازی حکوومەتیی باس لە ڕیفراندۆم دەکەن و ڕەوتە پیاوسالار و دینیەکان و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێرانیی و تەنانەت فاشیستەکانی پاشاییخواز و پاشماوەکانی ڕژیمی حەمە ڕەزا شاش خۆیان پێوە هەڵواسیوە و بە یارمەتی دەمودەزگای زەبەللاحی مێدیاییان، کە لەلایەن زلهێزە ڕۆژاواییەکانەوە پشتگیریی دەکرێن، بۆ بەلاڕێدا بردنی شۆڕشی ژینا خەریکی ئاڵتەرناتیڤسازیین و سەرەڕای هەموو بوودەڵەیی و ڕیسوایی و بێهێزییەکیشیان، هەر لەمڕۆوە، شمشێرە دارینەکەی “یەکپارچەیی خاکی ئێران“ لە خەڵکی کوردستان هەڵدەسووڕێنن.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، ژنان و لاوانی پێشەنگی شۆڕشی ژینا!
ئێمە لە کاتێکدا بەپیر ڕۆژی جیهانیی ژنەوە دەچین، کە گەلی کوردستان لە سنە و سەقز و سابڵاخەوە تا کرماشان و ئیلام و لوڕستان، لە هەموو ڕۆژهەڵاتی وڵات گۆڕەپانی شۆڕشی لە دەستدایە و بە پێشەنگایەتی ژن، شۆڕشێکی یەکسانییخوازانەی مەزن ڕێبەرایەتیی دەکات کەچی لەم ساتە هەستیار وچارەنووسسازەدا، لەنێو لایەنە سیاسیەکانی کوردستاندا هێشتا ئەو کۆدەنگیی و هاوئاهەنگییە پێویستە نیە، کە بۆ ئەمڕۆ و بۆ ڕۆژانی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی و بۆ سبەینێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبوو هەبێت. تا ئێستا کۆنگرەیەک، بەرەیەک یان ناوەندێکی هاوکاریی ڕاستەقینە و قورسوقایم نیە بۆ ڕابەرایەتییکردنی شۆڕش، بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی داگیرکەر لە کوردستان و بۆ دانانی ستاریژییەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی سبەی ڕۆژی کوردستان.
ئاشکرایە کە یەکێتیی و ڕێکخراوبوون و کۆبوونەوە لە دەوری ستراتیژییەکی هاوبەش لە نانی شەویش پێویستترە بۆ گەلی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانیش. یەکەم وانەی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی ئەوەمان پێ دەڵێت، کە حیزبایەتیی نابێ بۆ حیزبایەتیی بکەین، پێشمەرگە چی دی نابێ پێشمەرگەی حیزب بێت و کوردستان نابێ بەسەر زۆنی حیزباندا دابەش بکرێت. لایەنەکان، هەموومان دەبێ لە بەرانبەر داگیرکەردا پێکەوە بین و هێز لە یەکێتییدایە و مست لە درێشە دەگەڕێتەوە. یەکەم وانەی شۆڕشی ١٣٥٧ ئەوەمان پێ دەڵێت، کە نابێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتی خۆمان سواڵی خودموختاری لەم و لەو بکەین. پێویستە هەرچی زووتر ئێمە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا یەکبگرینەوە و ڕاشکاوانە بە ئێران و هەموو جیهانی ڕابگەیەنین کە:
دیاریکردنی مافی چارەنووس مافی بێئەملاوئەولای گەلی کوردستان و هەموو ئەو گەلانەیە، کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا هەن و نکۆڵییان لێ دەکرێ و مافی نەتەوایەتییان پێشێل دەکرێت. ئەم مافە دەبێ لە یاسای بنەڕەتی دەوڵەتی ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامییدا ڕاشکاوانە بنووسرێت و بچەسپێندرێت. مەرجی کوردستان بۆ هاوکاریی و هاوپەیمانیی لەگەڵ هەر لایەنێکی ئێرانیی دەبێ ئەوە بێت، کە ڕاشکاوانە دان بە مافی چارەنووسی گەلی کورد و هەموو گەلانی بندەستی ئێراندا بنێت.
ژنان و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئێوە پێویست ناکات بۆ گەیاندنی کەشتی شۆڕش بە کەنارەکانی سەرکەوتن تەنها چاوتان لە یەکگرتوویی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بێت. یەکگرتووی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە گرەوی یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی بەربڵاوی خودی ئێوەدایە. ئێوە خۆتان ماک و ناوەند و چەقی یەکگرتووین لە شۆڕشی کوردستاندا و لە ڕێنسانسی ژینادا. ئێوە هەروا یەکگرتوو و ڕێکخراو بن، لایەنە سیاسیەکانیشمان یەکگرتوو دەبن. ئەوە ئێوەن کە دەبێ بەر لە هەمووان داڕێژەری بەرنامە بن بۆ سەرخستنی شۆڕش، بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانە لە کوردستان و بۆ پاراستنیشی. لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەجێی بەندوبەست لەگەڵ لایەنە ڕاستڕەو و کۆنەپەرستەکانی ئێرانیدا، پێویستە پشت بە هێزی لەبننەهاتووی ئێوە، ژنان و پیاوانی کوردستان ببەستین.
ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازی کوردستان و ئێران!
٨ی مارس ڕۆژی هاوخەباتی ژنانی جیهانتان پیرۆز بێت. کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هەمیشە هاوشان و هاوخەباتی ئێوە بووە بۆ چەپسپاندنی یەکسانیی و دادپەروەریی و هەر لە ڕیزی ئێوەشدا دەمێنێتەوە.
لە ساڵیادی ٨ی مارسدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ یادی گیانبەختکردووانی شۆڕشی کوردستان و لە پێشیانەوە هاوڕێ مەستوورەی شاسواریی، یەکەم ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ٤ی جۆزەردانی ١٣٥٩ بە دەستی جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی لە شاری سنە تیرباران کرا. لە ساڵیادی ٨ی مارسدا دروود دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو ژینا و نیکا و کۆمارەکانمان، کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لە کوردستان و هەموو ئێراندا سەری سەربەرزییان ناوەتەوە. دروود دەنێرین بۆ قارەمانەتیی هەموو ئەوانەی لە شەقام و لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامییدا خۆڕاگرییان نواندووە و ئەندامی لەشیان لەدەستداوە. دروود دەنێرین بۆ قارەمانەتیی و خۆڕاگریی دایک و باوکانی گیانبەختکردووانمان، لە پێشیانەوە دایک و باوکی بوێر و خۆڕاگری ژینای ئازیزمان و تاجە گوڵینەی شۆڕش دەنێینە سەر گڵکۆی یەکە بە یەکەی گوڵە پەڕپەڕبووەکانمان.
با لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا، لە ٨ی مارسی ژینادا، ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازی کوردستان و ئێران مارشی ملیۆنیی وەڕێ بخەین. با بانگی یەکسانیی و درووشمی ژن، ژیان، ئازادی لە سەرتاسەری ئێراندا دەنگ بداتەوە و ڕژیمی ئاپارتایدی ئیسلامیی چەند هەنگاوێکی تر لە ڕووخان و نەمان نزیک بکەینەوە!
بژی ٨ی مارس، ڕۆژی هاوخەباتیی ژنانی جیهان لە دژی سەتەم و زۆرداریی!
بژی شۆڕشی ژینا، شۆڕشی کوردستان بۆ چەسپاندنی یەکسانیی و مافی چارەنووس!
بڕوخێ کۆماری ئیسلامی ئێران!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٥ی مارسی ٢٠٢٣
١٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢