هاوڕێ محەمەد مێهدی زالیە، درێژماوەترین زیندانیی سیاسیی کورد!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
08-12-2022

 

محەمەد مێهدی زالیە، لاوێکی تێکۆشەر و ماندوویینەناسی خەڵکی شاری سنە بوو کە لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی (١٩٩١ی زایینی)  هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان. هاوڕێ محەمەد پەروەردەی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و تێکۆشەر بوو کە بەهۆی هەستکردن بە ژێردەستەیی و چەوسانەوەی نەتەوەکەی هاتبۆ ڕیزی هاوسەنگەرانی لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان. هاوڕێ محەمەد دوای تەواوکردنی دەورەکانی سیاسی و تەشکیلاتی لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی (١٩٩٢ی زایینی) چەندین جار وەک کەسێکی هەڵسووڕ و چالاک چۆوە ناوخۆی وڵات کە بەداخەوە لە یەکێک لە چالاکییەکانی لە کاتی بەدواداچوونی ئەرکێکی سیاسیی یەکسانی لەناوچەی سەردەشت، کەوتە کەمینی پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەدیل گیرا.

هاوڕێ محەمەد دوای دەسبەسەرکرانی بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سەردەشت دەبردرێت و دوای ماوەیەک لێپرسینەوە و شکەنجە دەیبەن بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی مەهاباد و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەم گرتووخانەیە لەگەڵ شکەنجە و ئازاری بەرپرسانی ئیتلاعاتی مەهاباد بەرەوڕوو دەبێت. محەمەد دوای خۆڕاگرییەکی کەموێنە لە زیندانەکانی تاکەکەسی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد، لە ٢٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی (١٢/٠٦/١٩٩٤)  بۆ زیندانی ورمێ بەڕێکرا و لە لایەن "جەلیل زادە" بەرپرسی شوعبەی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا بەڵام بۆ ماوەێ ٨ ساڵ لە زیندانی ورمێ چاوەڕێی بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام بوو و دوای ئەو ماوە دوورودرێژە، واتە لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی (٢٠٠٧)، حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕا و پاشان بۆ زیندانی ڕەجاییشاری کەرەج دوور خرایەوە.

 هاوڕێ محەمەد بەهۆی بەردەوامیی فشار و شکەنجەکانی بەرپرسانی زیندانەکان، بەتایبەت لە زیندانی ڕەجاییشاری کەرەج تووشی نەخۆشیی جەستەیی و بەتایبەت نەخۆشیی ڕیخۆڵە بوو و بەهۆی خۆڕاگرییەکەیەوە بە دەستووری بەرپرسانی ئیتلاعاتی زیندانی ڕەجاییشار لە چارەسەریی پزیشکی بێبەش کرا و ئەم بێبەشکرانە تا چەند ڕۆژ بەر لە گیان لەدەستدانی درێژەی هەبوو تا لە ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩١ی هەتاوی ( ٠٥/٠٦/٢٠١٢ی زایینی)  دوای ٢١ ساڵ زیندانی، شکەنجە و خۆڕاگریی، گیانی پاکی فیدای ڕزگاریی و یەکسانیی گەلەکەی کرد.

نەمر محەمەد مێهدی زالیە لە ماوی ٢١ ساڵ زیندانیکرانیدا هەرگیز چۆکی بۆ ویستەکانی شکەنجەگەرانی کۆماری ئیسلامی دانەدا و هەر بەم هۆیەشەوە، سەرەڕای ئەو ماوە دوور و درێژەی زیندانییکرانی، هیچکات ئیزنی چوونەوەی کاتیی بۆ ماڵ "مەرەخەسی" پێ نەدرا (ئیزنێک کە بە زۆر یەک لە زیندانیانی درێژخایەن دەدرێت). بەڵام لەکاتێکدا کە بنەماڵە و کەسوکاری هاوڕێ محەمەد دوای ٢١ ساڵ زیندانیی ڕۆڵەکەیان چاوەڕوانی شکانی حوکمەکەی و ڕێگەدان بە چارەسەریی نەخۆشییەکەی بوون، بەرپرسانی زیندانی ڕەجاییشاری کەرەج، بە شێوەیەکی گوماناوی، هەواڵی مەرگی هاوڕێ محەمەدیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند و بەم شێوەیە هاوڕێ محەمەدی زالیە دوای ماوەیەکی زۆر خۆڕاگری و بەرخۆدان لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا، گیانی سپارد.

هاوڕێ محەمەد پێشمەرگەیەکی بەبیروباوەڕ، دڵسۆز، نەترس و فیداکاری گەلەکەی بوو کە لە ماوەی پێشمەرگایەتیی لە کۆمەڵەی یەکسانییدا هەر دەم ئامادەی بەڕێوەبردنی کار و ئەرکەکانی یەکسانیی بوو و لە هیچ ئەرکێک خۆی نەدەبوار و هەر کارێک کە پێیان سپاردبا، بە ڕێکوپێکی و بێ دوودڵی جێبەجێی دەکرد. بێگومان یادی هاوڕێ محەمەد بۆ هەمیشە لە دڵی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانییدا دەمێنێتەوە و خۆڕاگریی و فیداکارییەکانی دەبنە نموونە بۆ لاوانی بەبیروباوەڕی کوردستان.

بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕیی نەمر محەمەد مێهدی زالیە و هەموو تێکۆشەرانی خۆڕاگری گەلەکەمان!

سەرشۆڕیی و نەمان بۆ شکەنجەگەران، دوژمنانی ئازادی و پێشێلکەرانی مافی گەلان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

١٥/٠٣/٢٧١٣ی کوردی

٠٥/٠٦/٢٠١٣ی زایینی