هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان سەبارەت بە "مەنشووری مەهسا"
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
12-03-2023
دوێنێ سەرەنجام مەنشوورە چاوبەستانەکەی ڕەزا پەهلەوی بڵاوکرایەوە کە مەبەستە سەرەکییەکەی دەست بەسەرداگرتنی شۆڕشی ژینا و لەبەنددا هێشتنەوەی نەتەوە بندەستەکان و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی بنەماڵەی پەهلەوییە.
ئەم مەنشوورە کە لە لایەن ڕەزا پەهلەوی و عەبدوڵڵا موهتەدی و شیرین عەبادی و حامیدی ئیسماعلیون و نازەنین بونیادی و مەسیحی عەلینژادەوە واژۆکراوە، بەر لە هەموو شتێک لە شوێن ناوی ژینا، ناوی (مەهسا)ی لێ نراوە و خۆشی لە داننان بە وڵاتی ئێران وەک وڵاتێکی فرە نەتەوە کە ئەم نەتەوانە بە دەیان ساڵ لە لایەن هەر دوو ڕێژیمی پاشایەتی و خومەینییەوە چەوسێنراونەتەوە و ئێستا مافی دیارییکردنی چارەنووسیان هەیە، بوواردووە.
ڕەزا پەهلەوەی و لایەنگرانی گەڕانەوەی ڕژیمی پێشوو و خێڵی فاشیستی ئێرانیی مەیلی خۆیانە چ دەنووسن و ئەرکی سەر شانیشیانە وەک بەرەی دژی شۆڕش هەر پلانێک لە دژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دابڕێژن و درێژەدەری تاوانەکانی ڕەزا شا و حەمە ڕەزا شا بن، بەڵام چاوەڕوان نەدەکرا کەسایەتییەکی سیاسیی ناو شۆڕشی کوردستان چ وەک کورد و چ وەک زیندانییەکی ڕژیمەکەی باوکی ڕەزا پەهلەوەی چ وەک سەرۆکی حیزبێک لە کوردستان بە ناوی کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە بەرەی ڕەزا پەهلەوییدا بەشداریی بکات کە هەموومان مێژووی دڕاندایەتیی باوک و باپیری لە دژی کوردی ڕۆژهەڵات و نەتەوە بندەستەکانی ئێران دەزانیین.
گەلی کوردستان قوربانی زۆری داوە لە پێناو سەروەریی خۆی و گرتنە دەستی مافی چارەنووسی خۆیدا و بە درێژەدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و یەکسانییدا هەموو ئەو پلانە نەگریسانە پووچەڵ دەکاتەوە، کە لەلایەن دارودەستەی ڕەزا پەهلەوی و دەوروبەریەوە داڕێژراون.
لە مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانەکانییدا هاتووە:
“بۆ گەیشتن بە ئێرانی ئازاد و دێموکراتیک و تێپەڕاندنی کۆماری ئیسلامیی هاوپشتیی و خۆڕێکخستن و خەباتمان پێویستە“! گەلۆ دەکرێت بە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ ڕەوتی بکوژانی پێشەوا قازی و ئەوانەی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجانیان کۆکوژیی کردن و ئەوانەی خەڵکی لوڕ و بەلووچ و کاسپییەن و عەرەبی ئێرانیان خەڵتانی خوێن و تاڵان کردوون، دەوڵەتێکی دێموکراتیک لە ئێران بنیات بنرێت؟
لەم مەنشوورەدا هەروها هاتووە:
“ئەم مەنشوورە لە سەرەتادا پێداگریی لەسەر چالاکیەکانی دەرەوەی وڵات دەکات تا زەمینەی بەشداریی چالاکانەی هەڵسووڕاوانی ناوخۆی وڵات دابین بکات“. هەروەها دەڵێت:“ پەراوێزخستنی کۆماری ئیسلامیی لە دەرەوەی وڵات یەکەم هەنگاوی پێویستە بۆ گۆڕین و لەسەر ئەم داخوازیانە پێداگریی دەکەن: بۆ گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامیی تا واز لە لەداردان بێنێ و زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات.“ وەک ئەوەی بڵێی ڕژیمی پێشووی ئێران دژی ئیعدام بووبێت، خەڵکی کەم لەدار دابێت و بە هەزاران زیندانیی سیاسییش بە هێزی شۆڕشی ساڵی ٥٧ لە زیندانی باوکی ڕەزادا نەهێندرابێتەوە دەرەوە!
یەکێک لە ئامانجە ڕاگەندراوەکانی ئەم مەنشوورە مەنفوورە بەندوبەست و مامەڵەیە لەگەڵ دەوڵەتانی بەناو دێموکراتیک. چاوبەستن و بەندوبەستی لەسەرەوەیە بۆ بادانی فەرمانی ماشێنی شۆڕش لەسەر شەقامی پاسە خۆڕاییە خەیاڵییەکەی ڕەزا پەهلەویی. مەنشوورە مەنفوورەکە دەڵێت: لە هەنگاوی دواتردا بوار بۆ چالاکوانانی ناوەوەی وڵات دابین دەکرێت بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک و “میللی“ و سکۆلار.“
لە خاڵی یەکەمی مەنشوورە کەدا نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە قەوم ناوزەد کراوون و لە خاڵی دووەمدا پێداگریی کراوە لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێران. واتە تۆ نەتەوە نیت، شایانی سەروەریی نیت، تۆ هیچ نیت جگە لە قەومێکی گوێڕایەڵی بەگ و شا. لە لاڕستەیەکی ئەم خاڵەدا ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی پارێزگا و شار و ناحیەکان بۆیان هەیە لەڕێگەی نوێنەرانی خۆیانەوە کاروباری دارایی و بەڕێوەبەریی خۆیان ڕاپەڕێنن. ئەمەش قڕانێکی قەڵبی شاهیی نایەنێت و لە خودگەردانیەکەی خومەینیش بێ بەهاترە.
مەنشووری پەهلەوی بەڵێنیی دەدات، کە سوپای پاسداران لە ئەرتەشی ئێراندا ئینتگرە دەکرێت، ئەویش بۆ پاراستی یەکپارچەیی خاکی ئێرانی شا و ستەم. لەو شوێنە کە ئاماژە بە زمانە زگماکەکان دەکات، مەنشوورەکە خۆی لەوە پاراستووە دان بەوەدا بنێت کە ئاخێوەرانی نەتەوە بندەستەکان بۆیان هەبێت بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن.
ئێمە نەک هەر مەنشووری ڕەزا پەهلەوی ڕەد دەکەینەوە بەڵکو هاوکاریی لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و فاشستە ئێرانییەکانی دوروبەریشی بە لادان و دوورکەوتنەوە لە شۆڕشی کوردستان و ئامانجەکانی دەزانیین و پێمان وایە نابێت هیچ کوردێک پەیوەست بێت بەو بەرەی دژی شۆڕشە. ئێمە ئەو مەنشوورە ڕەد دەکەینەوە بە قورسایی ڕەدکردنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتیی و دیکتاتۆریی پێشوو. ئەمە مەنشووری لەبەنددا ڕاگرتنی نەتەوە بندەستەکانە لە ژێر چەکمەی ناسیۆنالیزمی فارسدا، کە دەمامکی ئێرانچیێتیی بەستووە و بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران تەنانەت حاشا لە قەومبوونی خۆشی دەکات. هاوکات هەموو پلان و پەیمانێک ڕەد دەکەینەوە کە لە سەرەوە و دوور لە چاوی خەڵک و بۆ قۆڕخکردنی دەسەڵاتی سبەینێی ئێران و دەڤەرەکە داڕێژرابێت و ڕابەری دیفاکتۆ بە ڕابەر نازانین.
دیاریکردنی مافی چارەنووس، مافی بێ ئەملاولای خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو گەلانەیە، کە لەژێر دەسەڵاتی فاشیزمی ئێرانیدا مێژوویێکە ستەمی نەتەوایەتییان لێ دەکرێت و مافی نەتەوایەتییان پێشێل دەکرێت. مافی دیاریکردنی چارەنووس تەنها ئەوە نیە جارێک لە ڕیفڕاندۆمێکدا دەنگت لێ وەرگرن، کە سەربەخۆییت دەوێت یان مانەوە لە ئێرانی بندەستییەکاندا، بەڵکو ئەم مافە مافێکی هەمیشەییە و پرسی کوردستان دەبێ لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی ئازادەوە، کە لە کوردستان بەڕێوە بچێت یەکلا بکرێتەوە. هەر بۆیەش هیچ کەس و لایەنێک بۆی نیە بە سازانی تاکەکەسیی و یەکلایەنە بچێتە هیچ بەرەیەکەوە کە ئەم مافەی خەڵکی کورد بە فەرمیی نەناسێت. هەروەها پێمان وایە لە هەر دانیشت و سازانێکدا پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە تەنانەت لە ئەگەری دەنگدانی خەڵکی کوردستان بە مانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا، دەوڵەتێکی خۆجێی و خۆبەڕێوەبەر بۆ کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دانی پێدا بنرێت و بە فەرمی بناسرێت.
لە کۆتاییدا داوای ئێمە لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە لە جێی پتەوکردنی ئەم بەرەو پلاتفۆرمانە کە باوەڕیان بە مافەکانی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران نییە، با سەرەتا بەرە یا پێکهێنانی کۆنگرە یان بەرەی ژینای کوردستان بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێنیین. پلاتفۆڕمێکی گشتگیرکە نوێنەرایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات لە دەرەوەی کوردستان بۆ پێیوەندیی و دیالۆگ لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان و دەرەوەی وڵاتیش.
دەکرێ گەڵاڵە یان پەسەندکراوێک بە واژۆی کۆنگرە بگەیەندرێت، کە تیایدا چوارچێوەیەک بۆ پێیوەندیی و هاوکاریی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان دیار بکرێت. چوارچێوەیەک، کە تیایدا داخوازییەکان و پێشمەرجەکانی کۆنگرەی تێدا بگونجێندرێت بۆ هاوکاریی و هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنە ئێرانییە دۆستەکان. لەم پەسەندکراوەدا بە ڕاشکاوی بوترێت: کۆنگرە تاکە نوێنەری کوردستانە و هیچ لایەنێکی سیاسی کوردستان بۆی نیە لەسەر چارەنووسی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەنیا لەگەڵ ئەم و ئەو لایەن یان دەوڵەتی سبەی ئێران وتووێژ بکات.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لەپێناو ئازادی و یەکسانی!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢
١٠/٣/٢٠٢٣