لە ٣٥مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا هاوبەشی خەمی هەموو کوردستانین! 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان 
15-03-2023

 

ئەمڕۆ ساڵیادی یەکێک لە بەژانترین ڕووداوە تراژیدییەکانی دیرۆکی پڕئازاری گەلی کوردە، ڕۆژی بۆردومانی شیمیایی هەڵەبجە و شارەزوور، ڕۆژی کۆکوژیی زیاتر لە ٥٠٠٠ سیڤیلی هەڵەبجە و ٧٢ پێشمەرگەی گوردانی شوانی کۆمەڵە و برینداربوونی هەزاران سیڤیل و خاپووربوونی شارێک و وێرانبوونی ژینگەکی پان و بەرینە لە باشووری کوردستان. 

لە کۆتاییەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراقدا، شەڕێک، کە ٨ ساڵی خایاند ونزیکەی میلیۆنێک مرۆڤی تێدا بووە قوربانیی، کۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕەپانی شەڕەکەی گواستەوە بۆ کوردستان تا بەم شێوەیە بتوانێت ئاگری شەڕەکە ئاوقای کوردستان بکات و زەبرێکی کوشندەش لە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات، کە لە دەڤەرەکە بوون. بەداخەوە بەشداریی لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان لەو شەڕەدا و هاوکارییان لەگەڵ سوپاسی کۆماری ئیسلامیی بیانووی دایە دەست ڕژیمی فاشیستیی عێراق تا بێپەروایانە و بە بەرچاوی دنیای بەناو دێموکراسیەوە چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی سیڤیل بەکار بێنێت. 

کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی وەک پڕوپاگەندەی جەنگیی، ئەو کاتە کۆمەڵێک ڤیدیۆی بۆردومانەکەیان بڵاوکردەوە، بەڵام لەو سەردەمەدا کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی، دەوڵەتان و دەمودەزگای ڕاگەیاندنیان کەموزۆر مرتەقیان لێ نەهات. ڕژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەندێ ڤیدیۆی بۆردومانەکە لەلایەکەوە ویستی زۆرلێکراویی / ستەمدیدەیی خۆی نیشان بدات و ڕژیمی فاشیستیی عێراق لەقاو بدات و لەلایەکی تریشەوە ویستی وا بنوێنێ، کە یارمەتی خەڵکی هەڵەبجەی داوە و بە هانایانەوە چووە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە شاهیدحاڵەکان ئەوەمان پێ دەڵێن، کە هێزەکانی سوپای ئێران بەسەر لاشەی گیانبەختکردوواندا بازبازێنیان بوو بۆ دەرهێنانی ئەنگوستیلە و گوارەی گیانبەختکردووان و بەتاڵانبردنی دارایی خەڵکی ئاوارە و ماڵوێران. 

بە دوای بۆردومانی کیمیایی هەڵبجەدا و دوای چاونووقاندن و بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و زلهێزەکانی دیکە، ڕژیمی فاشیستیی عێراق بە دەستوباڵێکی ئاوەڵاترەوە لە سەردەشت و شێخوەسانان و گۆپتەپە و زۆر شوێنی تری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکی کیمیایی بەکار هێنا و تەنانەت لە کیمیاباراندا دەستی لە بارەگاکانی کۆمەڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نەدەپاراست. 

خەڵکی کوردستانی خۆڕاگر! 

ئێمە پێمان وایە، کە هۆکار و سەرچاوەی زۆرێک لەو برینە ساڕێژنەکراوانەی وەک هەڵەبجە، برینگەلی وەک بۆردومانی کیمیایی شاری سەردەشت و کۆکوژییەکەی دەرسیم و قاڕنا و قەڵاتان و ئەنفالەکانی بەعس و ڕۆبۆسکی و هتد لە پلەی یەکەمدا دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکرانی کوردستان و لاوازیی پێگەی گەلی کورد لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و نەبوونی سەروەریی سیاسیی فەرمیی و نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی لە ئاستی جیهانییدا.  

تا ئەو کاتەی کوردستان خاوەن سەروەریی نیشتمانیی خۆی نەبێت و پێخوستی داگیرکەران بێت هەروا جێی تەراتێن و ڕمبازێنی داگیرکەران و جەنگ و کۆکوژییەکان دەبێت. نەتەوەیەک ئەمە پێگەی بێت، لە کۆمەڵگەی جیهانییدا هیچ پارێزبەندییەکی نابێت و کەس ئاوڕێکی وەهای لێناداتەوە.  

بۆ کۆتاییهێنان بە برینە زنجیرەییەکان، بۆ کۆتاییهێنان بە برینە بێکۆتاییەکان و بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی نەتەوایەتیی، گەورەترین هێز، هێزی خەڵکی کوردستان خۆیەتی. بێگومان ئەو هێزە کاتێک ئەو سەنگەی دەبێت، کە  خەڵکی کوردستان وشیارانە و یەکگرتووانە و ڕێکخراو بەرگری لە سەروەریی و سەربەرزیی خۆیان بکەن. 

برینی هەڵەبجە برینی هەموو کوردستانە و برینی کوردستانی تەنیایە. ئەم برینە دەبوو برینی هەموو مرۆڤایەتیی بووایە، بەڵام بەداخەوە هومانیزمیش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا کاڵایەکە کڕیارێکی وەهای نییە. کاپیتالیزم کارگای پەرەپێدانی شەڕ و داگیرکاریی و هەڵاواردن و تاڵانوبڕۆ و بێڕەوشتییەکانە. 

لە یادی ١٦/٣ /١٩٨٨دا هاوبەشی خەمی هەڵەبجە و کۆمەڵە و هەموو خەڵکی کوردستانین. 

نا بۆ کۆمەڵکوژیی و داگیرکاریی و فاشیزم! 

بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و یەکسانیی!  

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان 

٢٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ 

١٥/٣/٢٠٢٣