پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی نەورۆزی ژیناوە
یەکسانی
18-03-2023
خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان!
خەڵکی هاوخەباتمان لە بلووچستان و ئازەربایجان و خوزستان و هەموو ئێران!
ژنان و لاوانی یەکسانییخوازی پێشەنگی شۆڕشی ژینا!
خانەوادە سەربەرزەکانی ئازیزانی گیانبەختکردوومان!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی هاتنی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکات و تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر گڵکۆی هەموو ئەو ئازیزانە دادەنێت، کە لە شۆڕشی کوردستاندا، لە شۆڕشی ژینادا و لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانییدا گیانیان بەخت کردووە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا بەپیر نەورۆزی شۆڕشەوە دەچین، کە ئاگرە سوورەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کوردستانی ڕووناک کردۆتەوە و گۆڕەپانی شۆڕش لە ئاستی ئێرانیشدا فراوانتر بۆتەوە و نەورۆزی ژینا، مژدەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی بە گوێی هەموواندا داوە. لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ئەم دواییەی ناوەندە کرێکارییەکان و خانەنشینان و مامۆستایان و لە مەنشووری ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکاندا و هەروەها لە چوارشەممەسوورییەکاندا بینیمان، کە شۆڕشەکەمان هەر هاتووە و گشتگیرتر بۆتەوە و ئەمڕۆکە بەشدارانی شۆڕش تەنها ژنان و لاوان و خوێندکارانی زانکۆکان و بازاڕییەکان نین.
ئەمڕۆکانە خۆشبەختانە لە ناوخۆی وڵات، خەڵک لە بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری سێدارەدا خاوەن ئەزموونێکی زیاترە و وردبینانەتر و وشیارانەتر لە جاران ڕووەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت و لە ناو ڕێزەکانی خەڵکی ڕاپەڕیودا ئەو ڕەوتە کۆنەپەرست و فاشیستانەی، کە لە دەرەوەی وڵات مرخیان لە شۆڕش خۆش کردووە و هەوڵیانە لە ڕێگەی مێدیا و بەندوبەستی ژێربەژێرەوە سواری شەپۆلی شۆڕش بن و خەڵک بنێرنە ماڵەوە، دەنگ و ڕەنگ و سەنگێکی نییە و ئەوەی لەسەر شەقامەکان دەبیندرێ و دەبیسترێ هەر بانگی ئازادیخوازیی و یەکسانییخوازییە و خەڵکی ڕۆژهەڵات بە پێچەوانەی ئەو حیزب و سیاسەتمەدارانەی، کە لە لایەنە کۆنەپەرستە ئێرانییەکان سواڵی کورسی دەکەن، هاودەنگ و هاوشانی نەتەوەکانی تر قارەمانانە و لێبڕاوانە بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێن.
ئەزموونی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان و ئەزموونی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەوەمان پێ دەڵێن، کە لە سبەی ڕۆژی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی داگیرکەردا پێویستە خەڵکی کوردستان، ژنان و لاوان و کرێکاران و هەژاران دەست بە جێ دەست بەکار بن بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی جەماوەریی و ڕێگە نەدەن وەک باشووری کوردستان هێزی سەربازیی و ڕێکخراوەیی حیزبەکان دەسەڵات بۆ خۆیان تاپۆ بکەن و خەونەکانی خەڵک بە بادا بدەن.
پێشەنگانی شۆڕشی ژینا، کۆمەڵانی کرێکار و ڕەنجدەری ڕاپەڕیو لە ناوەوەی کوردستان!
ئەمڕۆکە لە کوردستان و ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی دۆخێکی شۆڕشگێرانە لە ئارادایە. هەلومەرجەکە بە جۆرێکە، کە لەلایەکەوە خەڵک لێبڕاوانە و قارەمانانە بڕیاری لەگۆڕنانی ڕژێمیان داوە و شەش مانگە بە دەستی بەتاڵ و ورەی پۆڵایینەوە قارەمانێتیی دەنوێن و لە لایەکی تریشەوە ڕژێم، کە شەو و ڕۆژ دەنگی زەنگی مەرگی خۆی دەبیستێت، تووشی قەیرانگەلێکی ئابووریی، سیاسیی ، دیپلۆماسی و ئیدئۆلۆژکی بەرین بووە و داماوانە پەنای بۆ کوشتاری زیاتری خەڵک و ژەهراویکردنی خوێندنگاکانی کچان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی بردۆتەوە و زەبوونانە هەوڵ دەدات بە کوشتاری خەڵک و بە سازانی ملکەچانەی لەگەڵ ئەم و ئەو دەوڵەت بتوانێت بۆ ماوەیەک درێژە بە تەمەنی نگریسی خۆی بدات.
. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە، کە شکاندنی دەرگای زیندانەکان و ئازادی زیندانیانی سیاسی لە دەستووری ڕۆژماندا بێت. ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بە هێزی خەڵکی ڕاپەڕیو، شۆڕشەکەمان دەباتە دوا قۆناخی سەرکەوتن. کۆماری سێدارە لەمڕۆدا هێندە لاواز بووە، کە پێویستە بەرە بەرە کۆمەڵانی خەڵک بۆ داڕشتنی بناغەی شۆراکانی شار و گوند هەنگاو بنێن. بۆ پێکهێنانی شۆراگەلێک، کە لە سبەینێی ڕووخانی ڕژیمدا بناغەیەک دەبن بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی شۆرایی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
با هەموومان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات یەکدەنگ و یەکگرتوو و لە ئاستێکی هەرە بەریندا و مەشخەڵ بەدەست بە پیر نەورۆزی شۆڕشەوە بچین! با نەورۆزی ژینامان بکەینە نەورۆزی نەورۆزان، نەورۆزی سەرکەوتن، نەورۆزی لە گۆڕنانی کۆماری سێدارە و نەورۆزی چەسپاندنی دیاریکردنی مافی چارەنووس و ئازادی و یەکسانیی!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان جارێکی تر بە بۆنەی هاتنی نەورۆزی ژینا و ساڵی نوێوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و هەموو گەلانی تر لە ئێران دەکات.
سەرکەوێ شۆڕشی یەکسانییخوازانەی ژینا!
سەرکەوێ جوڵانەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و یەکسانیی!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ی کوردی
١٩/٠٣/٢٠٢٣