کورتەیەک لە ژیان و خەباتی هاوڕێ مەستوورە شاسواری ناسراو بە ( تەوار)
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
01-06-2013
بە داخەوە تا ئیستا لە هەندێ بەڵگەنامە، ئارشیڤ یان سایتە ئینتێرنێتیەکان بە شێوەیەکی نادروست یان ناتەواو باسی ژیان و خەباتی هاوڕێ "تەوار" کچە هەڵکەوتووی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان و ئەندامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کراوە. ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی بەشێک لە ژیانی خەباتکارانەی "تەوار" ڕوونتر بکرێتەوە و بە شێوەیەکی درووست تۆمار بکرێت.
" تەوار" کەم ژیا بەڵام تەوارئاسا بەرز و ئازاد ژیا. مەستوورە شاسواری کە دواتر لە ژیانی خەباتکارانەی خۆی لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ناوی نهێنیی"تەوار"ی هەڵبژارد، لە ١٥ی مانگی گوڵانی ١٣٤٠ی هەتاوی (٥ی مەی ١٩٦١ی زایینی) لە شاری سەقز لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و مامناوەندیی کارمەندی لە دایک بوو.
"تەوار" ههر لە سەرەتای مناڵییەوە کچێکی وریا و کەموێنە بوو و بە هۆشیاری و ئاکارە جوانەکانی سەرنجی کەسانی دەوروبەری بۆ لای خۆی ڕادەکێشا.دایکی هاوڕێ تەوار (نەمر حەبیبە خان) ژنێکی لێهاتوو و نیشتمانپەروەر بوو کە لەم ڕۆژگارە سەختانەدا ئاواتەخواز بوو مناڵەکانی لە زانست بێبەری نەبن و لەو ساڵانەدا کە هەموو شاری سەقز تەنیا کتێبخانەیەکی بچووکی لێبوو، ئەو کتێبخانەیەکی بۆ منداڵ و خزم و دۆستانی لە ماڵەوە دانابوو و هاوڕێ" تەوار" لەم بنەماڵەیەدا وەها ڕاهێنرابوو کە هەر لە دەسپێکی مەکتەب شارەزایی زۆر باشی لە خوێندن و نووسین ههبوو و دوای ئەوەش ههموو ساڵێک لە خوێندن پلەی بەرچاوی وەدەس دێنا.
بەداخەوە حەبیبە خانمی دایکی زۆر زوو کۆچی دوایی کرد و کەلێنێکی گەورەی لە ژیانیدا بەجێ هێشت و بە تایبەت کە ئەرک و هەستی دایکایەتی سێ برا و خۆشکێکی لە خۆی بچووکتری کەوتە سەر شانی. ئەم ئەرک و هەستە زیاتر هەڵقۆڵاوی کەسەیاتیی "تەوار" بوو تا ئەوەی کە بەسەریدا دابڕابێت.
ئەوەندەی پێ نەچوو کە کاک سیامەند، برا گەورەی هاوڕێ "تەوار" لە تەمەنی ١٧ ساڵاند لە لایەن ساواکی رژیمی شاوە گیرا و پاش ئەشکەنجە و ڵیپرسێنەوە لە بەندیخانەی شاری سنە زیندانی کرا و تا سەر و بەندی ڕووخانی ڕژیمی شا لە زیندان ڕزگاری نەبوو. گرتنی کاک سیامەند لە لایەک ئەرکی هاوڕێ "تەوار"ی زیاتر کرد لە لایەکی ترەوە بوو بە زەنگێک بۆ کردنەوەی دەرگای هۆشیاریی سیاسی، دەستپێکی خەبات و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ستەم و نایەکسانی. هاوڕی "تەوار" لە ماوەی بهندکرانی کاک سیامەند - کە پاشان یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان- بەردەوام دەچوو بۆ زیندانی سنە بۆ چاو پێکەوتن و بە پێی ئەو نامانەی کە هی ئەو کاتهن و بە دەستەوە ماون، دیارە کە چەندە کەسایەتێکی بە توانا و جێبڕوای بووە و چاونەترسانە لەم پێوەندییانەدا جێگە هیوای کاکی بوە و دڵگەرمی پێداوە.
هاوڕی "تەوار" خاوەنی کەسایەتیێکی خوشەویست و کارا، جێگای متمانەی بنەماڵە، کەسو کار و هاوڕێیان و خۆشەویست و دۆستی هەموان بوو. هاوڕێ "تەوار" خاوەن کاریزمایێکی تایبەت بە خۆی بوو، لێبڕاو و شێلگیر، راستگۆ و دڵسۆز، پڕ لە هەستی ئینسانی و مرۆڤێکی پڕ لە ژیان و هیوا بە داهاتوو بوو.
"تەوار" لەم هەلومەرجەدا و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەگەڵ چەند هاوڕێی خۆی کە لە سەرەتادا هەموویان کوڕ بوون، چەند شانەیێکی نهێنیی دادەمەزرێنن و دەکەونە کار و خەباتی سیاسی؛ بەشێک لەم چالاکییانە بریتی بوون لە نووسینی بەیاننامە دژی رژیمی شا و بڵاوکردەنەوەیان لە ناو دواناوەندییەکانی کوڕان و کچان و خۆ پڕ چەککردن بە خوێندنەوەی کتێبی سیاسی و مێژوویی و هتد. هاوڕێ تەوار هەر لەو کاتەوە لەگەڵ بیروبڕوای چەپ و یەکسانی ئاشنا و نزیک دەبێتەوە. هاوکات لەگهڵ بەرنگاریی ستەم و جیاوازیی چینایەتی و کۆمەڵایەتی، هۆشیارییان لە سەر مەسەلەی مافی پێشیلکراوی نەتەوایەتیی گەلی کوردستان، بەرەو گۆڕەپانێکی بەربڵاوتر هەنگاو دەنێت.
ئەوندەی پێ ناچیت کە خەباتی میلیۆنیی کومەڵانی خەڵک لە دژی رژیمی پاشایەتی رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەگرێت و کڵپە ئەستێنێ. هاوڕی "تەوار" کات بە فیڕۆ نادات و هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکانی شاری سەقز بەشداریی چالاکانەی هەبوو. لە زۆربەی هەرە زۆری ڕێپێوان و ناڕەزایەتییەکان دەوری بەرچاو و پێشڕەوانەی هەبوو. لە مانگرتنی خوێندکارانیشدا لە شاری سەقز دیسانەوە وەک گەنجێک دەوری ڕێبەریی خوێندکارانی گێڕا. بە ڕووخانی رژیمی پاشایەتی، کەش و بوارێکی ئازادی سیاسی لە کوردستان خۆلقا. ئەم کەشە بووە هۆی پەرەسەندنی بیر و هۆشی سیاسیی کومەڵانی خەلک و هاتنە ئارا و دامەزراندنی ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان کە بە دوای ئەوەدا زۆر زوو ڕژیمی ئیسلامی هێرشی هێنایە سەر کوردستان.
"تەوار" که قەت سەری بۆ ستەم و نابەرابەری دا نەنەواندبوو، ئەمجارەش بە هۆشیاری و لێبڕاویی زیاترەوە درێژەی بە خەبات دا و لە دژێ دەسەڵاتی کونەپەرستی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕی و لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستاندا وەک ئەندامێکی چالاک لە کار و خەباتی سیاسی خۆی بەردەوام بوو. ڵەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ هاوڕێێکی خۆیدا، دەستیان دایە کتێبکڕین و لە چەند لادێی ناوچەی سەقز وەک ئەحمەدئاوای سەرا و سونەتە، کتیبخانەیان بۆ منداڵانی گوندنشین کردەوە و سەردانیان دەکردن و هۆشیاریی زیاتریان دەدا بە منداڵانی ئەم ناوچەیە .
شایانی باسە هاوڕێ تهوار بهشداریی رێپێوانی جەماوەریی سەقز بۆ مەریوانی کرد کە هاوکات لەگەڵ چالاکوانانی شارەکانی سنە و بانە بۆ پشتگیری لە کۆچی مێژوویی خهڵکی شاری مهریوان ساز درابوو. (کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان له پووشپهری ١٣٥٨ تا ١٤ی گهلاوێژی هەمان ساڵ بۆ دەرەوەی شار و بۆ ئۆردووگای مانی میران ئەنجام درا به مهبهستی ناڕهزایی دهربڕین بە سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان).
هاوڕی "تەوار" دوای تەواوکردنی قۆناخی دواناوەندی لە شاری سنە لە" بێهداشت مەدارس" درێژەی بە خوێندن دا و لە کاری سیاسی خۆیشی لەم شارە بەردەوام بوو، بۆ وێنه کردنەوەی کتێبخانه له گەڕەکی خۆیان له سنه و هاندان بۆ دامەزراندنی شۆرای گهڕهک لە کار و چالاکییەکانی هاوڕێ تەوار بوون.
لەگەڵ دەوری دووهەمی هێرشی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە دوای نەورۆزی ١٣٥٩ ی هەتاوی (١٩٨٠)، هاوڕی "تەوار" چووە ڕیزی بەرگریی لە شاری سنە و چالاکانە لە شەقام و گەڕەکەکانی شاری سنە شان بە شانی خەڵک و پێشمەرگە لە دژی هێزەکانی پاسدار و ئەرتەش داکۆکی لە شاری سنە کرد. پاش زیاتر لە یەک مانگ بەرنگاری، شاری سنە لە لایەن ڕژیمەوە داگیر دەکرێت. لە سەرو بەندی گرتنەوەی شار، هاوڕی "تەوار" یارمەتی هاوڕێکانی دەدات کە لە شاری سنە دەرباز بن، بەڵام خۆی لەگەڵ هاوڕێیەکی دەگەڕێتەوە ناوشار و بەداخەوە دەستگیر دەکرێن. لێرە بەدواوە ئەو کەسەی کە رۆژ بە ڕۆژ تا کاتی گوللهبارانکردنی"تەوار"، لەگەڵی بووە ئاوای گێراوەتەوە:
"لە کاتی گرتنەوەی شار هاوڕی "تەوار" و من لە ناو شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە گیراین و بردیانین بۆ پادگانی سنە. هەر لە سەرەتای گرتنی ئێمەوە پاسدارەکان و بەتایبەت جاشێک بە ناوی حاجی مسعود کەوتنە ئەشکهنجەکردنی دڕندانەی هاوڕی "تەوار". بەڵام خۆڕاگریی قارەمانانەی "تەوار" و قسە نەکردنی ئەوەندەی تر ئەم خۆفرۆشەی شێت و هار کرد و ڕادەی ئەشکەنجەکان زیاتر کران بە شێوەیەک کە خۆڕاگریی هاوڕێ" تەوار" لە ناو چەند سەد نەفەر زیندانی دەنگی دایەوە. دوای زیاتر لە یەک مانگ ئەشکەنجە، رۆژێک کە هاوڕێ "تەوار" خەڵتانی خوێن کرابوو و لە ئەشکەنجە دەگەڕایەوە بەم کەسەی وت: دەزانم گوللەبارانم دەکەن بۆیە ئەمڕۆ پێم وتن کە من پێشمەرگەم و دژی دەسەڵاتی کونەپەرستی ئیسلامیی ئێرانم، پێم وتن کە من پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانییم و ناتوانن هیچیتر لە زمانی من ببیستن".
پاشان هاوڕێ "تەوار" هەندێ قسەی تری تایبەتیی خۆی وەک قسەی کۆتایی لەگەڵ ئەم کەسەی لەگەڵیدا گرابوو کردبوو کە ئەویش بە ئەمانەتەوە پاش ماوەیەک گەیاندبوویە بنەماڵەی هاوڕی "تەوار". پاشان لە شەوی یەکشەممەی ٤ی مانگی جۆزەردانی ١٣٥٩ی هەتاوی (٢٥ی مانگی مەی ١٩٨٠ زایینی) هاوڕێ "تەوار" و چالاکێکی تری بانەیی بە ناوی نەسروڵڵای قوددوسی، دەهێننە ناو مەیدانێکی گەورەی پادگانی سنە کە زیاتر لە ٢٥٠ زیندانییان دانیشاندووە. لەکاتێکدا دەست و چاوی هەردوویان بەستووە، دەیانبەنە بەردەم دیوارێک بۆ گوللەبارانکردن. لەم کاتەدا هاوڕی "تەوار" دەڵێت: "چاوم بکەنەوە و بە چاوکراوەیی گوللەبارانم بکەن، من هیچ ترسێکم لێتان نییە و دەمهەوێت لە کاتی گوللەباراندا چاو ببڕمە ناو چاوتان". بەڵام مرۆڤکوژەکانی کۆماری ئیسلامی بە قسەی ناکەن و بە چاوبەستراویی هەردوویان گوللەبارانی دەکەن. پاش گوللەبارانکردنیان، حاجی مسعودی خۆفرۆش دەچێتە سەر تەرمەکانیان و پاشان بە پێلاقە بێ حورمەتیی بە تەرمی هاوڕی "تەوار" دەکات بەڵام چەند ساڵ دوای ئەمە، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە حاجی مسعودیان بە سزای تاوانهکانی گەیاند و لە چالاکییەکی ناوشاردا کوشتیان. بەهۆی بەردەوامیی شەڕ لە شاری سەقز، تەرمی هاوڕی "تەوار" دوای چەند ڕۆژ لە سنەوە گەیەندرایە شاری بۆکان و لەوێ بە خاک سپێردرا بەڵام پاشان تەرمەکەی بۆ سەقز گوێزدرایەوە. تەرمی هاوڕی "تەوار" ٩ فیشەکی پێوە بوو.
هاوڕی "تەوار" یەکەم کچی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە دەست رژیمی کونەپەرست و مرۆڤکوژی ئیسلامیی ئێران گوللەباران کرا. هاوڕی "تەوار" هێمای ئازایەتی، لەخۆبردوویی و هۆشیاریی کچە کوردێک بوو کە بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی و چینایەتی، بۆ بە دیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، بۆ ئازادی، یەکسانی و بەرابەری خەباتی کرد و دژی هەر جۆرە هەڵاواردن و ستەمێک بوو. "تەوار" بەهۆی لێهاتوویی و ئازایەتییەوە جێی هومێدی هاوڕێیانی و بەتایبەت مایەی شانازیی ڕێبەرانی کۆمەڵەی یەکسانی بوو. بێ هۆ نەبوو کاتێک کاک سیامەند کە خۆی یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکسانی بوو، کاتێک هەواڵی شەهیدکرانی هاوڕێ "تەوار"ی بۆ شەهیدمامۆستا "قەندیل" لە پیرانشار برد، مامۆستا قەندیل بە دەنگێکی بەرز دەگریا، ئەو مامۆستا قەندیلەی کە هاوڕێیانی و بنەماڵەکەی زۆر کەم دیتبوویان بگریێ. بێگومان یادی هاوڕێی شەهید مەستوورەی شاسواری بۆ هەمیشە لە دڵی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان و بەتایبەت لە دڵی هاوڕییان و هاوسەنگەرانی لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستاندا وەک هێمای ژنێکی یەکسانیخواز و نموونەی بەرخۆدان و خۆڕاگریی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لە سی و سێهەمین ساڵڕۆژی ئێعدامکرانی هاوڕێی تێکۆشەر مەستوورەی شاسواری سەری ڕێز و نەوازشمان لە بەرامبەر ورە و ئازایەتیی ئەم هاوڕێ نەمرەمان دادەنوێنین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا سەر درێژەپێدەری ڕێگە و وەفاداری ئامانجەکانی سەربەخۆیی و یەکسانیی هاوڕێ "تەوار" بین.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی هاوڕیێ تێکۆشەر، خۆڕاگر و تەوارئاسای مەستوورە شاسواری و هەموو شەهیدانی ڕێگەی یەکسانی و سەربەخۆیی کوردستان.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
جۆزەردانی ٢٧١٣ی کوردی