پشتگیریی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی گشتیی دەکەین دژ بە هێرشە شیمیاییەکانی کۆماری فاشیستیی ئیسلامیی بۆ سەر قوتابخانه‌كانی کچان!

یەکسانی
11-04-2023

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

بە کۆتاییهاتنی پشووی سێزدەبەدەر و ساڵی نوێ، پشووی هێرشە شیمیاییەکانی کۆماری سێدارەش کۆتایی پێ هاتووە هێرشەکان بەربڵاوانەتر لە جاران دەستیان پێ کردۆتەوە.

دوای پشووی سێزدەبەدەر و گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ قوتابخانەکان، ڕژیمی دژی ژن و دژی ژیان و ئازادی، لە ئاستی کوردستان و ئێراندا دەستی کردۆتەوە بە هێرشی بەربڵاوی شیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قوتابخانەکانی شارەکانی سەقز، سنە، دیواندەرە، پیرانشار و نەغەدە و ورمێ کەوتوونەتەوە بەر هێرشی شیمیایی و ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی ئەو شارانە بەهۆی ژەهراویبوونەوە کەوتوونەتە نەخۆشخانە و دۆخی تەندرووستی ژمارەیەکیان مەترسیدار و ناجێگیرە.

خەڵکی قارەمانی کوردستان

ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز

کۆماری سێدارە بەم هێرشە فاشیستییە ترسنۆکانەی لە هەوڵی سەرکوتکردنی شۆڕشی ژینا دایە. شۆڕشێک کە نزیکەی حەوت مانگە بە پێشەنگیی ژنان و لاوانی شۆڕشگێڕ تەنگی بە کۆماری ئیسلامیی هەڵچنیوە و هەموو بنەماکانی ئەم ڕژیمە فاشیستییەی کردۆتە ئامانج. لە شارەکانی کوردستان و لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران ناڕەزایەتی لە دژی کۆماری ئیسلامیی لە ئارادایە و شاری سەقز لە مانگرتنی گشتییدایە و خۆپیشاندەرانی ئەو شارە کوتوونەتە بەر پەلاماری کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەکیشیان ڕاپێچی زیندان کراوون.

بۆ پشتگیریی لە خەڵکی شاری سەقزی پێشەنگ و بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە شیمیاییەکانی ڕژیمی عەلی شیمیایی و بۆ درێژەدان بە شۆڕشی ژینای کوردستان، پێویستە لە ئاستی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و دەست لە ناو دەستی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بە گژ ڕژیمی ئاپارتایدی ڕەگەزییدا بچینەوە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشە شیمیاییەکانی کۆماری ئیسلامیی، داوا لە خوێندکاران و مامۆستایان و هەموو خەڵکی قارەمانی کوردستان دەکات بە مانگرتنی گشتیی و بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی هاوکات و بەربڵاوی جەماوەریی، پشتگیریی شاری سەقز بکەن و ئاڵای شۆڕشی ژن ـ ژیان ــ ئازادی تا ڕووخاندنی کۆماری ئاپارتایدی ڕەگەزیی، تا پاککردنەوەی داگیرکەر لە کوردستان بەرز و شەکاوە ڕاگرن.

  بڕووخێ کۆماری شیمیایی ئیسلامیی ئێران!

سەرکەوێ شۆڕشی ژن ـ ژیان ــ ئازادی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢١ی خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠٢