گرنگیی بەشدارییکردنی خەڵکی باکووری کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرکۆماریی تورکیەدا

خالید ئیبراهیمیان
14-05-2023

لە تورکیا، پارتی داد و گەشە پێدان بەشێوەیەکی سیستماتیک کار بۆ ئەوە دەکات، کە ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. دەسەڵاتدارنی تورکیا بە مەبەستی ئەوەی سەرنجی خەڵکی تورکیا بەلای خۆیاندا ڕابکێشن تا دووبارە دەنگیان پێ بدەنەوە، پەستان دەخەنە سەر خەڵکی سڤیل و لایەنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان، بەتایبەت کێشە بۆ پارتی ئازادی گەلان درووست دەکەن تا نەتوانن وەک پێویستە لە بارودۆخێکی ئارامدا بانگەشە بۆخۆیان بکەن و بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلمان و سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا بکەن. لەو پەیوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستا دادگای دەستووری تورکیا دۆسیەی داخستنی پارتی دێموکراتی گەلان (هەدەپە)ی هێنایە گۆڕێ. بۆیە پارتی دێموکڕاتی گەلان بڕیاری دا بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنی ١٤ی گوڵان بکات و بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا پشتگیریی بەربژێری هاوپەیمانی میللەت کەمال کلچدارئۆغلو بکات.
پارتی داد و گەشە پێدان چەواشەکارانە هەستی خەڵکی تورکیا لە دژی خەڵکی باکووری کوردستان دەوروژێنی و هەوڵ دەدات لە پێناو ئامانجەکانی بەکاریان بێنێ و هانیان دەدات بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە بەربژێرانی پارتی داد و گەشەپێدان بدەن و ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان بەربژێری هاوپەیمانی جەمهوور بە سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێرنەوە. بەو شێوەیە دەیانەوێت پارتی داد و گەشەپێدان لە دەسەڵاتدا بێڵنەوە و ڕەوایەت بە دەسەڵاتی تاکە کەسیی ئۆردۆغان بدەنەوە، کە خولیای ئەوەیە سوڵتانێکی هەمیشەیی بێت.
لە سەردەمی ئێستادا شەرمەزارییە دەسەڵاتێکی سیاسی بە جێگای بنیادنانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەڵێن بە لایەنگرانی بدات، کە بە هەموو توانایەوە دژایەتی خەڵکی کوردستان بکات، تا خەڵکی تورکیا ڕازی بکات دەنگی پێ بدەن. شەرمەزاریی لەوەش زیاتر ئەوەیە، کە مرۆڤی ئاسایی پەسەندی ڕەوتێک بکات کە خەڵک دەگەوجێنێ و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا برەو بە فەرهەنگێکی شوڤێنیستیی بدات و دوژمنایەتیی و دووبەرەکیی و لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا پەرە پێ دەدات. بۆیە پێویستە خەڵکی باکووری کوردستان بەئیرادەی خۆیان بەرپەرچی پیلانی داگیرکەر بدەنەوە و ئەو چاڵەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ پارتە سیاسیەکانی باکووری کوردستان هەڵیان کەندووە پێچەوانە بکەنەوە و دەسەڵاتدارە دیکتاتۆر و شۆڤێنیستەکانی تورکیای تێدا بنێژن.
لە کۆتاییدا پێویستە ئێمەش وێڕای باوەڕ بە مافی دیارییکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی کوردستان، پشتیوانی لە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی باکووری کوردستان بکەین کە لەم قۆناخەدا ڕێگای بەشداریی لە هەڵبژاردنیان لە باکووری کوردستان و تورکیا گرتۆتە بەر، پێمان وایە بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ٢٤ی گوڵان و دەنگدان بەم بەربژێرانەی کە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، نەتەوە بندەستەکان و بۆ پاراستنی ژینگە و سەقامگیرکردنی دێموکراسی و ئاشتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی تێدەکۆشن، ئەرکێکی مرۆڤایەتی و نیشتمانییە و پێویستە بەشێوەیەکی گشتی سندووقی دەنگدان بکرێتە گەورەترین چەکی بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکانی تورکیا و لەو ڕێگایەوە هەوڵ بدرێت ناسانامەی کوردان بە هەموو لایەک نیشان بدرێت و گۆڕانکارییگەلێکی ئەرێنیی لە سیستمی بەڕێوەبەری تورکیادا بهێندرێتە ئاراوە. پێمان وایە لە قۆناغی ئێستادا بەرژەوەندی خەڵک ولایەنە سیاسیەکانی باکووری کوردستان وا دەخوازێت کە سەرەڕای جیاوازی بیرو بۆچوونی ئیدئۆلۆژیکی و ڕامیاری، لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆببنەوە، وەک هاوپەیمانییەکی باکوری کوردستان ڕێککەوتنێکی مەرجدار و بە دۆکۆمێنت کراو لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا واژۆ بکەن، تا دوای تەواو بوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕێکەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

بەهیوای بەدیهاتنی ئامانجەکانی کرێکاران و ژنان و کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوەی تورکیا و باکووری کوردستان.
سەرکەوێ خەڵکی مافپێشێلکراوی باکووری کوردستان
خالید ئیبراهیمیان