یادی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی بەرز ڕائەگرین و درێژە بە ڕێباز و ئامانجەکانیان ئەدەین!

یەکسانی
09-05-2023


ئەوڕۆ ٩ی ئەیار (١٩ی گوڵان) ساڵڕۆژەی لەسیدارەدرانی مامۆستای کورد فەرزادی کەمانگەرە کە لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ (١٩ی گوڵانی ١٣٨٩ی ھەتاوی) لەگەڵ چوار چالاکڤانی سیاسیی تر بە ناوەکانی عەلی حەیدەریان، فەرھاد وەکیلی، شیرین عەلەم ھولی و مەھدی ئیسلامیان لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران لە سێدارە دران.
نەمر فەرزاد کەمانگەر مامۆستای قوتابخانە، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ، هۆزانڤان و ڕۆژنامەوانێکی یەکسانییخواز و هومانیست بوو کە هەم بە کردەوە و هەم بە نووسیین لە هیچ هەوڵێک بۆ هاتنەئارای جیهانێکی باشتر و مرۆڤانەتر، بەتایبەت بۆ مناڵان و هەژارانی کوردستان درێخی نەکرد. ئەو پێی وابوو کە دەسەڵات و سیاسەت و زانست کاتێک بەنرخن کە لە قورسایی ژیانی مرۆڤەکان کەم کەنەوە نەوەک ببن بە بارێک بە ملیانەوە و بیان چەوسێننەوە. هەر بۆیەش دەیوت" کاتێک بابە نانێکی نییە بیخاتە سەر سوفرەوە، ئیتر جیاوازیی چییە کە ژماری پی، سێ مومەییز چواردەیە یا سەد مومەییز چواردە؟"
لەم ڕۆژەدا وێڕای یاد و بیرهێنانەوەی مامۆستای نەمر فەرزادی کەمانگەر و ئەم چوار چالاکڤانە سیاسیەی تر کە گیانی خۆیان پێشکەشی بەختەوەریی خەڵکی کوردستان کرد، دروود دەنێرین بۆ گیانی پاکیان و دڵنیاین کە خۆڕاگری و بیری یەکسانییخوازیی فەرزاد و فەرزادەکان بەفیڕۆ ناچێت و داستانی خۆڕاگری و هزری هومانیستی و مرۆڤدۆستیی فەرزاد وەک مەشخەڵێکی ڕۆشنکەرەوە لە دەستی جیلی نوێ و داهاتووی کوردستاندا بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە و ئێمەش تا سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکەیان، درێژە بە ڕێبازی یەکسانییخوازانەیان ئەدەین!
"
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین"
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٩/٥/٢٠٢٣