نەمر هاوڕێ عەلی قوتبی ناسراو بە مامۆستا ساڵار هەورامی

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
08-12-2022

 

هاوڕێ عەلی قوتبی، ناسراو بە مامۆستا سالار هەورامی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی گوندی بێسارانی مەریوان لەدایک بووە. مامۆستا سالار یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە سەردەمی گەنجییەوە هەستی بە ژێردەستیی نەتەوەکەی کرد و لەپێناو ئازادیی گەلەکەی هاتە مەیدانی تێکۆشان. هاوڕێ عەلی قوتبی کادرێکی بەتوانا و خۆڕاگری شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی بەر لە ڕووخانی ڕژیمی شای ئێران بوو کە ساڵانێکی زۆر لەناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خەباتی کرد و یەک لەو کەسانە بوو کە ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی لەلایەن ڕژیمی بەعسەوە لە باشووری کوردستانەوە ڕادەستی ڕژیمی شای ئێران کرانەوە و پاش چەند ساڵ خۆڕاگریی لە زیندان، بەر لە ڕووخانی ڕژیمی شا ئازاد دەبێت و وێرای هاوڕێیانیتری، کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دادەمەزرێنن.

هاورێ سالار هەورامی مرۆڤێکی زۆر بەتوانا بوو کە کاتی خۆی یەکێک لە نووسەرەکانی گۆڤاری ئامۆژگاریی، بڵاوکراوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە هۆنراوەو وتارەکانی لەم گۆڤارەدا بڵاو دەکرانەوە. شەهید سالار کەسێکی دڵسۆز، ماندوویی نەناس، قسەخۆش و دا‌هێنەر بوو. یەکێک لە داهێنانەکانی مامۆستا سالار لەبوواری فێرکردنی زمانی کوردی بوو کە لە ناوچەی پشدەری قەڵادزێ لە ساڵانی حەفتاکان شیوازێکی تایبەتی بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ خەلکی نەخویندەواری ئەم ناوچەیە داهێنابوو کە لە ماوەیەکی کورتدا خەڵکەکەی فێری نووسین و خوێندن دەکرد و بەشێکی زۆر لە خەڵکانی ئەم دەڤەرە لە رێگای هاورێ سالار هەورامی فێری خویندن و نووسین بە زمانی کوردی بوون.

 مامۆستا سالار، شاعیرێکی بەتوانا و ڕووناکبیرێکی شۆڕشگێڕ و هاوڕێیەکی نزیکی ڕێبەرانی شەهیدی یەکسانی، مامۆستا ڕەشید حوسێنی، مامۆستا قەندیل و مامۆستا عەبدوڵای بێخەو بوو. شەهید سالار هەر لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی یەکسانییەوە لەڕیزی پێشەوەی یەکسانیدا چالاک بوو و لە کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دا، وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

زۆر بەداخەوە مامۆستا سالار لە ١٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی (٩ی نۆڤامبری ١٩٨٠ی زایینی)، لە شەڕێکدا لە دێی بێسارانی ناوچەی مەریوان بە دەستی چەکدارانی بەناو سوپای رزگاری شەهید کرا.

بەرز و بەڕێز بێت سی و دووهەمین ساڵڕۆژی شەهیدی ڕووناکبیر و هۆزانی خۆڕاگر، مامۆستا عەلی قوتبی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٩/٠٨/١٣٩١ی هەتاوی

٠٩/١١/٢٠١٢ی زایینی