ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی کۆڕیادی ناوەندی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی ٤٣ مین ساڵیادی گیانبەختکردنی هاوڕێ مەستوورەی شاسواری (تەوار)

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
12-06-2023

ئێوارەی یەکشەممە ڕێکەوتی 11/6/2023 کاتژمێر ١٧:٠٠ تا ٢٠:٠٠ بە کاتی ناوەندیی ئەورووپا، کۆڕیادێک بەبۆنەی ٤٣ مین ساڵیادی گیانبەختکردنی هاوڕێ مەستوورەی شاسواری (هاوڕێ تەوار) لە سەرهێڵی ئەنتەرنێت و بە پرۆگرامی تیمس بەڕێوە چوو. بەرنامەی کۆڕەکە بە کورتی بەم شێوەیە بوو:

سەرەتا کۆڕەکە بە خولەکێک بێدەنگیی بۆ گیانی پاکی نەمرانی ڕێگەی یەکسانی و سەربەخۆیی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان کلیپێکی وێنەی نەمران و بەتایبەت هاوڕێ تەوار لەگەڵ سروودێکی هونەرمەند نەجمەی غوڵامی بۆ نەمران پێشکەش کرا کە لە لایەن هاوڕێیانی بەشی ڕاگەیاندنی یەکسانییەوە ئامادە کرابوو. پاشان هاوڕێ سۆران زەکی لەلایەن کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانەوە وتەیەکی پێشکەش کرد، کە دەقەکەی لە کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە.

بەشی دووهەمی بەرنامەکە تایبەت بوو بە وتە و باسی هاوڕێ شنۆ شاسواری لە بابەت هاوڕێ تەوار و بیرەوەرییەکانی سەبارەت بە گیانبەختکردنی تەوار کە پوختەی وتەکانی هاوڕێ شنۆ لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ڤیدیۆ بڵاو دەکرێتەوە.

پاشان پەیام و هۆنراوەی هاوڕێی دێرینی کۆمەڵەی یەکسانی و  مامۆستای یەکسانییخواز کاک حەسەن شافیعیی بۆ یادی هاوڕێ تەوار خوێندرایەوە. دوابەدوای ئەوە هۆنراوەی هاوڕێی دێرینی یەکسانی و مامۆستا و برای تەواری نەمر، مامۆستا سیامەندی شاسواریش بەم بۆنەوە پێشکەش کرا.

بەشی سێیەمی ئەم کۆڕە تەرخان کرابوو بۆ باس و بیرەوەرییەکانی کاک مەنسووری ڕەزاقی، هاوڕێ و هاوسەنگەری هاوڕێ تەوار کە بەداخەوە بەهۆی گرفتی ئەنتەرێنت و لەسەفەربوونی کاک مەنسوور نەیتوانی بەشدار بێت بەڵام وتەکانی ئەویش بە جیا تۆمار دەکرێن و بڵاو دەکرێنەوە.

لە بەشی چوارەمی کۆڕەکەدا هاوڕێ کاوەسوور، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی یەکسانی وتەیەکی پێشکەش کرد لەژێر سەردێڕی "تایبەتمەندییەکانی شوێن و ژینگەی هاورێ تەوار و ژینای نەمر".

بەشی کۆتایی ئەم کۆڕە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی چەند هۆنراوانەیەک کە بۆ کۆڕەکە نێردرابوون کە پاشان بە جیا بڵاو دەکرێنەوە. ناوی ئەم هۆنراوەنە لە لەلایەن بەڕێوەبەری کۆڕەوە خوێندرانەوە:

"لە یادی مەستورەی شاسواریدا" کە لە لایەن هۆنراوەیەکی هۆزانوانی سۆسیالیست کاک ئازاد عەبداڵییەوە نێردرابوو

هۆنراوەی "سەقز شاری تەوارەکان" نووسینی هاوڕێ ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی

هۆنراوەی "سەقز" لە نووسینی هاوڕێ  سۆران زەکی.

شایانی باسە کە قسە و باسەکانی ئەم کۆڕە بە زوویی لە چەند ڤیدیۆیەکدا لە یووتووب دا دەنرێن و بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.

بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێ تەوار و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگەی یەکسانی و سەربەخۆیی کوردستان!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

١٢/٠٦/٢٠٢٣

دەقی وتەی هاوڕێ سۆران زەکی لە کۆڕیادی هاوڕێی گیانبەختکردوومان مەستووەرەی شاسواری (هاوڕێ تەوار)

هاوڕێیانی بەڕێز،

لەم کۆڕەدا یادێک دەکەینەوە لە کادری پێشەنگی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هاوڕێ مەستوورەی شاسواریی ناسراو بە هاوڕێ تەوار، کە لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی یەکسانی و لە خەباتی ڕۆژە سەختەکانی بەرگریی شاری سنەدا دەکەوێتە دەستی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی و لە پادگانی شاری سنەدا تیرباران دەکرێت.

هەروەکو وتم کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە ڕێکخستنی ئەم کۆڕیادە ئەیەوێت مێژووی گیانبازییەکانی هاوڕێ مەستوورە، هاوڕێ تەوار بەرز بنرخێنێت و لە هەمان کاتیشا ئەم مێژووە پڕ لە سەروەریی و شانازییە، ئەم دیرۆکە پڕ لە هۆشمەندیی سۆسیالیستییە بەڵگەمەند و بە دۆکومێنت بکات.

هاوڕێ مەستوورەی شاسواری لە شاری سەقزدا لە دایکبوو. لە شارێکدا، کە دەمێکە لە شۆڕشی ڕزگارییخوازانەی خەڵکی کوردستاندا ڕۆڵی پێشەنگیی دەگێڕێت. هاوڕێ مەستوورەی شاسواری لە خانەوادەیەکدا چاوی بە دنیا هەڵێنا، کە لە بواری فەرهەنگیی و سیاسیدا پێشڕەو بووە. خانەوادەیەک کە لە شۆڕشی کوردستاندا و لە دامەزراندنی کۆمەڵەی یەکسانییدا ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە. کاکە سیامەند شاسواری کە بەداخەوە بۆی نەلوا لەم کۆڕەماندا بەشداریی بکات، سەردەمانێکە قەڵەمێکی ناسراو و بە بڕشتی ڕۆشنگەرییە و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بووە. خانەوادەی هاوڕێ تەوار لە کۆمەڵەی یەکسانییدا و لە شۆڕشی رزگاریخوازانەی گەلی کوردستاندا گەلێک گیانبازییان نواندووە. ڕۆڵێکی گرنگیان بووە بۆ پەرەپێدان و چەسپاندنی فەرهەنگی یەکسانییخوازانە.

لێرەدا جێی خۆیەتی ڕێز بگرین لە خەباتی ماندوویینەناسانەی هاوڕێ مادێح شاسواری، برای هاوڕێ  تەوار، کە ساڵانێکی دوورودرێژ لە ڕیزەکانی یەکسانییدا چالاک بوو و و بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.

هاوڕێیان، ئەگەر ئەمڕۆکە شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی شەقامەکانی کوردستانی لەدەستدایە، ئەگەر ئەمڕۆکە لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕێنسانسێکی ژنانە و یەکسانییخوازانە بەڕێوەیە، ئەگەر ئەمڕۆکە ژنان لە کوردستان و ئێران و ناوچەکەدا شانازیی بە ژنبوونیانەوە دەکەن ئەوا لە سۆنگەی تێکۆشەرانێکی ڕچەشکێنی وەکو هاوڕێ تەوارە، کە لە ڕۆژگارێکی زۆر سەخت و تاریکدا بۆ درووستکردنی شۆڕشێکی جەماوەریی و بەر بڵاوی وەک ئەوە ئەمڕۆ و دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکسان گیانبازییان کردووە. ئەوەی کە ئەمڕۆکە بە سەدان و هەزاران ژن و لاوی ئەم وڵاتە تەنگیان بە کۆماری ئیسلامیی هەڵچنیوە و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی بەهێز و خاوەن ئاسۆ و هیوابەخش لە ئاستی کوردستان و ئێراندا لە ئارادایە، تەنها هەڵچوون و ڕاپەڕینێکی خودجۆش نیە کە یەکشەوە سەری هەڵدابێت. شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی بەرهەمی ڕەوەندێکی چەندین ساڵەی تێکۆشانی سۆسیالیستییانەی تەوارەکانی کوردستانە. هاوڕێ تەوار و ژنانی و پیاوانی سۆسیالیستی کوردستان تەنها قارەمان نەبوون، بەڵکو قارەمانیتیی ئەوان بە هۆشمەندییەکی قوڵی یەکسانییخوازانەوە پشتئەستوور ببوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ کات وەک بزووتنەوەگەلی هەندێ وڵات بێ بەرنامە و بێ ئاسۆ نەهاتۆتە گۆڕەپانی شۆڕش. بڕواننە بەهاری عەرەبیی، چی بەسەرهات. سەرهەڵدان و هەڵچوونی کۆمەڵایەتیی بێ هزر و بێ ڕێکخراو و بێ بەرنامە ئاوا بەلاڕێدا دەبرێ و دادەمرکێتەوە.

تەوارەکانی ئێمە، گەلی ئێمە هەمیشە کە چوونەتە جەنگی داگیرکەر، هەمیشە کە چوونەتە جەنگی تاریکیی و کۆنەپەرستیی ئیسلامیی بەرنامەیان بووە، ئاسۆیان بووە. ئەم بەرنامە و ئاسۆیەیان بردۆتە نێو کۆمەڵانی خەڵک. ئەمڕۆش هەر لە سۆنگەی تەوارە سۆسیالیستەکان و باڵی چەپی بزووتنەوەی کوردستانە کە لە ڕۆژهەڵات و هەموو ئێران شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادیمان هەیە. ئەم فەرهەنگە دەبێ پەرەی پێ بدەرێ، ئەم شۆڕشە دەبێ بەرفراوانکرێتەوە و بە سەرکەوتن بگات. سەرکەوتنێک کە بەبێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی مسۆگەر نابێ و تەنها و تەنهاش بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییش بە سەرکەوتنی یەکجاریی ناگات، چونکە ئەم شۆڕشە تەنها شۆڕشێکی سیاسی نیە کە بیەوێت ڕژیمێک بڕووخێنێت و دەموچاوەکان بگۆڕێت. ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی سیاسی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیە. دژی هەرچی ستەم و کۆنەپەرستییە، دژی نایەکسانیی ژن و پیاوە، دژی نایەکسانیی چینایەتیی و دژی نایەکسانیی نەتەوایەتییە. ئەم شۆڕشە پێمان دەڵێت دامەزراندنی سیستمیکی تر خەون نیە، کارێکە دەکرێ و کردەنییە. پێمان دەڵێت ئیتر ئەمە پەندی پێشینانی ئێمە نیە کە دەڵێت پەنجەکانی دەست هەموویان بە قەت یەک نین. ئەمە پەندی پێشینانی ئێمە نیە کە دەڵی دەستی ماندوو لەسەر زگی تێرە، کاتێک دەبینین دەستە ماندوو و بەرهەمهێنەرەکان لەسەر زگی برسیی ملیۆنانن. هاوڕێ مەستوورەی شاسواریی پێشەنگی شۆڕشێکی لەم چەشنە بوو. هاوڕێ شاسواریی و کۆمەڵەی یەکسانیی کوردسان هیچ کات پێیان وا نەبووە کە سەربەخۆیی کوردستان و بەدەستهێنانی مافی چارەنووس بۆ گەلی کورد هەموو کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێمە چارەسەر دەکات. ئێمە وەک ڕەوتێکی سۆسیالیستیی لە دژی هەموو ئەو ستەمانەین کە کۆمەڵگەی چینایەتیی، سیستمی سەرمایەدایی بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا سەپاندووە.