ئایا کۆنفرانسی "پلاتفۆرمی دێموکراتیکی ئێران" لە برۆکسێل دێموکراتیک بوو؟

ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
11-06-2023


ئەم کۆنفرانسە کە بە بڕیاری پێشوختی لایەنی میواندار یا خانەخوێ تەنیا سێ حیزبی ڕۆژهەڵات (کۆمەڵەی کۆمۆنیست، حدکا و پژاک) تێیدا بەشدار بوون کە یەکێکیان هەمان خانەخوێکە بوو، هەم خاڵی ئەرینی هەبوون و هەم نەرێنی، بەڵام پلاتفۆرمەکەی ئەم کۆنفرانسەی ڕێک خستبوو دەری خست کە دێموکراتیک نەبوو. لێرەدا من زۆر ناچمە سەر چۆنییەتیی گیرانی ئەم کۆنفرانسە و دەرەنجامەکانی بەڵام بە کوردی و کورتییەکەی، خاڵی ئەرێنی ئەم کۆنفرانسە کۆبوونەوەی پژاک و حدکا بوو لەسەر یەک مێز و شکاندنی ئەم تابۆیە بوو کە پەژاکی پەراوێز دەخست و بە لایەنێکی ڕۆژهەڵاتی نەدەزانی و هاوکاریی لەگەڵ نەدەکرد. دیارە ئەم گۆڕانەش هەر لە خۆوە نییە. بە کورتی بە ڕای من بارودۆخی حدکا و لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکان لە باشوور دوای گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حکوومتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگواستن و کەمپنشینکردنیان لە شوێنێکی تر، کاریگەریی زۆر بووە لەم بڕیاری حدکا بۆ نزیکبوونەوەی لە پژاک و بەشداریی لەم کۆنفرانسەدا، هەرچەند من بە کارێکی باش و تەنیا خاڵی ئەرێنیی ئەم کۆنفرانسەی دەزانم.

خاڵی نەرێنی ئەم کۆنفرانسە پەراوێزخستن و خنکاندنی دەنگی سەربەخۆییخوازەکان و جیابیران بوو کە سەرەڕای ئەوەی هەندێکیشیان بانگهێشت کردبوون، بەڵام پێشەکی پێیان وتبوون کە مافی دەربریینی بۆچوونی حیزبەکەتان نییە و ئێوە تەنیا وەک میوان مافی بوون لەم کۆنفرانسەدا و مافی گوێگرتنتان هەیە! ئەمەش بە کورتی واتای نادێموکراتبوونی ئەم کۆنفرانسە و ئاکامەکەی بایکۆتکرانی لە لایەن لایەنە سەربەخۆییخوازەکان بوو.

ئەو کارە نادێموکراتییکەی "پلاتفۆرمی دێموکراتیکی ئێران/پژاک" لە کاتێکدایە کە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵات پێشتر لە لێژنەیەکی شەش لایەنییدا بۆ پێکهێنانی بەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (واتە پارتی سەربەخۆیی، کۆمەڵەی یەکسانی، پارتی ئازادی، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازان، خەباتی شۆڕشگێڕ و پارتی سەربەستی) چەند جارێک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە پژاکیشەوە کۆبوونەوە و وتووێژیان هەبووە و بۆ پژاکیش وەک لایەنێکی ڕۆژهەڵات حیسابیان کرد و داوایان لێ کرد کە هاوکار و بەشدار بن بۆ پێکهینانی بەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەچی ئەوان لە ڕێی ئەم پلاتفۆرمەوە زۆر بە ئاسانی هەموو لایەنەکانیان پشتگوێ خستن و بە یەک سڵاوی حدکا هەموو شتێکیان لەبیر چۆوە.

بۆ مێژوو ئەوە دەڵێم کە ڕێکخەرانی پژاک بیریان بێت، کە ڕۆژگارێکی نەچەندان دوور هیچ لایەنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێجگەلە کۆمەڵەی یەکسانی، لە هیچ بۆنەیەکی ئەم حیزبەدا بەشدارییشیان نەدەکرد و یەکسانی لە هەموو شوێنێک، سەرەڕای جیاوازیی هزریی لەگەڵ پژاک، لایەنگریی لە بەشداربوونی پژاک وەک لایەنێکی ڕۆژهەڵاتی کردووە، کەچی ئەمڕۆ کۆنە توودەیی و کۆنە چریکی و کۆنە دێموکراتی دەرکراو هێندە دەوری ئەم حیزبەیان داوە کە پژاک تەنانەت نایهەوێ بیری یەکسانییخوازیی و سەربەخۆییخوازیی لە زمانی کۆمەڵەی یەکسانییشەوە ببیسترێت! هەر بژی پژاک بۆ پلاتفۆرمی دێموکراتیکت!

ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
٢٠٢٣/٠٦/١١