دەستبەسەر کردن و کوشتاری ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا بە توندی شەرمەزار دەکەین

یەکسانی
13-06-2023

ئەمڕۆژانە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەجارێک دەهریی بووە و بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرە سوورەی شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی و بۆ پێشگرتن بە تێکچوونی شیرازەی هێزە سەرکوتکەرەکانی، لە لایەکەوە پەنای بردۆتەوە بەر نامرۆڤانەترین و بێشەرمانەترین جۆرەکانی توندوتیژیی و دەسبەسەرکردنی گەنجان و تەنگهەڵچنین بە خەڵکێک کە لە ژێر هیچ گوشارێکی نامرۆڤانەدا خۆیان بەدەستەوە نەداوە، لەلایەکی تریشەوە لە دەرەوەی وڵات دەستی داوەتە چەمانەوە و هەرزانفرۆشکردنی خۆی لە بەردەم دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزە ڕۆژاواییەکان تا بتوانێت بۆ ماوەیەکی تریش درێژە بە تەمەنی نگریسی خۆی بدات.

 ڕێژیمی ئاپارتایدی ڕەگەزیی ئێران، ئەم ڕۆژانە سنووری هەموو بێڕەوشتییەکی بەزاندووە، بە جۆرێک کە ڕۆژ نییە زیندانییانی سیاسیی لەدار نەدات و ڕۆژ نییە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە هێرش نەکاتە سەر ژنان، گەنجان و خەڵکی ڕاپەڕیو.

یەکێک لە نموونەکانی تاوانکارییەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامیی هێرشکردنە سەر ئەم بنەماڵانەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینایە کە بۆ سەردانی گڵکۆی گیانبەختکردووانی شارەکانی بۆکان و سەقز لە سنە و دیواندەرە و دێوڵانەوە لە ١٩ی جۆزەرداندا چووبوونە سەر گڵکۆی ژینای نەمر. دایک و باوکانی گیانبەختکردووان لە ناو گەمارۆی چڕی هێزە داگیرکەرەکاندا و بێ گوێدانە هەڕەشە کانیان، بە ورەیەکی بەرزەوە بەرنامەیەکی شکۆداریان بەڕێوە برد. دایکان و باوکان لەو مەراسمەدا بەیانیەیان خوێندەوە و گوڵیان بەشیەوە و گڵکۆی ژینای هێمای شۆڕشیان گوڵباران کرد. پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە و لە کاتی گەڕانەوەی کەسوکاری گیانبەختکردوواندا، بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی هێرشیان کردە سەر ئوتوبووسەکانی هەڵگری ئەو خەڵکە و زیاتر لە ٤٠ کەسیان لێ دەستبەسەر کردن.

دوو ڕۆژ دوای ئەوە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی لە گۆڕستانی گوندی پرچستانی سەر بە شاری  ئیزە، ئەندامانی خانەوادە و کەسوکاری کیان پیرفەلەکی گیانبەختکردوویان دایە بەر دەستڕێژ و پویا مەولاییڕادی ئامۆزای دایکی کیانیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت،  کاتێک ئەو خەڵکە لە مەراسمی ١٠ ساڵەی لەدایکبوونی کیان دەگەڕانەوە، کە لەسەر گڵکۆی ئەم مناڵە ڕێکیان خستبوو.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە توندی ئەم تاوانکارییانەی کۆماری ئیسلامیی شەرمەزار دەکات و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا و بە هەر شێوەیەکی تر کە بۆیان دەکرێت بەرپەرچی ڕژیمی کوشتوکوشتار بدەنەوە و خوازیاری سزادانی بکەرانی ئەو تاوانانە و خوازیاری ئازادیی دەستبەجێی گیراوەکان بن.

ئێمە دڵنیاین کە دوژمن بەم کردوە قێزەون و ترسنۆکانەی نەک ناتوانێت بەر بە شەپۆلی فوراتی شۆڕشی یەکسانییخوازیی گەل بگرێت، بەڵکو تەمەنی نگریسی خۆی هەر دێ و کورتتر دەکاتەوە.

نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی!

سەرکەوێت شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاویی، ١٣/٦/٢٠٢٣