تێکهەڵچوونی چەکدارانەی ئەمڕۆی نێوان دوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە توندی شەرمەزار دەکەین:
یەکسانی
22-06-2023
دەبێ هەرچی زووتر ئاگری ئەم شەڕە قێزەونە بوەستێندرێت، دۆخەکە ئارام بکرێتەوە، تاوانباران دادگایی بکرێن!
پاش ئەوەی دوێنێ ٣١ی جۆزەردان (٢١/٦/٢٠٢٣ ) کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کشانەوەی خۆی لە پرۆسەی تێکەڵبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند، گرژیی کەوتە نێوان ئەو دوو لایەنە و نیگەرانی تێکهڵچوونی چەکدارانەی نێوانیان هاتە پێشەوە. بەداخەوە کاتژمێرێک لەمەوبەر کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند، کە لە هێرشی چەکدارانەی لایەنی بەرانبەردا دوو پێشمەرگەیان لە ناو بارەگاکانی خۆیاندا لە ئۆردوگای بانەگەورە لە باشووری کوردستان بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمیی و هیوا سادقیی گیانیان لەدەستداوە و دوو پێشمەرگەشیان بریندار بوونە.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان زۆر بەداخە بۆ ئەو دۆخە نەخوازراوەی هاتۆتە پێشەوە و کوشتنی پێشمەرگە بە دەستی پێشمەرگە و هەر چەشنە بەریەککەوتنێکی چەکدارانەی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتوندی شەرمەزار دەکات و خوازیارە ئەم شەڕە نەگریسە هەرچی زووتر بوەستێندرێت و بەر بە خوێنڕشتنی زیاتر بگیرێت. هەروەها خوازیارین، کە بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیتاسیەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەو ناوچەیە جێگیرن لێکۆڵینەوەی وردی ڕووداوەکە بکرێت بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و بۆ دادگاییکردنی بکەران و پلاندانەرانی ئەم تاوانە گەورەیە.
بێگومان ئەم دۆخە هەستیارەی هاتۆتە پێشەوە تەنها لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامییدایە و ئەم ڕژیمە بەم بەهانەوە هەوڵەکانی بۆ زیاتر فشارخستنە سەر لایەنە سیاسیەکانی جێگیر لە باشووری کوردستان چڕتر دەکاتەوە و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان میلیتاریزەتر دەکات و ئەمەش وەک چەکێک بۆ سەرکوتی شۆڕشی ژینا بەکار دەهێنێت.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی دووبارەی ئەم تاوانە گەورەی ڕوویداوە، هاوخەمیی خۆی لەگەڵ خانەوادەی پێشمەرگە گیانبەختکردووەکان و خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنێت و خوازیارین بە دیالۆگ و بە دەستپێشخەریی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخەکە ئارام بکرێتەوە
هەروەها ئێمە پێداگریی دەکەینەوە، کە پێویستە لە نێوان هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ڕیککەوتننامەیەک پەسەند بکرێت، کە تیایدا هەموولایەک بەڵێنیی بدەن لەمڕۆ و سبەی کوردستاندا و هیچ کات بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان دەست بۆ چەک نەبەن.
نەفرەت لە شەڕی ناوخۆیی!
بژی یەکڕیزیی و هاوخەباتیی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان!
بڕووخێتی ڕژیمی کۆنەپەرست و داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٢/٦/٢٠٢٣
١ی پوشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی