وتوێژ له گه‌ڵ مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور سه‌باره‌ت به جینۆساید
عەلى مەحموود
25-06-2023
تيبينى:" ئه‌م وتووێژه پێش بڕیاری به جینۆساید ناسینی تاوانی هه‌ڵه‌بجه له لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانه‌وه ئه‌نجامدراوه" .
سازدانى: عەلى مەحموود محەممەد
((ئه‌گه‌ر بێتوو هێزی پێشمه‌رگه رێیانگرتبێ له خۆ رزگارکردنی خه‌ڵک چ له هه‌ڵه‌بجه چ له ئه‌نفال دا، به بۆچوونی من ژیانی خه‌ڵکه‌که‌یان له مه‌ترسی خستووه و ده‌کرێ وه‌ک جینایه‌تی شه‌ڕیی حیسێب بکرێ)) .
گه‌ڕان به دوای حه‌قیقه‌ته مێژووییه‌كان و نه‌ترسان له وتنی ڕاستییه‌كان ئه‌ركی ڕۆشنبیرانه ،بۆخوێندنه‌وه‌یه‌كی گشتگیر له‌سه‌ر پرسی جینۆسایدی كورد چاوپێكه‌وتنێكی تێر‌و ته‌سه‌لمان له گه‌ڵ مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور ئه‌نجامداوه.
)) ئه‌میر حه‌سه‌نپوور له 1943 له مه‌هاباد هاته دنیا و له‌وێ خوێندنی سه‌ره‌تایی وناوه‌ندیی ته‌واو کرد و له زانکۆی تاران درێژه‌ی به خوێندنی دا. له پێشدا، زمان و ئه‌ده‌بی ئینگلیسی و دوایه زمان‌ناسی خوێند. له 1972 بۆ درێژه‌دان به خویندنی چوو بۆ ئه‌مریکا و له 1989 دوکتورای راگه‌یاندنی ته‌واو کرد و له ساڵی 1987 تا ئێسته له کانادا له زانکۆکانی ویندسۆر و کنکۆردیا و تورانتو خه‌ریکی ده‌رس کوتن و لێکۆڵینه‌وه بووه. یه‌کێک له نووسراوه‌کانی، کتێبی "ناسیۆنالیسم و زمان له کوردستان، 1918-1985" ه که به ئینگلیسی بڵاوبۆته‌وه و وه‌رگێڕدراوه‌ته سهرتورکی((.
پرسیار 1: به‌ڕێز مامۆستا سه‌ره‌تا چه‌ند ساڵێكه به تایبه‌ت له دوای دامه‌زراندنی چاوديرى كوردؤسايد له‌به روارى 6-1-2002ه‌وه، كاركردن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی تاوانه گه‌وره‌كان "جینۆساید، تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی، تاوانی جه‌نگ" گرنگی په‌یدا كردووه، ئێوه ئه‌م گرنگی پێدانه له ئاستی به‌رفراوان بۆ ناساندنی دۆزی جینۆساید چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
وه‌ڵام: مێژوونووسێکی جینۆساید، مارک ڵێڤین، ده‌ڵێ ناوچه‌ی "عه‌نه‌دۆڵی رۆژهه‌ڵات" که هه‌رمه‌نستانی کۆن و کوردستان ده‌گرێته‌وه ده‌بێ وه‌ک "مه‌ڵبه‌ندی جینۆساید" بناسین. له‌و مه‌ڵبه‌نده‌دا، له ئاخر ساڵانی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه تا ئێستا ده‌وڵه‌تی عوسمانی و کۆماری تورکییه و ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌و سێ چه‌شنه جینایه‌ته‌یان له دژی گه‌لانی هه‌رمه‌نی و ئاشۆری و کورد کردووه -- "جینۆساید"، "جینایه‌تی شه‌ڕیی" و "جینایه‌تی دژی مرۆڤایه‌تی". له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌وڵه‌تانی ناوچه کۆنوانسیۆن و پرۆتۆکۆڵه ناونهتهوهییهکانیان له دژی ده‌ستتێوه‌دانی ئه‌و جینایه‌تانه په‌سند و ئیمزاکردووه، هه‌ر کاتێک ویستییان ئه‌و په‌یمان و به‌ڵێنیانه فه‌رامۆش ده‌که‌ن و ده‌ستده‌که‌ن به‌و جینایه‌تانه. مارک لێڤین ده‌ڵێ له‌و مه‌ڵبه‌نده‌دا، جێنۆساید قاعیده‌یه نه‌ک ئیستیسنا. ئه‌زموونی مێژووی ناوچه له ئاخری سه‌ده‌ی نۆزده‌وه تا ئێسته دوروست بوونی ئه‌و لێکدانه‌وه‌ی ده‌رخستووه.
به داخه‌وه، وشیاری، زانیاری، زانست، و لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به‌و جینایه‌تانه له فه‌رهه‌نگی سیاسی کوردستان و ناوچه‌دا زۆر که‌م بووه. ره‌نگه که‌م که‌س ئه‌وه بزانێ که هێشتا پێشنووسی کۆنوانسیۆنی دژی جێنۆساید له "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان"دا وتووێژی لێده‌کرا و په‌سند نه‌کرابوو که ده‌سته‌ی نوێنه‌ری کورد له‌و داخوازییانه که له 29ی نوامبری 1948 پێشکه‌شی سێکرێتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی کرد، وشه‌ی جێنۆسایدی ده‌کارهێنا و سه‌رنجی ئه‌و رێکخراوه‌ی راکێشا بۆ جێنۆسایدی گه‌لی کورد. پازده ساڵ دوایه، هه‌واڵێکی هه‌ره گرینگی رۆژنامه و رادیۆکانی دنیا له هاوینی 1963دا ئه‌وه بوو که کۆماری مه‌غوولستان و یه‌کێتی سۆڤێت ده‌وڵه‌تی عێراقیان تاوانبارکرد که خه‌ریکی جێنۆسایدی گه‌لی کورده. مه‌به‌ستم له ئاماژه‌کردن به‌و دوو رووداوانه ئه‌وه‌یه که بڵێم سه‌رباقی ئه‌وه‌ی باسی جێنۆسایدی گه‌لی کورد له مێژه هاتووه‌ته گۆڕێ، ئاگاهی سه‌باره‌ت به‌و جێنایهته زۆر که‌م بووه.
پڕۆژه‌ی ئه‌نفالی ریژیمی به‌عس ده‌کرا له سه‌ره‌تاوه وه‌ک جێنۆساید بناسرێ به‌ڵام حیزبه‌کان ئه‌و زانیارییه و وشیارییه‌یان نه‌بوو که ئه‌و ریژیمه تاوانبار به جێنۆساید بکه‌ن. له‌و ده‌وله‌تانه‌ی که ده‌ستیان له کاروباری ناوچه‌دا بوو، له ده‌زگای حکوومه‌ت سه‌رۆک کۆمار ره‌یگان له ئه‌مریکا ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه وه‌ک پڕۆژه‌ی جێنۆساید باسی لێ‌کرا به‌ڵام له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی و عه‌سکه‌ری و ئابووری گوێی خۆیان لێ ئاخنی (له چه‌ند ساڵی رابردوودا "سامانتا پاور" و چه‌ند لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی دی ئه‌و باسه‌یان تۆمارکردووه).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێسته زۆرتر له جاران بایه‌خ ده‌درێ به باسی ئه‌و سێ جینایه‌تانه و هێندێک ده‌سکه‌وتی باش هه‌یه، من پێموایه هێشتا هه‌نگاوه سهرهتایێکانیش بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی وشیاری و رێڵێگرتنی ئه‌و جینایه‌تانه هه‌ڵنه‌گیراوه.
نامه‌ی حکوومه‌تی کۆماری گه‌لیی مه‌غوولستان بۆ رێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له 2 ی مانگی 7ی 1963. له‌و نامه‌یه‌دا، داوا کراوه که باسی "سیاسه‌تی جینۆسایدی حکوومه‌تی کۆماری عێراق له دژی گه لی کورد" بخرێته نێو ئه‌جێندای کۆبوونه‌وه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه کان
پرسیار 2: دادگای باڵای تاوانه‌كانی ئێراقی تاوانی ئه‌نفالی وه‌ك تاوانی جینۆساید ناسی، كه‌چی تاوانی هه‌ڵبجه‌ی سه ره تا وه‌ك تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی ناساند، ئه‌گه‌ر بۆشاییه‌ك له پرؤسه ى دادگا هه‌بێت كامانه‌ن؟
وه‌ڵام: من ئێسته ده‌رفه‌تی پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واوی کارنامه‌ی ئه‌و دادگایه‌م نییه، به‌ڵام ده‌توانم به کورتی بڵێم که کاری دادگا هه‌تا بڵێی خراپ و نادوروست بوو. محاکه‌مه‌کردنی سه‌دام و ده‌سته‌وده‌یاره‌که‌ی فرسه‌تێکی مێژوویی بوو بۆ گه‌لانی ناوچه بۆ به‌ربه‌ره‌کانی کردنی ئه‌و سێ جینایه‌تانه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی حکوومه‌تێک و حیزبێکی به ده‌سه‌ڵات به تاوانی ئه‌و جینایه‌تانه دادگایی بکرێن، و له ئاکامی ئه‌و محاکه‌مه‌دا، هه‌م خه‌ڵك وشیاری زۆرتر وه‌ده‌ست بخه‌ن و هه‌م کاربه‌ده‌ستان و حیزبه حاکمه‌کان، له ئێسته و له داهاتوودا، له عێراق و له ده‌ره‌وه‌ی عێراق، بپرینگێنه‌وه یان به‌لانی که‌مه‌وه بزانن که له‌وانه‌یه رۆژێک بێ که تاوانبار و ته‌نبێ بکرێن.
به به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکا و حاکمه تازه‌کانی به‌غدا، سه‌دام و ده‌سته‌وده‌یاره‌ی زۆر به‌په‌له محاکه‌مه و ئیعدام کران. ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌نیا بارودۆخی شه‌ڕیی و ئه‌منییه‌تیی و عه‌سکه‌ریی عێراق نه‌بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌منییه‌تیش هه‌با کێشه‌که‌یان شرت و گوم ده‌کرد. ئه‌و سێ جێنایه‌تانه زۆر باون و زۆرتر حکوومه‌ته‌کان ده‌یکه‌ن به‌ڵام هێزی غهیرهحکوومهتیش ئێسته زیادتر له جاران ده‌ستی پێداده‌نێ. حکوومه‌ته‌کان نایانه‌وێ له هێچ وڵاتێک ده‌م و ده‌زگای رابه‌ریی (سه‌رۆک وه‌زیر، سه‌رۆک کۆمار و حیزبه حاکمه‌کان) و بونیادی ده‌وڵه‌ت تاوانباربکرێن و ده‌یانه‌وێ بڕوای خه‌ڵک به ده‌وڵه‌ت و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی به‌تین بمێنێ (وه‌ک له تورکییه که ده‌وڵه‌ت به بونیادێکی موقه‌ده‌س داده‌ندرێ). ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌یانه‌وێ مافی جێنۆسایدکردن بۆ خۆیان بپارێزن. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا، که خۆی به هه‌ره دێمۆکرات داده‌نێ، له ده‌ست تێوه‌دانی ئه‌و جینایه‌تانه له زۆر ده‌وڵه‌ته دیکتاتۆرییه‌کان له‌پێشتره. ئه‌گه‌ر ریژیمی به‌عس هه‌ر له چوارچێوه‌ی عێراقدا ئه‌و جینایه‌تانه‌ی ده‌کرد، ئه‌مریکا له سه‌رانسه‌ری دنیادا کردوویه‌تی، بۆ وێنه کوشتاری گه‌له بوومییه‌کان، بۆردمانی هێرۆشیما و ناگازاکی، بۆردمانی کیمیاوی ویه‌تنام، ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانیان له ئه‌بوو غره‌یب و گوانتانامۆبه‌ی. جا سه‌یر نییه که ئه‌مریکا سی و شه‌ش ساڵی پێچوو هه‌تا کۆنوانسیۆنی جێنۆسایدی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان په‌سند بکا و کاتێکیش کردی ئه‌وه‌نده‌ی شه‌رت و مه‌رج بۆ دانا که هێچ قوربانیێکی ئه‌و جینایه‌تانه نه‌توانێ تاوانباری بکا و بیباته دادگا. ئێسته‌ش که نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دوای چه‌ند سال حه‌ولدان بۆ دامه‌زراندنی "دادگای جینایی نێونه‌ته‌وه‌یی" له ساڵی 1998دا قانوونی ئه‌و دادگایه‌ی بۆ ده‌نگدان ئاماده‌کرد، 120 ده‌ۆڵه‌ت په‌سندیانکرد،21 ده‌وڵه‌ت ده‌نگیان نه‌دا، و ته‌نیا 7 ده‌وڵه‌ت دژایه‌تییان کرد – ئه‌مریکا، عێراق، ئێسرائیل، لیبی و چین و قه‌ته‌ر. جا سه‌یر نییه که ئه‌مریکا نه‌یویست دادگایێکی رێکووپێک و لێهاتوو سه‌دام و حیزبه‌که‌ی محاکه‌مه بکا. ئه‌گه‌ر ئه‌وه کرابا، ئه‌مریکا خۆی و ده‌سته‌وده‌یاره‌کانی، تورکییه و ئیسرائیل که هه‌ر رۆژ ئه‌و جینایه‌تانه ده‌که‌ن، و هاوپه‌یمانه ئورووپاییه‌کانی تووشی کێشه ده‌بوون. حاکمانی تازه‌ی به‌غداش، که خۆیان قوربانی ئه‌و جینایه‌تانه بوون، ئه‌وه‌یان هه‌ست پێده‌کرد که، وه‌ک حاکم، خۆشیان پێویستیان به‌وه ده‌بێ که ئه‌و جینایه‌تانه بکه‌ن و زوو سه‌دامیان به تاوانی جینایه‌تی دوجه‌یل شرت و گوم کرد و کۆتای‌یان به دادگا هێنا. من ئه‌وه وه‌ک پیلانێک له دژی گه‌لانی ناوچه و له دژی قوربانیکراوانی ئه‌نفال و جێنۆسایدی گه‌لی هه‌رمه‌نی و ئاسۆری و فلستینی داده‌نێم. ده‌وری رابه‌رایه‌تی کورد و رۆشنبیر و چالاکی سیاسیش زۆر جێی سه‌رنجه.
پرسیار 3: پ3:ئایا ده‌توانین ڕه‌گه‌زه‌كانی جینۆساید به پێوه‌ری جیهانی له تاوانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال بدۆزینه‌وه,وه‌ك پشتیوانییه‌ك بۆ به جیهان ناساندنی تاوانه‌كه,ئه‌گه‌ر له‌مباره‌یه‌وه ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی زیاترتان هه‌بێت؟.
وه‌ڵام: ئه‌گه‌ر بێتوو کۆنوانسیۆنی جێنۆسایدی 1948 بکه‌ین به بنچینه‌ی تێگه‌یشتنی جێنۆساید، ده‌بێ بڵێم که جێنۆساید ته‌نیا دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌یێتی له زه‌بروزه‌نگی شه‌ڕدا نییه. به پێوه‌ری ئه‌و کۆنوانسیۆنه (ماده‌ی دوو)، بۆ ئه‌وه‌ی جینایه‌تێک وه‌ک جێنۆساید بناسرێ ده‌بێ مه‌به‌ست یان نییه‌تی جینایهتهکهرهکه ئه‌وه بێ که یه‌ک گرووپی نه‌ته‌وه‌یی، قه‌ومیی، ره‌گه‌زیی، یان ئایینی له ناوبه‌رێ جا چ ته‌واوی گرووپه‌که بێ یان به‌شێکی. هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌و له‌ناوبردنه له‌به‌ر نه‌ته‌وه‌یی بوون، قه‌ومی بوون، ره‌گه‌زیی بوون یان ئایینی بوونی ئه‌و که‌سانه‌بێ که له ناویان ده‌به‌ن. بۆ وێنه ریژیمی به‌عس ئه‌گه‌ر کوردی به بیانووی "جیاوازیخوازی" یان بڕوای سیاسی (وه‌ک کۆمۆنیست بوون، لیبرال بوون و هتد) کوشتبا، به گوێره‌ی کۆنوانسیۆنی 1948، ئه‌و کوشتاره جێنۆساید له‌قه‌ڵه‌م نه‌ده‌درا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر کوردی له‌به‌ر کوردبوون کوشتبا، جینایه‌ته‌که‌ی وه‌ک جێنۆساید حیسابده‌کرا. ئه‌وه‌ش که‌م وکووڕییێکی ئه‌و کۆنوانسیۆنه‌یه که زۆریش ره‌خنه‌ی لێگیراوه (هه‌ر بۆیه کۆکوژێ زیاتر له نیو ملیۆن کۆمۆنیست له ئه‌ندۆنێزی له ساڵانی 1965-1966 وه‌ک جێنۆساید داناندرێ. جا ئه‌و مه‌به‌سته (له ناوبردنی به تێکڕایی یان به به‌شێک) ته‌نیا به کوشتنی دڕندانه و له‌برسان کوشتن پێک نایه. بۆ وێنه هه‌ر ئه‌و ماده‌ی دووهه‌مه جوێکردنه‌وه‌ی منداڵ له دایک و بابی (که مه‌به‌ستی گۆڕینی زمان و کوولتووره) به جێنۆساید داده‌نێ. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی حیزبی به‌عس ئه‌وه بووبێ که به‌شێک یان ته‌واوی گه‌لی کورد، له به‌ر کوردبوون، له‌ناوبه‌رێ ده‌کرێ به جێنۆساید دابنێین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، حیزبی به‌عس، به پێچه‌وانه‌ی ریژیمی که‌مالیستی تورکییه، دانی ده‌نا به بوونی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یێک به‌ڵام به‌ڵگه‌ی زۆر هه‌یه بۆ سه‌لماندنی سیاسه‌تی له ناوبردنی "کورد وه‌ک کورد". بۆ وێنه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌رس خوێندن به کوردی له عێراقدا، به پێچه‌وانه‌ی تورکییه و ئێران، باو بوو، به‌ڵام سیاسه‌تی ته‌عریب له په‌روه‌رده و له گشت بواری دی دا به ئاشکرا ره‌چاوده‌کرا. سیاسه‌تی ته‌عریب، که سیاسه‌تی گۆڕینی زمان و کولتوری کورد و دێمۆگرافی کوردستان بوو سیاسه‌تێکی جێنۆسایدانهیه جا چ به هێمنی کرابێ چ به زه‌بروزه‌نگ.
پرسیار 4: ئایا هه‌ڵه‌بجه جینۆساید نه‌بێت،له قه‌واره‌ی تاوانه‌كه، له گه‌وره‌یی تاوانه‌كه له ڕوی یاساییه‌وه كه‌مده‌كاته‌وه؟
وه‌ڵام: ئه‌گه‌ر باسی قانوونی ناونه‌ته‌وه‌یی بکه‌ین، به تایبه‌ت دوای کۆنوانسیۆنی جێنۆساید، ده‌کرێ بڵێین هه‌ر سێک جینایه‌ت هاوسه‌نگن. ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێ بیسه‌لمێنێ که کۆکوژێ هه‌ڵه‌بجه جێنۆساید نه‌بوو ده‌بێ له پێشدا ئه‌وه بسه‌لمێنێ که ریژیمی به‌عس مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی گه‌لی کوردی، به تێکڕایی یان به‌شێکی، نه‌بوو. ئیستیدلالێکی وا بۆ بارودۆخی 1988 زۆر هاسان نییه. با وای دابنێین که جێنۆواید نه‌بوو و جینایه‌تی شه‌ڕی بوو. ئه‌وه له رووی سیاسییه‌وه له قورسایی ئه‌و جینایه‌ته که‌م ناکاته‌وه.
پرسیار 5: بوونی ئێران له هاوكێشه‌كه‌دا له لێدانی نه‌وته‌كه‌ی كه‌ركووكه‌وه له ئۆكتۆبه‌ری 1986، به دوایدا دانانی باره‌گای پاسداران له زۆر ناوچه‌ی كوردستان تا ده‌گاته په‌لاماری هاوبه‌ش بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، به‌هانه‌ی دایه ده‌ست به‌عسه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی تاوان، ئایا ئه‌و كرداره چ ڕۆڵێكی هه‌یه له: - به جینۆساید نه‌ناسینی ئه‌و تاوانانه، و - له كۆمه‌ڵكوژی كوردان.
وه‌ڵام: له حقووقی نێونه‌ته‌وه‌یی دا، بۆ ئه‌وه‌ی کرده‌وه‌ی عه‌سکه‌ری وه‌ک جینایه‌تی شه‌ڕیی و جینایه‌تی دژی مرۆڤایه‌تی و جینۆساید بناسرێ، بێجگه له کێشه‌ی مه‌به‌ست و نییه‌ت، ده‌بێ شه‌ڕه‌که‌ش شه‌ڕێکی نێونه‌ته‌وه‌یی بێ. بوونی ئێران له‌و شه‌ڕه‌دا، رووداوه‌که نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌کا و کرده‌وه‌ی هێزه عه‌سکه‌رییه‌کانی ئێران ده‌کرێ وه‌ک جینایه‌تی شه‌ڕیی و دژی مرۆڤایه‌تی دابندرێ. به گوێره‌ی ماده‌ی سێی کۆنوانسیۆنی ژێنێو (1949)، ته‌نانه‌ت له شه‌ڕی ناوخۆییشدا، هه‌م ئه‌وانه‌ی که شه‌ڕکه‌رنین و هه‌م ئه‌و شه‌ڕکه‌رانه‌ی که خۆبه‌ده‌سته‌وه‌بده‌ن، برینداربن، نه‌خۆشبن، چهکدارنهبن، یان بهیهخسیرگیرابن ده‌بێ وه‌ک "که‌سی پارێزراو" ره‌فتاریان له‌گه‌ڵبکرێ واته ده‌بێ ره‌فتاری مرۆڤانه‌یان (به به‌زه‌یی) له‌گه‌ڵبکرێ، و ره‌فتاری شه‌رمه‌زارکه‌رانه و سه‌رشۆڕکه‌رانه و ئیعدامی ده‌ستبه‌جێ ده‌بێ قهدهغهبکرێ (بۆ وێنه، کاتێکی تورکییه عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانی رفاند و بهدهستبهستراویی له ژێر ئاڵای تورکییه‌دا وێنه‌ی هه‌ڵگرت و له دنیادا بڵاوی کرده‌وه، ره‌فتارێکی سه‌رشۆڕکه‌رانه‌ی له‌گه‌ل زیندانییێکی رفاندراو کرد و ماده‌ی سێی کۆنوانسیۆنی ژێنێوی پێشێلکرد چونکه ئه‌و ره‌فتاره‌ی شه‌رمه‌زارکه‌رانه له قه‌ڵه‌مده‌درێ؛ تورکییه ئه‌و کۆنوانسیۆنه‌ی ئیمزاکردووه و به‌ستراوه‌ته‌وه به ره‌چاوکردنی ئه‌و ماده‌یه).
سه‌باره‌ت به ده‌وری ئێران: دیاره ده‌ستدرێژی ئێران بۆ خاکی عێراق و دامه‌زراندنی پێگه‌ی عه‌سه‌که‌ری و هاوکاریکردنی حیزبه‌کانی کوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ ئێران بیانووی دا به سه‌دام بۆ ده‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی به تایبه‌تی له هه‌له‌بجه‌دا. به‌ڵام به گوێره‌ی "قانوونی شه‌ڕ"، هیچ ده‌وڵه‌تێک یان هێچ هێزێکی غه‌یری-ده‌وڵه‌تی، له هیچ بارودۆخێکدا به هیچ به‌هانه‌یێک، مافی وه‌ی نییه ئه‌و جینایه‌تانه بکا.
پرسیار5: له تاوانی هه‌ڵه‌بجه 72 پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له گوردانی شوان یان كوژران یان به دیل گیران و دواتر ئیعدام كران، له كاتێكدا ئه‌م دۆسیه‌یه وه‌ك به‌شێك له دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه پێشكه‌ش به دادگا كرا، وه‌لێ لێی ده‌رهێنرا، پرسیار ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵكوژی ئه‌و 72 پێشمه‌رگه، له ناویاندا ئیعدام كردنی ژماره‌یه‌كیان ده‌چێته پای چ تاوانێك له تاوانه گه‌وره‌كان؟ ئایا به‌رپرسیارێتی یاسایی كۆماری ئیسلامی ئێران چییه له ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه؟
وه‌ڵام: من نازانم به چ مه‌به‌ستێکی سیاسی یان قه‌زایی باسی پێشمه‌رگه ئیعدامکراوه‌کانی کۆمه‌ڵه‌یان له په‌روه‌نده‌که ده‌رهێناوه؛ ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بووبێ که ته‌نیا ریژیمی سه‌دام به به‌رپرسیاری جینایه‌ته‌که دابنێن. دیاره پێوه‌ندیی دۆستانه‌ش له نێوان حاکمانی به‌غدا و تاران هه‌یه. ئه‌وه‌نده‌ی من ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌یه که ئه‌رته‌ش و پاسداری ریژیمی ئیسلامی (وه‌ک ئه‌رته‌شی ئیسرائیل و تورکییه و عێراق) له‌و جینایه‌تانه ناپرینگێنه‌وه و کۆکوژیی زیندانی شه‌ڕیی وه‌ک پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه به ئه‌رکێکی شه‌رعی داده‌نێن.
پرسیار 6: (( به‌هۆی هێنانی ئێرانه‌وه بۆ كوردستان، چ به‌رپرسیاریه‌تییه‌ك یاسایی و سیاسی و ئه‌خلاقی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی "بڕیاریان دا، فرماندهی شه‌ڕه‌كانیان كرد" مه‌به‌ستم لایه‌نه كوردییهكانه.))
((له تاوانی هه‌ڵه‌بجه و له ئه‌نفالیش خه‌ڵك ده‌یانه‌ویست خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، چونكه پێش بینی هه‌موو تاوانێكیان له به‌عس ده‌كرد، به‌ڵام هه‌ندێك به‌رپرس ڕێگر بوون له به‌رده‌م خۆ ڕزگار كردنی ئه‌و خه‌ڵكه، زۆربه‌ی قوربانیانی هه‌ردوو تاوانه‌كه قوربانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ن، ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕێگرییه‌یان درووست كرد چ به‌رپرسیارییه‌تیه‌ك ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆیان؟ )).
(( دزی و تاڵان، بڕینی په‌نجه و ده‌ستی هاووڵاتیان بۆ ئه‌نگوستیله و بازنگ و برینی بانكی شاره‌كه و به تاڵانبردنی ماڵ و دوكانی خه‌ڵك له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌و پاسدارانه‌وه،پاشان تاڵان كردنی شار به گشتی له لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه، ده‌توانین له ڕوی یاساییهوهله ڕیزی چ تاوانێك پۆلێن به‌ندیان بكه‌ین؟ وه تۆمه‌تبار چ تۆمه‌تێك ده‌یگرێته‌وه؟ )).
((له‌پای ئه‌و تاوانانه ئایا ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه ده‌ستیان هه‌بوو له هێنانی سوپای پاسدار ئه‌ركیان نییه داوای لێبوردن له‌و خه‌ڵكه بكه‌ن و قه‌ره‌بووی به‌شێك له زیانه‌كانیان بكه‌نه‌وه؟)).
وه‌ڵام: له سه‌ده‌ی بیسته‌وه تا ئێستا، به تایبه‌تی دوای شه‌ری جیهانی دووه‌م، حیزبه سیاسییه‌کانی کوردستان له چه‌ند خه‌باتی چه‌کداریی له دژی هێزی چه‌کداری ئێران و عێراق و تورکییه به‌شدارییان کردووه. به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕانه زۆر که‌م له روانگه‌ی "قانوونی مرۆڤییانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی" لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی لێکراوه. ئه‌و قانوونه به نێوی دیش ناسراوه وه‌ک "قانوونی شه‌ڕ" یا "قانوون و عورفی شه‌ڕ" یان "قانوونی به‌ره‌نگاریی چه‌کدارانه" (من لێره‌وپاش زاراوه‌ی کورتتری "قانوونی شهر" دهکاردێنم). مه‌به‌ستی ئه‌و قانوونه، که بریتییه له کۆنوانسیۆنه‌کان و پرۆتۆکۆله‌کانی ژێنێڤ (1949، 1979، 2005) و لاهه(1899, 1907) و چه‌ند په‌یماننامه و "قانوونی عورفیی نێونه‌ته‌وه‌یی"، ئه‌وه‌یه که کرده‌وه و به‌رپرسێتییه‌کانی شه‌ڕکه‌ران )واته ده‌وڵه‌تان و تاقهکهسان( سه‌باره‌ت به خۆیان (ئه‌وانه‌ی له شه‌ڕدان) و به "که‌سی پارێزراو" )واته خه‌ڵکی شه‌ڕنه‌که‌ر( ته‌عریف بکا. بۆ وێنه ئه‌و کۆمه‌ڵه قانوونانه ره‌فتاری دڕندانه و بێبه‌زه‌ییانه له دژی خه‌ڵکی شه‌ڕنه‌که‌ر یان غه‌یری-عه‌سکه‌ر (که‌سی پارێزراو) و له دژی شه‌ڕکه‌رانی دوژمن و یه‌خسیری شه‌ڕیی قهدهغهدهکن و وه‌ک جینایه‌تی شه‌ڕیی و جینایه‌تی دژی مرۆڤ و جێنۆساید چاولێده‌که‌ن و سزای بۆ دیاریده‌که‌ن. له ساڵی 2002 ه‌وه "دادگای جینایی نێونه‌ته‌وه‌یی" پێک هاتووه که مه‌به‌ستی محاکه‌مه‌کردنی ئه‌وکه‌سانه‌یه که تاوانبارکراون به سێ جینایه‌ته‌کان. تا مانگی ئاداری ئه‌وساڵ، 111 ده‌وڵه‌ت بوون به ئه‌ندامی ئه‌و دادگایه و 38 ده‌وڵه‌تیش قه‌راری دامه‌زرانی دادگاکه‌یان ئیمزاکردووه به‌ڵام هێشتا له پارلمان په‌سندیان نه‌کردووه. ئه‌مریکا و ئیسراییل زیاتر له گشت ده‌وڵه‌تێک به‌ربه‌ره‌کانی ئه‌و دادگایه‌یان کردووه و وێڕای تورکییه، سوورییه، عێراق، ئێران، رووسیه، و چین ئه‌و دادگایه به ره‌سمی نه‌ناسن. دیاره سه‌یر نییه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دژی دادگان: هه‌م له رابردوودا جینایهتییان کردووه و هه‌م ئێسته.
دوای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م، سێ ده‌وڵه‌تی تورکییه و ئێران و عێراق به‌شێکی زۆری "قانوونی شه‌ڕ"یان په‌سندکرد و له‌سه‌ریانه که ئه‌و قانوونه دهبهرچاوبگرن. به‌ڵام هیچکام له‌و ده‌وڵه‌تانه پێبه‌ند به‌و قانوونه نه‌بوون. حیزبه کوردییه‌کان، که رێکخراوه‌ی ناده‌وڵه‌تین، بۆ ماوه‌یێکی زۆر ئاگایان له‌و قانوونه نه‌بووه، رێگه‌ی پهسندکردنیشیان نه‌دراوه‌تێ و جاروبار قانوونه‌کانیان پێشیلکردووه. سه‌رباقی ئه‌و جیاوازییه له نێوان دوو لایه‌نی شه‌ڕ، چاوه‌ڕوانده‌کرێ که حیزبه‌کانیش بزانن ئه‌و قانوونه چییه و رهچاویبکهن. ره‌فتاری پێشمه‌رگه له گه‌ڵ خه‌ڵک و له‌گه‌ڵ هێزی ده‌وڵه‌ت ده‌بێ به پێوانه‌ی ئه‌و قانوونه هه‌ڵبسه‌نگێندرێ. پێشمه‌رگه‌ش وه‌ک ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له‌سه‌رێتی که ئازار نه‌گه‌یێنێ به ئه‌وانه‌ی که شه‌ڕکه‌ر نین یان ئه‌و شه‌ڕکه‌رانه‌ی که برینداربوون، چه‌ک کراون، یان یه‌خسیرکراون یان به هه‌ر هۆیێک بێ توانای شه‌رکردنیان نه‌ماوه. شتێکی زۆر گرینگه ره‌فتاری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی شاروگونده. بۆ ماوه‌یێکی دورودرێژ، گونده‌کان بوون به مه‌یدانی شه‌ڕ و جێگه‌ی حه‌سانه‌وه و بووژانه‌وه و ژینی هێزی شه‌ڕکه‌ری کورد. له‌و بارودۆخه‌دا، به‌ڕێوه‌بردن و به‌خێوکردنی پێشمه‌رگه زۆر جار ده‌که‌وته ئه‌ستۆی خه‌ڵکی گونده‌کان که به زه‌حمه‌تێکی زۆر ده‌یانتوانی خۆیان به‌ڕێوه به‌رن . له هه‌مان کاتدا، بوونی پێشمه‌رگه له گونده‌کاندا، خه‌ڵکی گونده‌کان و ماڵ و ماڵات و مه‌زرا و کانیاوهکانیانیانی ده‌کرده ئامانجی بۆردومان و کوشتار و وێرانکردن به ده‌ستی جه‌یشی ده‌وڵه‌ت. ئه‌گه‌ر بێتوو هێزی پێشمه‌رگه رێیانگرتبێ له خۆ رزگارکردنی خه‌ڵک چ له هه‌ڵه‌بجه چ له ئه‌نفال دا، به بۆچوونی من ژیانی خه‌ڵکه‌که‌یان له مه‌ترسی خستووه و ده‌کرێ وه‌ک جینایه‌تی شه‌ڕیی حیسێب بکرێ.
تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگام لێبێ، رێکخراوه‌ی "چاودێری مافی مرۆڤ" (HRW)، زۆرتر حهولیداوه پێشێلکردنی "قانوونی شه‌ڕ" له کوردستان تۆماربکا. بێجگه له کتێبی "جێنۆساید له عێراقدا..." که تۆمارکردن و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌نفال بوو، له سالی 1995دا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به پێشێلکردنی قانوونی شهر له تورکییه بڵاوکرده‌وه له ژێر سه‌ردێڕی "راگوێزتنی چه‌ک و پێشێلکردنی قانوونه‌کانی شه‌ڕ له تورکییه" (Weapons Transfers and Violations of the Laws of War in Turkey). له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه ده‌رده‌که‌وێ که ده‌وڵه‌تی تورکییه له شه‌ڕی خۆیدا له دژی پ ک ك، به شێوه‌یێکی سیستیماتیک "قانوونی شه‌ڕ"ی پێشێلکردووه، و ئه‌مریکاش که یارمه‌تی ئه‌رته‌شی تورکییه ده‌دا له‌و جینایه‌تانه‌دا هاوده‌سته. هه‌روه‌ها، ئه‌و رێکخراوه‌یه ده‌ڵی که پ ک کاش ئه‌و قانوونه‌ی پێشێلکردووه، به‌ڵام که‌متر له هێزی چه‌کداری ده‌وڵه‌ت. (بۆ وێنه بڕوانه لاپه‌ڕه‌کانی 137-145 و 167).
خه‌باتێکی زۆر پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی سێ جینایه‌ته‌که دووپاته نه‌کرێنه‌وه. حیزبه‌کان ده‌بێ خۆیان فێری ئه‌و باسانه و قانوونه‌کانی شه‌ڕ بکه‌ن و رابردوو و ئێسته‌ی کرده‌وه‌ی خۆیان به شێوه‌یێکی ره‌خنه‌گرانه هه‌ڵبسه‌نگێنن. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له حیزبه‌کاندا نین پێویسته به پشت ئه‌ستووربوون به لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی کردار و ره‌فتاری حیزبه‌کان هه‌ڵسه‌نگێنن و به‌ربه‌ره‌کانی جینایه‌تی شه‌ریی و دژی مرۆڤایه‌تی بکه‌ن. مێتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌ی "مێژوی زاره‌کی" بۆ ئه‌وه‌ی ره‌فتاری هێزی چه‌کداری کورد تۆماربکرێ و لێکبدرێته‌وه زۆر به‌که‌ڵکه. پێویسته وشیاری سه‌باره‌ت به شه‌ڕ و قانوونه‌کانی شه‌ڕ و دژایه‌تیکردنی دڕنده‌یی له شه‌ڕدا قووڵتر و به‌رزتر بکرێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که ئه‌و قانوونانه به‌رهه‌می دڕنده‌یی له راده‌به‌دری شه‌ڕه له ئوروپای سه‌ده‌کانی 18 به‌ولاوه به تایبه‌ت سه‌ده‌کانی 19 و 20. مه‌به‌ستی ئه‌و قانوونه ئه‌وه نییه که شه‌ڕ به یه‌کجاری کۆتایی بێ. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که شه‌ڕ که‌متر دڕندانهبێ. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و قانوونه زۆر گرینگه، نابێ پێمان وابێ به ئامرازی قانوون ده‌توانین کۆتایی به دڕنده‌یێتی شه‌ڕ بێنین. بۆ وێنه، دوو ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا و ئیسرائیل، که خۆیان به دێمۆکرات داده‌نێن، له پێشێلکردنی قانوونی شه‌ڕ له زۆر ده‌ۆڵه‌تی دی به‌رده‌وامترن و به شێوه‌یێکی قانوونی "قانوونی شه‌ڕ" پێشێلده‌که‌ن و "جڤاتی ناونه‌ته‌وه‌یی" لێیان وه‌ده‌نگ نایا. بۆ وێنه، ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانییه‌کانی ئه‌بووغره‌یب و گوانتانامۆبه‌ی به شێوه‌یێکی ره‌سمیی وه‌ک جینایه‌تی شه‌ڕیی نه‌ناسراوه ئه‌گه‌رچی هه‌ن پارێزه‌ر و پسپۆڕی حقووقی ناونه‌ته‌وه‌یی که ئه‌و ئه‌شکه‌نجانه به جینایه‌تی شه‌ڕیی داده‌نێن. ئیسرائیلیش له ناوچه داگیرکراوه‌کانی فلستین هه‌ر ئان خه‌ریکی جینایه‌تی شه‌ڕیی و جینایه‌تی دژی مرۆڤایه‌تییه و بێده‌نگی لێده‌کرێ.
پرسیار7: زۆر تاوان له كوردستان ئه‌نجام دراون له قاڕنێ وه بۆ ده‌رسیم،له ئه‌نفاله‌وه بۆ كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه و شوێن بزركردنی 8000 بارزانی و ده‌یان هه‌زار فه‌یلی، بۆردومانكردنی شاره‌كانی قه‌ڵادزی و هه‌ڵه‌بجه له ساڵی1974 و ڕاگواستن و ته‌عریبكردنی كه‌ركووك و ناوچه دابڕاوه‌كان ،هه‌مووشی له فه‌رهه‌نگی سیاسی كورددا به جینۆساید ناویان ده‌به‌ن؟ كێ و چی بڕیار ئه‌ده‌ن كه ئه‌م تاوانانه له خانه‌ی چ تاوانێكدان؟
وه‌ڵام: له پێشدا باسم کرد که کۆنوانسیۆنی 1948 ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و قانوونه‌کانی به‌تایبه‌تی به‌رهه‌مه‌کانی "دادگای جینایی نێونه‌ته‌وه‌یی" سه‌رچاوه‌یێکی باشن بۆ بڕیاردان له سه‌ر ئه‌و رووداوانه. بۆ وێنه، ئه‌و دادگایه گشت جۆره‌کانی سێ جینایه‌ته‌که به وردی دیاری کردووه و به چه‌ند زمان بڵاوی کردۆته‌وه. مه‌تنه عه‌ره‌بییه‌که‌ی،"أرکان الجرائم"، به هاسانی له‌به‌رده‌ست دایه و پێویسته به پوختی بکرێ به کوردی و بڵاوبکرێته‌وه:
http://www.icc-cpi.int/.../0/Element_of_Crimes_Arabic.pdf
ئه‌وانه‌ی ناوت بردوون هه‌رکامه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی پێویسته و ناکرێ حوکمێکی گشتیان بۆ ده‌رکه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌توانم بڵێم که زۆربه‌یان جینایه‌تی شه‌ڕیی و جینایه‌تی دژی مرۆڤایه‌تیین و دیاره ئه‌وانه‌ی به‌شێک له ئه‌نفال بوون وه‌ک جێنۆساید داندراون. پێویسته ئه‌وانه‌ی، که وه‌ک ئێوه له‌و بواره‌دا خه‌بات ده‌که‌ن، حه‌ولێکی باش بده‌ن بۆ لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وه و تۆمارکردنی مێژووی جێنۆسایدی گه‌لی کورد. ئه‌وه‌ش پێویستی به فێربوونی تێۆری و مێژووی جێنۆساید و جینایه‌ته‌کانی دیکه‌یه. هێندێک به‌رهه‌می باش هه‌یه به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه به نیسبه‌تی دنیایێک جینایه‌ت که تا ئێسته کراوه هه‌ر هیچ نییه. بۆ وێنه به‌رهه‌مێکی باش لێکۆڵینه‌وه‌ی ئیسماعیل بێشکچی سه‌باره‌ت به ژێنۆسایدی ده‌رسیمه.
پرسیار8:ئایا كورد بۆ خۆی په‌رێزی پاكه؟ ئایا ده‌ستی نه‌بووه له‌جینۆساید هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه له مێژوودا؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه ئه‌ركه ئه‌خلاقییه‌كانمان چییه به‌رامبه‌ر به مێژوو؟
وه‌ڵام: کورد یان هیچ نه‌ته‌وه‌یێکی دی مێژوویێکی خاوێنی نییه. به‌ڵام ده‌بێ بڵێم ئه‌وه ناخاوێنیی ته‌واوی گه‌لی کورد یان گه‌لانی دی نییه. ئه‌و ناپاکییه ئی چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه که بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان شه‌ڕی خوێناوی وه‌ڕێده‌خه‌ن و خه‌ڵکی به گیانی یه‌کترداده‌ده‌ن. ئه‌وه ئاشکرایه که ئه‌و شه‌ڕانه هه‌ر شه‌ڕی کورد و غه‌یری-کورد نییه. ئه‌ماره‌ته کوردییه‌کان هه‌میشه به یه‌کتریان داده‌دا (بابان له دژی ئه‌رده‌ڵان، موکریان له دژی بابان و هتد). خان و ئه‌میر و ئاغاوه‌ت و شێخ بۆ راوڕووتکردن، هه‌مووکاتێ ئاماده‌بوون به بیانووی مه‌سیحی بوون، جووله‌که‌بوون، یه‌زیدی بوون یان هه‌رمه‌نی بوون و ئاشۆری بوونی به‌شێک له خه‌ڵکی کوردستان هێرشیان به‌رنه‌سه‌ر. بۆ وێنه به‌شێک له ڕابه‌رانی کورد، وه‌ک هاوده‌ستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، له جێنۆسایدی گه‌لێ هه‌رمه‌نی و ئاشۆڕی دا به‌شدارییان کرد. ئه‌رکی ئه‌خلاقی و سیاسی ئه‌وه‌یه که به‌ڕاشکاوی و به بێ شه‌رت و مه‌رج ددانبندرێ به به‌شداریکردنی رابه‌رانی کورد و خه‌ڵکی دی له‌و جینایه‌ته، و ئه‌و به‌شداربوونه مه‌حکووم بکرێ، و داوای لێبوردن له پاشماوه‌ی جێنۆسایدکراوه‌کان بکرێ و حهولبدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکییه ددان بنێ به جینایه‌تی خۆی. هه‌روه‌ها، ده‌بێ حه‌ولبدری بۆ تێگه‌یشتنی جێنۆساید و بۆ وشیاربوونه‌وه و وشیارکردنه‌وه‌ی گشت لایێک له‌مه‌ڕ پێوه‌ندیی نێوان جێنۆساید و شه‌ڕ و ناسیۆنالیسم و دین و ده‌وڵه‌ت و نیزامی چینایه‌تی به‌تایبه‌ت سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیسم. کوشتار و دڕنده‌یی له شه‌ڕدا له مێژه هه‌یه به‌ڵام جێنۆساید وه‌ک دیارده‌یێکی "مۆدێرن" چاویلێده‌کرێ. تێگه‌یشتنی پێوه‌ندی جێنۆساید و دێمۆکراسی و مۆدێرنیته پێویستی به کاری تیۆری و مێژوویی هه‌یه. تێکۆشان بۆ پێوه‌ندی دۆستانه له گه‌ڵ گه‌لانی دی به تایبه‌ت گه‌لانی هاوسێ، ئه‌ویش به گیانێکی ئه‌نترناسیۆنالیستی، زۆر پێویسته. که‌سێکی بیه‌وێ به ڕاستی دژی ئه‌و جینایه‌ته بێ ده‌بێ ده‌ست له بۆچوونی ناسیۆنالیستی دووربێته‌وه. کوردێکی ئیسرائیل وه‌ک دێمۆکراسی چاولێبکا و ددان نه‌نێ به جینایه‌تی پاکتاویی ره‌گه‌زیی و ئاپارتایدی ئیسرائیل له دژی گه‌لی فلستین چۆن ده‌توانێ به راستی و ره‌وایی و به سه‌ربه‌رزی به‌ربه‌ره‌کانی ئه‌و جینایه‌تانه له دژی گه‌لی کورد بکا؟ کاتێکی ئه‌شکه‌نجه‌ی دڕندانه‌ی زیندانییه‌کانی ئه‌بووغره‌یب ئاشکرابوو و زۆر رێکخراوه‌ی مافی مرۆڤ و که‌سایه‌تی و میدیای ئه‌مریکا و وڵاتانی تر به توندی ره‌خنه‌یان له ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا گرت، چه‌ند کوردێک له کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستیانکرد به پاکانه‌کردن بۆ ئه‌مریکا و هێرشیان ده‌برده سه‌ر ئه‌وانه‌ی که ئه‌مریکایان تاوانبارده‌کرد به جینایه‌تی شه‌ڕیی. من پێم وایه ئه‌و بۆچوون و سیاسه‌ته ناسیۆنالیستییه ناتوانێ به‌ره‌نگاری جینایه‌تی وه‌ک جێنۆساید و پاکتاویی ره‌گه‌زیی و ئاپارتاید له کوردستان بێ. که‌سێکی بییه‌وێ بێده‌نگی بکا له کرده‌وه‌ی جێنۆسایدییانه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وانه‌ی که به "دۆستی کورد"یان داده‌نێ ناتوانێ به دڵێکی پاکه‌وه به‌ربه‌ره‌کانی جێنۆسایدی گه‌لی کورد بکا. جێنۆساید جینایه‌تێکی ناونه‌ته‌وه‌ییه و ئه‌رکی سه‌رشانی گشت که‌سه، له هه‌ر جێیێک بێ و له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یێک بێ، دژایه‌تی ئه‌و جینایه‌ته بکا. ئه‌گه‌ر که‌سێک ئینکاری جێنۆسایدێکی تایبه‌تی بکا وه‌ک ئه‌ویه هاوده‌ستی بکا و درێژه‌ی پێ‌بدا.
سیاسه‌تی ناسیۆنالیستی هه‌ر جێنۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی خۆی پێ گرینگه و جیاوازی دانانێ له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که جێنۆساید ده‌کا و ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی که به ناوی وی جێنۆساید ده‌کا. بۆ نموونه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاشۆرییه‌کانی عێراق، وه‌ک گه‌لی کورد وه‌به‌ر لێشاوی ئه‌نفال که‌وتن، له گوتاری ناسیۆنالیسمی کورد سه‌باره‌ت به ئه‌نفال زۆر که‌م باسی ئاشۆرییه‌کان ده‌کرێ، ده‌ڵێی ئه‌وان تووشی کۆکوژێ نه‌بوون یان ریژیمی به‌عس ئه‌وانی له‌بیرچووبۆوه. هه‌روه‌ها، هه‌رچی عه‌ره‌به به دوژمنی هرچی کورده داده‌ندرێ و دڕنده‌یێتی رێژیمی به‌عس له دژی شیعه‌کان فه‌رامۆشده‌کرێ.
پرسیار9: به جیهان ناساندنی تاوانه‌كانی كورد وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌رمه‌ن و جوله‌كه ئه‌نجامیان دا،چۆن ده‌ستی بۆ ببردرێت و له كوێوه هه‌نگاوی بۆ بنرێت؟
وه‌ڵام: وه‌ڵام: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که چۆن جێنۆسایدی کورد (وه‌ک ئه‌نفال) ده‌بێ به جیهان بناسێندرێ، ده‌بی بڵێم ئه‌وه پێویستی به تێکۆشانی فکری، سیاسی و قانوونی و کۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌رکی سه‌رشانی حه‌موو ئینسانێکی ئازادیخوازه بۆ ناساندن و به‌ربه‌ره‌کانیکردنی ئه‌و سێ جینایه‌تانه له کوردستان.
پرسیار 10: ئایا له ڕوی هاوشێوه‌ییه‌وه ده‌توانین تاوانی هیرۆشیما به كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و هۆلۆكۆستیش به ئه‌نفال بشوبهێنین؟ خاڵه هاوبه‌شه‌كان ده‌توانین له نێوان ئه‌و 2 تاوانه و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال بدۆزینه‌وه؟ ئایا هیرۆشیماو هۆلۆكۆست له خانه‌ی چ جۆره تاوانێك ڕیز به‌ندی كراون؟
وه‌ڵام: هۆلۆکاست و هێرۆشیما جیاوازن. هۆلۆکاست جێنۆساید بوو و هێرۆشیما جینایه‌تی شه‌ڕیی. جیاوازییه‌که له نییه‌ت و مه‌به‌ستی جینایه‌ته‌که دایه. ئه‌مریکا به بۆردمانی هێرۆشیما و ناگازاکی نه‌یده‌ویست نه‌ته‌وه‌ی ژاپۆن، ته‌واوی یان به‌شێکی، له ناوبه‌رێ به‌ڵام نازییه‌کان ده‌یانه‌ویست که گه‌لی یه‌هوودی و رۆماکان به‌یه‌کجاری له‌ناوبه‌رن و به کوشتاری که‌مئه‌ندامان و کۆمۆنیسته‌کان و گرووپی دی ره‌گه‌زه‌که‌یان "خاوێن" بکه‌نه‌وه. بۆردمانی هێرۆشیما ده‌کرێ بڵێین جینایه‌تی شه‌ڕی بوو. ره‌نگه له‌وه‌دا شک نه‌بێ که کوشتاری هه‌ڵه‌بجه جینایه‌تی شه‌ڕیی بوو به‌ڵام ئه‌گه‌ر له بڕگه‌ی مێژوویی خۆی دا چاوی لێبکه‌ین و له سیاسه‌ت و کرده‌وه‌ی به‌عسی سالانی 1986 به‌ولاوه جوێی نه‌که‌ینه‌وه و وه‌ک به‌شێک له پڕۆژه‌ی جێنۆسایدی ئه‌نفال چاوی لێبکه‌ین، ده‌بی وه‌ک جێنۆساید بناسرێ. جینایه‌تێکی شه‌ڕیی یان جینایه‌تێکی دژێ مرۆڤایه‌تی ده‌توانێ به‌شێک له جێنۆساید بێ. جێنۆساید یه‌کدابه‌دوو ده‌ست پێناکا و ته‌واو نابێ، و پرۆسه‌یێکه که له زنجیره‌یێک کرده‌وه و سیاسه‌تی نابوودکهرانه پێکدێ. جابۆیه، کاتێکی دادگای عێراق رووداوی هه‌له‌بجه‌ی کرد به باسی جێنۆساید بوون یان نه‌بوون کارێکی ناشایستی کرد. ئه‌گه‌ر ریژیمی به‌عس له 1988دا خه‌ریکی جێنۆساید بوو (له ئه‌نفالدا) و ئه‌و پڕۆژه‌یه به شه‌ڕی ئێران و عیراقه توند‌وتیژتر ببوو، چۆن ده‌کرێ هه‌له‌بجه له‌و پڕۆژه‌یه جوێبکرێته‌وه؟ بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر هۆلۆکاست و ئه‌نفال: هه‌ردووکیان جێنۆساید بوون، هۆلۆکاست نێوێکی دینییه که سه‌هیونیست و ناسیۆنالیستی یه‌هوودی له‌و جێنۆسایدهیان ناوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌وانی دی جوێی بکه‌نه‌وه و نرخێکی تایبه‌تی بۆ دانێن؛ ئهنفالێش نێوێکی دینییه که ریژیمی نادینیی به‌عس له جینایه‌ته‌که‌ی ناوه.
پرسیار11:ئایا كورد بۆ خۆی په‌رێزی پاكه؟ ئایا ده‌ستی نه‌بووه له‌جینۆساید هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه له مێژوودا؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه ئه‌ركه ئه‌خلاقییه‌كانمان چییه به‌رامبه‌ر به مێژوو؟
وه‌ڵام: کورد یان هیچ نه‌ته‌وه‌یێکی دی مێژوویێکی خاوێنی نییه. به‌ڵام ده‌بێ بڵێم ئه‌وه ناخاوێنیی ته‌واوی گه‌لی کورد یان گه‌لانی دی نییه. ئه‌و ناپاکییه ئی چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه که بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان شه‌ڕی خوێناوی وه‌ڕێده‌خه‌ن و خه‌ڵکی به گیانی یه‌کترداده‌ده‌ن. ئه‌وه ئاشکرایه که ئه‌و شه‌ڕانه هه‌ر شه‌ڕی کورد و غه‌یری-کورد نییه. ئه‌ماره‌ته کوردییه‌کان هه‌میشه به یه‌کتریان داده‌دا (بابان له دژی ئه‌رده‌ڵان، موکریان له دژی بابان و هتد). خان و ئه‌میر و ئاغاوه‌ت و شێخ بۆ راوڕووتکردن، هه‌مووکاتێ ئاماده‌بوون به بیانووی مه‌سیحی بوون، جووله‌که‌بوون، یه‌زیدی بوون یان هه‌رمه‌نی بوون و ئاشۆری بوونی به‌شێک له خه‌ڵکی کوردستان هێرشیان به‌رنه‌سه‌ر. بۆ وێنه به‌شێک له ڕابه‌رانی کورد، وه‌ک هاوده‌ستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، له جێنۆسایدی گه‌لێ هه‌رمه‌نی و ئاشۆڕی دا به‌شدارییان کرد. ئه‌رکی ئه‌خلاقی و سیاسی ئه‌وه‌یه که به‌ڕاشکاوی و به بێ شه‌رت و مه‌رج ددانبندرێ به به‌شداریکردنی رابه‌رانی کورد و خه‌ڵکی دی له‌و جینایه‌ته، و ئه‌و به‌شداربوونه مه‌حکووم بکرێ، و داوای لێبوردن له پاشماوه‌ی جێنۆسایدکراوه‌کان بکرێ و حهولبدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکییه ددان بنێ به جینایه‌تی خۆی. هه‌روه‌ها، ده‌بێ حه‌ولبدری بۆ تێگه‌یشتنی جێنۆساید و بۆ وشیاربوونه‌وه و وشیارکردنه‌وه‌ی گشت لایێک له‌مه‌ڕ پێوه‌ندیی نێوان جێنۆساید و شه‌ڕ و ناسیۆنالیسم و دین و ده‌وڵه‌ت و نیزامی چینایه‌تی به‌تایبه‌ت سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیسم. کوشتار و دڕنده‌یی له شه‌ڕدا له مێژه هه‌یه به‌ڵام جێنۆساید وه‌ک دیارده‌یێکی "مۆدێرن" چاویلێده‌کرێ. تێگه‌یشتنی پێوه‌ندی جێنۆساید و دێمۆکراسی و مۆدێرنیته پێویستی به کاری تیۆری و مێژوویی هه‌یه. تێکۆشان بۆ پێوه‌ندی دۆستانه له گه‌ڵ گه‌لانی دی به تایبه‌ت گه‌لانی هاوسێ، ئه‌ویش به گیانێکی ئه‌نترناسیۆنالیستی، زۆر پێویسته. که‌سێکی بیه‌وێ به ڕاستی دژی ئه‌و جینایه‌ته بێ ده‌بێ له بۆچوونی ناسیۆنالیستی دووربێته‌وه. کوردێکی ئیسرائیل وه‌ک دێمۆکراسی چاولێبکا و ددان نه‌نێ به جینایه‌تی پاکتاویی ره‌گه‌زیی و ئاپارتایدی ئیسرائیل له دژی گه‌لی فلستین چۆن ده‌توانێ به راستی و ره‌وایی و به سه‌ربه‌رزی به‌ربه‌ره‌کانی ئه‌و جینایه‌تانه له دژی گه‌لی کورد بکا؟ کاتێکی ئه‌شکه‌نجه‌ی دڕندانه‌ی زیندانییه‌کانی ئه‌بووغره‌یب ئاشکرابوو و زۆر رێکخراوه‌ی مافی مرۆڤ و که‌سایه‌تی و میدیای ئه‌مریکا و وڵاتانی تر به توندی ره‌خنه‌یان له ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا گرت، چه‌ند کوردێک له کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستیانکرد به پاکانه‌کردن بۆ ئه‌مریکا و هێرشیان ده‌برده سه‌ر ئه‌وانه‌ی که ئه‌مریکایان تاوانبارده‌کرد به جینایه‌تی شه‌ڕیی. من پێم وایه ئه‌و بۆچوون و سیاسه‌ته ناسیۆنالیستییه ناتوانێ به‌ره‌نگاری جینایه‌تی وه‌ک جێنۆساید و پاکتاویی ره‌گه‌زیی و ئاپارتاید له کوردستان بێ. که‌سێکی بییه‌وێ بێده‌نگی بکا له کرده‌وه‌ی جێنۆسایدییانه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وانه‌ی که به "دۆستی کورد"یان داده‌نێ ناتوانێ به دڵێکی پاکه‌وه به‌ربه‌ره‌کانی جێنۆسایدی گه‌لی کورد بکا. جێنۆساید جینایه‌تێکی ناونه‌ته‌وه‌ییه و ئه‌رکی سه‌رشانی گشت که‌سه، له هه‌ر جێیێک بێ و له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یێک بێ، دژایه‌تی ئه‌و جینایه‌ته بکا. ئه‌گه‌ر که‌سێک ئینکاری جێنۆسایدێکی تایبه‌تی بکا وه‌ک ئه‌ویه هاوده‌ستی بکا و درێژه‌ی پێ‌بدا.
سیاسه‌تی ناسیۆنالیستی هه‌ر جێنۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی خۆی پێ گرینگه و جیاوازی دانانێ له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که جێنۆساید ده‌کا و ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی که به ناوی وی جێنۆسایده ده‌کا. بۆ نموونه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاشۆرییه‌کانی عێراق، وه‌ک گه‌لی کورد وه‌به‌ر لێشاوی ئه‌نفال که‌وتن، له گوتاری ناسیۆنالیسمی کورد سه‌باره‌ت به ئه‌نفال زۆر که‌م باسی ئاشۆرییه‌کان ده‌کرێ، ده‌ڵێی ئه‌وان تووشی کۆکوژێ نه‌بوون یان ریژیمی به‌عس ئه‌وانی له‌بیرچووبۆوه. هه‌روه‌ها، هه‌رچی عه‌ره‌به به دوژمنی هرچی کورده داده‌ندرێ و دڕنده‌یێتی رێژیمی به‌عس له دژی شیعه‌کان فه‌رامۆشده‌کرێ.
ده‌وڵه‌ته‌کانیش له جێنۆساید که‌ڵک وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بپارێزن و رێگه نه‌ده‌ن به شارۆمه‌ندان که داوای مافی خۆیان بکه‌ن. بۆ وێنه، لێکۆلینه‌وه‌یێکی زۆر کراوه سه‌باره‌ت به وه‌ی که ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و زۆربه‌ی سههیوونیستهکان هۆلۆکاست ده‌کاردێنن بۆ ئه‌وه‌ی پاکانه بکه‌ن بۆ داگیرکردنی نیشتمانی فلستینییه‌کان و مافی چاره‌نووسی ئه‌و گه‌له ئینکاربکهن و درێژه‌بده‌ن به پاکتاوی ره‌گه‌زیی و جینایه‌تی شه‌ڕیی له دژی ئه‌و گه‌له. سههیوونیستهکان ده‌ڵێن: "باسی سه‌رکوتکردنی فلستینییه‌کان مه‌که، ئێمه تووشی هۆلۆکاست بووین!" له به‌رامبه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌دا، ده‌بێ بڵێین: "چۆن نه‌ته‌وه‌یێکی تووشی هۆلۆکاست بووبێ ده‌توانێ نه‌ته‌وه‌یێکی دی هۆلۆکاست بکا؟" له کوردستانیش بیره‌وه‌ریی هه‌له‌بجه و ئه‌نفال گه‌مه‌ی سیاسی پێده‌کرێ. ئه‌گه‌ر له فلستینی داگیرکراو و له جێی دی مووزه‌ی هۆلۆکاست سازده‌که‌ن بۆ به‌هێزکردنی نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، له کوردستانیش مووزه‌ی ئه‌نفال و بیره‌وه‌ری هه‌له‌بجه بۆ قایموقۆڵکردنی حکوومه‌تی کوردستان ده‌کارده‌هێندرێ. دیاره دانانی مووزه بۆ تۆمارکردن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و جینایه‌تانه زۆر پێویسته به‌ڵام ده‌کارهێنانی ئه‌و بیره‌وه‌رییه (16ی ئاداری هه‌له‌بجه، رۆژی جێنۆساید 14ی مانگی 4 ، مووزه و "مانیومنتی" هه‌له‌بجه و ئه‌نفال) بۆ کپ کردنی ده‌نگی ره‌خنه‌گرانه و ئینکارکردنی مافی قوربانییه‌کانی ئه‌و جینایه‌تانه و بێده‌نگکردنی شارۆمه‌ندان کرده‌وه‌یێکی ناشایسته. مه‌به‌ست ده‌بێ ئه‌وه بێ که یادکردنهوکان، رۆژه‌کان، مووزه‌کان و بینایه‌کان به‌شێک له پڕۆژه‌ی بنه‌بڕکردنی جێنۆسایدبن و یارمه‌تی بده‌ن به‌وه‌ی که پاشماوه‌کانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه ژیانێکی ئاسایی و بهحورمهتییان هه‌بێ نه‌ک ئه‌وه‌ی بێده‌نگ بکرێن و پێیان بڵێن: "سه‌دام وای لێ‌کردین، رازی به به نه‌بوونی سه‌دام و ده‌نگت دهرنهیا!"
پرسیار 12: بیستمان به‌ڕێزت له نووسینی به‌شی تایبه‌ت به كورد له فه‌رهه‌نگی جینۆسایددا به‌شداریت كردووه،ئه‌گه‌ر له‌و باره‌یه‌وه باسێكمان بۆ بكه‌یت؟
وه‌ڵام: من باسی "کورد"م له دائیرهتۆلمهعاریف یان "ئه‌نسیکلۆپێدیای جێنۆساید و جینایه‌تی دژی به‌شه‌ریی" نووسی که له سێ به‌رگدا له ئه‌مریکا به زمانی ئینگلیسی بڵاوبۆوه. سه‌رنووسه‌ر پێی راگه‌یاندم که نابێ نووسراوه‌که له 5000 وشه زیاتر بێ. من باسی مێژووی جێنۆساید و جینایه‌تی شه‌ڕیی و دژی مرۆڤایه‌تی له گشت ناوچه‌کانی کوردستانم کرد. دیاره له 5000 وشه‌دا ناکرێ ئه‌و گشته مێژوویه، ته‌نانه‌ت به کورتی، تۆماربکرێ و شی بکرێته‌وه به‌ڵام حه‌ولی خۆم دا. سه‌رنووسه‌ر باسێکی منی سانسۆرکرد و ناچاربووم به‌شی ئاخری که باسی به‌ربه‌ره‌کانیکردنی ئه‌و جینایه‌تانه له چواروڵات و له کوردستان بوو زۆر کورت بکه‌مه‌وه. ئه‌وه‌ی که سانسۆرکرا ئه‌وه بوو که نووسیبووم ته‌جروبه‌ی گه‌لی کورد قسه‌ی لیۆ کووپر (Leo Kuper مێژوونووسی جێنۆساید) ده‌سه‌لمێنێ که ده‌ڵێ ده‌وله‌تان "مافی جێنۆسایدکردن" بۆ خۆیان ره‌چاوده‌که‌ن و رێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش هیچی پێناکرێ. ئه‌و ئهنسێکلۆپێدیایه له‌باتی ئه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌ک وڵاتێک باس بکا که به جێنۆساید و پاکتاویی ره‌گه‌زیی و ئاپارتاید و جینایه‌تی شه‌ریی دامه‌زراوه، سووک و هاسان بێده‌نگی لێده‌کا. ئه‌وه دووه‌م ئهنسێکلۆپێدییا سه‌باره‌ت به‌و باسه (به زمانی ئینگلیسی) بوو و بریابا به‌رهه‌مێکی وا دابندرێ که ئه‌و باسانه له روانگه‌ی قوربانییه‌کانی ئه‌و جینایه‌تانه بکا نه‌ک به به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تان و به پاکانه کردن بۆ جینایهتکهری وه‌ک ئیسرائیل.
پرسیار13: پێت وا نییه له ڕوی فه‌رهه‌نگه‌وه زمانی كوردی له بواری یاسایی و پرسه‌كانی جینۆسایده‌وه هه‌ژار بێت؟ ئایا پێویست ناكات پسپۆرانی زمان هه‌وڵێك بده‌ن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی زمانی كوردی.
وه‌ڵام: به‌ڵێ زمانی کوردی له بواری قانوونی و حقووقییه‌وه، بۆ باسی جێنۆساید و گشت باسێکی دی، ته‌واو هه‌ژاره. ئه‌وه‌ش تا راده‌یێک به هۆی ئه‌وه‌یه که له به‌ر نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، زمانی کوردی له‌و بواره‌دا زۆر دهکارنههاتووه. به‌ڵام به بۆچوونی من ئه‌وه‌ی که زمانه‌که‌ی کۆڵه‌وارکردووه بۆچوونی ناسیۆنالیستییه له زماندا، مه‌به‌ستم په‌تیگه‌رییه، که ده‌یه‌وێ ته‌واوی وشه‌ی خوازراو، به تایبه‌تی وشه و زاراروهی وه‌رگیراو له عه‌ره‌بی، له زمانی کوردی وه‌ده‌ربنێ. بۆ وێنه، له کوردی دا وشه‌ی به ره‌چه‌ڵه‌ک کوردی (ئه‌گه‌ر شتی وا هه‌بێ) بۆ "قانوون" نییه و ئه‌و وشه له عه‌ربی وه‌رگیراوه و عه‌ربیش خۆی "قانوون"ی له یوونانی وه‌رگرتووه. جا په‌تیگه‌ران دێن "قانوون"، که زۆر له مێژه له کوردی دا ده‌کارهاتووه و بووه‌ته به‌شێک له زمانی کوردی، فڕێده‌ده‌ن و وشه‌ی "یاسا"ی له باتی داده‌نێن و نازانن که یاسا مه‌غوولییه. "جاف: فه‌رهه‌نگی گیرفانیی ئینگلیزی-کوردی" (چاپی سێهه‌م 2003) وشه‌ی یاسای بۆ سێ وشه‌ی جیاوازی ئینگلیسی (rule, regulation, law) ده‌کارهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌ی خوازراو له عه‌ره‌بی دهکارنههێنێ. به‌ڵام زمانێکی که نه‌توانێ جیاوازی ئه‌و وشانه ده‌ربڕێ به‌کاری تێکۆشانی فکریی و رؤشنبیریی نایا. ئه‌و دژایه‌تییکردنه‌ی زمانی عه‌ربی ته‌واو ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه و زمانه‌که‌ی ته‌واو هه‌ژارکردووه.
له باسی جینۆسایدیشدا هه‌روایه. بۆ وێنه، کوردی وشه‌یێکی په‌تیی بۆ مه‌فهوومی "جینایه‌ت" نییه و پهتیگهرکان له باتی جینایه‌ت وشه‌ی "تاوان" ده‌کاردێنن. به‌ڵام "تاوان" و "جینایه‌ت" جیاوازن. بۆ وێنه ده‌توانین بڵێین که "سه‌دام تاوانبارکرا به ارتکابی جێنۆساید". له‌و رسته‌دا، تاوانبارکردن مانای "اتهام"ی هه‌یه. به‌رگی یه‌کی فه‌رهه‌نگی خاڵ که له 1960 دا بڵاو بۆوه، تاوان به "گوناح" ماناده‌کاته‌وه و ئه‌و شایه‌ده‌ی بۆ دێنێته‌وه: "بێ تاوان کوژرا". لێره‌دا، تاوان مانای جینایه‌تی نییه. به‌ڵام نووسه‌ران ئه‌وه‌نده "تاوان"یان له باتی "جینایه‌ت" ده‌کارهێناوه، خه‌ریکه ئه‌و مانایه په‌یداده‌کا. ئه‌و رێبازه په‌تیگه‌رییه سه‌ره‌ڕۆیانه رێگه‌نادا زمانی کوردی به‌ره‌نگاری لێشاوی وشه و زاراوه‌ی زمانه پێشکه‌وتووه‌کان ببێ. بۆ وێنه، د. نووری تاڵه‌بانی، که خۆی پسپۆڕی قانوونه و هه‌وه‌ڵ فه‌رهه‌نگی به‌پێزی زاراوه‌ی قانوونی به کوردی و عه‌ربی و فه‌رانسه‌یی و ئینگلیسی داناوه، وشه‌ی تاوانی بۆ ئه‌و وشانه ده‌کارهێناوه: جرم=تاوان، جریمه=تاوان، بریء=بێ تاوان، حکم بالادانه=بڕیاری تاوانبارکردن، اعتراف بالذنب=داننان به تاوان، و تجریم متهم=تاوانبارکردنی تۆمه‌تبار. من پێم وایه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ زمانی کوردی (چ له‌و بواره‌دا چ له بواری زانستییه‌کاندا) له راده‌ی زانکۆیی دا ده‌کاربێ، ئه‌و سیاسه‌ته پهتیگهرانهیه ده‌بێ وه‌لابنێین. (بڕوانه دوکتۆر نووری تاڵه‌بانی، "فه‌رهه‌نگی قانوونی: عه‌ره‌بی-کوردی-فه‌ره‌نسی-ئینگلیزی"،چاپی دووه‌م، 2006