کورتەیەک لە ژیانی هاورێی نەمر حوسێن مارف (ناسراو بە مام حوسێن)

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-02-06

 

مام حوسێن مارف ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی (١٩٢٩ی زایینی)، لە گوندی بێورانی سەر بە شاری سەردەشت لە خێزانێکی هەژار لە دایک بوو و هەر لە منداڵییەوە وەک هەموو منداڵانی سەردەمی خۆی لە گەڵ ئێش و ئازارەکانی گەلەکەی بەرەوڕوو بوو و لە تەمەنێکی زۆر کەمدا بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی، لە جێگای چوون بۆ قوتابخانە، لەگەڵ بنەماڵەکەی دەستی بە کار کرد.

مام حوسێن ساڵی ١٣٣٧ ی هەتاوی (١٩٥٩ی زایینی)، بۆ دۆزینەوەی کار و دابینکردنی بژیوی ژیانی دەچێتە ناوچەی پشدەری باشووری کوردستان و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەوێ دەژیت.  ساڵی  ١٣٥٠ (١٩٧٢)، دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تا ڕادەستکرانەوەی ٥٥ کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەرایەتیی حیزب لە لایەن ڕژیمی بەعسەوە بە ڕژیمی شای ئێران لە ١٣٥٥ی هەتاوی (١٩٧٦ی زایینی)، وەک ئەندامێکی حیزب لە خەبات بەردەوام بوو. لەم کاتەدا مام حوسێن لە شوێنی دەستبەسەرکرانی هاوڕێیانی دوور بوو و نەکەوتە بەر ئەم پەلامارەی ڕژیمی بەعس و تا دەستپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران لە باشووری کوردستان مایەوە.

 لەکاتی دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕژیمی شا، مام حوسێن گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێوەندی بە هاورێیانی پێشووی کردەوە. لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران لە دژی ڕژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی،(١٩٧٩) مام حوسێن یەک لەو کەسانە بوو کە بەشدارییەکی کاریگەر و بوێرانەی هەبوو لە خۆپێشاندان و چالاکییە جەماوەرییەکان.

لە گەڵ دامەزراندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، مام حوسێن وەک پێشمەرگەیەکی قارەمانی کۆمەڵەی یەکسانی هاتە مەیدان و بەشداریی کار و چالاکییەکانی یەکسانی کرد و لەو سەردەمەدا بۆ زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هاورێ و هاوسەنگەری شەهید مامۆستا بێخەو بوو.

پاش هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، قۆناخێکی تازە لە ژیانی خەباتکارانەی مام حوسێن دەستی پێکرد و بۆ بەرگریی لە کوردستان، زۆر بوێرانە بەشداریی شەڕەکانی گوند و شارەکانی سەردەشت ، مەهاباد، بانە، سەقز، مەریوان و پیرانشاری کرد و بەتایبەت لە شەڕەکانی پادگانی بانە، کێوی ئاربابا، سێ ڕێیانی سەردەشت، وارشی قازیاوا، چوونە ناو شاری سەردەشت،  شاخی بناوێ، شەڕەکانی ڕێگای سەردەشت و پیرانشار و ستادی هاوبەش نەخشێکی بەرچاوی هەبوو.

مام حوسێن بەهۆی باوەڕی بەرز، ئەزموونی زۆر، شێلگیربوون، ماندوویینەناسیی و جێی متمانەبوون لەناو یەکسانیدا، لە ساڵەکانی دوایی تەمەنی لە بەشی پێوەندیی یەکسانیدا کاری پێ سپێردرا و هەموو کاتێک دڵسۆزانە و لەکاتی خۆیدا ئەرکەکانی جێبەجێ دەکردن.

زۆر بەداخەوە مام حوسێن مارف لە ڕێکەوتی ١٧/١٠/١٣٦٧ی هەتاوی (٦/١/١٩٨٩)، بە هۆی سەکتەی دڵ، دوای ١٧ساڵ خەباتی بێوچان دژی چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی لە کوردستان، ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.

شایانی باسە کە مام حوسێن ساڵی ١٣٦٠ ی هەتاوی (١٩٨٢)، بەشداریی کۆنفرانسی دووی کۆمەڵەی یەکسانی کردوە و لە زۆربەی کۆبونەوەکانیتری یەکسانییدا تا کاتی کۆچکردنی لە ژیان، بەشدار بووە. مام حوسێنی نەمر بە هۆی تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکانییەوە، خۆشەوێست و جێگای متمانەی کۆمەڵانی خەڵک و هاورێیانی کۆمەڵەی یەکسانی بوو. ئەو مرۆڤێکی پاک، قسەخوش، نەترس و دڵسۆزی گەڵ و نیشتمانەکەی بوو و تا کۆتایی ژیانی وەک ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، لە خەبات بۆ رزگاریی و سەربەخۆیی کوردستان و کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و پێشکەوتوو بەردەوام بوو.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی هاورێ حوسێن مارف و هەموو شەهیدانی ڕزگاریی کوردستان  

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٨/١١/١٣٩١ی هەتاوی

٠٦/٠٢/٢٠١٣ی زایینی