ئەوڕۆ ٣٥مین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی سەرکردەی نەمر مامۆستا عەبدوڵڵای ئیبڕاهیمیان ناسراو بە مامۆستا بێخەوە.

یەکسانی
26-06-2023

مامۆستا عەبدوڵڵای بێخەو، ئەندامی ڕێبەریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ڕێکەوتی ٠٥/٠٤/١٣٦٧ی هەتاوی (26/06/1988) دا، لەکاتیکدا لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بۆ ئەرکێکی ڕێکخراوەیی لە مەقەڕێک بەرەو مەقەڕێکیتری یەکسانی لە بناری قەندیل دەچێت، لەنێوان “ڕەزگە” و “مارەدوێ” دەکەوێتە بەر تۆپبارانی ڕژیمی بەعسی ئێڕاق و هەر لەوێ شەهید دەبێت. هاوڕێ بێخەو بڕوای بە زانستی سەردەم هەبوو، هاوکات کەسێکی یەکسانیخواز و مافخواز بوو کە هەموو تەمەن و توانای خۆی بۆ ڕزگاریی گەلەکەی و خزمەت بە شۆرشی چەوساوەکان تەرخان کرد و وەک سەرکردەیەکی خۆڕسک و خاوەن ئەزموون وخاوەن کەسایەتیەکی سیاسی و خەمخۆری گەلەکەی لە هەموو بوارەکانی خەبات دا ماندویی نەناس لە قۆناخە دژوارەکانی ئەم سەردەمانەدا دەرکەوت. شەهید بێخەو بیرمەندێکی خۆشفکر و مرۆڤێکی هێدی و خاوەن نەزەر و هاوکات کەسێکی نەترس و خۆڕاگر بوو. وێڕای زمانی کوردی، زمانەکانی عەرەبی و فارسی بەباشی دەزانی و دەستی نووسیینی بابەت و شێعری هەبوو.

مامۆستا بێخەو شارەزاییەکی زۆر باشی لە داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هەبوو و تێکەڵاویەکی زۆری بەتایبەت لەگەڵ خەڵکی هەژاردا هەبوو. ئەم کۆمەڵە تایبەتمەندییانە لە کەسایەتیی شەهید بێخەو دا نموونەیەکیان لای خەڵک و جەماوەر پێکهێنابوو کە لە چارەسەریی کێشە و ناخۆشییە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسێکی زۆر کەموێنە بێت و لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانیدا توانی گەلێک پرس و گرفتی کۆمەڵایەتیی لە ناوچەکانی سەردەشت و پیرانشار چارەسەر بکات. مامۆستا بێخەو بە کردەوە مامۆستای شۆرش و گۆرانکاری بوو و دڵی بە دەرئەنجامی کارو کردەوەکانی خۆش بوو و هیوا و ئاواتی هەمیشەیی، گەشەی یەکسانی، کوردستانێکی سەربەخۆ و ئاوەدان، کۆمەڵگایەکی ئازاد، پێشکەوتوو و یەکسان بوو.

لەگەڵ ئەم یادەوەرییە دوایین نامەی نەمر مامۆستا بێخەو بە دەستخەتی خۆی بڵاو دەکەینەوە کە لە قەندیلەوە بۆ برا و هاوڕێی یەکسانییخوازی، هاوڕێ خالید ئیبڕاهیمیان ناردوویە.

بەرز و بەڕیز بێت یادی مامۆستا عەبدوڵڵای ئیبڕاهیمیان ناسراو بە مامۆستا بێخەو

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٦/٠٦/٢٠٢٣