زۆر بەداخین بۆ کوژرانی تراژیدیکیی زیلانی ١٨ ساڵە، پیاوسالاریی و شەرەف خونچەی ژیانی پەڕپەڕ کرد

Yeksani
07-07-2023

ئەمڕۆ ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاویی، زیلان ئەیوازی ١٨ ساڵە، خەڵکی ئاوایی زێوەی ناوچەی پیرانشار بە پاساوی پاراستنی شەرەفی خانەوادە، بە شێوەیەکی هۆڤانە بە دەستی باوکی دەکوژرێت.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە زیلانی جوانەمەرگ سەرەتا لەلایەن باوکیەوە بە بەری بانەوە هەڵواسراوە و پاشان بە دەمانچە دەکوژرێت.

سەلام ئەیواز، باوکی زیلان، لە ساڵانی ڕابردوودا زیلانی جوانەمەرگی ناچار کردبوو واز لە خوێندن بێنێت و زۆر جاریش لە دژی زیلان و ئەندامانی تری خانەوادەکەی دەستی بۆ توندوتیژیی بردووە.

لە سایەی پەروەردەی ئیسلامیی و یاساگەلی ئیسلامیی و فەرمانڕەوایی کۆماری ئیسلامیی پارێزەری ئاپارتایدی ڕەگەزیی و فەرهەنگ و نەریتی کۆنەپەرستانە، ژن هەر لە ڕۆژی لەدایکبوونیەوە وەک تۆمەتبار، وەک کۆیلەی پیاو و وەک دارایی باوک و برا و هاوسەر دێتە هەژمار، بۆیە مرۆڤی ژن لە ئێران و هەموو وڵاتانی ئیسلامییدا لە هیچ پارێزبەندییەکی یاسایی بەهرەمەند نیە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری دژی ژندا، لە وڵاتێکدا کە دەوڵەتەکەی ڕۆژانە کچان لە قوتابخانەکان ژەهراویی دەکات و لە شەقام دەیانداتە بەر دەسڕێژی گوللـە، زۆر ئاساییە هیچ هێڵێکی سوور نەبێت بۆ پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژنان. ئێران بووەتە زیندانێکی هێندە گەورە بۆ ژنان، کە بەشێک لە مێدیاکانی سەر بە ڕژیمیش هەندێ جار مشتێ لە خەرواری ڕاستییە تااڵەکان دەخەنە ڕوو.

ڕۆژنامەی شەرق، کە زمانی حاڵی باڵی ڕیفۆرمخوازی کۆماری سێدارەیە لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ بڵاویکردۆتەوە بە پشتبەستن بەو ئامارە فەرمییانەی کە لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە باس لە کوژرانی لانیکەم ١٦٥ ژن دەکات کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە دەستی پیاوانی بنەماڵەکانیانەوە لە ئێران کوژراون، کە کوژرانی ٤١ کەسیان لە پارێزگای تاران بووە. ڕۆژنامەکە دەڵێت: لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ وە تا جۆزەردانی ئەمساڵ هەر چوار ڕۆژ ژنێک لە ئێران کوژراوە.

ئێمە زۆر بەداخین بۆ مەرگی ناخهەژێن و تراژیدیکی زیلانی ئازیز و هاوخەمی دایک و خوشک و برا و کەسوکارین.

نەمان بۆ کۆماری ئاپارتایدی ڕەگەزیی، کە سەرچاوەی تاوانکارییەکانی دژی ژنانە!

نەمان بۆ فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری!

سەرکەوتن بۆ شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی!

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاویی