بە کوشتاری هەر ڕۆژەی ڕۆڵەکانمان دوژمن گەرەکیە پێش بە هاتنەوە شەقامی شۆڕشی ژینا بگرێت

Yeksani
08-07-2023

کۆمەڵانی خەڵکی قارەمانی کوردستان!

تێکۆشەرانی شۆڕشی ژینای نەمر!

کۆماری سێدارە پاش دوو مانگ شکنجە، مووسا ئیسماعیلیی، زیندانی سیاسیی کوردی لەژێر شکنجەدا کوشت. مووسا ئیسماعلی لاوێکی سیاسی ٣٥ ساڵەی خەڵکی گوندی پەسوێی ناوچەی پیرانشار بوو. ناوبراو ٦٢ ڕۆژ بوو لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە گیرابوو و ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو. لەو ماوەیەدا بنەماڵەی کاکە مووسا نەیاندەزانی کوڕەکەیان لە کام زیندانە و سۆراغیان نەدەزانی تاکو ئەمڕۆ ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٨ی جولای ٢٠٢٣) کە بە تەلەفۆن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی ورمێوە داوایان لێ کرا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان بچنە ورمێ.

 لە ورمێ کاربەدەستانی ئیتلاعات سەرەتا بە بنەماڵەی مووسای گیانبەختکردوو دەڵێن: کوڕەکەتان لە زیندان مردووە و تەرمەکەی لە سارتخانەیە و دەتوانن بیبینن، بەڵام ئەگەر کوژرانی کوڕەکەتان مێدیایی بکەنەوە و تەنانەت ئەگەر مەراسمی ماتەمینیی بۆ بگرن، لەگەڵ سزایەکی توند ڕووبەڕوو دەبنەوە.

شایانی باسە دواتر کاربەدەستتانی ئیتلاعات قسەکەیان دەگۆڕن و دەڵێن: کوڕەکەتان دوای تێپەڕاندنی پرۆسەی دادوەریی و بە بڕیاری دادوەر لەسێدارە دراوە و تەرمەکەی لە ساردخانەیە، بەڵام بۆتان نیە وەریگرنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی مووسا ئیسماعلیی کەموزۆر ئاگاداری هیچ جۆرە پرۆسەیەکی دادگاییکردنی کوڕەکەیان نەبوونە و لە ماوەی گیرانی مووسادا، سەرەڕای هەوڵی زۆریان نەیانتوانیەوە سۆراغی ڕۆڵەکەیان بزانن و تەنانەت بۆ جارێکیش ڕێگەیان پێ نەدراوە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بکەن. بنەماڵەی مووسای گیانبەختکردوو دڵنیان کە کوڕەکەیان لەژێر شکنجەی جەللادانی ڕژیمدا ماوەیەکە گیانی سپاردووە و تەرمی کوڕەکەیان ئەوە نیشان دەدات، کە دەمێکە لە ساردخانە ڕاگیراوە.

خەڵکی قارەمانی کوردستان!

ماوەیەکە کۆماری ئیسلامیی هێرشی هۆڤانەی خۆی بۆ سەر خەڵک توندتر کردۆتەوە و هەموو ڕۆژێک هەڕەمەکیانە ڕۆڵەکانمان دەڕفێنێ، لەژێر شکنجەدا دەیانکوژێ و یەکیەک و دوودوو لە سێدارەیان دەدات. کۆماری ئیسلامیی بۆ چارەسەری قەیرانگەلێکی چارەهەڵنەگر کە تووشیان بووە، لە لاوازیی و بێدەرەتانیی خۆی جگە لە زیندان و شکنجە و کوشتار ڕێگەیەکی تر شک نابات.

ڕووداوەکان ئەوە نیشان دەدەن، کە هەرچی لە ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی نزیک دەبینەوە، ڕژیم ڕێژەی کوشتنی ڕۆڵەکانمان زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بە کوشتار و خوێنڕێژیی ، بەر بە هاتنەوە شەقامی شۆڕش و پێشڕەوییەکانی بگرێت. ڕژیمی زیندان و شکنجە و سێدارە، لە شەش مانگی ڕابردوودا سەرەڕای لەداردانی بەردەوامی زیندانیان، ٢٠ کەسی لە بەندیخانەکاندا کوشتووە، کە لەوانە ١٣ کەسیان کوردن.

کۆمەڵانی خۆڕاگری گەلی کوردستان!

ئەم ڕەوتی کوشتار و خوێنڕێژییە دەبێ پێشی پێ بگیرێت. پێویستە بەرنامەمان هەبێت و بەرپەرچی هێرشەکانی دوژمن بدەینەوە. پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ مانگرتنی گشتیی، بۆ مانگرتنێکی گشتیی درێژخایەن کە هەموو خوێندنگە و شوێنەکانی بەرهەمهێنان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان بگرێتەوە. مانگرتنێک کە سنوورەکانی کوردستان تێپەڕێنێت و هەموو ئێران بتەنێتەوە. بێگومان پێویستە هەر لەمڕۆوە دەست بەکار بین. دوژمن هەوڵ دەدات لە پشووی هاوینەی خوێندکاران و مامۆستایان سوود وەرگرێت بۆ کوشتنی زیاتری خەڵک و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا.

 ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز، تێکۆشەرانی شۆڕشی ژینا!

ئێمە یەکگرتوو و ڕێکخراو بین لە تواناماندا هەیە ماشێنی کوشتاری ڕژیم بوەستێنین. لە تواناماندا هەیە ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە بە زبڵدانی مێژوو بسپێرین. لە پاڵ مانگرتنی گشتییدا پێویستە گرنگیی بە شەقام بدرێت. پێویستە شۆڕش لە ئاستێکی بەربڵاوتردا بگەڕێتەوە بۆ شەقام. بێگومان گرنگە بە کەمترین زیان زۆرترین سەرکەوتن بەدەست بێنین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر سنوورێک بۆ هێرشە هۆڤانەکانی ڕژیم دانەنرێت، ڕۆژانە هەواڵی کوشتاری ڕۆڵەکانمان لە مێدیاکانی دوژمنەوە دەخوێنێنەوە. ئەوان بەم تاوانانەیان گەرەکیانە تۆڵە لە ئێوەی تێکۆشەر و شۆڕشی ژینا بکەنەوە. ئەم هێرشانەی دوژمن لە هەمان کاتدا نیشانەی بێچارەیی و بیدەرەتانیی ڕژیمن.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کوشتنی هۆڤانەی مووسا ئیسماعیلیی بە توندی شەرمەزار دەکات و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین بۆ وەستاندنی ماشینی کوشتاری کۆماری ئیسلامیی لە هیچ هەوڵێک درێغیی نەکەن.

 کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هاوخەمی بنەماڵە و کەسوکاری کاکە مووسای ئازیز و خەڵکی پیرانشار و هەموو کوردستانە.

بڕوخێت کۆماری ئیسلامیی!

بژی یەکێتیی و هاوخەباتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو ئێران!

سەرکەوێت شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی!

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٨ی جولای ٢٠٢٣)