ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی لاوێکی مەهابادی لەژێر شکجەدا کوشت، لە شنۆ و پیرانشاریش ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنیی ڕاپێچی شکنجەخانەکان کرد.

Yeksani
10-07-2023

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

هەرچی لە ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی نزیک دەبینەوە، ڕژیم گوشارەکانی خۆی بۆ سەر خەڵکی کوردستان زیاتر دەکات. دوژمن خەونی ترسناک بە ئێوە و بە خرۆشانەوەی شەقامی شۆڕشی ژیناوە دەبینێت. بۆیە هەمیسان شەپۆلێکی بەرین لە گرتن و داپڵۆسین و ڕفاندنی لاوانی کوردستان و کوشتنیان لەژێر شکنجەدا دەستی پێ کردۆتەوە. کۆماری ئیسلامیی هەموو توانای دەمودەزگای سەرکوتی خۆی خستۆتەوە گەڕ بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕشی ژینا و بۆ چاوترسێنیی ئەو خەڵکەی هەرگیز چاوی ناترسێ و گیان و چاویان دەکەنە قوربانیی ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە.

 

ژنان و پیاوانی خەباتکاری شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی!

دوێنێ هەواڵی کاکە مووسای ئیسماعیلیی خەڵکی گوندی پەسوێی ناوچەی پیرانشارمان بڵاوکردەوە، کە لەژێر شکنجەی دوو مانگەی جەللادانی گرتوخانەی نهێنیی ئیتلاعاتی ورمێدا  گیانی بەخت کرد.

 ئەمڕۆ هەواڵەکان لە کوشتنی لاوێکی تری کوردستانی شۆڕش دەدوێن، کە لە هەمان گرتوخانەی مەرگدا و لەژێر شکنجەی هەر ئەو جەللادانەدا گیانی سپارد، کە کاکە مووسیان کوشت. ئەمڕۆ هەواڵەکان لە ڕاپێچکردنی ژمارەیەکی زۆر لە لاوەکانمان دەدوێن، کە لە شارەکانی شنۆ و پیرانشارەوە ڕاپێچی شکنجەخانەکان کران.

زیندانی سیاسیی کورد پەیمان گەڵوانیی، لاوێکی ٢٤ ساڵە، کە ٧ مانگ بوو هاوسەرگیریی کردبوو و دوو هەفتە لەمەوپێش لە ماڵی خۆی لە مەهاباد دەستگیر کرا و ڕاپێچی ناوەندی دەزگای هەواڵگریی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو، دوای دوو هەفتە شکنجەی بەردەوام، لە کۆمادا دەبرێتە نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لەو نەخۆشخانەیە، بەداخەوە  کاتژمێر ٩ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (۹ جولای ۲۰۲۳) گیانی بەخت کرد.

کۆماری ئیسلامیی لە درێژەی هەڵمەتی ترسنۆکانەی شەلم، کوێرم، کەس نابوێرمدا، شەوانە بەسەر ماڵی خەڵکدا دەدات و هەڵدەکوتێتە سەر لاوەکانمان و ڕاپێچی شکنجەخانە ترسناکەکانیان دەکات.

بەپێی نوێترین هەواڵەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٩ی جولای ٢٠٢٣) هێزەکانی ئیتلاعات لە پەلامارێکی بەربڵاوی هۆڤانەدا بەسەر ماڵی چالاکانی شاری شنۆ و دەوروبەریان داداوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنیی ئەو دەڤەرەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردن. ئەمانەی خوارەوە ناوی هەندێک لەو چالاکانەن کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستگیر کراوون، بێگومان ژمارەی گیراوەکان زۆر لەوە زیاترە:

عەبدولکەریم کاکۆل، سولەیمان گەڵوانی، خدر عەبدوڵڵاهی، عوسمان حەمزەزادە، ئارام شەعبان و فەخرەدین پوودات.

هەروەها پێشنیوەڕۆی دوێنێ ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٨ی جولای ٢٠٢٣) چەکدارانی ئیتلاعات کرێکارێکی خەڵکی گوندی باوڵەی پیرانشاریان بەناوی ئیدریس محەممەدی ئازەر ڕفاندووە و ڕوون نیە بۆ کوێیان بردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پیرانشار موحسین عەزیزیی و لە شاری سەرواڵەی پارێزگای ئیلام  تازەلاوی ١٥ ساڵە ئەرەشک قەیسەربەیگی و لە ورمێ حەیدەر نیکنیا و لە نەغەدە ماردین چێودار، فەرهاد ئیسماعیلی، ئاسۆ قەلەندەری، ئەحەد تاهیری و لە شنۆ دوو برا بەناوەکانی شەفیع بابەکری و شوانە بابەکری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات و سوپای پاستارانەوە دەستگیر کراوون و لە ژێر زەبروزەنگدا ڕاپێچی گرتوخانە و شکنجەخانەکان کراون.

 

ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازی کوردستان!

دوژمن لە ستەمکاریی و دڵڕەقیی و خوێنڕێژییدا شووی لێ هەڵکێشاوە و هەموو سنوورەکانی بەزاندووە. لە سەر شەقامەکان خەڵک دەداتە بەر گوللـە، لاوانی ئەم وڵاتە بە چەکی تایبەت کوێر دەکات، کچان لە قوتابخانەکان ژەهراوی دەکات، هونەرمەندان و کرێکاران و مامۆستایان و هەرکەس بەر دەستیان بکەوێت ڕاپێچی زیندانی دەکەن. کۆماری ئیسلامیی لە سەرکوت و زەبروزەنگدا گەڕاوەتەوە بۆ دەیەی شەستی هەتاویی. بۆ سەردەمی دادگا پێنج خولەکییەکانی خاڵخاڵی جەنایەتکار لە کوردستان. ئێستا دۆخەکە لەو سەردەمەش دژوارترە. ڕۆڵەکانی گەلی ئێمە ماوەیەکە بە بێ دادگای فۆرمالیتە و لەژێر شکنجەدا دەکوژرێن.

خەڵکی قارەمانی کوردستان!

پێویستە شەقام بخرۆشێتەوە. پێویستە شەقامەکانی کوردستان و ئێران لە ژێر پێی داگیرکەر و ستەمکاردا بێنە لەرزە. تاکەی ڕێگە بدەین کۆماری سێدارە خۆی ملەکان بۆ پەتی سێدارە هەڵبژێرێت؟!

ئێمە نابێ چاوەڕێی ساڵوەگەڕی مەرگی ژینای نەمرمان بکەین بۆ هاتنەوە سەر شەقام. پێویستە هەموو هێز و توانمان هەر ئەمڕۆ بخەینەوە گەڕ. بەو هیوایە خەڵکی ئێرانیش وەک پێویستە بێنەوە گۆڕەپانی شەقام و قورسای شۆڕش نەخەنە سەر شانی تەنها لاوان و خوێندکارانی زانکۆکان. چینی کرێکاری ئێران پێویستە بجووڵیت، ڕۆڵی خۆی ببینێت. جێی خۆیەتی هێزی بزووتنەوە کۆمەڵەیاتییە جۆراوجۆرەکان لێک هەڵپێکرێن. بزووتنەوەی یەکسانییخوازانەی ژنان، بزووتنەوە دژی ستەمی نەتەوایەتیی و داگیرکاریی، بزووتنەوەی خانەنشینان و مامۆستایان و ژینگەپاراێزان و ... پێویستە هەوموو ئەو بزووتنەوانە کە پێکهێنەری شۆڕشی ژینان هاوئاهەنگ و هاوهەنگاو بچنە پێشەوە. هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە تەمەنی نگریسی ئەم ڕژیمەی چاخەکانی ناوەڕاست ئەرکی هەموو مرۆڤێکە. کۆماری سێدارە ئەمڕۆکە جگە لە تفەنگچییەکانی و جگە لە توێژێکی بچووک لە پارێزەرانی، نوێنەرایەتی هیچ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیی ناکات. ئەم ڕژیمە بووتە شێرپەنجەیەکی پیس بە گیانی خەڵکی ئێرانەوە.

بەو هیوایە لە کوردستان هێزە داگیرکەرەکەان تەنگی پێ هەڵچنرێت، چۆن بزووتنەوەکەی گاندی مەزن لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکان هەڵسوکەوتیان دەکرد ئاوا لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکان هەڵسوکەوت بکرێت و تەواو بایکۆت بکرێن و تاقە نانێکیش چیە پێیان نەفرۆشرێت. لە دریژەی خەباتی یەکگرتوانەماندا ئێمە دەتوانین دوژمن بەچۆکدا بێنین و شۆڕش بگەیەنینە کەناری ئازادی و یەکسانیی و سەربەخۆیی.

ماڵبەتی بەڕێزی کاکە پەیمانی گەڵوانیی و خەڵکی مەهابادی شۆڕش، کوردستانی پێشەنگی شۆڕشی دوێنێ و ئەمڕۆ! هاوبەشی خەمتانین. ئێمە بەشێک لە دەریای بێ پایانی خەباتی ئێوەین، لەگەڵتانین. نامرن ئەو ئازیزانەی لە دڵی گەلدا دەژین!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (۹ جولای ۲۰۲۳)