نەمر مامۆستاعەبدوڵڵای ئیبڕاهیمیان (مامۆستا بێخەو)

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
24-06-2013

مامۆستا عەبدوڵڵای ئیبڕاهیمیان ناسراو بە مامۆستا بێخەو ساڵی ١٣٣٠ (1951) لە گوندی وەردێی سەر بە ناوچەی سوێسنایەتیی شاری سەردەشت لەدایک بووه. هەر لە سەردەمی مناڵییەوە لای مامۆستایانی ئایینی ئەو ناوچەیە و بەتایبەتی لە ناوچەی کەڵوێی شاری سەردەشت، لە مزگەوت و حوجرەکان دەرسی خوێندوە. مامۆستا بێخەو لە ساڵی ١٣٤٦ (1967) پێوەندی بەو بزووتنەوەیه‌وه‌ کردووه‌ که‌ تێکۆشه‌رانی وه‌ک مەلا ئاوارە و سولەیمانی موعینی ڕێبه‌رییان کردووە. ساڵی ١٣٤٨ (1969) بەهۆی ئاشکرابوونی چالاکیی سیاسی و زیادبوونی مەترسیی گیرانی لەلایەن ساواکەوە، چۆ‌ته‌ باشووری کوردستان و لەوێ وێڕای خوێندن، له‌نێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا درێژه‌ی بە خەبات داوه.  دوابەدوای پەیمانی جەزاییر و شکانی شۆڕشی باشوور، کۆمەڵێکی ٥٥ کەسی لە کادر و ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە ڕادەستی ڕژیمی شای ئێران دەکرێنەوە. ئەو کاتە شەهید بێخەو لە پشدەر لەلایەن دۆست و هاورێیانی ئاگادار دەکرێتەوە کە پیاوانی رژیم لە هەولی گرتنی دان. شەهید بێخەویش وێڕای چەند هاوڕێیەکی بۆ خۆ پاراستن دەچنە بناری قەندیل لای برادەرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان. دوای ماوەیەک بۆخۆیان وەک کوردی رۆژهەڵات بە بیرو باوەری سەربەخۆوە مەقەری تایبەتی خۆیان دادەنێن و  وەک کوردانی رۆژهەڵات لە نزێک یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دەبن و کاری سیاسی و خۆپەروەردە کردن دەکەن.

هاوڕێ بێخەو دوای ڕووخانی ڕژیمی شا گه‌ڕاوه‌تەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاش پێوەندی و یەکگرتنەوەی لەگەڵ هاوڕێیانی پێشووی کە لە زیندانەکانی ڕژێمی شا ئازاد ببوون، گەڵاڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دادەڕێژن و لە کۆبوونەوەکانی سەرەتادا، شەهید بێخەو وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان  و به‌رپرسی ناوچەی سەردەشت هه‌ڵبژێردراوه‌.

بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، قۆناخێکی نوێ لە خەباتی سیاسیی خەڵکی کوردستان دەستی پێکردەوە و مامۆستا بێخەو وەک یەکێک لە کەسە بەرچاو و چالاکەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، یەکەم مەقەڕی لە ناوچەی سەردەشت دامەزراندووه‌ کە دوای ئەوە پۆل پۆل هاورێیانی وخەڵکی ناوچەکە چوون بۆ سەردانی و پیرۆزبایی و پشتیوانییان لەم هەنگاوەی مامۆستا بێخەو دەربڕیوه‌. هاوکات شەهید بێخەو لە ڕێکخستنی ڕێکخراوەکانی ناوچە و وەڕێخستنی میتینگ و قسە و باس بۆ جەماوەری ناوچەکە زۆر هەڵسووڕاو و چالاک بووه. دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان، مامۆستا بێخەو لە زۆربەی شەڕەکانی ئەم ناوچەیە و شەڕی ناوداری سێ ڕێیانی سەردەشت لە ساڵی ١٣٥٩ (1980)  بەشداریی چالاکانەی هەبووه‌ و تەنانەت لە ستادێکی هاوبەش کە ئەوکات لەنێوان کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران پێک هاتبوو، وەک ئەندامی ستاد و نوێنەری  کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لەم ستادە دا بەشدار بووه‌.

مامۆستا بێخەو بە لێزانیی و دڵسۆزیی خۆی و باوڕەی قووڵی بە ڕزگاریی نیشتمانەکەی بە ڕادەیەک شێلگیرانە و لێبڕاوانە کاری کردووه‌ کە لەم ماەیەدا وه‌ک کەسایەتییەکی ناسراو و ڕێبەرێکی خۆشەویست و جێی متمانەی خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە ناوچەکانی سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد و سەقز ده‌رکه‌وتووه‌.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا هەڵسوڕان و چالاکیی مامۆستا بێخەو لەئاستێکدا بووه‌ کە لەلایەن هێزی دەسەڵاتداری ئەوکاتی ناوچەکە تەحەممول نه‌کراوه‌ و چەندین جار لەگەڵ هەڕەشە و پەلاماری پاوانخوازانەی ئەوکاتی ئەو لایەنە بەرەوڕوو بووه‌ و تەنانەت هەڕەشەی لێکرابوو کە مافی هاتنەدەری لە ماڵەوە نییە. بەڵام مامۆستا بێخەو هیچکات بەم پەلامار و هەڕەشانە لە خەبات و لەسەر باوەڕی قووڵی بە ڕێبازی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان نەکشایەوە و لەسەر ڕێبازێک کە بە باوەڕەوە گرتبوویە بەر، لێبڕاوانە بەردەوام بووه.

مامۆستا بێخەو لە کۆنفرانسەکانی یەکەم و دووهەمی یەکسانی لە ساڵەکانی ١٣٥٩ و ١٣٦٠ (1980 و 1981) لە پیرانشار و سەقز، وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوه‌ته‌وه‌. پاش چالاکییەکی زۆری شەهید بێخەو لەو سەردەمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرفراوانی هێرشی کردە سەر کوردستان و هێزی پێشمەرگە بۆ باشووری کوردستان پاشەکشەی کرد. لەم کاتەدا مامۆستا بێخەو یەک لەو کەسانە بوو کە پاش ڕاگواستنی کەلوپەلە هەستیارەکانی یەکسانی، یەکەم مەقەڕی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانی لە کۆتایی ساڵی ١٣٦٢ (1983)  لە باشووری کوردستان دامەزراند. پاش ئەو سەردەمەش شەهید بێخەو لە گەڕانەوە ناوخۆ و چاودێری کاری ڕێکخراوەیی شێلگیرانە بەردەوام بوو و هیچکاتێک تەنانەت لە دژوارترین کاتەکانیشدا لە تێکۆشان لەپێناو سەربەخۆیی گەلەکەی و خەبات بۆ یەکسانی و بەرگریی لە مافی زەحمەتکێشان و چەوساوەکان ماندوو نەبوو و هیچ تەنگژە و سەختیەەک نەیتوانی بەچۆکیدا بێنێ.

زۆر بەداخەوە مامۆستا عەبدوڵڵای ئیبڕاهیمیان ناسراو بە ماموەستا بێخەو لە ڕێکەوتی ٠٥/٠٤/١٣٦٧ی هەتاوی (26/06/1988) دا، لەکاتیکدا لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بۆ ئەرکێکی ڕێکخراوەیی لە مەقەڕێک بەرەو مەقەڕێکیتری یەکسانی لە بناری قەندیل دەچێت، لەنێوان “ڕەزگە” و “مارەدوێ” دەکەوێتە بەر تۆپبارانی ڕژیمی بەعسی ئێڕاق و هەر لەوێ شەهید دەبێت. لەم ڕووداوەدا هاوڕێکەی شەهید بێخەو بە سەختی بریندار دەبێت کە وێڕای تەرمی ماۆستا بێخەو بۆ مەقەڕی یەکسانی ڕادەگوێزرێن و بەمشێوەیە مامۆستا بێخەو پاش زیاتر لە ٢٠ ساڵ خەباتی بێوچان، شەهید دەبێت و گەلی کورد و کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان یەکێک لە ئازاترین و بەوەفاترین ڕۆڵەکانیان لەدەست دەدەن.

شایانی باسە کە مامۆستا بێخەو خوێندنی مەلایەتی تەواو کردبوو بەلام هێچکات مەلایەتی نەکرد. هاوڕێ بێخەو بڕوای بە زانستی سەردەم هەبوو، هاوکات کەسێکی یەکسانیخواز و مافخواز بوو کە هەموو تەمەن و توانای خۆی بۆ ڕزگاریی گەلەکەی و خزمەت بە شۆرشی چەوساوەکان تەرخان کرد و وەک سەرکردەیەکی خۆڕسک و خاوەن ئەزموون وخاوەن کەسایەتیەکی سیاسی و خەمخۆری گەلەکەی لە هەموو بوارەکانی خەبات دا ماندویی نەناس لە قۆناخە دژوارەکانی ئەم سەردەمانەدا دەرکەوت. شەهید بێخەو بیرمەندێکی خۆشفکر و مرۆڤێکی هێدی و خاوەن نەزەر و هاوکات کەسێکی نەترس و خۆڕاگر بوو. وێڕای زمانی کوردی، زمانەکانی عەرەبی و فارسی بەباشی دەزانی و دەستی نووسیینی بابەت و شێعری هەبوو.

مامۆستا بێخەو شارەزایەکی زۆر باشی لە داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هەبوو و تێکەڵاویەکی زۆری بەتایبەت لەگەڵ خەڵکی هەژار دا هەبوو. ئەم کۆمەڵە تایبەتمەندییانە لە کەسایەتیی شەهید بێخەو دا نموونەیەکیان لای خەڵک و جەماوەر پێکهێنابوو کە لە چارەسەریی کێشە و ناخۆشییە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسێکی زۆر کەموێنە بێت و لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانیدا توانی گەلێک پرس و گرفتی کۆمەڵایەتیی لە ناوچەکانی سەردەشت و پیرانشار چارەسەر بکات. مامۆستا بێخەو بە کردەوە مامۆستای شۆرش و گۆرانکاری بوو و دڵی بە دەرئەنجامی کارو کردەوەکانی خۆش بوو و هیوا و ئاواتی هەمیشەیی، گەشەی یەکسانی، کوردستانێکی سەربەخۆ و ئاوەدان، کۆمەڵگایەکی ئازاد، پێشکەوتوو و یەکسان بوو.

بەرز و بەڕیز بێت  یادی مامۆستا عەبدوڵڵای ئیبڕاهیمیان ناسراو بە مامۆستا بێخەو

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٣ی پووشپەڕی ٢٧١٣

٢٤/٠٦/٢٠١٣ ی زایینی