کۆماری تیرۆریستیی ئیسلامیی ئێران ئەندامێکی تری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نزیک هەولێر ترۆر کرد

Yeksani
12-07-2023

ناوەندی ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، کە ئەندامێکیان بەناوی سیامەند شابۆیی خەڵکی ئاوایی شاوانی سەر بەشاری شنۆ بە دەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارۆچکەی بەحرەکەی نزیک هەولێر تێرۆر کراوە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢١ی پوشپەڕ (١٢ی جولایی ٢٠٢٣) تەرمەکەی لە دەورو بەری بەحرەکە دۆزراوەتەوە

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەمە سێیەمین ترۆری ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، کە لە باشووری کوردستان بە دەستی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ترۆریستیی ئێران بەڕێوە دەچێت.

رۆژی هەینی ١٦ی پوشپەڕ دوو ئەندامی تری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادڵ موهاجیر لە گوندی هەڵشۆی سەر بە شاری قەڵادزێ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ترۆر کران.

ئێمە ترۆری کاکە سیامەند شابۆیی، کە بەدەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئەنجامدراوە بە توندی شەرمەزار دەکەین و داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین، بە کردەوە هەوڵ بدەن سنوورێک بۆ ترۆریزمی کۆماری ئیسلامیی لە باشووری کوردستان دا بنێن.

خانەوادە و کەسوکاری کاکە سیامەندی گیانبەختکردوو، ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!

 بەبۆنەی ترۆرکرانی کاک سیامەند شابۆییەوە هاوخەمی ئێوەی هێژاین و سەرەخۆشییتان لێ دەکەین.

بێگومان کۆماری ئیسلامیی بە ترۆر و تۆقاندن و گرتن و ڕفاندن ناتوانێت شۆڕشی کوردستان، شۆڕشی ژینا بە چۆکدا بێنێت. سەرکوت دادی نادا و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕش لە جێی خۆیانن. ئەم ڕژیمە فاشیستییە دەبێ بە هێزی یەکگرتووی خەڵک بڕووخێت و سەرانی جەنایەتکاریشی لە دادگاکانی گەلدا بە سزای تاوانەکانیان بگەن.

نەمان بۆ کۆماری ترۆریستی ئیسلامیی ئێران!

بژی یەکێتیی و هاوخەباتیی خەڵکی کوردستان و هەموو ئێران بۆ لەگۆڕنانی کۆماری ترۆر!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی  کوردستان

٢١ی پوشپەڕ (١٢ی جولایی ٢٠٢٣)