بەرز و بەڕێز بێت یانزەهەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان

Yeksani
20-07-2023

خەڵکی قارەمانی ڕۆژاوای کوردستان!

بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ڕۆژاوای کوردستانەوە، لە مەڵبەندی شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ژینا ئەمینییەکان و مەستوورە شاسوارییەکانەوە، لە ڕۆژهەڵاتی سکۆلار و یەکسانییخوازەوە، کە پایەکانی کۆماری سێدارەی داگیرکەر و فاشیزمی ئیسلامیی هێناوەتە لەرزە، گەمرترین پیرۆزباییمان هەیە.

ئێمە لە کاتێکدا بەپیر ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستانەوە دەچین، کە ١٠٠ ساڵ بەسەر پەیمانی شوومی لۆزاندا تێدەپەڕێت. پەیمانێک، کە بە لەباربردنی بەندەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ی پەیمانی سیڤەر، کوردستانی کردە کۆڵۆنیایەکی نێودەوڵەتیی پارچەپارچە و وڵاتێکی بێدەوڵەت و مەڵبەندی ئەنفال و جینۆسایدەکان.

 لە ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستاندا ڕێز دەگرین لە خەبات و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازی ڕۆژئاوای کوردستان، کە بە دەستی بەتاڵ و بە ورەی پۆڵایین و بە بەرچاوڕوونیی و ئاسۆیەکی ڕۆشنەوە چوونە جەنگی ڕژیمی فاشیستیی سووریە. شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان، ١١ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە کووبانێی شۆڕش و بەرخۆدانەوە گڕی سەند. شۆڕشێک کە هەر لە دەستپێکەوە شۆڕشێکی فرە ڕەهەندیی بوو. ئەم شۆڕشە تەنها شۆڕش و ڕاپەڕینێکی چەکداریی یان هەڵچوونێکی خۆڕسکی کۆمەڵایەتیی بێ بەرنامە نەبوو. ڕۆژاوای کوردستان بە هاتنە مەیدانی بەربڵاوی ژنان کەوتە سەر ڕێبازێک، کە ٤٤ ساڵ لەمەوپێش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەستوورە شاسوارییەکان و بەیان بەرقرووەکان ڕێچەکەیان شکاندبوو.

لە سەردەمی هێرشی هۆڤانەی داعشدا ڕۆژاوای کوردستان، بە بەشداریی شەڕڤانانی ئەنتەرناسیۆنالیست و بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ میرکان و هەڤاڵ ئاڤێستاکان بووە جێیی شانازی هەموو جیهانی یەکسانییخواز و بە خوێنی هەزاران هەزار شۆڕشوان، بەرگریی لە ئاشتیی و هێمنیی هەموو دنیا کرد. هەزاران سڵاو لە یادی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ڕۆژاوا. هەزاران سڵاو لە ماڵبەت و کەسوکاری ئازیزی گیانبەختکردووانمان.

ڕۆژاوای قارەمان بە هێزی ڕێکخراوی گەل و بە کڵاشینکۆف و چەکی کۆن و کەمەوە بەرامبەر بە هەموو ڕەوتە ترۆریستییە ئیسلامییە پڕچەکەکان و بەرامبەر بە دەسەڵاتی فاشیستیی ئیخوانیی تورکیەش، کە پاڵپشتی ئۆردووی ترۆریزمە، سەربەرزیی زۆری تۆمار کرد. ڕۆژاوا سەلماندیی: شۆڕشێک کە گەلی وشیار و ڕێکخراوی لە پشت بێت، شکست نایەنێت و لە فەرهەنگی ئەو گەلەدا وشەیەک بەناوی ئاشبەتاڵ و ڕاکردن جێگەی نابێتەوە.

ڕۆژاوای کوردستان سەرەڕای پرژوبڵاویی دەڤەرەکانیی، سەراڕی زۆریی و بەهێزیی دوژمنەکانی، سەرەڕای شەڕێکی هۆڤانەی بەربڵاو کە بەسەریدا سەپابوو، لە خەبات بۆ پێشڤەچوونە فەرهەنگییەکان دوانەکەوت و درێغیی نەکرد. ڕۆژاوا لە ماوەیەکی کورتدا بە چاپکردنی پەڕتووکەکانی خوێندن و بەکارهێنانی ئەلفوبێی لاتینیی، توانی ڕۆژاوا و باکووری کوردستان لێک گرێ بداتەوە و پاڵپشتیی زمانەکانی تری دەڤەرەکەش بکات لە بواری پەروەردە و خوێندندا.

بێگومان ئەمانەی لێرەدا ئاماژەمان پێدان مشتێک لە خەرواری دەسکەوتەکانی ڕۆژاوای کوردستانن، بەڵام دیالیکتیک ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ڕۆژاوا دەبێ لە خۆنوێکردنەوە و گەشەسەندندا کاری ماندوویینەناسانە و سیستماتیک بکات. پێویستە لە بواری فەرهەنگییەوە باج بە ڕەوتە کۆنەپەرستەکان نەدرێ و لە ڕێگەی پەروەردە و ڕاگەیاندن و یاساوە، بۆ هەرچی زیاتر چەسپاندنی فەرهەنگێکی یەکسانییخوازانە و سکۆلار کاری زیاتر بکرێت.

ئێمە دەزانین، کە ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆ هەیە، دەسەڵاتی سەردەمی شەڕە و هێشتا لە ئاستی جیهانییدا بە فەرمیی نەناسراوە و لەگەڵ تەنگوچەڵەمەی زۆر ڕووبەڕووە، بەڵام  سەرەڕای ئەوەش، پێویستە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان و گەشەپێدانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی هەنگاوی زیاتر بنێت. خەڵکی کرێکار و هەژاری هەموو وڵاتێک کاتێک دەسەڵات بە هی خۆیان دەزانن و پاڵپشتیی دەکەن و دەیپارێزن، کە دەسەڵات لە ڕاستییدا هی ئەوان بێت، کە ڕەفتار و سیاسەتەکانی ئەو دەسەڵاتە لە ژیانی ئابووریی خەڵکدا وەک پێویستە ڕەنگ بداتەوە و دەسەڵات بە هی خۆیان بزانن.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دەسکەوتەکان و پێشکەوتنەکانی ڕۆژاوای کوردستان بەرز دەنرخێنێت و هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ ڕۆژاوای قارەمان دەخوازێت.

پیرۆزە یانزەهەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان!

بژی هاوخەباتیی هەموو بەشەکانی کوردستان لە دژی داگیرکەران و کۆنەپەرستیی!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان.

١٩/٧/٢٠٢٣