پێویستە خەڵکی کوردستان هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهێند وەربگرن

سەربەست ئازاد
26-07-2023

 ساڵێک بەر لە ئێستا، شۆڕشی ژینا لە دەرئەنجامی زوڵمی لەڕادەبەدەری کۆماری ئیسلامی خۆڕسکانە سەری هەڵدا. ئەو شۆڕشە لەڕەوتی بەرەوپێشچوونی خۆیدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی خستە حاڵەتی پارێزگاری کردن لە سیستەم و دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەیان.  بەڵام بەهۆی نەبوونی یەکێتیەکی گشتگیر لە ناو لایەنە شۆڕشگێڕەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و نەبوونی ئەلترناتیڤێکی بەهێز شۆڕشی ژینا لە  گەیشتن بە ئامانجەکانی دواکەوت.

ئێستا کۆماری ئیسلامی لە تۆڵەی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا بە بیانووی جۆراوجۆر پەلاماری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی دەدات، هەر ڕۆژە چەند کەس دەگری و بە ئارەزووی خۆی ئەشکەنجەیان دەدات و ئیعدامیان دەکات. لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران  زۆر باش دەزانن کە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نایانهەوێت لە باشووری کوردستانڕا هێرشی چەکداری بکەنە سەر کۆماری ئیسلامی، بەڵام ڕژیم بەردەوام بیانوویان پێدەگری و هەڕەشە لە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. تەنانەت کاتی بۆ حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و حکومەتی عێڕاق دیاری کردووە، کە داخوازیەکانی کۆماری ئیسلامی  سەبارەت بە چەک کردن و دەرکردنی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ بکەن، ئەگینا لە پەلاماردان و هەوڵە سەرەڕۆییەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.

پێویستە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بەهێند وەربگرن، چوون ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە لە ناوەڕۆکدا باوەڕی بە مافی ژنان ، کرێکاران، نەتەوە ژێردەستەکان، دێموکراسی و مافی مرۆڤ و هیچ یەک لەو داخوازیانە نیە کە خەڵک لە پێناویاندا ڕژانە سەرشەقامەکان. کۆماری ئیسلامی ناتوانی هیچ ئاڵوگوڕێک لە سیستەم و سیاسەتی خۆیدا بکات. لەڕوانگەی  کۆماری ئیسلامیەوە چارەسەر بۆ ئەو باردۆخە ناهەموارەی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بلوچستان و ئازرباینجان و ئەهواز تەنیا بەکارهێنانی توندوتیژی و گرتن و ئەشکەنجە و ئیعدام وسەرکوتکردنە. ڕژیم بە مەبەست هەوڵدەدات خەڵک لە شێوەی خەباتی مەدەنی دوور بخاتەوە و شەڕی چەکداری بە سەر خەڵک و لایەنە سیاسیەکاندا بسەپێنی، لەوە زیاتر چاوەڕوانی هیچی دیکە لەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ناکرێت.

لە ئێستادا بەپێی بارودۆخێک کە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستانی تێدایە ناتوانێ پارێزگاری لە سنوور و سەروەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بکات. دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراقیش زیاتر دۆستی کۆماری ئیسلامین تا لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە نایانهەوێت ڕیگریی لە کۆماری ئیسلامی بکەن. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و دەسەڵاتی هاوپەیمانان لە ناوچەکە پێشتر لە بەرامبەر موشەکباران و سنووربەزاندنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستێکی وایان نەبووە کە بەر بە سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بگرن لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پەلاماردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بەدوور نازانرێت.

لەوەها بارودۆخێکدا پێویستە خەڵکی ناڕازی ناوخۆ وێڕای پشتیوانی کردن لەیەکتر و بردنە پێشی خەباتی هاوبەش، شێوەی پەیوەندی و کەناڵی یەکتر ئاگادار کردنەوە و تاکتیک و شێوەکانی خەباتی ڕۆژانەیان بگۆڕن. پێویستە لایەنە مافخواز و ئازادیخوازەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی  خۆیان لە پەتای بەرژەوندی حیزبی ڕزگار بکەن و بەرژەوەندی خۆیان لە ناو بەرژەوەندی گشتیدا ببیننەوە. ئەرکی سەرشانی هەموو لایەنە خۆ بەبەرپرسزانەکانە کە سەرەڕای بیرو بۆچوونی جیاوازیان، لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی چەوساوە لە سەر ئامانجە هاوبەشەکان یەکهڵوێست بن، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە کۆی کردەوە دژە مرۆڤایەتیەکانی کۆماری ئیسلامی وەک گرتن و ئەشکەنجە و ئیعدامکردنی خەڵکی ناڕازی لە ناوخۆ و پەلاماردانی خەڵکی سڤیل و لایەنە سیاسیەکان لە باشووری کوردستان لە چەندین شوێن چالاکی هاوبەش و خۆپیشاندانی بەرفراوان وەڕێ بخەن و داخوازیەکانی خۆیان بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووکان و بە هەرلایەنێکی پەیوەندیداربگەیەنن، بەیەکەوە هەموو لایەک لە سیاسەت و کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران  ئاگادار بکەنەوە و داوایان لێبکەن سنوورێک بۆ سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی دابنێن.

سەربەست ئازاد

٢٦/٧/٢٠٢٣