سووتاندنی دارستانەکانی مەریوان لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە! مەریوان چاوەڕێی بەهاناوەهاتنی دەستبەجێی خەڵکی کوردستانە!

Yeksani
05-08-2023

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

چەن ڕۆژێکە دیسانەوە دارستانەکانی مەریوان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە ئاگریان تێبەردراوەتەوە و تا ئێستا پانتاییەکی بەرین بووەتە خەڵووز! کۆماری ئیسلامیی بە ئاگرتێبەردانەوەی دارستانەکانی کوردستان وەک هەمیشە گەرەکیەتی ژینگەی کوردستانیش جینۆساید بکات. لە ڕۆژانی ڕابردوودا هیچ ئۆرگانێکی ڕژیمی ئیسلامیی لە دەڤەرەکە نەک ئامادە نەبووە بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکە بچووکترین هەنگاو بنێت، بەڵکو هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران پێنج کەسیان لە چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان بەشێوەیەکی هۆڤانە دەستگیر کردووە و بۆ شوێنی نادیاریان بردوون. ناوی ژینگەپارێزە دەستگیرکراوەکان بەم جۆرەیە: ئازاد ڕۆحی، لایق محەممەدی، سەرکەوت عیبادی، دلێر محەممەدی و ئالان ئەردەشیری.

خەڵکی ئازادیخواز و ژینگەپارێزی کوردستان!

خەڵکی مەریوان و ژینگەپارێزانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا وا چەند ڕۆژە بە سەرەتاییترین کەرەسەکانی کوژاندنەوە، بوێرانە چوونەتە جەنگی ئاگری داگیرکەران و بۆ دامرکاندنەوەی پێویستیان بە یارمەتی دەستبەجێ و هەمەلایەنەی ئێوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەیە و داوای هاوکاریی دەستبەجێیان کردووە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکات بۆ کوژاندنەوەی ئاگری داگیرکەران، بە پەلەو و بێ دواکەوتن فریای خەڵکی مەریوان و ژینگە و ژینگەپارێزانی بکەون. بەو هیوایە، بە هاوکاریی و هاوپشتیی بەرینی ئێوە خەڵکی کوردستان، ئاگری داگیرکەر کۆنترۆڵ بکرێ و دوژمنانی ژن  و ژیان و ژینگە و ئازادی هەرچی زیاتر شەرمەزار و ڕیسوا بکرێن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ هەتاوی

٥/٨/٢٠٢٣ ی زایینی