چلوچوارەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی بەرز ڕادەگرین

Yeksani
17-08-2023

مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و یەکەمین سکرتێری یەکسانیی بوو. مامۆستا هۆزانوان و ئەدیبێکی یەکسانییخوازی توانا و پێشەنگێکی دووربین و لێبڕاو و ماندوویینەناسی ڕێبازێکی سیاسیی بوو، کە ئامانجی ڕزگایی کرێکاران و هەژارانە لە ستەمی چینایەتیی و ڕزگاریی ژنانە لە هەڵاواردن و ئاپارتایدی ڕەگەزیی و  ڕزگاریی وشەیە لە کۆتوبەندی دیکتاتۆریی و ڕزگاری هەموو گەلی کوردە لە ژێرچەپۆکەیی داگیرکەران و ڕزگاری مرۆڤە لە چەوسانەوەی بە دەستی مرۆڤ.

مامۆستا لەو ڕابەرە سیاسانە بوو، کە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئازادییخوازانە و یەکسانییخوانەکانی تەنها پشتی بە تاکە شێوازێکی خەبات نەدەبەست، بەڵکو پێی وابوو شۆڕشی چەوساوەکان فرە ڕەهەندییە و خەباتیشیان بۆ ڕزگاریی و بۆ ئازادیی هەر دەبێ فرە ڕەهەندیی بێت. ئەو پێی وابوو چین و توێژە چەوساوەکانی کوردستان بۆ ڕزگارییان لە کۆمەڵگەی چینایەتیی و گەلی کوردیش بۆ ڕزگاریی لە ژێردەستەیی نەتەوایەتیی، دەبێ لەژێر تیشکی بیرێکی زانستیی یەکسانییخوازانەدا پشت بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان ببەستن. هەر بۆیە مامۆستا سەید ڕەشید لە دامەزراندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و لە دامەزراندن و ڕابەرایەتییکردنی یەکێتیی جوتیارانی کوردستان و لە دامەزراندنی بنکەی بووژاندنەوەی فەرهەنگی کوردیدا، کە ناوەندێکی گەورەی فەرهەنگیی و ڕۆشنبیریی بوو ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێت.  

 مامۆستا ڕەشید هەر چەندە ئەزموونی ١٥ ساڵ خەباتی چەکدارانەی هەبوو دژی ڕژیمەکانی ئێران و عێراق و قارەمانێکی کەموێنە بوو، بەڵام هەرگیز پێی وا نەبوو تەنها بە شۆڕشی سیاسیی و بە گۆڕینی دەموچاوەکان و بە لادانی توێژێک لە دەسەڵاتی دەوڵەتیی دەگەینە بەهەشتی ئازادیی، بەڵکو باوەڕی بە خەباتێکی بەردەوامی فرە ڕەهەندیی بوو لە پێناو پێشکەوتنی بەردەوام و سەرکەوتنە بەردەوامەکاندا لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و  ڕامیاریی و ڕۆشنبیریی و زانستییەکاندا.

مامۆستا پێشەنگێکی سۆسیالیستیی ڕیالیست بوو، کە پەنجەی دەخستە سەر برینە کۆمەڵایەتییەکان و بە جێی درووشمی زریقوبریقەدار، بە زمانی خەڵکی چەوساوە ڕێگاچارەکانی دەستنیشان دەکرد و پێی وابوو مرۆڤی چەوساوە بۆ ڕزگاریی خۆیان، تەنها و تەنها دەبێ پشت بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان و پشت بە وشیاریی خۆیان ببەستن.

مامۆستا سەید ڕەشید لەساڵی ١٩٧٥ زایینی و لە ئەنجامی ڕێککەوتناممەی شوومی جەزاییردا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و کادری بەڕێوەبەریی باڵێکی ئەوسای حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕادەستی ڕژیمی شای ئێران کرایەوە. مامۆستا لە زیندانەکانی ورمێ و سنە قارەمانانە ڕۆڵی ڕۆشنگەرییەکی گرنگ دەبینێت و دوای ئازادبوونیشی، لەگەڵ کۆمەڵێک لە زیندانیانی سۆسیالیستی ئەوسای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوڕێیانی پێشووی، کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دادەمەزرێنێت.

مامۆستا بەداخەوە دوای ماوەیەکی کورت لە دامەزرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و لە دۆخێکی زۆر گرنگ و هەستیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و  لە سەردەمێکدا، کە بوونی ڕابەرانێکی وەک ئەو ئێجگار گرنگ بوو، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاویدا و لە شەڕی نێوان یەکێتیی جوتیاران و دەرەبەگەکانی کەرەفتووی سەقزدا، پاش شەڕ و خۆراگرییەکی قارەمانانە، کاتێک فیشەکی لێ دەبڕێ و هەست بە مەترسیی بەدیلگیران دەکات، بە ئاخر فیشەک خۆی دەکوژێت و گیانی بەخت کرد. بەداخەوە لەو شەڕەدا شۆڕشگێڕی سۆسیالیست و خۆشەویستی ناوچەی سەقز مامۆستا یەحیای خاتوونی و بەرپرسێکی قارەمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەناوی مەحەممەد نەوەرە گیانیان بەخت کرد.

هەزاران سڵاو لە یادی مامۆستا سەید ڕەشید و مامۆستا خاتوونی و کاک مەحەممەد نەوەرەی نەمر و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێبازی ئازادیی و یەکسانیی و سەربەخۆیی کوردستان.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢ هەتاوی

١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ی زایینی