وتووێژی سۆران یاهو لەگه‌ڵ یه‌کێک له‌ پاشماوه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک.

...
2013-01-21

 

پێشه‌کی سۆران یاهو: 


 د.عوبەیدوڵڵای ئەیووبیان نووسەر و کەلەپوورناس و زمانزان و سیاسەتوان،پیاوێکی تا سەر ئێسقان کوردپەروەر،هەر له کۆماری کوردستانەوه له مەهاباد بەهۆی باوک و برای گەورەکەیەوه تێکەڵی کۆمەلەی ژ.ک بووه،تا به ئەمڕۆ دەگا دەسبەرداری شێواز و ستایلی تایبەتی خوێ نەبووه له کاری سیاسی و نووسیندا.ئێستاش بەو تەمەنی 80 ساڵییەی خۆیەوه چۆڕ چۆڕ ئارەقەی کوردایەتی لێ دەچۆڕێ.


شێوازی قسه کردنی،یادەوەری گورج و گۆڵ و تەنانەت شێوەی جلوبەرگەکەشی هەر تایبەتمەندیی خۆی پێوه دیاره..
 


دوکتور عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان ڕۆژی یەکەمی بەهار که دەبێته یەکەم ڕۆژی نەورۆزی ساڵی 1307 ی هەتاوی 1928زایینی له شاری سابڵاغ که ئەوڕؤ مەهابادی پێدەڵێن له دایک بووه.
جەنگەی ئاشتی بەینی مەلا خەلیلی گۆڕەمەر،مەزنی مەنگوڕان که شەڕیان لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا هەبووه.شێخه لئیسلام و قازییەکان و پیاوی گەورەی سابڵاغێ لەگەڵ عەلی بەگی حاجی که نوێنەری دەوڵەتی ئێران بوو،له ماڵی ئەیووبیان بوون و قسه له ئاشتی کراوه له بەینی مەلا خەلیل و دەوڵەت،ئەو ڕۆژه دوکتور ئەیووبیان له دایک بووه(دکتۆرئەیووبیان ئاوای فەرمۆ له بارەی ڕۆژی له دایک بونی خۆی و ئەمنیش لیره نوسیم).


بنه ماڵەی ئەیووبیان ساداتن و ڕەگەزیشیان دەچێتەوه سەر ساداتی دیاربەکر و جزیرێ.ئەو تیرەیه 250 ساڵ پیش له جزیر و دیاربەکرێڕا بەرەو مەڵبەندی موکریان وەڕێ کەوتوون.عێلی دێبۆکریش هەر لەگەڵ ئەوانه بوون.ئەوانه ((دۆملی))ین و ئێستا پێیان عەیبه پێیان بلین ((دۆم)).له دیاربەکرێ ئێستاش عەشیرەتی دۆم هەر ماون و به زاراوەی تورکی پێیان دەگوترێ ((دۆملی)).ئەوانه هاتوون،هێندێکیان له ئاکرێ و ئامێدی بڕێک ڕاوەستاون،هێندێکیان ماونەوه و هێندێکیشیان چوونەته چەند گوندێکی وەک:(سەرکەپکان)و (ڕەژیکەران) که له لێڕەوار دا بوون،لەوێ گیرساونەوه.بەرەی سەید ئەیووبی بڕێکی هاتوون بۆ کوردستانی موکری و میوانی نەەوەکانی بوداغ سوڵتان دەبن که لەوێ حوکمەت دەکەن بنەمالەی بوداغ سوڵتان. عوبەیدوڵڵا ئەیوبیان کوڕی سەید عەبدوڵڵا کوڕی سەید تەها کوڕی سەید ئەیووب کوڕی کاک حوسێن کوڕی سەید یوونس کوڕی کاکه سەڵاح-ه.
لەو کاتەی دا که دوکتۆر ئەیووبیان ئەو شەجەره نامەی خوی بۆ دەخویندمەوه ئەو پرسیارەم بۆ هاته پیش وگوۆتم:کاک عوبەیدووڵڵا ئێوەش خو ناچنەوه سەر شەجەرەی عەرەب نەسەب؟
د.عوبەیدوڵڵا فەرموی:زنجیرەی ماڵی ئیمه قسەی زۆر له سەره،شۆرەتی ئێمه ((ئەیووبیان)) ه،هەندێ کەسانی ئەهلی قەڵەمیش ئێمه دەبەنەوه سەر خانەوادەی سەڵاحەدینی ئەیووبی.بەڵام ئەوه چەند گرێپووچکەیەکی پس پسن که ئێمه نابێ هەروا لەخۆڕا خۆ هەڵپەسپێرین.ئەوه حەل نەبووه.


 سۆران یاهو : دوکتۆر بیرەوەری زۆر هەبو و ئەمن لێرەدا له زمانی کاک عوبەیدووڵڵا دەی نوسم:
عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: ئێمه جحێڵ بووین،تازه دەگەیشتینێ،وەزعێک له ئێران و کوردستاندا ڕووی دا.هاوپەیمانەکان(ڕووس و ئینگلیز و ئەمریکا)هاتنه ناو ئێران،ڕەزاشای پەهلەوی حکومەتی لێ تێکچوو.لەو کاتەدا مەهاباد چونکه شارێکی کوردییه ،بەڵام وەک دابەشکردنی جوگرافیی وڵات خراوەته سەر ئازەربایجان،ئازەربایجان کەوته دەست ڕووسەکان و کوردستانیش کەوته دەست لەشکری ئینگلیزەکان،مەهاباد لەشکری هیچیانی لێ نەبوو.تەنیا جار جاره ئینگلیزەکان دەهاتن و ڕووسەکانیش نوێنەریان هەبوو،له ماوەی ئەو چەند ساڵەدا مەهاباد ئازاد بوو،کوردایەتیش که ڕیشەی کۆنی هەبوو.ماڵی ئێمه یەکێک لەو شوێنانه بوو که ڕەگو ڕیشەی کوردایەتی تێدا بەهێزبوو.شێخانی نەهری،شێخ عەبدولقادری نەهری که لەسەر کوردایەتی ئیعدام کرا،ئەو خانەواده کاریگەرییەکی مەعنەویان لەسەر خانەوادەی ئێمه هەبووه.باپیری من سەید تەها زۆر مورید و دۆستی شێخ عەبدولقادر بووه.موریدی ئەو خانەوادەیه یەکجار کورد پەرستن.ئێستاش که شیعرێکی کوردییان بۆ دەخوێنییەوه،دەگرین.زۆر پاک و سادەن.کوردایەتییەکی زۆر پاک و قەدیس له ناویاندا بووه،کوردایەتیی وەک پیرەمێردی سلێمانی و حوسێن حوزنی که دۆستی بابم بووه.
حەزرەتی سەید عەبدوڵڵای گەیلانی تاقه کوڕی حەزرەتی غەوسی سانی(سەید عەبدولقادر)که تورکان بابیان کوشت له هەریر و باتاس به شێوەیەکی نهێنی دەژیا.که هاوپەیمانەکان هاتنه ئێران،ئەویش هاته شنۆ و بۆ جێژنی نەورۆزی 1321(1942)هاته مەهاباد و یەکسەر چوو میوانی قازی محەمەد بوو.ئه و پێشوازییەی لەو کرا له وڵاتی ئێمەدا نموونەی نەبووه.
دەڵێن شێخ مەحموود پێشوازییەکی ئاوای له سمکۆی شکاک کردووه.به بۆنەی هاتنی سەید عەبدوڵڵا ئەفەندی،پێشەوای ڕۆحانی میللەتی کورد،ئەوانەی ڕووناکبیر بوون وەک:کاکی گورەی من،سەید محەمەدی ئەیووبیان،ئەوانه شانۆنامەیەکیان نووسی و له کاتی هاتنی سەید عەبدوڵڵا شانۆکەیان پێشکەش کرد،به ناوی((سوڵتان سەلاحەدینی ئەیووبی)).شانۆیەکه بریتی بوو له ئۆپێرایەکی حاجی قادری کۆیی و بیرەوەرییەک له بارەی عەداڵەت و هەقپەروەری و ئینسانیەت ئیسلامیەتی سوڵتان سەلاحەدین ئەیووبی،پێشان درا.هەر ئەو شانۆیه بوو که بیری منی ڕائەنگاوت بۆ نووسینی شانۆیی((دایکی نیشتمان))که دواتر باسی دەکەین.هاتنی سەید عوبەیدوڵڵای نەهری و پێشاندانی ئەو شانۆیه مەهابادی ڕاچڵەکاند.خەڵک بەخۆ هاتنەوه.ئەو کاتیش عەشایر دەیانویست بێنه سابڵاغ حکومەت بکەن و ببنه حاکم.هەرکەسیش دەستی دەڕۆیی حکومەتی ئێران حوکمێکی بۆ دەنووسی و دەینارد.لەو کاتەدا کۆمەڵەی ژێکاف دروست بوو.ئەوانه ی ڕووناکبیر لێک خڕبوونەوه.یەک لەوان دۆستێکی زۆر نزیک و خۆشەویستی براکەی من سەید محەمەدی ئەیووبی بوو بەناوی ((میرزا حوسێن فرۆهێر))(یان میرزا حوسێنی زێڕینگەران،فرۆهێر نێوێکی کۆنی زەردەشتییەکانەو پێم سەیره ئەوکات ئەو ناوەی هەبووه)که له عێلی ((سوێسنی))بووه.


 ئەوانه پازده_بیست کەس دەبوون،ڕێک کەوتبوون و کۆمەڵەی((ژێکاف))یان دروست کرد.دیاره له سەرەتاوه هەۆت(7) کەس بوون.


 ئەندامی ژماره یەک ئەو میرزا حوسێن فرۆهێر_ه بوو،ئەندامی ژماره دوو((عه بدولڕەحمان زەبیحی))بوو ،ئەندامی ژماره سێ ((میر حاج))بوو که ئەوکات ئەندامی کۆمەڵەی هیوا(له کوردستانی عێراق)بووه و هاتۆته سابڵاغ ، ئەندامی ژماره چۆار((عەبدوڵڵا نەهری)) بوو ، ئەندامی ژماره پێنج((محەمەد یاهوو ))بوو کە ئەفسەری هێزی نیزامی رەزاشای پەهلەوی بوو و دەستی لە کاری نیزامی کێشاوەو تێکەلاوی کۆمەلەی ژ.ک بووه، ئەندامی ژماره شەش((هەمزه عەبدوڵڵای ))بوو و ئەندامی ژماره حەوت((مستەفا خۆشناو ))بوو.یەکەم کۆبوونەوەی ((ژێکاف))ئەو حەوت کەسه بوون و له ماڵی میرزا حوسێن بووه.میر حاج، پێوەندی نێوان کۆمەڵەی هیوا و کۆمەڵەی ((ژێکاف)) بووه و وا وێدەچێ میرحاج،له دروستکردنی((کۆمەڵەی هیوا))شدا دەوری هەبووبێ.میر حاج ئینسانێکی بێ وێنەو گەورەو پاک و ڕووناک و دۆستی هەره گەورەی مەلا مستەفای بارزانی بوو.زۆر ئازا و نەترس و خاکەڕا بوو.مەبەستی ماڵی دنیا نەبوو و لەبیری خۆراکی خۆشیدا نەبوو.عادتی به ئەلکۆل و سیغار و شتی دنیایی نەبوو.من ئینسانی ئەوەنده چاک و پاکم له دنیایەدا نەدیوه.کاریگەری له ڕۆحم کردووه.من که منداڵ بووم عاشقی ئەخلاقی ئەوانه بووم،بۆیه وا تێکەوتووم.ئینجا کەسێکی دیکه که دۆستی باوکم بوو بەناوی ((میرزا عەلی ڕیحانی))که لەگەڵ بابم سەفەری گەرمێنێیان کردبوو و میوانی حوزنی موکریانی و حەمه ئاغای کۆیه و نەقیبی بەغدایه بوون،لەماڵی ئەو ژمارەیەک خەڵکی دیکەش ڕەگەڵ ((ژێکاف)) دەکەون،لەوانه:میرزا عەلی ڕیحانی وعەبدولڕەحمانی ئیمامی(که ئەویش شاگردی حوسێن حوزنی بوو)و...................تاد.


 ئەوکاته من منداڵ بووم.من شیعرم دەنووسی.کاکیشم شیعری دەگوت.هێمن_یش شیعری دەگوت و له ماڵی ئێمه دەیخوێندەوه،زۆریان شیعرەکانی من به دڵ بوو.بابیشم قەننە(نێرگەله)ی دەکێشا و گوێی دەدایه.


ئەوکاته من زۆرم شەڕه سەگ و ڕاوه بەراز پێخۆش بوو.موعەلیمەکانمان هەموو ڕاوکەر بوون.ئەودەم قوتابی لەکن موعەلیم ڕوحیان پێنەدەما،بەڵام من لەبەر ئەوەی سەگم هەبوون لەگەڵ موعەلیمەکانم ببومه دۆست و لەگەڵیان دەچوومه ڕاوه بەراز.شیعر و شاعیری و ڕاوه بەراز لەگەڵ موعەلیمان منی کرده مرۆیەکی کۆمەڵایەتی.ئەو دەمه دەسته شیعرێکم گوتبوو،یەکجار زۆر حیماسی و نەتەوەیی بوون و پێشوازییان لێکرا.ئەندامی هەره بەرزی کۆمەڵەی ژێکاف ((عەبدولڕەحمان زەبیحی))گوتی:
بێنه ئەو شیعرەت بۆ چاپ دەکەم،بەڵام ئەگەر عەجەمان بێنەوه و شتێکمان پێنەکرێ،دەپێشدا تو دەکوژن.


شیعرەکه له ژماره (2)ی ساڵی (1322)ی هەتاوی له ئۆرگانی ڕەسمی کۆمەڵەی ژێکاف کۆواری ((نیشتمان))دا چاپ کرا.ئەوەندەی له بیرم مابێ ئەو بەندانەن:

تا کەی لاوەکانی کوردستان
وا به دیلی بژین لەژێر دەستان
ئێمه هەروا بنووین له گوێی گادا
میللەتی دی هەموو له خەو هەستان
کاری خۆیان دەکەن به گیان و به دڵ
ئێمه گێژین ئەوێستا وەک مەستان
هیچ دەزانن که نیشتمانی مه
چۆن له دەست چوو وڵاتی کوردستان
باعیسی بێسەری ونەزانین بوو
چوو له دەست ئێمه خاکی کوردستان
حەیفه ژێر دەستی حزبی حیزەب بێ
نەتەوەی پاکی ڕۆستەمی دەستان
((هێدی))یا گەرچی ئێسته منداڵی
جوان دەهۆنێوه بەند و هەڵبەستان

من به ناوی ((هێدی))شیعرەکەم گوتبوو،بەڵام دیتم بەناوی ((قومری))چاپ کرابوو.گوتم کاکه گیان ئەو نێوه چییه بەسەر منتاندا بڕیوه؟(من به ناوی قومری شیعری فوکاهی(هی پێکەنین)م دەگوت و بۆ ڕۆژنامەی ((تۆفیق))م دەنارد)


 گوتی: ڕاستییەکەی یاریکاری کۆمەڵەی ژێکاف که میرزا ئیبراهیم ئیبراهیمی_یه ناوی ئەو له کۆمەڵەدا هێدی یه،ئینجا با تۆش نەناسرێی ئەو نێوەمان لێنای.لەو لاپەڕەیه دا که شیعرەکەی من چاپ کراوه لەلای سەرەوه له کادرێکدا نووسرابوو،شەڕ و هەڵڵای عێراق که مەلا مستەفای بارزانی هەڵیئایساندووه ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی کورده.دواتر که له نزیکەوه مەلا مستەفام ناسی فەخرم بەوه دەکرد که شێعرەکدم لەگەڵ ناوی بارزانی له لاپەڕەیەکدا چاپ ببوو.
بڵاوبوونەوەی ئەو شیعرانه بوو به هۆی ئەوەی خەڵک لەناو بازاڕ به یەکترم نیشان بدەن.

سۆران یاهو: ئەی چۆن بو شانۆنامەی دایکی نیشتمان و نووسی؟
عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: ئەو شیعره منی زۆر زۆر هان دا بۆ کوردایەتی و حەزم دەکرد بچمه نێو کۆمەڵەی ژێکافەوه،بەڵام گوتیان ئێوه منداڵن.بیرم لەوه کردەوه چ بکەم تا بیسەلمێنم ئەمن بوومه پیاو و منداڵ نیم.ئەوه بوو هانی دام شانۆیی((دایکی نیشتمان))بنووسم بۆ ئەوەی نیشان بدەم کاری پیاوانم له دەست دێ.ئەو دەمه تەمەنم 14 ساڵ بوو.پیەسی ئەو شانۆیه من نووسیم و ئەوانەی لەگەڵ من شانۆکەیان نمایش کرد هەموویان پۆلی یەکەمی دەبیرستان بوون.تەنیا کەسێکی که یاریکاری ئێمه بوو،عەبدولڕەحمانی زەبیحی بوو.مستەفای موئمینی_شمان لەگەڵ بوو.ئەو شانۆییه بوو به هۆی ئەوەی که کۆمەڵەی ژێکاف ئاشکرا بێ،چونکه ئیمه دروشممان دەدا و نەخشەی کوردستانمان هەلاوەسیبوو.تابلۆی شێخ عەبدولقادر و حاجی سەید محەممەد و ئیسحان نووری پاشا و مەلیک مەحموود_مان لەوێ هەڵاوەسیبوو.ئینجا کۆمەڵه موافەقەتی کرد که ئەوانەی لەگەڵ ئێمه بوون ببنه دەستەی لاوانی کۆمەڵه.پاشان سەدیق حەیدەری بوو به بەرپرسی دەستەی لاوانی کۆمەڵه و بۆ خۆشی ئەندامی ژماره (10)ه ی کۆمەڵەی ژێکاف بوو،نێوی نهێنیشی ((لاو))بوو.ئەو شانۆیه دەنگی دایەوه و تەئسیرێکی زۆری لەسەر خەڵک هەبوو.

سۆران یاهو: کاک عوبەیدوڵڵا باسی ئەوەی بکەن بۆمان ئاڵای کوردستانو چۆن هەڵدا و چەند کەس بوون لە کاتی هەڵکردنی ئاڵا؟؟؟
عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان:خۆشترین ڕۆژی ژیانم ئەو ڕۆژه بوو که ئاڵای کوردستانمان هەڵدا.ڕۆژی پیشتر کاک حوسێنی فرۆهێر،سەرۆکی کۆمەڵه،بەمنی گوت سبەینێ وەره.پێش ئەویش میرحاج هاتبوو،گوتی کاک عوبەید مزگێنیم دەیه.گوتم:هەرچی دەڵێی پیشکەشه.گوتی:پێت دەڵێم بەو شەرتەی تا سێ ڕۆژ دەنگ نەکەی.منیش بەڵێنم دایه.گوتی :مزگێنی،سێ ڕۆژی دیکه ئاڵای کوردستان هەڵدەکەین.چوومه نێو بازاڕ کابرایەکی لێبوو شتی دەفرۆشت.گوتم:کاکه ئەتۆ دەهۆڵ و زوڕنا ژەنەکان پێدەزانی؟گوتم،با پاش سێ ڕۆژی دی بێن دەسخۆشانەیەکی باشیان دەدەمێ.هەتا ئێمه گەیشتینەوه ماڵێ تەواوی شاری سابڵاغێ بوو به چراخان.بوو به هەڵپەڕکێ و پێکەنین و شادی.ئەو دەم لەسێ جێگا دەرسی کوردیمان دەگوت،باوکم خانوویەکی دابووینێ لەوێدا کلاسێکمان هەبوو به نێوی ڕووناکی.من و کاک ئەنوەر دڵسۆز کلاسێکمان کردەوه به نێوی گەلاوێژ و کلاسێکی دیکەشمان هەبوو به نێوی پێشکەوتن.کلاسەکانمان قوتابیی پیریشی تێدابوو،منداڵیشی تێدابوو.قوتابی ئەو کلاسانه و قوتابییه کچەکان،که چووین میرزا حوسێنی فرۆهێر چاوەڕێمان بوو.من و میرزا حوسێن و عوسمان دانش و محەمەد یاهوو،بەنی ئاڵاکەمان کێشا و ئاڵاکه هەڵدرا.ئینجا هەڵیانهێنام و چوومه سەربانێک و دروشمی کوردایەتیم دا.بژی کوردستان و بژی کۆمەڵه،ئینجا هاتمه خوارێ و بە پێش بارزانی و پێشەوا قازی محەمەد و حاجی بابه شێخ_دا هاتم،دەستیان هەڵێنابوو،به پێشیاندا ڕێژەم دا و لەوبەری مامم و بابم دانیشتبوون،چووم دەستم ماچ کردن،له خۆشیان دەگریان.ئەوه(26)ی مانگی سەرماوەز بوو.


سۆران:کاک عوبەیدوڵڵا باسی دوکتۆراکەت بکه بۆمان؟تێزی دوکتۆراکەت لەسەر چی نوسرابوو؟

عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: من یەکەم جار له تاران نێوم بۆ لیسانس نووسی.ئەو کاته فوق لیسانس نەبوو، تەنیا لیسانس هەبوو.له تاران له دەورەی دکتۆراش دەرچووم،بەڵگەشم هەیه.لەوکاتەدا شای ئێران ویستی بچمه لای و زیارەتی بکەم.من نەچووم.لەسەر ئەوه خوێندنەکەیان لێ تێکدام.پاشان له تەورێز جێژنێک گیرا،جێژنی دامەزراندنی زانکۆی تەورێز،لەوێ من کۆنفرانسێکم دا،ئەوەم گێڕایەوه که پیشەوەری له پارڵمانی تاران هەڵبژێردرابوو،بەڵام حوکمی ئەندامەتییەکەی هەڵوەشێنرایەوه،پیشەوەریان دەرکرد،گوتی مەجلیسێک(پەرلەمان)دادەمەزرێنم چاوی پەرلەمانی تاران کوێر بکات.منیش گوتم دوکتۆرایەک وەردەگرم چاوی دوکتۆرای تارانێ کوێر بکات.لەسەر ئەوه هەر سبەینێ ساواک حوکمێکیان دەرکرد و له زانکۆ دەریان کردم که شەش مانگ بوو له زانکۆ کارم دەکرد.له کونکوور قەبووڵ بووم،ئەوکاته زۆر غروور بووم.دەسەڵاتم هەبوو،دەوڵەمەند بووم.دەردێکم به سەرۆکی زانکۆ و کۆلیژ و سەرۆکی دایرەی تەئمینات کرد که ڕاپۆرتیان لەمن دابوو،درۆیەکیشیان کردبوو که ئەو کاتەی شا هەڵاتبوو من کۆنفرانسم دابێ کەوا نەبوو.ڕۆژی هەڵاتنی شا من قسەم نەکردبوو.لەوێ ئۆستانداریش کابرایەکی کورد بوو،پشتگیری لێکردم و گەڕامەوه سەر کارەکەم،بەڵام حەقی ئەو چەند مانگەیان لێ خواردم،پاش بەینێک بۆ ئیسفەهان دووریان خستمەوه.دەمویست له تەورێز ئەنیستیتۆی کوردی دروست بکەم و لیسانسی کوردی بدرێ،کوردی بخوێندرێ،چونکه یاسا نەیگوتبوو زمانی کوردی مەمنووعه،بەڵام کەس داوای نەکردبوو کوردی بخوێندرێ،له تورکیا یاسا هەبوو که کوردی گوتنیش قەدەغەیه،بەڵام له ئێران ئەو قانوونه نەبوو.
من ئەو کتێبانەی نووسیومن زۆریان له زانکۆی تەورێز بڵاوکرانەوه.چەند وتارێکیشم بڵاوکردەوه،یەک لەوان له بارەی کتێبێک بوو لەسەر شا ئیسماعیلی سەفەوی که کورد بووه،بەڵام به تورکی قسەی کردووه.له زانکۆی ئیسفەهانیش منیان دەرکرد.چوومه تاران له دەبیرستانی((دارەلفنوون)) که یەکەم زانکۆی ئێران بوو لەوێ بووم،پاشان لەوێش دەریان کردم،ئینجا چوومه ئەوروپا،له فەرەنسا چوومه زانکۆی سۆربۆن،دکتۆر کامەران بەدرخانیش لەوێ بوو.پرۆفیسۆرێکیشم دیتەوه به نێوی((ژاک توورویێ))که چاودێری تیزەکەم بکا.


 تێزەکەم له بارەی((کاریگەریی ماد لەسەر شارستانیەتی ئێرانی کۆن و تەئسیری ئێرانییەکانی کۆن لەسەر ماد و پەیوەندیی کورد و ماد))بوو.من ئەو تێزەم تەواو کرد و دامه ژاک توورویێ.
لەوکاتەدا نەقاشێک به ناوی((جەمال بەختیار))پیشانگایەکی کردبۆوه.دوکتۆر کامەران داوای لێ کردم لەگەڵیدا بچم بۆ پێشانگەکەو لەوێ جەمال تابلۆیەکیشی پێشکەش کردم.من و دوکتۆر کامەران بڕیارمان دا بچینه خزمەت مەلا مستەفا بارزانی.مەلا مستەفا فەرمووی پێم خۆشه تۆ بچی بۆ ئەمریکا.هەژاریش خۆی دەگەڵ من دەخست بۆلای مەلا مستەفا.من عەرزم کرد دەبێ بگەڕێمەوه فەڕەنسا،چونکه پرۆفیسۆر گوتی دەبێ بێیەوه ئیمتحانەکەت دەدەی و دکتۆراکەت وەردەگری و جێژنێکت بۆ دەگرین.بارزانی فەرموی:باشه تۆ بڕۆ.من چوومەوه له ئێران گیرام.له تاران لەزینداندا بووم که خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا هات بۆ کەرەج.دوو سێ جاریش پاشی ئەوه چوومەوه بو ئەوروپا،پرۆفیسیۆرەکەمم نەدیت.دوایه زانیم پرۆفیسۆر مردووه.ئەو تێزەی من نووسیومه له دنیادا بێ وێنەیه،پەسەندیش کراوه،بەڵام خۆم نەمدیتووه.ئێستا تێزەکەم نییەو له دەستم چووه،بەڵام تەواوی ئەو یادداشتانەی که تێزەکەم لەسەر نووسی هەموویم ماوەو کۆم کردوونەتەوه.

تێزەکه به زمانی فەڕەنسەیه.جگه له دکتۆر کامەران که هەندێکی یارمەتی داوم و لاوێکی کوردی تورکیه.ئەوی دی هەمووی خۆم نووسیومه.به زمانی کوردی و فارسیش وەرمگێڕاوەو کورتەیەکی ئەو دووانەشی لەگەڵدایه.من دەرسم گوتۆتەوه،له زانکۆی تەورێز و زانکۆی ئیسفەهان.

سوران یاهو: دوکتۆر دەکرێ بۆمان باس بکەی هەتا ئستەکە چیت نۆسیووه؟چەند دانه کتێب و نوسراوەی جۆراو جۆرت نوسیوه؟

 عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان:نووسینەکانم ئەوەنده زۆره ناتوانم باسی بکەم.با ئەوەی بلێم به تۆ.من پرۆفیسۆر سەید کەریم ئەیووبی که له مۆسکۆ هاتەوه،لەبەر خاتری ئەو سەرجەمی بەرهەمی خۆمم کۆکردەوه،(470)وتار و نووسین و پارچه شێعرم هەیه.لانی کەم نزیکەی(50)کتێب بووه.هێندێک چاپ کراون و زۆریشیان چاپ نەکراون.

 چاپ کراوەکانم ئەوانەن:

 *چریکەی خەج و سیامەند،زانکۆی تەورێز چاپی کردووه.
*چریکەی مەم و زین،زانکۆی تەورێز چاپی کردووه.
*چریکەی لاس و کەژاڵ،زانکۆی ئیسفەهان چاپی کردووه.
*نقش قهرمان شرق سلطان صلاح الدین ایوبی در پیشگاه تاریخ،به زمانی فارسی،کتێبفرۆشییەک له تەورێز چاپی کردووه.ساڵی(1341)ی هەتاوی.
*تقویم محلی کردی.(نێوی مانگی کوردی و جێژن و دابونەریتی کوردان).
*نێوی کوڕان و کچان به کوردی،سێ جار چاپ کراوه،به دزیم چاپ کردووه،چاپچییەک لەگەڵم دۆست بو،پولم دەدا به شاگردەکەی بۆی چاپ دەکردم.نێوی خۆشم لەسەرنووسیوه.ساڵی(1339)ی هەتاوی.
*میری نەورۆزی ساڵی(1341)یان(1342)ی هەتاوی.
*((ئا))و((بێ))ی کوردی،له تاران چاپم کرد.به لاتینی و پیتی عەرەبی،ساڵی(1355)ی هەتاوی.


 سۆران یاهو: دکتۆر فەرموت چریکەی خەج و سیامەند و مەم و زین و ڵاس و کەژاڵ،دەکرێ باس ڵەو چریکانه بکەن؟جەنابت نوسێوته ،یان کۆتکردوونەتەوه؟ 

 عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: من ئەو دەمەی که لیسانسم وەرگرت ویستم((خەج و سیامەند))چاپ بکەم.دیتم فۆلکلۆره خڕم کردۆتەوه،بەڵام که تەمەنم زیاد بوو له تەورێز زانیاریم زیاتر بوو،من ویستم شاکارێک بەرهەم بێنم.چریکەی خەج و سیامەندم به نەسرێکی پاک و خاوێن داڕشت.نەسری وا چاک له ئەدەبی کوردیدا نییه.

 

تات ی چریکەی ((کەژان و سیاوەندۆ))،جوانترین تاتی کوردی له دنیادایه،هیچ کەس تا ئێستا نەسری وا ساده و پاکیزەی کوردی نەنووسیوه.ئەو نەسرەی له چریکەی ((کەژان و سیاوەندۆ))ی من نووسیومه لەگەڵ تاتی هەژار له شەڕفنامەدا هەڵیسەنگێنن،لەکن یەکی دابنێن.ئەو نەسره پاکەی کوردی لەگەڵ ئەو نەسرەی هەژار که واژەی سەیر سەیری بۆ خۆی دروست کردووه،هێناویەته نێو نەسرەکەی.ئی من واژەی نا کوردی تێدا نییه.من واژه دروست ناکەم،بەلام دەبینمه وه.واژەی له بیرچوو دەبینمەوه.واژەی مردوو زیندوو دەکەمەوه.

 

زۆر کەس پێی وایه چریکەی ((کەژان و سیاوەندۆ))هەر هاتووم ئاسایی له زبان چڕگەرانەوه نووسیومەتەوه و فۆلکلۆره.نه ء،تەواوی واژه و ڕستەکانی له تاته ئەسڵییەکەدا بوون هەمووم گرتووه،دوایه به کوردییەکی ئەدەبی،هەر ئەو واژانەشی تێدابێ،نووسیومەتەوه.واته به تەواوی ئەمانەتداریم کردووه،رێکوپێکی و جوان کردنیشم.هونەرێکی که ئی خۆم بووه له خزمەتی چریکەکەدا به کارم بردووه.له گۆواره کوردییەکان که ئێستا دەردەچن هیچ سەرنج نادرێته تاتی ئەده بی.نەسرێکی جوان نانووسن.جگه لەوه حوسنی خەت (خۆشنووسی)نەماوه. 

 

راستییەکەت پێ بڵێم تێکدەری زمانی کوردی حزبه کوردییەکان بوون.حزبییەکان سەواد و زانیارییان نەبوو،واژەیان زۆر دروست کردووه.ورده ورده بۆته باو و زمانەکەی ئێمەی تێکداوه.ئێستا دەڵێ:((شاندێکیان ناردووه)).کاکه ((شاند))چ زمانێکه؟خەڵکی کوێ دەڵێت شاند؟وەڵڵاهی له کورەی ئەرزی بەشەرێک ناڵێ شاند!بەهرام وەلەد بەگی شاند شاندی بۆ دروست کردووم! دەسته دروسته.دەستەیەکمان میوان هاتووه.زمانەکەمان هەیه،لەخۆڕا دەچین وشه دروست دەکەین.

 

سۆران یاهو: ئەدی جەنابت بۆ خزمەت به زمانەکەمان چیت کردووه؟
عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: بیست هەزار ووشەم کۆ کردۆتەوه،ەک فەرهەنگ.بیست فەرهەنگی چکۆڵووکەم هەن.کوردی به فەڕەنسا،کوردی به تورکی،کوردی به عەرەبی.

 

سۆران یاهو: بەڵام ئەوانه چونکه چاپ نەکراون،تەئسیریان هەبووه؟ 

 

عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: بۆ چاپ کردنی فەرهەنگی گیوی موکریانی من کردمه هەڵڵا و جەنابی نێچیرڤان بارزانی،ماڵی ئاوەدان بێ زەحمەتی کێشاو بوێ چاپ کردم.زەبیحی_ش بەشێک له قامووسەکەی چاپ کرد.زەبیحی زۆر به هیممەت بوو.

 

سۆران یاهو: ئەدی بۆ مێژووی کورد چیت کردووه؟؟؟؟ 

 

عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: تێزی فوق لیسانس من لەبارەی مێژووی کورد و کوردستانه،به دوور و درێژی نووسیومه و له کۆتاییەکەیدا مێژووی شاعیرانی کوردیشم لێ زیاد کردووه.ئەو له چوار نوسخەدا چاپ کراوه،خۆم ئێستا نوسخەیەکم ماوه.چاپ نەکراوه.( 1200) لاپەڕەیه.

 

کتێبێکی دیکەشم هەیه،فەلسەفەی شۆڕشی کوردی،کورته مێژوولکەیەکی شۆڕشی میللەتی کورده.له تاران ئەو وتارەم خوێندەوه(700)کەسی لێبوون.نەیاندەهێشت کەس قسه بکا.تازه له ئێران شۆڕش کرابوو کەمن لەو ڕێوڕەسمەدا قسەم کرد.دوایه گرتیانم،جمهووری ئیسلامی(77) ڕۆژ منی زیندانی کرد.

 

سۆران یاهو: ئەدی له بنەماڵەی ئێوەدا کەسی دیکه هەیه خزمەتی بواری ڕۆشنبیریی کوردی بکا؟
عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: بەڵێ،برایەکی لەخۆم گەورەتر هەیه به ناوی سەید ساڵحی ئەیوبیان،دوو بەرهەمی زۆر گرنگی نووسیوه،یەکێک پەندی کوردی،12000 پەنده که چاپ نەکراوه.ئەوەی دیکەش واژه نامەی فارسی ((عەمید))ی به کوردی وەرگێڕاوه.

 

منیش واژه نامەیەکم هەیه که ئەو واژانەی که دەگۆڕێن و ئیراد دەگرم،ئەوانەیه.بۆ نموونه واژەی((بەیت))که عەرەبییەو هاتۆته نێو زمانی کوردی.ئێستاش له کرماشانێ دەڵێن:((بچڕه)).((تێی چریکاند))،له شاری ئیلامێ پیاوێکی پیر که واژەکانم لێدەپرسی،گوتی ئێمه بەو داستانه کۆنانەمان دەگوت چریکه.

 

تەئسیری فەرهەنگ و زمانی فارسی لەسەر کورد یەگجار زۆره.واژەی نەورۆز،فارسییه که ئەوڕۆ هەموو بەکاری دەبەن،پیرەمێرد سیمبۆلێکی کوردی نوێی ئێمەیەو ئەویش وای بەکار هێناوه،((نەوڕۆ))کوردییه.واژەی دیکەش یەکجار زۆره.

 

سۆران یاهو: ئەدی به بروای ئێوه کوردایەتی فەلسەفەی هەیه؟

 

عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: کەسێک ئەگەر ئەو پەنده کوردییانه بخوێنێتەوه،چاک تووشی فەلسەفەی کوردی دەبێ.پەندێک هەیه دەڵێ:((ئەگەر پیاو بەزۆری ب............لەشی پیس نابێ)).فەلسەفەی ئەو پەنده دەڵێ:مرۆڤ مەزڵوومه.ئینسان لە بەرامبەر زوڵمدا بەرگری نییه.ئەو بەرگرییه سنوورێکی هەیه،له سنووری خۆیدا جێی گلەیی نییه.زۆری هێمای دەسەڵاته.کاتێ میللەتێک پەندێکی ئاوا دروست دەکا، دەیەوێ تێتبگەیەنێ که کاتێ له بارەی میللەتێکی زوڵم لێکراو قەزاوەت دەکەی،عەیبی لێمەگره.کارێکی وا بکه زوڵمی لێنەکرێ.

 

یان پەندێکی دیکه دەڵێ: ((چاوی شین و شایی گەورەیه.))ئەوه هەموو فەلسەفەی ژیانه.

 

سۆران یاهو: ئەدی لەگەڵ دونیای دەنگخۆش و گۆرانیبێژان بەینت چۆنه؟

 

عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: ئەتۆ گلەیی ئەوه لەمن دەکەی که بۆ ئەو هەموو بیرەت نانووسی و چاپی ناکەی.

 

من له ماڵه خۆم دانیشتبووم،محەممەدی ماملێ لێم وەژوورکەوت.پێشوازی لێدەکەم،میوانداری لێدەکەم،هەتا نیوه شەوێ میوانم دێ،ئەویش گۆرانیمان بۆ دەڵێ.له ڕۆحی خۆم خۆشتر دەوێ.دەنگیانم پێخۆشه.خانەوادەی ماملێ هەمووی پەروەرده کراوی دەستی باوکمه.داره تووەکی گەورەمان ماوه،من و تۆ دەستمان تێوه ناسووڕێ،150 ساڵه ئەو داره ماوه،بابی محەممەدی ماملێ(سەعید ماملێ)لەبن ئەو داره شۆراوه و تەسلیم بە خاکیان کردووه.
سۆران یاهو:ئەدی کاک عوبەیدوڵڵا ،کاک عەزیزی شارۆخ_ت به دل نێیه؟

 

ئو..و،ئەو نانەجیبه شاگردی من بووه[(به پێکەنینەوه)]وەک بێچووه پشیله له پەنام دادەنیشت!

 

کڵاسی منداڵان بوو.من کودەکستانێکم دروست کردبوو به کوردی فێری شتم دەکردن.ئەوانه پێش ئەوەی فارسی بخوێنن فێری کوردی کراون،عەزیزیش یەک لەوان بوو،بەڵام زۆر بێوەفایه!

 

سۆران یاهو: کاک عوبەیدوڵڵا کەمیک باسی نووسەرەکان بکه؟لەگەڵ کامیان دۆست بووی؟
 عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: من به ڕاستی گۆران م زۆر خۆش دەوێ،بەڵام نەمدیت!

سەعید ناکام که دۆستی منەو دۆستی گۆرانیش بوو،ئارەزوومه بیبینم،بیستوومه زۆر پیره.

 

هێمن موکریانی له ماڵی ئێمەی خوێندووه،تا کلاسی چوار.که بەبێ ئیجازەی باوکم خوێندنی تەرخ کرد و چوۆه گوندەکەیان،بابی دەری کردووەو نەیدواندووه،لەسەر ئەوه که له بابی منی ئیجازه وەرنەگرتووه و قوتابخانەی جێ هێشتووه.

 

کەسێکی دی که زۆرم خۆش دەوێ خاڵه مینی بەرزەنجی که ئوستادی هەژار و هێمن و منیش بوو.
سەیفولقوزات یش شاعیرێکی بەرجەستەیه.

 

پیره مێردی سلێمانی به ڕاستی پیاو دەبێ بیپەرستێ،شاکاری یەکجار جوانی هەن.
له ڕووی ئەدەبیشەوه له شاعیران،نالی گەورەترین ئەدیبی کورده.

 

من سێ جار له دانیشتنی گشتیدا کۆنفرانسم داوه،هەموو جارێ که دەستم به قسه کردووه،ئەو شیعرانەی نالیم خوێندۆتەوه:

 

بۆچی نەگریم سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی
بۆ مەی نەڕژێ شووشه له سەد لاوه شکاوه
هیچ کەس ناگاته نالی،هیچ کەس،حافزی کوردانه.

 

سۆران یاهو: دوکتۆر ئەگەر بتهەوێ رێنوێنی مان بکەی چێ دەفەرموی؟

 

عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: کاکه سۆران گیان،له هەموو شت بۆ ئێمه گرنگتر و جوانتر،خۆشەویستییه.فێر بین یەکترمان خۆش بوێ،فێربین لەگەڵ یەکتر پاک بین.پێکەوه هەڵسووڕێین.فێری کاری دەسته جەمعی بین.دەبێ لەسەر کاری خوت سوور بی،زو ماندو نەبی،بۆ ئەوەی به ئاوات ی خوت بگەی.وەک ئێمه حەولمان دەدا کۆمەڵەی ژێکاف به ڕەسمی بمانناسێ.ئێمه بۆ ئەوەی نیشان بدەین که گەوره بووین و کارمان به دەست دێ خۆمان دەستەی لاوانمان دامەزراند و شانۆیی دایکی نیشتمان مان پێشکەش کرد که چاوی دوژمنی کوێر کرد و کوردستانی ڕاچلەکاند.هەر لەو مەراسیمەدا زۆر ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف سوێندیان خوراد.

 

که ئازادی ڕاستی هەبوو هەموو شت گوڵ دەکا.نەسلی لاو بۆ خۆی دەپشکوێ،بۆ خۆی کاری خۆی دەکا،بەڵام که حزب و دەوڵەت ویستی ئەو کارانه بکا،درۆ و فڕوفێڵی تێدا دەبێ،هەو نابێ،بەڵام ئەگەر خەڵک خۆی کردی فێڵی لێ ناکرێ.

 

سۆران یاهو:کاک عوبەیدوڵڵا له بارەی ژنان دا چێت هەیه بۆمان بفەرموی؟

 

عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان: ژنی کورد هەمیشه ئازاد بووه.لەچاو میللەتانی ڕۆژهەڵاتی و موسڵمان ژنی کورد له ئی هەموو میللەتان ئازادتر بووه.قەت ڕووی خۆی دانەپۆشیوه.باسکی هەڵکردووه و سۆرانی به ملیاندا دەکەن.

 

دایکی من هەمیشه لەباتی بابم میوانداری له میوانان کردووه وابووه بابم له ماڵ نەبووه،ده میوانی پیاومان هەبووه،دەگەڵیان دانیشتووه،قسەی لەگەڵ کردوون،بەڵام سەرەڕای ئەو ئازادییەش،به قەد مێردەکەیان مافیان نەبووه.مێرد زۆر زاڵم بوون.خودا ئەو هەقەی به نێری داوه به مێشی داوه.ئەو هەقەی به باب و کاکی ئێمەی داوه به دایک و خوشکی ئێمەشی داوه.

 

سۆران یاهوو: دکتۆر ئەیووبیان تکایه زیاتر باسی کۆماری کوردستان و بیرەوەری ئەو کاتەی کۆمارو ئەو گەوره پیاوانەی لەو کۆمارەی کوردایەتی خەباتیان کردووه،ئەوانەی باسیان لێ نەکراوه،ئەوانەی حەقی خۆیان بووه که دەسەڵاتی زیاتریان هەبێ لەو کۆماره ،بەڵام به حەق لەگەڵ ئەوان نەجولاونەوه،باسی ئەوانەمان بۆبکه مامۆستا؟؟

 

عوبەبدوڵڵا ئەیووبیان: تازه دەوڵەتی کوردی دروست ببوو،بەرگی ژەنەڕاڵی و نیزامییان دروست دەکرد،بەرگی ژەنەڕاڵیشیان بۆ ژەنەڕاڵ بارزانی دروست کردبوو.ژەنەڕاڵ حەمه حوسێن خان و حەمه ڕەشید خان بەرگی ژەنەڕاڵیان دەبەرکردبوو،بەڵام بۆ ڕۆژی جێژنەکه مەلا مستەفا بەرگەکەی دەبەر نەکردبوو.کاکم بۆ منی گێڕاوه،کاکم یاریکاری قازی بوو،حاجی بابه شێخ سەرۆک وەزیر بوو.قازی به حاجی بابه شێخ دەڵێ:مەلا مستەفا بەرگی ژەنەڕاڵی دەبەر نەکردووه.

 

قازی محەممەد بۆ خۆی پێی عەیب بووه لەدوای مەلا مستەفا بنێرێ،به حاجی بابه شێخی گوتووه.حاجی بابه شێخیش پیاویکی پیری بەڕێز بوو،لەدووی کاک محەمەد ،کاکی منی ناردبوو،کاکیشم دەچێته خزمەت مەلا مستەفا.دەڵێ قوربان ئەوڕۆ جێژنەمانەو پێمان خۆشه خەڵک به بەرگی ژەنەڕالییەوه تۆ ببینێ.منیش بەرگی ئەفسەریم لەبەر کردووه.چۆنه تۆ لەبەرت نەکردووه؟بارزانی دەڵێ:کاک محەمەد وەره با بڕۆین.دەڵێ قوربان بۆ کوێ؟

 

جەعفەری کەریمی لەوێ دەبێ.

 

بارزانی دەڵێ:کاک جەعفەر ئەتۆش وەره.کاکم و جەعفەری کەریمی لەگەڵ خۆی دەبا،له پشت ماڵی شێخ ئەحمەد دوو_سێ مالی هەژاریش له کەلاوەیەکدا دەژیان.کاکم و جەعفەری کەریمی که سەرۆکی ستادی ئەرتەشی کوردستان بوو لەگەڵ بارزانی دەچنه ژوور و ئەو ماڵەوه.
بارزانی دەڵێ:کاک سەید محەمەد،کاک جەعفەر،من بابی ئەو منداڵه ڕووتانەم،بەو پایزه ئەوان ئاوا ڕووت بن و منیش بەرگی ژەنەڕاڵی لەبەر بکەم؟

 

که ئەو قسەیه دەگێڕنەوه و کاکیشم که جێگری پێشەوا بوو کاری له دەست دەهات،سەرۆکی کۆمپانیای ((تەرەقی)) که هی ڕووسەکان بوو و ناوی ((ئەسەدۆف))بوو،کۆمپانیاکەیان قوماشی دەفرۆشت،دەچنه لای ئەسەدۆف بو تەواوی هەژارەکان،چ نێر و چ مێ،بەرگی دەکڕن.من ئەو دەمه گەنج بووم،لەو بەزمەدا گەیشتمێ،ئەو کاتەش له قوتابخانەی گەلاوێژ،هەموو کوڕه فەقیریان خڕ کردبۆوه،من و عوسمان دانش و ئەنوەر دڵسۆز دەرسمان دەگوت،بۆ قوتابییەکانی قوتابخانەی گەلاوێژ داوام کرد بەرگ بۆ هەموویان بکڕن.بۆ مامۆستاکانیش کرا.ئینجا گوتیان هەر کارمەندێکی فەقیر بێ و بەرگی نەبێ بۆی بکرێ.له سایەی ئەوەی بارزانی بەرگی ژەنەڕاڵی لەبەر نەکرد،ده هەزار کەس بوو به خاوەنی جلوبەرگ.

 

کاک سۆران باس له کۆماری مەهاباد کردن هینده کارێکی ئاسان نێ.کاتێکی زۆری دەوێ.ئەگەر باسی بکەم 100 کتێب ی دەتوانی لەسەر بنوسی.ئەوەش لەو کاته کەمەی ئەمن هەمه ناگۆنجێ.هەر ئەوەنده بلێم که ئەندامی کۆملەی ژ-ک له کاتی پێک هاتن تەنیا 7(حەوت) کەس بۆن،( میرزا حوسێن فرۆهێر، عەبدوڵڵا نەهری، عەبدولڕەحمان زەبیحی، میر حاج، محەممەد یاهوو، هەمزه عەبدوڵڵای، مستەفا خۆشناو)که ئەۆانه له ماڵی میرزا حوسێن فرۆهێر ڕێک کەوتبوون و کۆمەڵەی((ژێکاف))یان دروست کرد.

 

سۆران یاهو: کاک عوبەبدوڵڵا وا دیاره شتێک هەیه و ناهێلێ ئێوه باسی کۆملەی ژ-ک بکەن بۆ مان.
عوبەبدوڵڵا ئەیووبیان:کاک سۆران هەر ئەو جۆرەی ئەمن دەبینی پیر بۆم و تاقەتم نەماۆه،پیاویش که پیر بۆ زۆر شتی لەبیر نامێنێ،ئەو سەفەڕەی ئۆتریش که دەچم بۆ دەرمانی نەخۆشێکەم ،ئەگەر به سڵامەت گەرامەووه ،ئەو دەم ئەوانەت هەمو بۆ باس دەکەم.

 

سۆران یاهو: کاک عوبەبدوڵڵا هیوادارم به سڵامەت بچن و به سڵامەت بێنەوه هەتا ئێمەش بتوانین لەو ئاگاداریانەی ئێوه باشترین کەڵک وەربگرین.زۆر سوپاست دەکەم کاک عوبەبدوڵڵا.
عوبەبدوڵڵا ئەیووبیان: کاک سۆران ئەمنیش سوپاسی ئێوه دەکەم و ئاواتی سەرکەوتنم هەیه بۆ ئێوەو بۆ خەلکی کوردستان له هەر چۆار پارچەی کوردستان. بژی کورد،بژی کوردستان.

 

بە داخەوه تەنیا یەک مانگ پاش ئەو ووتووێژەی کە دەگەڵ مامۆستا ئەیوبیان کردم ئەو گەوره پیاوە گیانی لەدەست دا و ئێمە لە بیستنی بیرەوەرێکانی بێبەش مەین..مامۆستا ئەیوبیان لە رێکەوتی ٢٠١٠/٠٨/٢٨ زایینی گیانی پاکی لەدەست داو رەوانەی ماڵی ئەبەدی خۆی بوو..یادی بە خێربێت و گلکۆی پڕ لە نوور بێت..

 

تیبینی: ئەم وتووێژە لە لاپەرەی مەهاباد وەرگیراوە.