٢٨ی گەلاوێژ، فتوای جیهادی خومەینی و کوردستانی لەشکاننەهاتوو

Yeksani
19-08-2023

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ و لەگۆڕنانی ڕژیمی حەمە ڕەزا شا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چەن مانگێک دوور بوو لە ژێردەستەیی داگیرکەران و ئازادی و دێموکراسیی باڵی کێشابوو بەسەر ئەم بەشەی وڵاتەکەماندا. پاش بە دەسەڵاتگەیشتن و جێپێی خۆ قایمرکردنی ڕەوتی ئیسلامیی لە حکوومەتی تازەی ئێراندا و پاش سەرکوتکردنی بزووتنەوەکانی تورکمەنسەحرا و خوزستان، دوای پاشەکشە پێکردنی  بزووتنەوەکانی کرێکاران و خوێندکاران و ژنانی ئێران، کاتی ئەوە هاتبوو، کە سەرتاسەری کوردستانی شۆڕشگێڕ، بکەوێتە بەر شاڵاوی خوێناویی قاڵاویی سوپای فەتوا و جیهاد و غەزوەی ڕژیمی ئیسلامیی.

کۆماری ئیسلامیی چ وەکو داگیرکەر و چ وەکو دەسەڵاتێکی دینیی، چاوی بینینی ئەو ئازادییە بەربڵاوەی کوردستانی چەپ و سکۆلاری نەبوو، بۆیە هێشتا ٤٠ ڕۆژ بەسەر هاتنە سەرکاریدا تێنەپەڕی بوو، کە هێرشێکی هەمەلایەنەی خوێناویی کردە سەر سنەی سوور و لە نەورۆزی ١٣٥٨دا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی ئەو شارەی جینۆساید کرد. بەمجۆرە دوژمن کەوتە خۆ بۆ زەمینەسازیی هێرشێکی سەرتاسەریی بۆ داگیرکردنەوەی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆماری ئیسلامیی، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی هیچ پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی نەبوو و جموجۆڵ و هاتنی هێزە سەربازییەکانی لەگەڵ وەستانەوەی بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رووبەڕوو دەبۆوە، دەستەوەستان هەوڵی دەدا لەڕێگەی پشتگیریی لایەنگرانی ئەحمەدی مفتیزادە و مەکتەبی قورئان، لە ڕێگەی چەکدارکردنی دەرەبەگەکانی کوردستانەوە جێپێیەک بۆ خۆی لە کوردستان بکاتەوە و زەربەیەکی توند لە خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوەشێنێت.

ئەوە بوو کە خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا، بە بیانووی بێ بنەمای ئەوەی گۆیا کۆمەڵێک ژنی موسڵمان لە مزگەوتی جامیعەی شاری سنە زیندانییکراوون، فەرمانی جیهاد و هێرشی سەرتاسەریی بۆ سەر کوردستان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە ڕاگەیاند. کلیلی بەهەشت کرایە ملی چەکدارانی ڕژیمی ئیسلامیی و هێزەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران و بەسیج، لە ئاسمان و زەویەوە هێرشێکی خوێناوییان بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد و ئەبولحەسەنی بەنیسەدر سەرکۆماری ئەوسای ئێران، لە تەلەفزیۆنەوە دەستووری دا قەیتانی پۆتینەکانتان مەکەنەوە تا فیتنەی کوردستان کۆتایی پێ دێت.

 بەمجۆرە کۆماری ئیسلامیی لە ئاسمان و زەویەوە هێرشی کردە سەر شار و دێهاتی کوردستان و سەدان کەس لە خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا و دادگاکانی ئینقلاب لەژێر دەستی ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی، کە حاکمی شەرع و نێردراوی خومەینی بوو کەوتنە ڕەشەکوژیی خەڵکی کوردستان و تەنانەت دەستیان لە کوشتنی منداڵانیش نەدەپاراست.

 ئەوە بوو کە ڕۆژی پاش ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهاد، ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی جەنایەتکار گەیشتە کوردستان و لە ماوەی هەفتەیەکدا ٦٩ کەسی لە دادگا نمایشییە چەند خولەکیەکانیدا لە سێدارە دا، کە ژمارەکیان منداڵ بوون. خەڵخاڵی فاشیست لە ٢٩ی گەلاوێژدا لە کرماشان و پاوە ١٨ کەسی مەدەنیی تیرباران کرد، لە ٤ خەرماناندا ٩ کەسی لە پادگانی مەریوان لە سێدارە دا، لە ٥ی خەرمانان گەیشتە سنە و لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە ١١ کەسی تیرباران کرد و لە ٦ی خەرمانانیش لە شاری سەقز ٣١ کەسی گوللـەباران کرد.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی و بەکرێگیراوانیان لەگەڵ بەرگری قارەمانەی هێزی پێشمەرگە و بەرخۆدانی کەموێنەی خەڵکی کوردستان ڕووبەڕوو بوونەوە. ئەوە بوو کە دوای سێ مانگ لە هێرش و کوشتار، خومەینی جامی ژەهری نۆشی و ئاگربەستی ڕاگەیاند تا بە بیانووی گفتوگۆوە هەم دووبەرەکایەتیی بخاتە ناو هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد و هەمیش هێزەکانی خۆی بۆ هێرشیکی تر ساز بداتەوە، کە هەر واشی کرد. پاش تێکدانی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی ئەندامی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد، ڕژیم ئاگربەستی ژێر پێ خست و لە چەند قۆڵەوە هێرشی کردەوە سەر کوردستان.

هێزەکانی حکوومەتی فاشیستی ئیسلامیی و بەکرێگیراوانی لەم هێرشەشیاندا، لە ئاسمان و زەویەوە شار و گوندی کوردستانیان ئاگرباران کرد و لە هەر کوێ دەستیان ڕۆیشت، شار و دێیان وێران کرد، ماڵی خەڵکیان بە تاڵان برد، خوێنیان ڕشت، تەنانەت بە چەقۆ و شمشێر سەری خەڵکی سیڤیلیان بڕی.  یەکێک لە نموونەکانی ئەو تاوانکارییانەی ڕژیم، هەڵگیرساندنی شەڕی نەغەدە  لە ٣١ی گوڵانی ١٣٥٨ و کۆکوژیی ٦٨ کەس لە خەڵکی پیر و لاو و مناڵی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان بوو، کە لە ١١ی خەرمانانی ١٣٥٨دا بە فەرماندەیی ئایەتوڵڵا حەسەنیی بەڕێوە چوو. کوشتاری خەڵکی گوندەکانی سەروکانی، ئیندرقاش، گامێشگۆلی، کانی مامسەیدە، حەسەننووران، ساروقامیش، قەرەگۆل و لە سێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهابادییش مشتێکن لە خەرواری جەنایەتەکانی داگیرکەری ئیسلامیی لە کوردستان.

کۆماری ئیسلامیی بە درێژایی تەمەنی نگریسی دەسەڵاتدارێتیی خۆی هەرگیز نەیتوانیوە بچووکترین پێگەیەک لە کوردستان بەدەست بینێت و ئەم ڕژیمە داگیرکەرە، بێ کوشتار و زیندان و زەبروزەنگ ناتوانێ بۆ ڕۆژێکیش لە کوردستان بمێنێتەوە و هەرگیزاو هەرگیز نەیتوانیوە بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی گەلی کورد بەچۆدا بێنێت. ئەوەتا شۆڕشی کوردستان ئەمڕۆکە، لە چوارچێوەی شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازدیدا بە ئاستێکی باڵای گەشەی خۆی گەیشتووە و لە دەرەوەی کوردستانیش پەلوپۆی هاویشتووە و هەموو ئێرانی گرتۆتەوە.

کۆمەڵانی خەڵکی قارەمانی کوردستان!

جێی خۆیەتی لە ساڵیادی ٢٨ی گەلاوێژدا، وێڕای بەرزنرخاندنی بەرخۆدانی کەموێنەی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و ڕێزگرتن لە یادی هەزاران گیانبەختکردووی وڵاتەکەمان، ئاوڕێکی ڕەخنەگرانەش لە ئەزموونەکانی ئەم ماوەی خۆمان بدەینەوە. خاڵێکی درەخشانی ڕۆژانی دوای ڕووخانی شا ئەوە بوو، کە خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی شورا و ڕێکخراوە جەماوەرییە جۆراوجۆرەکانیانەوە، لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕش بوون. بەداخەوە پێکهاتنی شۆرای شارەکان نەبووە هۆی دامەزرانی دەسەڵاتێکی شۆرایی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ڕۆڵی دەسەڵاتێکی سیاسیی گشتگیر ببینێت. بەداخەوە نەک ئەوە نەکرا، بەڵکو تەنانەت نەمانتوانی بەرەیەکی پتەو لە دژی داگیرکەر پێک بێنین و تەنانەت نەمانتوانی یەکڕیزیی هەیئەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردیش بپارێزین.

 یەکێک لە هۆکارەکان، سەرەڕۆیی و ڕەفتاری نادێموکراتیکانەی باڵی ڕاستی شۆڕشی کوردستان بوو دەرهەق بە خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و سازشکاریی و نەرمنواندنی  بوو لە بەرانبەر ڕژیمی داگیرکەردا. سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی و شەڕی باڵەکانی حیزبێک دژی یەکتر، کە سەدان قوربانییان لێ کەوتەوە، یەکێکی تر لە ئەزموونە هەرە تاڵەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستانە، کە پێویستە لێی فێر بین و ڕێگە نەدەین دووپات بێتەوە. دۆخەکە بەجۆرێک بوو، کە هێزی چەکداری کوردستان، وەکو ئەمڕۆ، هێزی حیزبیی بوون، نەک سوپای کوردستان و ئەمەش هەمیشە مەترسیە بۆ تێکهەڵچوون و سەرهەڵدانەوە شەڕی شوومی ناوخۆیی.

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی شۆڕشی کوردستان سەرەڕای هەموو کەموکووڕیەکانی، وەستانەوەی چەکدارانە بوو بە ڕووی دوژمندا. خەباتی پێشمەرگانەی پشئەستوور بە هاوکاریی گەرموگوڕی کۆمەڵانی خەڵک کارێکی کرد، دوژمن نەتوانێت لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراقدا لاوانی کوردستان ڕەشبگیر بکات و لە بەرەکانی جەنگدا بە کوشتیان بدات. خەباتی چەکدارانە ورەی خەڵکی لە بەرخۆدانی جەماوەرییدا بەرز ڕاگرت. لە سایەی بەرخۆدانی قارەمانانەی خەڵک و ڕۆشنگەریی لایەنە چەپەکانەوە، ڕێکخراوبوون لە کوردستان بووە فەرهەنگ و فرەحیزبی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا جێکەوت، هەرچەندە بەداخەوە، بە قیمەتی ڕژانی خوێنێکی زۆر لە شەڕە ناوخۆییەکاندا.

خۆشبەختانە لە ماوەی ئەم چەند دەیەی ڕابردوودا فەرهەنگی سیاسیی لە کوردستان بەردەوام گەشەی سەندووە و شۆڕشی ئەمجارەمان بە بەراورد بە شۆڕشی سەردەمی شا، شۆڕشێک نەبووە خەڵک بنێرێتە ماڵەوە و بیەوێت بە زەبری چەکی پێشمەرگەی پیاو کوردستان ڕزگار بکات، بەڵکو لەم شۆڕشەدا یەکسانییخوازیی تا هاتووە پەرەی سەندووە و ژنان بوونەتە کادری سیاسی و فەرماندەی بەرەکانی شەڕ و هەژارانیش بە ڕەوینەوەی فەرهەنگی دەرەبەگایەتیی، ڕێز و شکۆیان بۆ گەڕاوەتەوە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە چلوچوارەمین ساڵیادی ٢٨ی گەلاوێژدا وەک هەمیشە ڕێز دەگرێت لە بەرخۆدانی قارەمانانەی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی قارەمان و زیندانیانی سیاسی و خانەوادەی گیانبەختکردووان و تاجەگوڵینەی سوور لەسەر گڵکۆی هەموو ئەو ئازیزانە دادەنێین، کە لە بەرەکانی شەڕی بەرگریی کوردستان و لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی و لە شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادیدا گیانیان بەخت کردووە. لە ٢٨ی گەلاوێژدا پەیمان نوێ دەکەینەوە، کە وەک هەمیشە سوور بین لە درێژەدانی خەبات بۆ ڕزگاری خەڵکی کوردستان لە نایەکسانیی چینایەتیی و نەتەوایەتیی، لە خەبات بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانەی جەماوەریی و کوردستانێکی سەربەخۆ.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی

١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ی زایینی