ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران داوای لێبوردنێک بە ماڵی ئێمە قەرزدارە

سۆران زەکی
28-08-2023

تازە کۆماری ئیسلامیی پیرانشاری داگیر کردبۆوە و بۆ بەشدارییکردن لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی سێی ناوەندی لە بادیناوێوە چووبوومە پیرانشار ماڵی دۆستێکی باوکم. مانگێک کاتم بەدەستەوە بوو بۆ خوێندنەوەی هەموو پەڕتووکەکانی ئەو ساڵە و بەشدارییکردنی تاقیکردنەوەکان و تێپەڕاندنی پۆلی سێ. تاقیکردنەوەکانم سەرکەتوانە تێپەڕاند و دەمەویست بگەڕێمەوە بادیناوێ، بەڵام بەهۆی ئەو هێرشە بەربڵاوەی ڕژیم کردبوویە سەر ئاواییەکانی ناوچەی پیرانان و بەری مەنگوڕان، دەبوو چاوەڕێ بکەم تا لە هەلێکدا بتوانم بگەڕێمەوە.

ئێوارەی ٦ی خەرمانانی ١٣٦١لە ماڵی ئەو دۆستەی باوکم و لە ڕادیۆی حیزبی دێموکراتەوە هەواڵی گیانبەختکردنی باوکمم بیست. ڕایۆ دێموکرات پاش خوێندنەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی کە لە شەڕی بەرگری گوندەکانی چیانە و گریمخانێ و نەمەنجێ و دێڵزێ و گەزگەسکدا گیانیان بەختکردبوو، هەواڵی گیانبەختکردنی باوکیشمی ڕاگەیاند، بەڵام هەواڵێکی چەواشە و هەڵبەستراو.

دۆستەکەی باوکم و هاوسەری نەیانتوانی بەر بە فرمێسکەکانیان بگرن، بەڵام منی ١٦ ساڵە نە مدەتوانی باوەڕ بە چۆنیەتی ڕووداوەکە بکەم و نە بۆم ئاسان بوو باوەڕ بێنم باوکم کوژرابێت.

ئەوە بوو کە ڕۆژی دواتر خۆم بۆ نەگیرا و ملی ڕێم گرت. بە پێیان و لە ژێر ڕەهێڵەی تۆپبارانی ڕژیمدا گەڕامەوە بادیناوێ. بینیم گوند چۆڵوهۆڵە و خەڵک ئاوارە بوونە و ماڵی ئێمەش لە نزیک ئەشکەوتەکانی بارەبیەی بەرانبەری کانیەسێوێ، کە پڕیان بوو لە پەڕیوەی شەڕ گیرساونەتەوە دوو ڕەشماڵیان هەڵداوە. ماڵمان پڕی بوو لە میوان. دایکم ماچی کردم و دەستی کردە ئەستۆم و بەدەم گریانەوە بۆی گێرامەوە کە باوکم لە شەڕی بەرگرییدا و لە خوارەوەی بادیناوێ، کاتێک بۆ ڕزگارکردنی ژمارەیەک پێشمەرگەی گەمارۆدراوی حیزبی دێموکرات بەرەو دەشتی سووتوان ڕێ دەکەوێت، فیشەکێکی قەنناسەی بەر دەکەوێ و برایەکم و مامێکم بە کۆڵ لەو شوێنە دووری دەخەنەوە و بە تراکتۆر لە ڕێگەی میراوەی سەردەشتەوە دەیانەوێت بیگەیەننە قالوێ، بۆ ئەوەی لەوێ لە نەخۆشخانەی حیزبی دێموکرات چارەسەری بۆ بکرێت. بەداخەوە لە نزیک زمزیران بەهۆی خوێنڕێژیی زۆرەوە گیانی لەدەست دەدات و لەژێر تۆپباران و هێرشی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامییدا لە گۆڕستانی گوندی ترکەش بە خاک دەسپێردرێت.

دووەم ڕۆژی پرسەی باوکم بوو کە نەمر کاک سەید ڕەسووی بابی گەورە، هاوسەنگەری پێشووی باوکم و ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دێموکرات و فەرماندەی هێزی ئاوارە لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە و چەن ڕۆژنامەنووسێکی بیانی هاتە ماڵی ئێمە. کاک سەید ڕەسووڵ بەسەرهاتی سیاسیی باوکمی تا کۆنفرانسی ٣ی حیزبی دێموکرات بۆ ڕۆژنامەنووسەکان گێڕایەوە. کاتێک قسەکانی تەواو بوون، لە کاک سەید ڕەسووم پرسی:

باشە مام سەید، تۆ هاوڕێی باوکم بوویت و دەشزانیت کە باوکم چ فەرماندەیەکی قارەمان بوو سەرەتا لە حیزبی دێموکراتدا و پاشانیش لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستاندا. تۆ دەزانیت هەمیشە لە هەر کوێ شەڕ بووبێت باوکم لەوێ بووە و هەرگیز کەسێک نەبووە لە ڕۆژانی شەڕدا خۆی لە شەڕ بدزێتەوە و هەوڵ بدات ئاگری خەرمانی خۆی بکوژێنێتەوە، بەو جۆرەی ڕادیۆی حیزبەکەی ئێوە لە هەواڵەکاندا باسی کردووە. ئەم چەواشەکارییە بێگومان بۆ لێدانی کەسایەتیی شۆڕشگێرانەی باوکمە و هیچی تر. من زۆر بەداخەوەم کە ئەمە لە ناوچەی ژێر بەرپرسیارێتیی بەڕێزتدا ڕوویداوە.

پێم وایە تۆ دەبێ باش بزانیت کە باوکم لە شەڕی بەرگریدا گیانی بەخت کردووە و تەنانەت هەوڵی داوە پێشمەرگەکانی ئێوە لە گەمارۆی دوژمن ڕزگار بکات. باشە چۆن ئێوە ڕێگاتان بە خۆتان دا لە ڕادیۆی حیزبەکەتانەوە ئاوا هەواڵی گیان بەختکردنی فەرماندەیەکی شۆڕشی کوردستان بڵاو بکەنەوە کە ١٦ ساڵ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشمەرگایەتیی کردووە و بەرپرسی هەموو هێزی چەکداری کۆمەڵەی یەکسانییش بووە؟!

کاک سەید ڕەسووڵ هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە دەنگێکی غەمگینانەوە داوای لێبوردنی کرد. هەر کە بەداخبوونی خۆی لەمبارەوە ڕاگەیاند و وتی ئەم هەواڵە دەبێ ڕاست بکرێتەوە و لە ڕادیۆوە داوای لێبوردن بکرێت، کابرایەک کە دواتر وتیان حوسێنی مەدەنیە، دەنگی بەرز کردەوە و بە تۆنێکی زۆر ناشیرینەوە وتی: هەواڵەکە من نووسیومە و هەڵەیەکی تێدا نیە و کەسیش بۆی نیە بڵێ ڕاستی دەکەمەوە.

کاک سەید ڕەسووڵ هەوڵی دا حوسێنی مەدەنی ئارام بکاتەوە و تێی بگەیەنێت، بەڵام حوسێن گوێی نەدەگرت و کاتێک ڕستەکەی پێشووی دووپات کردەوە، بەخۆم نەوەستام و زۆر تووڕەی کردم، بۆیە سێ چوار دانە پێڵاوم تێگرت و پێشم وت: ماڵی ئێمە ڕووبارێک نیە بە گیانبەختکردنی باوکم وشکی کردبێت و کەسی وەک تۆ بێ لاقهەڵکردن بتوانێت سووک و ئاسان لێی بپەڕێتەوە! شەرمە کە لەلایەکەوە هەواڵی گیانبەختکردنی باوکم چەواشە دەکەیت و لە هەمان کاتیشدا بەناوی سەرەخۆشیەوە دێیتە ماڵی ئێمە و بێڕێزییش بە مام سەید ڕەسووڵ دەکەیت.

بەداخەوە براکانم و مامم نەیانهێشت وەک پێویستە حوسێن تێبگەیەنم دەستیان گرتم و دووریانخستمەوە بۆ چادرەکەی ئەولاتر.

لە کۆتاییدا کاک سەید ڕەسووڵ هاتە ئەو ڕەشماڵەی منی لێ بووم. ماچی کردم و داوای لێبوردنی کرد و ماڵاوایی لێ کردم. بەداخەوە دوای ئەو ڕۆژە ئیتر کاک سەید ڕەسووڵم نەبینیەوە. ساڵانێک دواتر کاتێک هەواڵی ترۆرکرانیم بیست، بە قەت باوکم فرمێسکم بۆ ڕشت.

یادی باوکم و کاک سەید ڕەسووی بابی گەورە بەرز و بەڕێز بێت.

ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران ئێستاش داوای لێبوردنێک بە ماڵی ئێمە قەرزدارە.

سۆران زەکی

٢٨/٠٨/٢٠٢٣