یادی گیانبەختکردووانی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان بەرز ڕادەگرین!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
02-09-2023

یادێک لە گیانبەختکردووانی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان!

ئەمڕۆ ٤٤ ساڵ بەسەر کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی سێڤیلی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتانی شاری نەغەدە لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە تێدەپەڕێ. لە ڕۆژی ١١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، (٢ی سێپتامبری ١٩٧٩) سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی بە سەرکردایەتیی مەلا حەسەنی، هێرشێکی هۆڤانەی کردە سەر گوندی قاڕنێ لە ٥ کیلۆمیتریی شاری نەغەدە و هەر کەس لە دانیشتووانی ئەم گوندەیان بەردەست کەوت، لە منداڵەوە تا بەساڵاچووان و تەنانەت مەلای گوندەکەش کە بۆ تکا و پاراستنی خەڵکەکە چووبووە پێشوازیی پاسداران، کوشتیان. لەم جینایەتەدا ٦٨ کەس لە دانیشتووانی گوندەکە کۆمەڵکوژ کران. دوای چەند ڕۆژێک ئەم تاوانە لە گوندەکانی قەڵاتان و ئیندەرقاشیش دووبارە کرایەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی کە هەتا ئێستاش لە هیچکام لە بەشداربووانی ئەم جینایەتانە و فەرماندەرەکانی نەکۆڵیوەتەوە، سەلماندوویەتی کە خۆی و بەرپەرسە باڵاکانی ئەم ڕێژیمە لەم کۆمەڵکوژیانەدا بەرپرسیاری یەکەمن. ئەم ڕێژیمە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بە ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی گەلی کورد و بزووتنەوەی خۆڕاگریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژیانی خەڵکی تێکەڵ بە ئێعدام و زیندان و ئەشکەنجە و دەربەدەریی کردووە تا خەڵکی کوردستان تەسلیمی ئەم ڕێژیمە بن، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی کوردستان هەتا ئێستاش بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ ئازادیی و یەکسانیی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بە هەموو شێوازەکانی خەبات و لە شۆڕشی ژیناشدا سەلماندوویانە کە هەرگیز چۆک بۆ زۆرداران و داگیرکەران دانادەن.

بەرز و بەڕێز بێت یادی گیانبەختکردووانی قارنێ و قەڵاتان و هەموو کوردستان !
نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی و هەموو داگیرکەرانی کوردستان!
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی
٢/٩/٢٠٢٣ی زایینی