بەیانیەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناوە

Yeksani
10-09-2023

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

٢٥ی خەرمانان، ساڵیادی کوشتنی ژینای ئازیزمان بەدەستی پۆلیسی بێڕەوشتی کۆماری سێدارە، ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی لە ڕێمانە. ساڵیادێک کە ئەم ڕۆژانە هەم بەرەی خەڵک و هەم بەرەی دوژمنیش لە خۆئامادەکردندان بۆی. خەڵک بۆ هەرچی زیاتر بەرەوپێشبردنی شۆڕشەکە و دوژمنیش بۆ سەرکوتکردنی.

٢٥ی خەرمانان ساڵیادی شۆڕشێکە کە لە کوردستان و لە شارە پێشەنگەکەی ژینای نەمر، لە شارەکەی هاوڕێ تەوار، مەستوورەی شاسواری ــ کادری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و یەکەمین ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە دەستی جەنایەتکارانی کۆماری سێدارە تیرباران کراوە سەری هەڵدا. ٢٥ی خەرمانان ساڵیادی شۆڕشێکە کە ژنانی قارەمانی کوردستان لە سەر گڵکۆی ژینای هێمای یەکسانیی و بە تووڕدانی حیجابی ئیسلامیی و ئاگرتێبەردانی، بانگەوازی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازدییان ڕاگەیاند کە لە ماوەیەکی کورتدا سەرتاسەری کوردستان و تاران و بلوچستان و خوزستان و ئازەربایجان و هەموو ئێرانی گرتەوە. شۆڕشێک کە ئامانجە هەنووکەییەکەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خەڵکییە کە تیایدا مافەکانی تاک، مافەکانی ژن، مافی چارەنووسی نەتەوەکان، مافەکانی کرێکاران و هەژاران و ئازادی و یەکسانیی تێیدا سەقامگیر بێت.

لە شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادیدا خەڵک بە دەستی بەتاڵەوە و بەشێوەیەکی ناتوندوتیژییانە شەقامی شارەکانیان بەدەستەوە گرت و خواستە ڕەواکانی خۆیان لە ئاستێکی بەربڵاودا هێنایە زمان، بەڵام کۆماری تاریکیی چاوی بینینی ئەم ڕووناکییەی نەبوو، گوێی بیستنی خواستەکانی خەڵکی نەبوو. بۆیە وەک هەمیشە پەنای بردە بەر سەرکوت و زۆر هۆڤانە شەقامەکانی زیاتر لە ١٦٠ شاریان شەڵاڵی خوێن کرد.

لە یەک ساڵی ڕابردوودا خەڵکی ڕاپەڕیو بە پێشەنگایەتیی ژنان و لاوان، قارەمانانە بەرەنگاری هێرشەکانی ڕژێم بوونەوە و تا ئێستاش قەندیل ئاسا و سەربەرزانە و قارەمانانە لە بەرانبەریدا ڕاوەستاون. لەم یەک ساڵەدا هەرچەندە کۆماری ئیسلامیی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش شێوەگەلێکی زۆر هۆڤانە و لە مێژوودا نەبیندراوی تاقیکردۆتەوە و زیاتر لە ٦٠٠ ژن و پیاو منداڵ و تازەلاو لە شەقامەکان بە گوللـەی جەللادانی ڕێژیمی ئیسلامیی خەڵتانی خوێن کراون، سەدان کەس بە چەکی ساچمەیی کوێر کراون، ژمارەیەکی زۆر زیندانی سیاسی لەدار دراون، دەیان کەس لەژێر شکنجەدا کوژراون، دەیان هەزار لە خەڵکی شۆڕشگێڕ ڕاپێچی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی کراون، سەدان خوێندنگەی کچان لە سەرتاسەری ئێران بەشێوەیەکی سیستماتیک هێرشی شیمیاییان کراوەتە سەر، بەڵام  دوژمن نەک نەیتوانیوە خەڵک بێدەنگ و شۆڕش سەرکوت بکات، بەڵکو خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و بلوچستان و خوزستان و ئازەربایجان و هەموو ئێران لە شەقام و دادگاوە بگرە تا زیندانەکان، بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی و هێزە سەرکوتگەرەکانی وەستاونەتەوە و تەنانەت ئاڵتەرناتیڤی خۆیان بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییش خستۆتە ڕوو. پەسەندکردنی مەنشووری ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان سەرەڕای هەموو کەموکووڕییەکانی، مانیفێستێکی ڕاستەقینەی هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگایە و پێویستە لە پرۆسەی بەرەوپێشچوونی شۆڕشدا باشتر و باشتر بکرێت.

شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی لەو شۆڕشە فرە ڕەهەندییە پێشکەوتنخوازانەیە کە تەنها دژی ئەم و ئەو باڵی کۆماری ئیسلامیی نیە، بەڵکو دژی هەموو کۆماری ئیسلامیی و دژی فەرهەنگێکە کە کۆماری ئیسلامیی لە پارێزەرە سەرەکییەکانیەتی. لە یەکساڵی شکۆداری شۆڕشی ژینادا هەرچی هاتووە دۆستانی شۆڕش زیاتر و زیاتر دەرکەوتن و دوژمنانی خەڵک و ئازادیش دێوجامەیان لە ڕوو لادراوە. لەم ماوەیەدا بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە کە چەپ و سێکۆلار و هومانیستەکان لایەنگرانی سەرسەختی شۆڕشی ژینان و ڕاست و فاشیستی ئێرانی و پاشماوەکانی ڕژێمی حەمە ڕەزاشاش دوژمنانی قەستەسەری ئەم شۆڕشەن. ڕەوتی شاپەرست لە ڕێگەی مێدیای پانوپۆڕ و مەنشوورە شوومەکەی جۆرجتاونیانەوە لەم یەکساڵەدا، بەردەوام ئاویان بە ئاسیاوی کۆماری ئیسلامیی داکردووە.

کۆماری ئیسلامیی ئەمڕۆکە لە دۆخێکی هەرە شپرزەی خۆی دایە. ئەم ڕژێمە هەرگیز گیرۆدەی قەیرانێکی وەها قووڵی ئابووریی نەبووە. هەرگیز هەڵاوسان لە کۆماری ئیسلامییدا نەگەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆی و دراوەکەی قەت ئەوەندە بێبایەخ نەبووە. بەپێی ئامارەکانی خودی ڕژێم، ئەمڕۆکە نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین و گەندەڵییەکی قووڵی چارەهەڵنەگریش بیناقاقای ڕێژێمی گرتووە. کۆماری ئیسلامیی سەرەڕای هەموو پەلەقاژەکانی لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانییدا بەرنامەیەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نیە.

ئەم ڕژێمە ناتوانێت و نایەوێت کۆتایی بە سیاسەتی ئاپارتایدی ڕەگەزیی بێنێت. ئەم ڕێژیمە لە توانایدا نیە کەلێنە چینایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران کەم بکاتەوە و نانێک بخاتە سەر سفرەی هەژارانەی خەڵک. ئەم ڕێژیمە داگیرکەر و فاشیستییە لە باریدا نیە دان بە مافی چارەنووسی گەلانی بندەستدا بنێت و چەوساندنەوەی نەتەوایەتیی کۆتایی پێ بێنێت. ڕێژیمی ئیسلامیی ناتوانێت دەست لە چەوساندنەوەی کەمایەتییە دینییەکان هەڵگرێ و دەسبەرداری پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئێران بێت، بۆیە پایەکانی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی لە جێی خۆیانن و هەموو ئەمانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ڕێژیمی لەرزۆکی ئیسلامیی بێجگە لە ڕووخان چارەنووسێکی تری نیە و نابێ. کۆماری ئیسلامیی نەک توانای دامرکاندنەوەی شۆڕشی نیە، بەڵکو تەنانەت بە بەکارهێنانی توندوتیژیی زیاتریش ناتوانێت دۆخەکە لە ئاستی ئەمڕۆشدا ڕاگرێت. ئەوەتا لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا ئەحمەد ڕەزا ڕادان فەرماندەی بەدناوی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژێم ترسی خۆی لە ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا دەربڕێ و هەڕەشە لە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم دەکات، کە ئەگەر لەو ڕۆژەدا و لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا فەرمانی فەرماندەکانیان جێبەجێ نەکەن، بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.

ترس و نیگەرانیی ڕێژێم لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا لە هەموو ئۆرگانەکانیدا بەدی دەکرێت. خەباتی گەلانی ستەملێکراو لە ئێران   لە یەکساڵی ڕابردوودا ئەوە نیشان دەدات کە خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕێژێم ئیرادەیەکی پتەویان هەیە و ئەم شۆڕشە دەبێ هەرچی زیاتر کۆمەڵایەتیی بکرێتەوە و قورسایی شۆڕش لەسەر شانی لاوان و خوێندکاران لاببرێ و پێویستە بۆ ڕووخاندنی ڕێژێم، چینی کرێکار و هەژارانی ئەو وڵاتە لە ئاستێکی بەرین و سەراسەرییدا بێنە گۆڕەپانی شۆڕشەوە و خۆیان ڕێک بخەن و خۆیان بۆ قۆناغی کۆتایی، بۆ قۆناغی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئامادە بکەن.

ئەزموونەکانی یەکساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵێن کە شۆڕشی ژینا شۆڕشێکی ڕیفۆرمیستیی نیە کە بەدوای چاکسازیی لە کۆماری ئیسلامییدا بێت. ئەم شۆڕشە ئامانجە هەنووکەییەکەی ڕووخاندنی کۆماری ئاپارتایدی ڕەگەزیی و دیکتاتۆرییە. بۆیە خەڵکی کوردستان و هەموو ئێرانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە جگە لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، هیچ ئاڵترناتیڤێکی تر بوونی نیە، چونکە ئەم ڕێژیمە نە لەباریدایە وەڵامی ئەرێنیی بە هیچ کام لە خواستە سەرەکییەکانی خەڵک بداتەوە و نە لە توانایدایە و نە بەڵێنیشیی دەدات.

بێگومان ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی بەندە بە هەرچی زیاتر سەراسەرییبوونەوەی شۆڕش لە ئاستی ئێراندا و بەندە بە ڕادەی خۆ بە ڕێکخستنکردنی کۆمەڵانی خەڵک. گەلی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تری جوگرافیای ئێرانیش پێویستە بە لێکهەڵپێکانەوەی هەرچی چڕتری خەباتی ڕەوای خۆیان بە خەباتی خەڵکی هەموو ئێران، شۆڕشی سەرتاسەری پتەوتر و بەهێزتر بکەن و ڕێگەش نەدەن لایەنە ئۆپۆرتۆنیستەکانی نزیک لە ڕەزا پەهلەوەی و فاشیزمی ئێرانیی، ڕەنجی خەڵکی کورد بە با بدەن و مافی چارەی خۆ نووسینی گەلی کورد بە پاوانخوازە شۆڤێنیست و فاشیستەکان بفرۆشن.

بەداخەوە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناوە تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە وەک پێویستە بە ئەرکی خۆیان هەستن و لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی یەکگرتوو و قارەمانی کوردستاندا بن. کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لەم ماوەیەدا چەندین جار بانگەوازی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی بەرە یان ناوەندێکی ڕاستەقینەی هاوکاریی کە ئامانجی تێکۆشان بێت بۆ دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆ نووسینی کوردستان و هاوخەباتیی و هاوکاریی لایەنە سیاسیەکان بێت دژی ڕژیمێکی داگیرکەر. بەداخەوە کەمترین لایەن لایان لەم بانگەوازە کردۆتەوە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا دروود دەنێرێت بۆ یادی ژینا و خەباتی قارەمانانەی هەموو ئەو ئازیزانەی لە شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادییدا گیانیان بەخت کردووە، بریندار و کەمئەندام بوونە یان کەوتوونەتە شکنجەگاکانی ڕێژیمەوە. دروود دەنێرین بۆ خۆڕاگریی خانەوادە و کەسوکاری ئازیزانی گیانبەختکردوومان و بۆ قارەمانانی ناو بەندیخانەکانی ڕێژیم و بۆ هاوخەباتیی خەڵکی کوردستان و بلووچستان و خوزستان و ئازەربایجان و هەموو ئێران.

با٢٥ی خەرمانان ڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی بکەینە هێمای یەکێتیی و یەکڕیزیی هەرچی زیاتری کوردستان و لەم ڕۆژەدا بە مانگرتنێکی یەکپارچە کە هەموو شوێنەکانی کار و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بگرێتەوە و بە ڕێکخستنی کۆبوونەوەگەلی بەربڵاو لە شەقام و گۆڕەپانی شارەکان و بە چوونە سەر گڵکۆی ژینای نەمر و هەموو گیانبەختکردووانی شۆڕش و گوڵبارانکردنیان و بە تووڕدانی هێماکانی ڕژیمی ئاپارتایدی ڕەگەزیی جارێکی تر پەیمان نوێ بکەینەوە، کە کۆماری ئیسلامیی جگە لە ڕووخان و خۆبەدەستەوەدان هیچ ڕێگایەکی تری نیە.

سەرکەوێت شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی!

بژی هاوپشتیی و هاوخەباتیی خەڵکی کوردستان، ئازەربایجان، بلوچستان، خوزستان و هەموو ئێران!

بژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس!

بڕووخێت کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی ئێران!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢

٦ سپتامبری ٢٠٢٣