پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئیرادەی یەکگرتووی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بەسەر زەبروزەنگی کۆماری سێداری ئیسلامییدا!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
16-09-2023

ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی خەرمانان ڕۆژی مانگرتن و ناڕەزایەتیی خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو دژی ڕێژیمی دیکتاتۆر و ملهوڕی کۆماری ئیسلامی. ڕۆژی ناڕەزایەتیی و دەنگەڵبڕینی خەڵکی مافخوازی ڕۆژهەڵات و بەرزڕاگرتنی یادی ژینای نەمر و هەموو گیانبەختکردووانی شۆڕشە مەزنەکەی ژن، ژیان، ئازادی بوو. ئەمڕۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکگرتوویی وێڕای هاودەنگییان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، جارێکی تر بە کۆماری داگیرکەری ئیسلامی و هەموو دەست و پێوەندییەکانیان وت کە کوردستان ئێوەی ناوێت و داوای دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی دەکات.

ئەم یەکگرتووییەی خەڵکی ڕۆژهەڵات و سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە لەکاتێکدایە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا و بەتایبەت لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا فشارەکانیان بۆ سەر خەڵکی کوردستان زۆر زیاتر کردبوو و بە دەسبەسەرکردنی خەڵک و بەتایبەت چالاکڤانانی شارستانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ویستیان بە خەیاڵی خۆیان خەڵک بترسێنن و ڕێگە لە یەکگرتوویی خەڵک دژی ڕێژیم بگرن. لەم ماوەیەدا ڕێژیم هەر بە دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی هاووڵاتییان و شکەنجەیان نەوەستان، بەڵکو هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم بە چەکوچۆڵی قورسیشەوە بەرەو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتن و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک بە ناو شەقام و کۆڵانەکانی شار و شارۆچکەکاندا خولانەوە و بۆ ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی خەڵک لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینادا شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان میلیتاریزە کرد. بەم کارانەش ڕێژیم تووشی شکستێکی گەورە هات و نەیتوانی ئیرادەی یەکگرتووی خەڵکی قارەمانی ڕۆژهەڵات بەچۆکدا بێنێت.

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان سەرکەوتنی مانگرتنی گشتیی و ناڕەزایەتیی یەکگگرتووانەی خەڵکی کوردستان لە ٢٥ی خەرمانان، یەکەم ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بەرز دەنرخێنێن و وێڕای دەستخۆشیی و ماندوونەبوونیی و پیرۆزبایی لەهەموو بەشداربووانی ئەم هاودەنگیی و خەباتە شارستانییە، ئاواتەخوازیین ئەم شۆڕشە بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە بەردەوام بێت و پەیامێکی بەهێزیش بێت بۆ یەکگرتوویی زیاتر و پێکهێنانی بەرەیەکی بەریینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بژی ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

بژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی!

بڕوخێ کۆماری سێدارەی ئیسلامی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ی کوردی

١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣ی زایینی