ئێرانچییه‌تی، پێنسه‌ت ساڵ پاش دابه‌ش بوونی کوردستان
پۆڵا نانەوازادە
2013-06-16
کوردستان، یه‌که‌م جار پاش شه‌ڕی چاڵدران له ساڵی1514 ی زایینیی، ده نێوان دوو ئیمپڕاتووری سه‌فه‌ویی و عوسمانیی دا، دابه‌ش کرا. ساڵی داهاتوو ڕێک ده‌بێته پێنسه‌ت ساڵ، که کوردستان دابه‌ش کراوه. پاش شه‌ری یه‌که‌می جیهانی، ساڵی 1923، زلهێزه‌کان له نێو خۆیان دا سازان و به پێی ڕێککه‌وتننامه‌ی لۆزان، ئه‌و به‌شه کوردستانه‌ی که که‌وتبوه ژێرده‌ستی ئیمپڕاتووری عوسمانیی، کردیان به سێ به‌ش و له کیسه‌ی خه‌لیفه ڕا، دابه‌شیان کرد به سه‌ر سێوڵاتی تازه ساز کراوی عێراق و سووریا و تورکیا دا و کوردستان بوو به چوار به‌ش، ئه‌وه‌ی ئیستا هه‌یه و ده‌یبینین.
کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی دێرینه و به هه‌زاران ساڵ، له‌م ناوچه شاخاویانه ژیاوه که ئێستا لێی ده‌ژی. بۆیه‌ش که‌وتۆته سه‌ر ئه‌م شاخانه، چونکه به درێژایی مێژوو، له لایه‌ن داگیرکه‌ر و تاڵانکه‌ر و پاوانخوازانه‌وه، هێرشی کراوه‌ته سه‌ر و کوردیش، بۆ خۆپاراستن، پاڵی وه چیاکان داوه که بۆی ببێته پشت و په‌نا. چیاکان ئه‌و قازانجهشیان هه‌بووه که له سه‌ر شاخه‌کان ڕا به‌ردیان جاڵه کردۆته‌وه سه‌ر هێرشکه‌ران و به‌م شێوه‌یه توانیویانه دوژمنه‌کانیان تێک بشکێنن. ئاکامی په‌لاماری داگیرکه‌ران و هه‌ڵات هه‌لاتی کورده‌کان، بۆته ئه‌وه که، شوێنه خۆش و قه‌راخ ده‌ریاکان، که‌وتوونه ده‌ست داگیرکه‌ر و چیاکانیش بوونه ماڵی کورده‌کان، ده‌نا به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌کانی وه‌ک شه‌ره‌فنامه‌ی شه‌ره‌فخانی بدلیسی، له سه‌ره‌تا دا سنووری کوردستان له سێ لای باکوور و باشوور و ڕۆژئاواوه، له سه‌ر ده‌ریا بووه. داگیرکه‌ر، چیاکانیشیان به کورد ڕه‌وا نه‌دیوه و له حه‌ولی په‌ره پێدانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان دا، ویستوویانه، له‌وێشی ڕاو بنێن. هۆی ئه‌م کاره، له سه‌ره‌تا دا، ئاو و هه‌وای خۆش و له‌وه‌ڕی چاک و سه‌رسه‌وزیی و جوانیی سروشته‌که‌ی بوو، به‌ڵام پاشان که نه‌وت دۆزڕاوه و زانیان کوردستان سه‌رچاوه‌ی زێڕی ڕه‌شه، ئیتر مه‌سه‌له‌که گۆڕا و ئه‌وجار خه‌ریک بوون، هه‌ر ئاسه‌واری کوردله‌م ناوچه‌یه دا نه‌هێڵن، که به هه‌زاران ساڵ تێیدا ژیابوو. بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه، له هه‌موو شێوه‌یه‌کی سه‌رکوت و قه‌ڵاچۆکردن که‌ڵکیان وه‌رگرت. به شه‌مشیر و گورز و مه‌تاڵ ده‌ستیان پێ‌کرد، به فیشه‌ک و بۆمب و فرۆکه درێژه‌یان دا. شار و گوندیان وێران کرد. لێڕه‌واریان سووتاند. ئه‌نفالیان کرد. شیمیاییان لێدا. چه‌کی له‌یزه‌رییان له‌سه‌ر تاقی کرده‌وه. کۆچیان پێ کرد. زمان و جل و به‌رگییان قه‌ده‌غه کرد. حه‌ولی گورینی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان دا. میژوویان لێ چه‌واشه کرد. فێڵی سیاسی‌یان لێکرد. تیرۆریان کرد. له‌سیداره‌یان دا. له شه‌قام و کۆڵان به چاو به‌ستراویی تیره‌بارانیان کرد. له ته‌عه‌ریب و تورکاندن و به ئێرانیی کردنیشی خافڵ نه‌بوون. ئه‌و ژنۆساید و قه‌ڵاچۆکردن و پاکتاوی نه‌ژادییه، له ماوه‌ی ئه‌م پێنسه‌ت ساڵه دا نه‌بڕاوه‌ته‌وه و به شیوه‌ی جۆراوجۆر درێژه‌ی هه‌بووه و به‌داخه‌وه ئێستاش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه. کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئاشتی خواز و هێمن بووه و زیاتر له بیر ژیانی ئاسایی خۆی دابووه، هه‌تا ده‌ست به‌سه‌ر خاکی ئه‌م و ئه‌و داگرتن. به‌ڵام له په‌نا ئه‌وه‌ش دا، ئازا و خۆڕاگر و کۆڵنه‌ده‌ر بووه، هه‌ر بۆیه‌ش ماوه و له‌ناو نه‌چووه و له‌ناویش ناچێ.
له کۆتاییی سه‌ده‌ی هه‌ژده و ده‌ستپێکی سه‌ده‌ی نۆزده ڕا، که سه‌رده‌میی میژوویی ئیمپڕاتوورییه‌کان کۆتایی هات، ته‌وه‌ری نه‌ته‌وه ــ ده‌وڵه‌ت هاته گۆڕ و نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کانی ئورووپا، ده‌ستیان کرد به خه‌بات بۆ رزگاری و پێکهێنانی وڵاتی سه‌ربه‌خۆ و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و کیانی تایبه‌ت به خۆیان.
ئه‌حمه‌دی خانی سێسه‌ت ساڵ له‌مه‌و به‌ر کوتوویه‌تی:
گه‌ر دێ هه‌بوا مه ئیتفاقێک فیکرا بکرا مه ئینتقادێک
ڕۆم و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م ته‌مامی هه‌میا ژ مه ڕا ده‌کر غوڵامی
که‌وابێ بیری نه‌ته‌وه‌یی کورد، له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ده‌ستی پێ کرد و له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا، که به سه‌ده‌ی ئازادیی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان به‌ناوبانگه، په‌ره‌ی ئه‌ستاند. نه‌ته‌وه‌که‌مان بۆ ئه‌وه‌ی له‌م کاروانه به‌جێ نه‌مێنێ، وه‌ک زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی جیهان، بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کورد حه‌ولی دا. بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه، چه‌ند حیزبی سه‌ربه‌خۆیی خواز، له کوردستان پێک هاتن. له‌وانه کۆمه‌ڵه‌ی خۆییبوون، کۆمه‌ڵه‌ی هیوا، حیزبی ئازادی کوردستان( نه‌ک ئه‌وه‌ی ئیستا)، کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و ئامانجی سه‌ره‌کی هه‌موویان، ڕزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستانی گه‌وره بوو که هه‌موو میلله‌تی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان له ژێر سایه‌ی دا بحه‌سێنه‌وه و به ئازادیی و سه‌ربه‌ستیی بگه‌ن. هه‌موو ئه‌و حیزبانه، کوردایه‌تییان ده‌کرد، هه‌موو باوه‌ڕیان به سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌بوو، خۆیان به کورد ده‌زانی، سنوورێکیان له نێوان خۆیان دا نه‌ده‌دیت و خۆیان به خه‌ڵکی وڵاته داگیرکه‌ره‌کانیان، نه‌ده‌زانی. به هه‌زاران کورد له شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌کانی شار و گونده‌کانی ئه‌م خاکه داگیر کراوه دا، له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، به دروشمی بژی ئازادیی و بژی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، له سێداره دراون و گیانیان داناوه.
دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی و هاتنی ئه‌رته‌شی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت و ئینگلیس بۆ نێو خاکی ئێران، ده‌رگای پارڵمانی ئێران له تاران، بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێک هه‌ر به ته‌واوی داخرا و ده‌سته‌ڵاتێک له تاران دا نه‌ما.حیزبی سیاسی هه‌ڵسووڕی ئه‌وکاتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف بوو، که بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ، کاروباری کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی، زۆر چاکتر له تاران، بۆخۆی به‌ڕێوه به‌رد و پیشه‌وا قازی، ئه‌م چوار ساڵه‌ی به خودموختاری پێناسه کردووه. مه‌رحوومی عه‌بدوره‌حمانی ئیمامی که بۆ خۆی یه‌کیک له دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف بوو، گێڕاوێته‌وه که کۆمه‌له‌ی ژێکاف، له کرماشانه‌وه، هه‌تا سوله‌یمانی، له مه‌هاباده‌وه هه‌تا هه‌ولێر، له دیاربه‌کره‌وه هه‌تا موسڵ و خانه‌قین و که‌رکووک، ئه‌ندامی هه‌بوو. حیزبه کورده‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، سه‌ره‌ڕای گیروگرفتی زۆری ئه‌وکات بواریی پێوه‌ندیی گرتن و هاتوچۆ، دیسانیش هاوکاریی نیزیک و پته‌ویان به یه‌که‌وه هه‌بوو. له‌م ماوه‌یه دا که کورد، بۆخۆی خۆی به‌ڕێوه ده‌برد، پێشه‌وا قازی، زۆری حه‌ول دا، بۆ چاره‌سه‌ر کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران دا و ویستی که به جۆرێک، له‌گه‌ڵ تاران بسازێت، له‌گه‌ڵیان دانیشت، وتوووێژی له‌گه‌ڵ کردن، به‌ڵام ئاخری به‌م ئاکامه گه‌یشت، که وه‌ده‌ست هێنانی مافی کورد، له چوارچێوه‌ی حکوومه‌تی داگیرکه‌ری ئێران دا، ئیمکانی نییه، هه‌ر بۆیه‌ش، له بڕیارێکی ژیرانه‌ی مێژوویی دا، له ڕۆژی دووی ڕێبه‌ندانی ساڵی 1946ی زایینی، سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستانی ڕاگه‌یاند. به‌داخه‌وه، ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان، پاش یازده مانگ، که‌وته به‌ر دۆخێکی سه‌خت و دژواری گه‌مه‌ی نیوده‌وڵه‌تیی زلهێزه‌کان و یه‌کییه‌تی سۆڤیه‌ت به وه‌رگرتنی وه‌عده‌ی ئیمتیازی نه‌وتی باکووری ئێران، که قه‌تیش پێی نه‌گه‌یشت، پشتی له کورد کرد و کۆماره ساواکه‌ی کوردستان ڕووخا و به‌شێک له رێبه‌ره‌کانی، له‌وانه پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، له سێداره دران. نه‌ته‌وه‌ی کورد، سه‌ره‌ڕای فیداکاریی و حه‌ول و تێکۆشانی بێ وچانی ڕۆڵه‌کانی، به‌داخه‌وه هه‌روا ژێرده‌ست ماوه‌ته‌وه و ئێستا ئیتر یه‌کێک له گه‌وره‌ترین و کۆنترین نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌کانی جیهانه. یه‌کێک له هۆیه هه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتن و به‌جێمانی کورد، له کاروانی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌کان، جگه له پاوانخوازی زلهێزه‌کان و تاوانی داگیرکه‌ران، ئه‌وه بووه که، له ماوه‌ی چل په‌نجا ساڵی ڕابردوودا، ئه‌و حیزبه سیاسیانه‌ی، ئاڵای نوێنه‌رایه‌تی میلله‌تی کوردیان به‌ده‌سته‌وه بووه، ته‌سلیمی واقعی دابه‌ش بوون و داگیرکرانی کوردستان بوون و فریوی سیاسه‌ت و ئیدئۆلۆژی حیزبه سه‌رانسه‌رییه‌کانیان خواردووه و ئیستقلال و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان له بیر خۆیان بردۆته‌وه و نه‌یانویستووه و باسیان نه‌کردووه و وه‌ک خه‌ونی شاعیرانه و هه‌ڵێنانی به‌ردی گه‌وره ناویان بردووه. هه‌ر کات باس له‌م مافه ره‌وایه‌ی کورد کراوه، به‌هانه‌یان هێناوه‌ته‌وه که نابێ و ناکرێ و جێبه‌جێ نابێ و ناگونجێ و له ئاکام دا پرسه‌که هه‌روا ماوه‌ته‌وه و کورد نه‌یتوانییوه به‌م ئامانجه له‌مێژینه‌ی خۆی بگا و به ڕاشکاوی ده‌ڵێم: به‌شیک له هۆی سه‌رنه‌که‌وتنمان، ئه‌و خاڵه گرینگه بووه، چونکه که‌س نایه سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستان‌مان دوو ده‌ستی پێشکه‌ش بکا، ئه‌گه‌ر خۆمان نه‌مانه‌وێ و داوای نه‌که‌ین و خه‌باتی بۆ نه‌که‌ین.
ئێران، به دریژایی مێژوو له حه‌ولی ئه‌وه دابووه، به سه‌رکوتی نه‌ته‌وه‌کانی ده‌ورووبه‌ری خۆی، سنووری ده‌سته‌ڵاتی ئێران په‌ره پێ بدا. ئه‌و بیری مه‌زنیخوازیی ئێرانیی و ئیرانی گه‌وره، له‌م ماوه دوور و درێژه دا، به‌داخه‌وه نه‌ک هه‌ر له ناو نه‌چووه، به‌ڵکوو له نێو نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ریی زاڵ له ئێران دا، په‌ره‌شی ئه‌ستاندووه. لای ئه‌وان ته‌مامییه‌تی ئه‌رزی ئێران، ئه‌و خاکه‌ی به زۆری کوشتار و قه‌ڵاچۆ کردن، له نه‌ته‌وه‌کانی کورد، ئازه‌ری، تورکمه‌ن، به‌لووچ و عه‌ره‌بیان داگیر کردووه، بۆیان بۆته گه‌وهه‌ری شه‌وچرا و ئایه‌ی قورئان و شتێکی نه‌گۆڕ و ئه‌به‌دیی. هه‌ر ئه‌و جۆره که بۆ مانگی مهحهررهم، دیندار و بێ دینی ئێرانی، جلی ڕه‌ش ده‌به‌ر ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت تلویزیۆنه فارسییه‌کانی ئه‌مریکاش، مووزیک و گۆرانی بڵاو ناکه‌نه‌وه و نه‌واری ڕه‌ش به شاشه‌کانیان دا ده‌کێشن، ئاواش له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌و سنووره ده‌سکردانه‌ی به زۆر داگیریان کردووه، سوور و هاوده‌نگن. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری رووناک‌بیر و سیاسی ئێرانی، چ ده‌سته‌ڵات دار و چ ئۆپۆزیسیون، کاتێک باس له کورد و مافه‌کانی ده‌کرێ، به تایبه‌ت مافی دیاریکردنی چاره‌نووس، بۆ دژایه‌تی کردنی کورد، پاڵ وێک ده‌ده‌ن و مه‌لا و کومۆنیست، ئاماده‌ن به دژی میلله‌تی کورد، بچن ده سه‌نگه‌رێکه‌وه. زۆر له‌و ئێرانیانه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌ژین و خۆیان به ئازادییخواز، مارکسیست، کۆمۆنیست و پێشکه‌وتنخواز ده‌زانن و له دژی کۆماری ئیسلامی ئێران خه‌بات ده‌که‌ن، ڕایانگه‌یاندووه که ئه‌گه‌ر ڕۆژێک، کورد بیه‌وێ له ئیران جودا بێته‌وه، ده‌چنه‌وه پاڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و له دژی کورد چه‌ک هه‌ڵده‌گرن.
ده‌سته‌واژه‌ی ئێران، که ئیستا ئاوا له لای ئێرانییه‌کان، گه‌وره و پیرۆزه و به‌داخه‌وه داوێنی زۆربه‌ی حیزبه سیاسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی گرتۆته‌وه، هه‌تا 200 سال له‌مه‌وبه‌ر، له هیچ شوێنێکی مێژوویی دا، نه‌بووه و ساڵی 1935، ڕه‌زاشا به‌و مانا سیاسی و جوغرافیایی که ئێستا به‌کار ده‌بردرێ، له لای کۆمه‌ڵگای نه‌ته‌وه‌کان تۆماری کرد. یانی به ره‌سمی ناسینی "ئێران" وه‌ک چه‌مکێکی سیاسی، وه‌ک نه‌ته‌وه ــ ده‌وڵه‌ت، ده ساڵ له دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، که ساڵی 1945 ڕاگه‌یه‌ندرا، کۆنتره.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و له‌سێداره درانی پێشه‌وا،حیزبی تووده‌ی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له پێناو قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران و سۆڤییه‌ت، به مه‌به‌ستیی به لاڕێدا بردنی پرسی کورد، هه‌روه‌ها بۆ سڕینه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کانی بیری سه‌ربه‌خۆیی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و کۆماری کوردستان له‌سه‌ر مرۆڤی کورد، له سه‌ر کادره‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان کاری ده‌کرد و کلاسی بۆ داده‌نان و فێری سیاسه‌تی ده‌کردن و ده زاری حیزبی دێمۆکرات و خه‌ڵکی کوردی هاویشتبوو، که ئه‌گه‌رچی مافی دیاری کردنیی چاره‌نووس، مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌که، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ی وه‌ک ئیمپیالیزمی جیهانی، هه‌ڕه‌شه له پرۆلیتاریا و گه‌لانی بن ده‌ستی جیهان ده‌کا، باشتر وایه نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کان و له‌وانه نه‌ته‌وه‌ی کورد، له‌به‌ر قازانجی پرۆلیتاریای جیهانیی و ئوردوگای سۆسیالیزم، واز له قازانجی خۆیان بێنن و له‌گه‌ڵ چینی کرێکاری وڵاتی خۆیان، ڕێک بکه‌ون و حه‌ول بده‌ن بۆ دابین کردنی دێمۆکراسی و دێمۆکراتیزه کردنی، ئه‌و وڵاتانه‌ی تێیدا ده‌ژین. ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر ئیمپریالیزم بڕووخێ، سه‌رمایه‌داری نامێنێ، پرۆلیتاریا سه‌رده‌که‌وی، دێمۆکراسی داده‌مه‌زرێ، مافی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کان ده‌درێ، کرێکار و زه‌حمه‌تکێش به مافی خۆیان ده‌گه‌ن، کۆیله‌تی نامێنێ، دیلیی له ناو ده‌چێ و دنیا ده‌بێته به‌هه‌شت. حیزبی تووده‌ی ئێران و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی پاوانخوازی فارس به‌یه‌که‌وه، بۆ بره‌و دانی تێئۆریی ئێرانی گه‌وره، له مێشکی مرۆڤی کورد دا، ئاوایان ده‌خوێند: یه‌که‌م ئه‌وه که کورد ئێرانییه و له‌گه‌ڵ ئێرانه و ئێران وڵاتی خۆیه‌تی و نابێ له ئێران جودا بێته‌وه. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که، به زه‌ره‌ری کورده له ئێران جودا بێته‌وه وکوردستانێکی ئاوا فه‌قیر و دواکه‌وتوو چۆن ده‌توانی خۆی به‌رێوه به‌رێ؟ سێهه‌م ئه‌وه‌ی که کورد له بنه‌ره‌ت ڕا ئێرانییه و ته‌نانه‌ت کوردی پارچه‌کانی تریش، ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌ش وڵاتی دایک واته ئێران. زۆر زیره‌کانه ده‌یانه‌ویست، دە مێشکمانی باوێن که ئێمه، به هۆی هه‌ستان و دانیشتن له‌گه‌ڵ فارس و ئێرانی، گۆڕدراوین و له‌گه‌ڵ کورده‌کانی دیکه جیاوازین. حیزبی توودەی ئێران، له نێو ئه‌و کوردانه دا که بیری نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بوو و حهولیی کوردایه‌تییان ده‌دا و ده‌یانه‌ویست حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، به بیروباوه‌ڕی زه‌مانی کۆماری کوردستان، واته بیری سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلال ببوژێننه‌وه، دووبه‌ره‌کی نابۆوه. به‌شێک پێیان وابوو، که کورد مافی خۆیه‌تی وڵاتی موسته‌قیللی خۆی هه‌بێ و کوردیان وه‌ک یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌ڕوانیی و هه‌ر به‌و جۆره‌ی که بارزانی، وه‌ختیی خۆی هاتبوونه پاڵ کۆماری کوردستان و شه‌ڕیان کردبوو و شه‌هیدیان دابوو، ئه‌وانیش چووبوونه پاڵ شۆرشی کورد له باشووری کوردستان، وه‌ک پێشمه‌رگه‌ی باشوور، دژی حکوومه‌تی داگیرکه‌ری عیراق شه‌ڕیان ده‌کرد و شه‌هیدیان ده‌دا و ئه‌وه له ڕاستییدا، له‌م روانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت که، کورد کورده و فه‌رق ناکا له کام شوێنی کوردستان خه‌بات ده‌کا بۆ ڕزگاری کوردستان. ئاڵا هه‌ڵگری ئه‌م بیره، له نێو حیزبی دێمۆکرات دا، عه‌بدوللای ئیسحاقی بووه، که ساڵی 1964 له کونگره‌ی دووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، بوو به سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و ئاخریش، له زیندانی حکوومه‌تی به‌عسی عێراق دا، له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه شه‌هید کرا و که‌س ده‌نگی لێ نه‌بیسته‌وه و به هه‌ناسه ساردیی تێدا چوو. له نێوان ڕووخانی کۆماری کوردستانه‌وه، ساڵی 1946 هه‌تا کونفرانسی سێی حیزب که ساڵی 1971 گیرا، به‌داخه‌وه مێژوویه‌کی نووسراوی باوه‌ڕ پێکراو نییه، که مرۆڤ بزانێ حیزبی تووده چ ده‌ورێکی گێڕاوه و ئیسحاقی چه‌ند ساڵ سکرتێر بووه، کێشه‌کان له‌سه‌ر چ بوون و زۆر شتی تری له‌م بابه‌ته. ته‌نیا سه‌رچاوه، بیره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌ندامانی کۆنی حیزبی دێمۆکراته، ئه‌وانیش هه‌ر کام له ڕوانگه‌یه‌کی تایبه‌تییه‌وه باسی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان کردووه. حیزبی دێمۆکرات، ته‌نانه‌ت له کلاسی په‌روه‌رده‌ی کادری حیزبیش دا، که من ساڵی ١٩٨١ له دۆڵی خدرئاوێ له یه‌کێکیان دا به‌شدار بووم، کاتێک باسی مێژووی حیزبی دێمۆکراتی ده‌کرد، له سه‌رده‌می کۆماره‌وه بازدی ده‌دا بۆ ساڵی ١٩٧١. ئه‌و 25 ساڵه زۆر شت ناڕوونه. ئه‌وه‌ی ڕوون و ئاشکرایه، له کونفرانسی سێ ڕا ناوی حیزب گۆڕدرا. حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان بوو به حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و وشه‌ی "ئێران"ی پێوه لکا1.حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، په‌یره‌و و پرۆگڕامی تازه‌ی، گونجاو له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا نووسی و سنووری داسه‌پاوی داگیرکه‌رانی کوردستانی به ره‌سمی ناسی و کوردی به‌شه‌کانی تری کوردستان، ئیتر مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو وه‌ک ده‌وره‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی زه‌مانی پێشه‌وا، ببن به ئه‌ندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران. خۆی به ئێرانیی پێناسه کرد. به‌رنامه‌ی داڕشت بۆ دێمۆکراتیزه کردنی ئێران و چاره‌سه‌ر کردنی پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران دا. دروشمی سه‌ره‌کی حیزب، بوو به دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان و له ڕاستییدا له حیزبێکی کوردستانیی، سه‌ربه‌خۆییخواز ڕا، بوو به حیزبێکی ئێرانیی، خودموختارییخواز. خاڵی پۆزێتیوی پاش کونفرانسی سێی حیزب، ئه‌وه بوو که حیزبی دێموکڕات له روی تهشکیلاتییهوە خۆی له به‌ندی حیزبی تووده‌ی ئێران ڕزگار کرد، به‌ڵام له بنه‌ما فکرییه‌کانی ئه‌و حیزبه و ئێرانی بوون و ئێرانچییه‌تی ڕزگاری نه‌بوو. ئێستاش ئیتر، هه‌ردوو باڵی حیزبی دێمۆکرات هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ی حیزبی دێمۆکراتی دوای کونفرانسی 3، پێیان وایه که مه‌سه‌له‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌بێ له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا چاره‌سه‌ر بکرێ، خۆیان به ئێرانی ده‌زانن، له هه‌موو نووسراوه و قسه‌کانیان دا، له ڕۆژنامه و تلویزیۆن و مێدیاکانیان دا، ئه‌وه‌ی به ڕاشکاوی ده‌ڵێن و نایشارنه‌وه. هه‌ردووکیان باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که ده‌یانه‌وێ ئێران دێمۆکراتیزه بکه‌ن و به‌زۆریش ده‌یانه‌وێ بیسه‌لمێنن که که‌س له کورد، ئێرانی‌تر نییه هه‌تا ئێرانی باوه‌ڕیان پێ بکه‌ن و ده‌سته‌ڵاتیان له ئێران دا له‌گه‌ڵ دابه‌ش بکه‌ن. ئه‌م بیره، هه‌مان بیری حیزبی تووده‌ی ئێران بوو که به‌داخه‌وه هه‌ر دوو باڵی حیزبی دێمۆکراتی ته‌نیوه و ئێستاش هه‌ر به‌ری نه‌داون. حیزبی تووده‌ی ئێران له راستی دا، له‌به‌ر قازانجی ئێران و یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، له بیری بردینه‌وه که ئێمه پرسێکی زۆر گه‌وره و گرینگمان هه‌ر وا به چاره‌سه‌ر نه‌کراوی ماوه‌ته‌وه و خاکه‌که‌مان داگیر و نه‌ته‌وه‌که‌مان دابه‌ش کراوه و میلله‌تێکی ژێر ده‌ستین و به بی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی، ئێمه هه‌ر وا کۆیله و ده‌رجه دوو ده‌مێنینه‌وه.
کۆمه‌ڵه ئه‌گه‌رچی خۆی پێ ئاڵاهه‌ڵگری دژایه‌تی له گه‌ڵ سۆڤیه‌ت و حیزبی تووده‌ی ئیران بوو، به‌ڵام ئه‌ویش ده‌و داوه که‌وت و بیری ئێرانچییه‌تی به سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ش دا زاڵ بوو. دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه، هه‌موو خوێندکاری لاوی کورد بوون و تاقه یه‌ک غه‌یره کوردیشیان له‌گه‌ڵ نه‌بوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆیان به ئێرانی زانیی، نازانم له قوتووی چ عه‌تتارێک دا، رێکخراوێکی سه‌رانسه‌ریی ئێرانی‌یان، به ناوی سه‌هه‌ند، دۆزێوه و حیزبه جوان و خشپیلانهکهی خۆیان به خڕ و پتوونی پێشکه‌ش به ئه‌وان کرد. ئه‌وانیش، کۆمه‌ڵه‌یان له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاند و کردیانه چه‌ند پارچه و ته‌حویلی دامه‌زرێنه‌ره‌کانیان داوه. هه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌ی ئه‌وده‌م کردیان، دیسان خه‌ریکن به جۆرێکی دیکه دووپاتی بکه‌نه‌وه و ئاماده‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌ر دژه کوردێک، ته‌نانه‌ت کوڕی حه‌مه ڕزا شای په‌هله‌وی، به ناوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دابنیشن، و به وه‌ش ده‌ڵێن حه‌ولدان بۆ چاره‌سه‌ر کردنی پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا. حیزبی دێموکڕات و کۆمه‌ڵه، سه‌ره‌رای جینایه‌ت و تاوانه‌کانی سی و چه‌ند ساڵه‌ی حکوومه‌تی ئیران له‌گه‌ڵ کورد و تێرۆری سه‌دان کادر و سه‌رکرده‌ی هه‌ردوو حیزب، له لایه‌ن کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه، دیسانیش ته‌نبێ نه‌بوون و به چاو ههڵترووکاندنێکی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، فریو ده‌خۆنه‌وه و له‌گه‌ڵیان داده‌نیشنه‌وه. سه‌ردار مه‌دحی، ناردراوی تایبه‌تی سپای پاسدارانی ئێران، ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، زۆربه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، به حیزب و کۆمه‌ڵه‌شه‌وه هه‌ڵفریواند، چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی پێ کردن، به ئانقه‌ست سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئێران (ئه‌ی ئیران ئه‌ی مه‌رزی پور گوهه‌ری ) ی پێ خوێندنه‌وه و ده‌ستی ڕێز و ئیحترامی بۆ ئاڵا و سروودی نه‌ته‌وه‌یی حکوومه‌تی شاهه‌نشاهیی په‌هله‌وی، پێ له سه‌ر سینگی دانان، جا پاشان چووبۆوه له سه‌ر تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه، به‌و ئۆپۆزیسیۆنه پێده‌که‌نی که ئه‌گه‌ر ویستبای هه‌مووشیانی ده‌ته‌قانده‌وه.
ئێمه‌ی کورد، بۆ وتوووێژ و دانیشتن له‌گه‌ڵ ئیران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی، ده‌بێ چه‌ند شتی گرینگمان له‌به‌ر چاو بێ. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، کاتێک سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی ڕاگه‌یاند، چوار ساڵی خودموختاری ته‌جروبه کردبوو و زۆر جار له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان دانیشتبوو و به دروستی به‌م ئاکامه گه‌یشتبوو که له چوارچیوه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره دا کورد به ماف و ئازادی ناگا. پێشه‌وا قازی، زۆری حه‌ول دابوو که به جۆریک له‌گه‌ڵ ئێران ڕێک بکه‌وێ. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئێران ئه‌و کاته، له ئه‌وپه‌ڕی شپڕیویی و بێ سهرووسامانیی دابوو، ده‌رگای پاڕڵمانهکهی داخرابوو، له‌لایه‌ن ئه‌ڕته‌شی ئینگلیس و یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ته‌وه داگیر کرابوو، ئه‌ڕته‌شه‌که‌ی په‌رش و بڵاو بوو و تفه‌نگیان به نان ده‌فرۆشت، دیسان ئاماده نه‌بوو، دان به مافی کورد دابنێ و مافه‌کانی بسه‌لمینێ.چۆن ئێستا، له حاڵیک دا که له ئه‌وپه‌ری هێز دایه، خه‌ریکه ئیمپڕاتووری ئیسلامی دابمه‌زرێنێ و چه‌کی ئه‌تۆمی ساز بکا، وه‌ڵامی کورد ده‌داته‌وه و له‌گه‌ڵ کورد ده‌سازێ؟ که‌وابوو ده‌بێ سه‌نیری خاترجه‌میی وه‌بن سه‌ری خۆمان بده‌ین، که نه حکومه‌تی ئێران و نه ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ی ئێستا، هیچیان بۆ کورد لێ هه‌ڵناوه‌رێ و ده‌بێ ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی پێشه‌وا قازیشمان له‌به‌ر چاو بێ که له وه‌سییه‌ت نامه‌که‌ی دا له‌به‌رمان ده‌پاڕێته‌وه که باوه‌ر به ئێران نه‌که‌ین. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که چ پێویست ده‌کا ئێمه، له لای ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ی که خودا ده‌زانێ خه‌ڵکی کوێن و له کوێ را هاتوون، هێنده خۆمان چووک بکه‌ینه‌وه که به خۆمان بڵێین: (مرزداران غیور ایرانی) سنوور پارێزانی به غیره‌تی ئێرانیی؟ سێهه‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌ی، کوردی باشووری کوردستان کردیان و حکوومه‌تی ڕووخاوی عێراقیان، به زۆری و به حه‌ول و تیکۆشانی چه‌ندین ساڵه‌ی خۆیان، ساغ کرده‌وه و ئێستا لێیان هه‌ستاونه‌ته سه‌ر چۆکان و هه‌ڕه‌شه له حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن، ئێمه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات نه‌یکه‌ین و له گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنێک دابنیشین که به بیستنی ڕسته‌ی، مافی دیاری کردنی چاره‌نووس، ههڵنهبهزێتهوه و ئه‌گه‌ر ڕۆژێک کورد ویستی ده‌وڵه‌تی موسته‌قیللی خۆی پێک بێنێ، چه‌کمان به دژ هه‌ڵنه‌گرێ. چواره‌م ئه‌وه‌ی که چاره‌نووسی میلله‌تی کورد، چاره‌نووسی حیزبهسیاسییهکانی ئێمه نییه که بیده‌ینه ده‌ست، موجاهید و سهههندێکی دیکه. میلله‌تی کورد، ئێستا ئیتر چاو کراوه‌یه، شت ده‌زانێ، به میلیون لاوی خوێنده‌واری هه‌یه که له‌باری زانستێوه خۆیان پێگه‌یاندووه و ئیتر فێڵییان لێ ناکرێ.
مانگی خاکه‌لێوه‌ی ئه‌وسال سه‌فه‌رێکی کوردستانم کرد و له کۆیه به خزمه‌ت به‌ڕێز کاک حه‌سه‌نی ڕه‌ستگار گه‌یشتم، که یه‌کێکه له ئه‌ندامه هه‌ره کۆنه‌کانی حیزبی دێمۆکرات و به ده‌یان سال ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی حیزب بووه و هه‌میشه ڕێزیی تایبه‌تییم بۆی هه‌بووه. باسم له سیاسه‌تی ئیرانچییهتی حیزب کرد و گوتم: له ساڵی 71 ه‌وه حیزب ئاوای لێ به‌سه‌ر هاتووه. فه‌رمووی: ئێمه هه‌موومان هاتین و خه‌باتمان کرد بۆ کۆردایهتیی و نه ئه‌من ئه‌وه‌م زانیوه که ئێستا ئه‌تۆ ده‌یڵێی، نه ئه‌تۆش! ڕاستیشی ده‌کرد. منیش چوار ساڵ و نیو له سه‌ر ڕادیۆی حیزبی دێمۆکرات هاوارم کرد که : "ئێره ده‌نگی کوردستانی ئێرانه" به بێ ئه‌وه‌ی که جارێکم بیر له ئه‌وه کردبێته‌وه، که کوردستان ئی ئێران نییه و کوردستان کوردستانه و ئێران داگیرکه‌ری کوردستانه. نه‌ود له‌سه‌تی خه‌ڵکی دێهاتی کوردستان که پشتیوانی هه‌ره ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باتی ڕزگاری خوازی نه‌ته‌وه‌که‌مانن، هه‌ر وه‌ک من و کاک حه‌سه‌ن تێگه‌یه‌ندراون و خودموختارییان به سه‌ربه‌خۆیی زانیوه و وایان بردوون ده مێشکه‌وه، که ئه‌گه‌ر خودموختاری وه‌رگرن، ده‌سته‌ڵاتی عه‌جه‌م و فارسیان له‌سه‌ر نامێنێ و ڕزگار ده‌بن، له حاڵیک دا وانه‌بوه و نیشه.ئێستا خه‌ڵک ده‌زانن که سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلال، له‌گه‌ڵ خودموختاری جیاوازه. ئێستا هه‌موومان ده‌زانین که خودموختاری بایه‌خی ئه‌و هه‌مووه شه‌هید و برینداره‌ی نه‌بووه که ئێمه بۆمان داوه. ئیستا هه‌موومان ده‌زانین که کورد له باشوور، به فیدڕاڵی ڕازی نییه و ها ئه‌وڕۆ ها سبه‌ینێ، سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نێ، که‌وابوو ئێمه بۆ کاره‌که‌مان بکه‌ینه دووکارهکی؟ سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستان مافی سه‌ره‌کی و بنه‌ره‌تی و ڕاسته‌قینه‌ی خۆمانه بۆ ڕاسته‌وڕاست داوای نه‌که‌ین و خۆمان نه‌جات نه‌ده‌ین؟ ئێستا هه‌موومان ده‌زانین که ئێرانی نیین. دێمۆکراتیزه کردنی ئێران و عێراق، چ پێوه‌ندییه‌کی به ئێمه‌ی کورده‌وه هه‌یه؟ ئێران، ته‌نانه‌ت هاشمی ڕهفسهنجانیشی که یه‌کێکه له دامه‌زرێنه‌ره ئینسانکوژه‌کانی کۆماری ئیسلامی، ئه‌گه‌ر هه‌ر به ڕواڵه‌تیش باسی دێمۆکراسی بکا قه‌بووڵ نییه، بۆ به ئێمه دێمۆکڕاتیزهی ده‌کرێ؟ سوننییه‌کانی دانیشتووی ئێران و کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، 34 ساڵه حه‌ول ده‌ده‌ن، ئیزنی ساز کردنی مزگه‌وتێکی سوننی له تاران وه‌رگرن، ئیزنیان پێ ناده‌ن. وڵاتێکی ئاوا، بۆ به ئێمه دێمۆکڕاتیزهی ده‌کرێ؟ عه‌ره‌بی سوونیی و شیعه‌ی عێراقی بۆ به ئێمه ده‌گۆڕدرێ؟ ئێمه بۆخۆشمان دێمۆکڕات نین. ده‌بێ له ڕۆژی هه‌وه‌ڵه‌وه، منداڵێک له وڵاتێکی دێمۆکراتی له دایک بێ، له منداڵێوه هه‌ستی پێ بکا، له‌گه‌ڵی گه‌وره بێ ، جا ببێته دێمۆکرات. ئێمه هه‌موومان له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی دیکتاتۆڕی گه‌وره بووین. له هیچ کام له وڵاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا، هیچ تاکێکی ئه‌م وڵاتانه، ناتوانێ برواته گؤڕهپانێکی وڵاته‌که‌ی و بۆ نموونه بێ حوڕمهتییهک به ئاڵای وڵاته‌که‌ی خۆی بکا چونکه پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستی پۆلیسی وڵاته‌که‌ی بگاتێ خه‌ڵکه‌که ده‌یکووژن! ئه‌من به ڕاشکاوی ده‌ڵێم که: دێمۆکراتیزه کردنی قوم و که‌ربه‌لا، هه‌زار به‌رابه‌ر زه‌حمه‌تتره له وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان؟
پینسهت ساڵه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چۆته بن ده‌ستی داگیرکه‌ر. هیچ نه‌ماوه بۆ له ناو بردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه نه‌یکه‌ن. ئه‌من وه‌ک حیزبێکی سیاسی کورد، بۆ به خۆم بڵێم: ئێرانیی و که‌س له من ئێرانی‌تر نییه! که‌ی ئه‌وه سیاسه‌تێکی دروست و به قازانجی میلله‌ته‌که‌مانه؟ جارێکی دیکه‌ش ئه‌وه‌م نووسیوه و گێڕاومه‌ته‌وه که شه‌وێک له شه‌قامه‌کانی شاری دێمێشقی، پێته‌ختی سووریا، تووشی دوومنداڵی حه‌وت هه‌شت ساڵه‌ی کورد بووم که ته‌رازووی خۆ کێشانیان پی بوو و کاسبییان ده‌کرد. پاشان باوکیانم دیت که پێڵاوای ڕهشدهکردهوه. ده‌یگوت: له قامیشلی له دایک بووم، له وڵاتی خۆم کوردستان گه‌وره بووم، لێره ژنم هێناوه، حه‌وت منداڵم هه‌یه، هه‌شت ساڵم بۆ حکوومه‌تی سووریا عه‌سکه‌ری کردووه، به‌ڵام چونکه ده‌ڵێم کوردم، هاووڵاتیی (ته‌به‌عه و جنسیه‌ی) سووریم ناده‌نێ و ئه‌وه‌شم نه‌بێ ژیانم لێره به قاچاغه! یانی نه ده‌توانم ماڵم هه‌بێ، نه ده‌توانم دووکانم هه‌بێ، نه ده‌توانم ئیش و کارم هه‌بێ. ئه‌وه ناچار به خۆم و ئه‌و منداڵه وردانه‌وه، له‌و قه‌راخ شه‌قامانه، بۆیاغ و ته‌رازوو و شتی وا ده‌که‌ین و ئه‌وه‌ش به قاچاغییه و ئه‌گه‌ر پۆلیس بێ، ده‌مانگرێ و سزامان ده‌دا و بۆیاغ و فڵچهکهشمان لێ زه‌وت ده‌کا. کوتم " کاکه بۆ ئیقامه و جنسییه و سجیلت ناده‌نێ؟ کوتی: ده‌ڵێن ده‌بێ بنووسی عه‌ره‌بم، بنووسم کوردم جنسییهم ناده‌نێ. منیش قه‌ت نالێم عه‌ره‌بم، هه‌ر ده‌ڵێم: کوردم. جنسییهم ناده‌نێ با نه‌مده‌نێ، وه‌ڵڵاهی هه‌موو منداڵه‌کانم له برسان بمرن هه‌ر ناڵێم عه‌ره‌بم، هه‌رده‌ڵێم کوردم. زۆربه‌ی مرۆڤی کورد ئاوا فیداکار و به بیروباوه‌ڕن، ئه‌و کابرا بێ‌ناو و بێنازه، ئاماده‌یه ئاوا به به‌دبه‌ختی و چه‌رمه‌سه‌ریی ژیانی بنه‌ماڵه‌یه‌کی نۆ که‌سی به‌ڕیوه به‌رێ و له وڵاتی خۆی به قاچاغ بژی، به‌ڵام ئاماده نه‌بێ حاشا له کورد بوون و هۆوییه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی بکا. به‌ڵام منی سه‌رکرده‌ی حیزبی سیاسی کورد، ئه‌و کاره‌ی بکه‌م و گنجیشم به نێو چاوان دا نه‌یه! کوردی ڕۆژهه‌ڵات، به‌ڕاستی مه‌ترسی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره، که ئه‌گه‌ر په‌نجا ساڵی دیکه هه‌ر وه‌ک ئێستا تێوهڕسووڕی، زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌مان وه‌ک عیرفانی قانعی فه‌رد بڵێن: "کورد نه نه‌ته‌وه‌یه و نه گه‌ل ! کورد ئێرانییه و هیچی تر و ده‌بێ له دانه دانه به‌ردی وڵاته‌که‌شمان ئێران دیفاع بکه‌ین". ئه‌و سکرتێره‌ی حیزب که ده‌ڵێ: ده‌مانه‌وێ ئێرانێکی موقته‌دیر و گه‌وره دابمه‌زرێنین؟ ئه‌و ڕۆژانه‌ش له وتوووێژێکی دیکه‌ی تلویزیۆنی دا له‌گه‌ڵ ئاغای چالهنگی، کوردستانی کرد به به‌شێک له خاکی ئێران ! بۆ چاوێک له سمیناری به‌ڕیز سمایلی بازیار، ئه‌ندامی حیزبه‌که‌ی خۆی ناکا؟ له ژیر ناوی" نه‌ته‌وه‌ی ئیران له نێوان واقیع و خه‌یاڵدا" که له ئۆسلۆ پێته‌ختی وڵاتی نوڕوێژ به‌ڕێوه چوو، هه‌تا بۆی ڕوون بێته‌وه که ئێران چییه و له بناغه ڕا چۆن ساز بووه و بۆی ده‌رکه‌وێ که کورد ئیرانی نییه و کوردستان به‌شێک له خاکی ئێران نییه؟ حیزبی دێموکرات و کۆمه‌ڵه، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وه‌ی کورد ڕزگار بکه‌ن، ده‌بێ ده‌ست له سیاسه‌تی ئێرانیی بوونی خۆیان هه‌ڵگرن و بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ڕێبازی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و باب و باپیرانی سه‌ربه‌خۆییخوازی خۆیان. له‌م ماوه‌یه دا که ئێمه وه‌دوای دیمۆکراتیزه کردنی ئێران و عێراق که‌وتووین، به ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته، ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ی نیو میلیونی، به ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌یشتوون و ئیستا، له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان دا ئاڵا و کورسی و جێگای تایبه‌تی خۆیان هه‌یه. له‌و ساڵه‌وه هه‌تا ئێستا، 129 نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ستی دنیا، ده‌وڵه‌تی موسته‌قیللی خۆیان پێک هێناوه. ئه‌وه‌نده شه‌هید و برینداره‌ی ئێمه داومانه بۆ خودموختاری و ئۆتۆنۆمی، ده وڵاتی پێ سه‌ربه‌خۆ ده‌بوو. ئه‌گه‌ر سه‌ت ساڵی تریش تێوهڕسووڕێ و به ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌شمان شه‌هید بن، به سه‌دان هه‌زار خه‌ڵکی تریشمان لێ بکووژرێ و به میلییۆن بریندار و ئاواره و ماڵ وێرانی دیکه‌ش بده‌ین، هه‌تا پرسه‌که به دروستی نه‌هێنینه گۆڕێ، هه‌ر ئه‌م وه‌ڵامه وه‌رده‌گرینه‌وه که تا ئێستا وهرمانگرتۆتهوه. بیروڕای گشتی خه‌ڵکی دونیا و وڵاته‌کانیان، له‌و ماوه دوور‌و دریژه‌دا نه‌یتوانیوه پشتیوانی له مه‌سه‌له‌ی کورد بکه‌ن، چونکه ئۆتۆنۆمیی و خودموختاری و فیدراڵی، مه‌سه‌له‌ی نێوخۆیی بوون و له‌باری یاسای نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه، ئه‌گه‌ر وڵاتیک پێشی خۆش بووبێ، مافی ئه‌وه‌ی نه‌بووه، ده‌ست له کارووباری نێو خۆی وڵاتێکی دیکه وه‌ربدا. ئه‌گه‌ر داوای سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالمان کردبا مه‌سه‌له‌که ده‌گۆڕا. مه‌سه‌له‌که نیوخۆیی نه‌ده‌ما. ده‌بوو به نێونه‌ته‌وه‌یی. ده‌ستی خه‌ڵکی دونیا و بیروڕای گشتی جیهان، ئاوه‌ڵا ده‌بوو بۆ پشتیوانی له ئێمه. بۆ سه‌لماندنی به‌رهه‌ق بوونی ویست و مافی نه‌ته‌وه‌که‌مان به خه‌ڵکی دنیا، پیویست ناکا لووتی که‌س له خوین بێ، پێویست ناکا شه‌ڕ بکه‌ین، ته‌نیا ده‌بی به هه‌موومان، به یه‌کده‌نگی، مافی ڕه‌وای خۆمان که سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه داوا بکه‌ین. دنیا ده‌زانێ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د چی ویستووه، به‌ڵام که‌س نازانێ ئێمه چیمان ده‌وێ. ده‌بێ خۆمان به کورد بزانین و واز له ئێرانچییه‌تی و عێڕاقچییهتی بینین. له ڕێگه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانه‌وه و له ڕێگه‌ی یاسایی و قانوونییه‌وه حه‌ول بده‌ین بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانمان. له زانستی بیرکاریی دا ده‌ڵێن، پرسیاری هه‌ڵه وه‌ڵامی ڕاست وه‌رناگرێته‌وه. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر پرسیاره‌که‌مان ئه‌وه بێ که به چه‌ند ڕۆژ ده‌توانین دوو میتر ئاو و سێ لیتر دار بکڕین؟ ته‌واوی زانای دنیا کۆبنه‌وه، ناتوانن وه‌لامێکی دروست بۆ ئه‌م پرسیاره هه‌ڵه‌یه بدۆزنه‌وه. پرسی کوردیش ئاوای لێ به‌سه‌ر هاتووه. به‌داخه‌وه نه بۆخۆمان ده‌زانین چمان ده‌وێ، نهدوژمنمان و نه دۆستیشمان.
ئیمپراتووری ئیسلامی ئێران، هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر مانی مرۆڤ و هێمنیی و ئاسایشی خه‌ڵکی دنیا. ئێمه ده‌بێ خه‌ڵکی دنیا له‌م مه‌ترسییه گه‌وره‌یه ئاگادار بکه‌ینه‌وه. لێیان حاڵی بکه‌ین که یارمه‌تی نه‌ته‌وه ژیرده‌سته‌کانی ئێران، بۆ ڕزگاری له ژێر ده‌ستیی، ده‌کرێ ڕێگه‌یه‌کی باش بێ بۆ ڕووخاندنی حکوومه‌تی دژی ئینسانی ئیران. چل و چه‌ند ساڵه پرسی کورد به لاڕێدا ده‌ڕوا. مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی و ئه‌ساسی و سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌که‌مان، که سه‌ربه‌خۆیی و ئیستقلالی کوردستانه، له بییر چۆته‌وه. به ده‌یان تلویزیۆنی کوردی هه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه یه‌ک دانه‌یان باسی ئه‌م پرسه بنه‌ڕه‌تییه ناکه‌ن. ئێمه هه‌تا پرسه‌که به دروستی باس نه‌که‌ین، حاڵمان هه‌ر ئه‌وه ده‌بێ که ئێستا هه‌ین. رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئێستا له‌حالی گۆڕانکاری و ئاڵووگۆڕ دایه. میلله‌تی کورد گه‌وره‌ترین و کۆنترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته. چاره‌سه‌ر کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد، له ڕاستییدا، چاره‌سه‌ر کردنی مه‌سه‌له‌یه‌کی گه‌وره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشه.
ساڵی داهاتوو، ساڵوه‌گه‌ڕی پێنسه‌ت ساڵه‌ی دابه‌ش بوونی کوردستانه. وه‌رن با به هه‌موومان، ئاواتی له‌میژینه‌ی میلله‌ته‌که‌مان وه‌دی بێنین و داوا له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بکه‌ین که له ساڵی 2014 ی زایینی دا، پشتیوانی له کورد بکه‌ن بۆ به‌ڕێوه بردنی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان. به هاوده‌نگی و یه‌کیه‌تیی، ده‌نگمان به هه‌موو دنیا ده‌گا، به نیفاق و دووبه‌ره‌کی که‌س وه‌لاممان ناداته‌وه و پێنسه‌ت سالی دیکه‌ش هه‌ر وا کۆیله و ژێرده‌سته ده‌مێنینه‌وه. هه‌ڵبژاردن به خۆمانه. هه‌ر بژین و سه‌رکه‌وتووبن.
پۆڵا نانهوازادهــ ستۆکهۆڵم 2013-06-16
1ــ لکاندنی وشه‌ی ئێران به ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانه‌وه به پێی نووسینی به‌رێز جه‌لیلی گادانی، له کۆنفرانسی یه‌که‌می حیزب دا کراوه، به به‌شداری پازده بیست که‌س و ته‌نیا ناوی 6 که‌س دیاره. کۆنفرانسه‌که له کێوی قه‌ڵاته ڕه‌شی پشت گوندی سه‌ید ئاوای ناوچه‌ی پیرانشار گیراوه. لاپه‌ڕه‌ی 98 په‌نجاساڵ خه‌بات. نووسینی جه‌لیل گادانی